فتاویفقه

چۆنیەتی بەراورد کردنی زەکاتی دراو

هەموو ساڵێک بە هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان پرسیارگەلێکی زۆر لە بوارە جیاجیاکاندا ئاراستەی مامۆستایان و شارەزایانی ئایینی دەکرێنەوە، هێندێ لەو پرسیارانە لە پەیوەندی لە گەڵ چۆنیەتی زەکات‌دان، دیاری کردنی کەسانی شیاو بۆ پێدانی زەکات، دیاری کردنی ڕێژەی زەکات لە پووڵ و پارەی کاغەزی و… دایە، بۆیە بە پێویستم‌زانی سەرنجێکی کورت و خێرا بخەمە سەر ئەم بابەتە.

ڕەنگە تا ئێستا هەموومان یان زۆربەمان لە وڵامی دیاری کردنی پێوەری زەکاتی پووڵی کاغەزی تەنیا نرخی زێڕمان بە گونجاو زانیبێت و لە وڵامی پرسیاری خەڵکدا گوتبێتمان هەر کاتی ڕێژەی پارە و دراو گەیشتە نرخی بیست مسقاڵ زێڕ ئەو پارە زەکاتی لێدەکەوێ و لەوە کەمتر زەکاتی تێدا نیە و پێویست ناکات پارە بە نرخی زیو بەراورد بکرێ چونکە زیو لە دونیای ئەمڕۆدا زۆر باوی نەماوە و پشتیوان و بنەمای ئابووری نیە.

بە بڕوای بەندە ئەو وڵامە ڕاست و ڕەواو و لە جێی خۆیدایە، بەڵام پێموایە بۆ هەلومەرجێکی وەکوو ئەمڕۆی وڵاتی ئێمە کە هەڵچوون و هەڵاوسانی ئابووری بەرۆکی بە هەموان گرتوە ڕەنگە زۆر گونجاو و دادگەرانە نەبێت چونکە بیست مسقاڵ کە دەکاتە زیاتر لە ٨۵ گرەم نزیکی پەنجا ملیۆن تمەن پووڵی ئێرانی دەگرێتەوە ـ هەڵبەت بە زێڕی عیارە ۱٨ ئینا بە زێڕی عیارە ۲۴ کە زێڕی تەواوە و دەبێ پووڵ بەو بخەمڵێندرێ زیاتر لە شەست ملیۆن تمەن دەگرێتەوە، بۆیە گەر بمانهەوێ بە عیارە ۱٨ بەراوردی بکەین ئەبێ ۱۱۳ گرەم حیساب بکرێ کە ئەویش بە پارەی ئەمڕۆ زیاتر لە شەست ملیۆن تمەن ئەگرێتەوە ـ، دەی بێ‌گومان ئەو ڕێژە پارە هەموو کەس نیەتی و خەڵکانێکی زۆر زەکاتیان لە سەر نامێنێ کە لە ئەنجامدا خەڵکی هەژار و دەست‌کورت زیاتر ئەکەونە بەر شاڵاوی زیانە ئابووریەکان؛ بۆیە پێموایە بۆ ئەم هەلومەرجە و بە پێی بنەمای: (تغیّر الفتوی بتغیّر الزمان و المکان و الٲحوال و الٲشخاص) باشتر ئەوەیە نرخی زیو بکرێتە بنچینە و بنەما، چونکە ڕێژەی زەکاتی دراو بە نرخی زیو نزیکەی بیست ملیۆن تمەن پارەی ئێرانیە کە بێ‌گومان خەڵکانی زەکاتدەر زۆرتر دەبن و سوود و بەرژەوەندی هەژارانیش زۆرتر و باشتر ڕەچاو دەکرێ.

لای هەموانیش ئاشکرایە کە لە مەزهەبی پێشەوا شافیعیدا ـ خوای لێ‌ڕازی بێت ـ لە بەرچاو گرتنی بژاردەی “ٲنفع للفقراء” پێویستە و دەبێ لەو چوارچێوەدا زەکاتی ماڵ و سامان دیاری بکرێ.

لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوەیش بکەم کە زانا و پسپۆڕی هاوچەرخ جەنابی دوکتۆر عەلی قەرەداخی ـ خوا بی‌پارێزێ ـ لە پەڕاوی بە نرخی: (حقیبه طالب علم الٳقتصاد) ئاماژە بەوە دەکا کە لە هەلومەرجی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ دیاری کردنی ڕێژەی زەکاتی دراو باشتر وایە نرخی زیو بکرێتە بنەما و بەرژەوەندی هەژاران لە بەرچاو بگیرێ.

احمد عباسی

    بانە ۱٨ ـ ۲ ـ ۱۳۹٨ (سێی ڕەمەزانی ۱۴۴۰)
از طريق
احمد عباسی
منبع
sozimihrab
نمایش بیشتر

احمد عباسی

استان کردستان - بانه نویستده - مترجم - فعال دینی و اجتماعی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا