کوردی

“چاویلکەی بیرکردنەوە”

"چاویلکەی بیرکردنەوە"

چۆن ڕوانین، ڕێگای ژیان، هەموار دەکا.
ئەگەرکەسێک لە ژیانیدا هەر پێویستیەکانی لەشی دابین کا،تەنیا جەستەیەکی بەهێزو قایم وقۆڵ و سەلامەتی دەبێ.
گوێ نەدان بە فکرو زێهن، نیشانەی لاوازی ونەخۆشی بەشی سەرۆکایەتی و لایەنی فەرماندەیی ژیانە. هێزی زۆرو بۆری بێ سەرۆک و بەرنامە و ئامانج، قەت سەرناکەوێ.
زاوو زێی ناوگیانلەبەران، ئاماژەیەکی بەتین و گوڕە بۆ ئینسانی تێگەیشتوو.
زۆر کەس لە مێژووی کۆن و هاوچەرخدا، گومانیان لە سازبوونی بوونەوەر ودوایەش زیندوو بوونەی دووبارە هەبوە و هەیانه و دەڵێن بەچاوی خۆمان چمان نەدیوە.
پەرەپێدانی ڕەگەزی گیانلەبەر، هەموو کات و ساتێک لە بەرچاوی خۆمان دەخوڵقێ. بە هێلکە وگەراو، لەناو زگ و نێو ئاوو وشکایی و ژێرگڵی تاریک و لەناوبەفرو سووڵ ، هەرهەمووی لێزانی و جوان بینینی دەوێ، هێزو دەسەڵاتێکی مەزنی پێوە دیارە.
کارگەی لە دایک بوون، بەهەموو جۆرەکان و ڕێکارەکانیەوە، تابڵۆو ئاماژەیەکی بیرمەندانەیە کە دەبێ ببێتە دەرس و وانەی شەو و ڕۆژمان.
ئەگەرچی بۆ ئاژەڵان گرینگ نەبێ و هەروا زاوو زێ بکەن و مۆڵەتی مانەوە بەسەر بەرن. ئەی ئەم مرۆڤە کەخۆی پێ سەرتۆپی دونیا و هەموو گیاندارێکە، دەبێ ئاوا ساویلکە و حۆلەکە، بەسەریدا تێپەڕێ و هەست و ژیرایەتی، نەهەژێنێ؟ نابێ ببێتە تیژڕوانین و ئاوەڕدانەوە؟ نابێ وەک هەورە تریشقە لەخەو ڕایچڵەکێنێ؟ نابێ ئەو ڕووداوە تەزووی بە لەشی دابێنێ؟ نابی مووی لەشی قرژ بکا؟
سەرتۆپی و مەزنایەتی، بەهەڵوێست و تێفکرینە! بە ئاکاری پیاوانە و ژیرانەیە! بە دەرس وەرگرتن و سەرهەڵدان و ڕاسانە! بەکەڵک وەرگرتن لە ئەو بەهرانەیە کە خوا بەتایبەتی پێی بەخشیون!
کوا کەم تەرخەمی و نووستن و بێ دەرەتانی و کڕووزانەوە و ناوهومێدی و دەستەوەستانی و پاڵدانەوە و ڕەزیلی و هەوڵنەدان و بێ فکری و گوێ هاخنین، شایەنی گیاندارێکی بەهۆش و تێگەیشتوویە!
لەبەر کاری لاوەکی، زۆر بەسووکی دەڕوانینە ڕووداوەکانی دەورو بەرمان. دەرگای مێشکمان بەرەو زۆر کار و ڕوانگەی دڵهەژێن، داخستوە.
ئەوەتا هاوسەرگیری بۆ ئێمەی مرۆڤی دونیا ویست، بۆتە سەرقاڵی و خۆهەڵکێشان ، قەڵەو کردنی نەوسی حەیوانی، نانەوەی شەڕو ئاژاوە ، تەڵاق و بێدەرەتانی و بەڕەڵا کردنی مناڵان، شانازی بەماڵ و سەروەت و بەفیڕۆدانی ئەونێعمەتە جوانە، لێک ترازان و ناهومێدی و دابڕان ، خەیانەت وکوشتن و لەش فرۆشی و خۆسووتاندن، کۆتایی هێنانی بێهوودە بەو ژیانە پڕبایخە!
ئەی رووبەری جوانی ڕوانین بۆژیان چۆنە!.
تابڵۆیەکی زیندووی قیامەتە، پێک گەیشتنی دوو ئەویندارە، سەرهەڵدان و ژینگەی پاکی خوایە،گوڵدانی ئەوین و خواناسییە، بینینی هێزو دەسەڵاتی خوای بانی سەرە، جوابدانەوەی سەدان پرسیارە، دیتنەوەی هەزاران ڕەمزو ڕازە، چاوپێکەوتن بە ڕۆڵی خوایەتییە، هۆشدارە بۆ شڵەژان و مەینی مێشکی ژەنگ هەڵێناو، خۆناسین و باوەڕ بەخۆبوونە، بینینی هێزو توانایی مرۆڤە.
فێرت دەکا گۆڕەپانی ژیان، بێ خاوەن وبەڕەڵا و بێ ئامانج نیە.
ئەوەش پیلان و شاڕێگایەکەیەتی:
“يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ 
سوره ۴۹: الحجرات﴿۱۳﴾
” ئەی هەموو ئینسان! لە نێرو مێ سازکراون(بۆ خۆشتان ئاوا پەرە دەستێنن) دوایە دەبنە تایفە و دەستە(وڵات و نیشتمان پێک دێنن) بۆناسین و پێکەوە ژیان.(نەک مڕەمڕو شەڕو ئاژەوە و خۆخۆری و داپڵۆسین و مەرگ و خوێن ڕژان) بەڕاستی باشترین و دڵپاکترینتان لای خوا ، زۆر بەڕێزە.( ژیان تێکدەر و بێ فکر و لاڕێ، لای من بێ کەڵکە و هەرکەسێک و هەربیرو بڕوایەکی کە هەی بێ.)

جەهانگیر بابایی ، سەردەشتی ڕازاوە.

نمایش بیشتر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا