دعوت اسلامیرمضان

پێغەمبەری خوا حەزرەتی مووسا فێری کردم

✍ وەرگێڕانی: ئەمیر خالیدی
بەسەرهاتی ژیانی حەزرەتی مووسا لە قورئاندا یەکێک لە درێژترین چیرۆک و بەسەرهاتی پێغەمبەرانە کە لە چەند جێی قورئاندا هاتوە.ئەو چیرۆکە حیکایەتی مرۆڤە لە ئەزەل تا ئەبەد. بەسەرهاتی چاکخوازێکە کە لە بەرامبەر زاڵم هەستاوەتەوە،دەسەڵاتدارێکی ستەمکار و خوێن ڕێژ کە خەلکی کردبووە بەندەی خۆی و خۆی بە خودا دەزانی، چیرۆکی ستەمی مرۆڤێکە کە حەز و ئارەزووەکانی ئەویان کردۆتە بەندەی خۆی و لە گوێڕایەڵی خودا دوریان کردۆتەوە و تووشی سەرپێچی و تاوانیان کردووە. هەموو چاکخوازێک پێویستە لە بەرامبەر چیرۆکێکی ئاوا دوور و درێژ دا بوەستێ و بیر بکاتەوە.
هەڵبەت من لە بەرامبەر یەکێک لە گۆشەکانی ئەو چیرۆکە هەرمانە دا ڕاوەستاوم و دەمهەوێ سرنجی ئێوەش بۆ لای ئەو ڕابکێشم بەشقم سوودی هەبێت. لە یەکێک لە بازاڕەکانی میسر دا حەزرەتی مووسا تووشی پیاوێکی عیبری هات کە لە هۆزی بەنی ئیسڕائیل بوو کە دەگەڵ پیاوێکی میسری دیکە لە هۆزی فیرعەون بەشەڕ دەهات، مووسا ویستی یارمەتی پیاوە ستەم لێکراوە کە بدات کە بەرگری دەکرد و لە هۆزی خۆی بوو، لێدانێکی توندی لێدا و کابرا کەوت و گیانی لە دەست دا .
لەبەر ئەو کارەی کە بەسەری هات پەشیمانی بەسەر پێغەمبەری خوا دا زاڵ بوو و بە وشەگەلێکی پڕ لە گریان و زاری ڕووی لە خودا کرد و وتی :« ئەی پەروەرێنی من لەبەر ئەو هەموو نیعمەتانەی کە بە منت بەخشیوە ( منت عەفوو کردوە) هەرگیز نابمە پشت و پەنای تاوانباران» (قصص_١٧).
ئەوە درووست وەک ئەوەیە کە بڵێ: خودایە لەبەر ئەو هەموو نیعمەتانەی کە پێت داوم و منت بەخشیوە و شارەزات کردووم؛ سوێند دەخۆم کە پشتیوانی لە زاڵمان و تاوانباران ناکەم. یا ئەوە کە : خودایە! لەبەر ئەو هەموو نیعمەتانەی کە لە رابردوودا پێت بەخشیوم داوات لێدەکەم لە داهاتووش دا من لە راوەستان لە ریزی تاوانباران بپارێزی.
گەورەترین نیعمەتی خودا لە سەر تۆ ئەوەیە کە تۆی لە خۆشەویستنی تاوانبارێک کە تاوانەکەی لە لای تۆ بە جوان نیشان دەدات بپارێزێ و تۆبەی تەواو ئەوەیە کە بڕیاری تەواو بدەی کە لە تاوانبارەکان دوور بیەوە و بەڵێن بدەی کە بە وتار و کردار یارمەتییان نەدەی.ئەو وتارەی حەزرەتی مووسا – درودی خوای لێبێ- وەکوو رێباز و یاسایەکی هەرمان و هەمیشەیی لەدوای ئەو بەجێما تا هەموو چاکساز و نەسیحەت کەر و تۆبەکارێک کەڵکی لێ وەرگرێ.
بەڵام ئایا چەند کەس لە ئێمە نیعمەتەکان و چاکە و ئیحسانی خودای گەورە لەسەر خۆی بە تەواوی هەست پێدەکا و پەیمان دەبەستێ پشتیوانی لە زاڵمان نەکا ؟
خوای گەورە نیعمەتی لەگەڵ کردوین کە هێشتا لە حاڵی ژیان داین و چەن رۆژ و مانگ و ساڵمان ماوە کە دەتوانین تۆبە بکەین و لە گوناهەکان بگەرێینەوە و قەرەبووی تەمەنی رابردوومان بکەینەوە.
خوای گەورە نیعمەتی لەگەڵ کردوین کە ئێمەی لەو پەتا و وایرۆسانە پاراستووە کە خەڵکی لە دەوروبەری ئێمە پێی گرفتار بوونە و پەیتا پەیتا خەڵک دەکوژێ بێ ئەوەی بتوانن ماڵئاوایی لە خۆشەویستەکانیان بکەن.
خوای گەورە نیعمەتی لەگەڵ کردوین کە لەو بشێوی و ئاژاوە دا کە چاوەکان بیناییان نامێنێ و زەین و بیرەکان جوان بیرناکەن و  لاقەکان هەڵدەخلیسکێن؛ حەقی بە حەق، پێشانی ئێمە داوە و باتڵی بە بێهوودە و پڕوپووچ.
ئەرێ ژیری وزاناییە لە بەرامبەر ئەم هەموو نیعمەتە گەورانە وئەو هەموو چاکەیە، بچینە ریزی زاڵمان وتاوانباران؟ یانیعمەتەکانی خودا لەگەڵ بێزاری و دوژمنایەتی بگۆڕینەوە؟ ئەگەر وابێت شیاوی ئەوەین کە خودا ئەو نیعمەتانەی پێیداوین لێمان وەرگرێتەوە.
بەڵام ئایا هیچ موسڵمانی ژیر وتێگەیشتوو و پێگەیشتوو دەتوانێ دۆستایەتی زاڵمان بکا چ جای ئەوە کە یارمەتی و هاوکاریان بکات؟
مەگەر ئەوە کە لەبەر نەزانی و ساویلکەیی فێڵیان لێکردبێ وکڵاویان لەسەر نابێ.
ئایا ئەگەر ژیر و عاقڵ بێ دۆستایەتیان دەکا و پشتیوانیان دەکا؟
ئەوە لەمرۆڤی مسوڵمان دوورە و ئەگەر ئیماندار بێ هەرگیز ناوێری ئەمە بکات.بەڵام خوێنەری خۆشەویست با زۆرتر سەرسوڕ نەبێ، زۆر لە بیرمەندان و رۆشنبیران و رێنیشاندەرانی مسوڵمان بە ئەنقەست دۆستایەتی تاوانبار و زاڵمان دەکەن و لە سەریشی بەردەوامن.
لەوانەیە سەرسووڕمان وئێش وژانت زۆرتریش بێ ئەگەر بڵێم: لە ماڵەکانی خۆیان بە چەند رۆژ وبەچەند مانگ میوانداریشیان لێ دەکەن  تێکەڵاوی هاوسەر وکوڕ و کچەکانیان دەکەن!!
نەک هەر ئەوەندە بگرە وەک سەرمەشق بۆیان دەڕوانن وپشتیوانی لە زوڵمەکەیان دەکەن وچەپڵە بۆ تاوانەکەیان لێدەدەن ولەو گوناهانەی لەبەر چاوی ئەوان دەکرێ؛ پیرۆزباییان لێدەکەن. ئەومیواندارییەش دەکات و ساتێکی وا دا دەکرێ کە لە لای خودا لە هەموو کاتێک گەورەتر و بەڕێزتر و بەنرخترە . لەو کات و ساتانەدا کە خۆشی ڕۆژەکانیان وحوڕمەت و خێر و بەرەکەتەکەی لە وان تاڵ دەکەن.
وابزانم ئێستا خوێنەری ژیر دەزانێ باس لە چی دەکەم؟ باس لەو زنجیرە درامایانەی ڕەمەزان دەکەم کە لەگەڵ شەوبێداری و کێبڕکێ و ئاڵوگوڕیەکان دەبنە میوانی ماڵەکانمان!

مەبەستم ئەوە نیە کە تانە و تەشەر لەو هونەرە، یان لە خۆشی و ئاسودەیی پێشکەوتووانە بدەم، بەڵکوو مەبەستم ئەو بێهودەیی و بێکەڵکییەیە کە مەزاق و چێژەی مرۆڤەکان دادەبەزێنێ و ڕوو لە حەز و ئارەزوو و غەریزەکان دەکا. کەوابوو زێدەڕویی نیە کە ئەوان بە زاڵم و تاوانبار بناسێنین، تەنانەت ئەو وشەیە زۆر لەوە چووکترە کە مافی خۆیان پێبدا و شەڕ و خەراپەی ئەوان پێشان بدا، چونکە ئەوان چەند پلە لە زاڵم لە سەر ترن…
زاڵم و تاوانبارن لە بەرامبەر خودا و پێغەمبەر و دینی ئیسلام، چونکە ئەوان لە باشترین کات و ساتەکاندا کە لە لای خودا زۆر بە حورمەتن؛ دوژمنایەتی خودا دەکەن.
تاوانبارن لە بەرامبەر خەڵک و بەها مرۆییەکاندا، چونکە ئەوان لە نێو خەڵکدا فەرهەنگی بەدڕەوشتی و بێ ئەخلاقی لە رەفتار و بیرۆکە و وتار دا بڵاو دەکەنەوە!
ئەرێ تاوان لەوە گەورەتر هەیە کە کەسێک خەڵکی بۆ ڕووتی و داوێنپیسی و زینا و جاکێشی و  پیاو کوشتن و خەتا وخراپەکانی مرۆڤ؛ئەو تاوانانەی زۆر گەورەن و جێگای داخ و کەسەرێکی گەورەن، هانبدات؟
ئەوانە لەبەرامبەر فەقیر و ھەژارەکان تاوانبارن، چوونکە ئەوان بە کەم بەها و پەست و پیس و قێزەون دەزانن،  ئەوان بەدوور لەهەموو رێزێک دەزانن، کە هەموو ناحەزیەکیان پێوەیە. ئەو هەژارانە لەبەر چاوی ئەوان تاوانباران، نەک بە قوربانی ئەو نیزامە زاڵمەی مافی ئەوانی پێشێل کردووە و ئەوانی پەراوێز کردووە و لە خوێندن و راهێنانی باش و مزڵ و ماڵی خۆش و پەروەردەی چاک و چاوەدێری شیاو، بێبەشی کردوون.
ئەوان تاوانبارن لە بەرامبەر کۆمەڵگا، چونکە ئەوان کەسانێکن کە ماڵ و سامانی کۆمەڵگا دەخۆن و لە گیرفانی خەڵک دەدزن و هەر کاتێک کۆمەڵگا وەخۆ هاتەوە و دەنگ و هاواری داواکاری قوربانی دان و بەخشین دە تەنگانە کان دا بەرز بۆوە هەر وەکوو خوێ لە ئاودا دەتوێنەوە.
ئەوان لە بەرامبەر نیشتماندا تاوانبارن، چونکە لە دروشم و کۆبونەوەکاندا بە درۆ هاواری خۆشەویستی نیشتمان بەرز دەکەنەوە بەڵام کاتێک نیشتمانەکەیان ئەوانی بۆ کاری باش و گەورە دەست نیشان کرد، لە کۆتایی کاردا خۆ پەیوەست دەکەن، دەزانن بە تێکۆشان و گەشە کردن ناتوانن بارتەقای جەفەنگ و گاڵتەو سەرشێتی قازانجیان پێ ناگات.
تاوانبارن و دووریمان لێدەکەن لەبەر ویرووسێکی زۆر خەتەرناک، ویرووسێکی کە لەسەرمان پێویستە زیاتر لە هەموو بەڵایەک خۆی لێ بپارێزین، چوونکە ئەخلاق و بەهایەکان گرفتار دەکات، ئەو وایرۆسە زۆر لە وایرۆسی بیولۆژی و شیمیایی زیانی زۆرترە، چونکە میکڕۆبی بیولۆژی تەنیا لەشی مرۆڤ گیرۆدە دەکات، بەڵام ئەو ویرووسە(زوڵم و تاوان لە رەمەزان دا و بە فیڕۆدانی کات بە تەلەفزیۆن و موبایل و …) عەقڵ و دڵ و دین و بیرو باوەڕ تووشی سستی و پەتا دەکا و لەبەینی دەبا.
کەوابوو کەسانێک لە ئێمە کە پێشتر پشتیان بە لێخۆشبوونی خودا دەبەست، و بە سەبری خودا فریویان خواردبوو، دەبێ بزانن کە ئەمرۆ  لەبەر دەم بەڵایەکی زۆر گەورەین کە خودای گەورە وشیاریمان پێدەدا کە مەبادا لەسەر گوناە بەردەوام بین، ئەگینا خودا دەستمان دەگرێ!
کەوابوو بەردەوام بوون لەسەر دۆستایەتی زاڵمان و تاوانباران لە ئێستادا تاوانێکی دووبەرابەرە، چونکە هەم نیعمەتەکان لادەبات و هەم عەزاب و دوژمنایەتی خودا دەگەڵ خۆی دێنێ.
دەی کەواتە ئەی خودای گەورە! بە ساغی و سڵامەتی بمانگەیێنە رەمەزان و رەمەزانمان بۆ سڵامەت کە و بە وەرگیراوی و قەبووڵی لێمانی قەبووڵ کە.
ئیلاهی!  تاوانباران لە ئێمە دوور بکە و ئێمەش  لە تاوانباران بە دوور کە و تۆبەمان لێ وەربگرە، چونکە بە راستی تۆ زۆر دڵاوا و زۆر بەخشندەی….

نووسینی: ئەحمەد عەبدول مەقسوود

نمایش بیشتر

امیر خالدی

آذربایجان غربی- پیرانشهر @ نویسنده و مترجم # مدرس و فعال دینی و اجتماعی @

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا