داستاندعوت اسلامی

چیرۆکی گەنجێکی کوردی موسڵمان لە ڕووبەڕووبوونەوەی مولحیدان

چیرۆکی گەنجێکی کوردی موسڵمان لە لێواری تیاچوونەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مولحیدان

من موسڵمانێك بووم تەنھا لەسەر تەسکەرەکەم نووسرابوو “مــــلم”، ئیتر ڕەبتێکی ئەوتۆم بە ئیسلامەوە نەبوو. سەروەختێك لە زانکۆ بووم، بەدوای زۆر شتەوە بووم جگە لە ئیسلام، ھەموو شتێکم دەخوێندەوە جگە لە کتێبی ئیسلامی، ھەموو شتێکم ڕاڤە دەکرد جگە لە تێکستی دینی.

بۆ زۆر شوێن دەچووم جگە لە شوێنێك بۆنی ئیسلامی لێوە بێت، خەمی ھەموو شتێکم بوو جگە لە دینەکەم. نوێژێکم دەکرد بە زۆری دایک و باوکم، ڕۆژوویەکم دەگرت لەبەر تانەی دایکم. ھاتووچۆی موسڵمانێکم دەکرد وەكو ئەوەی جوێنم پێ بدەن.

زۆربەی برادەرکانم پەیوەندییان بە ھەموو شتێکەوە ھەبوو جگە لەم ئیسلامە، بە کورتی من مرۆڤێکی سەرەڕۆو و خۆپەرست و تاوانکار و گوناھکار زیاتر نەبووم.
بەم حاڵەوە کوردستانم بەجێھێشت و وەكو ھەموو لاوێکی پڕ ھیوا و ئارەزوو ڕووم لە ھەندەران کرد.

لەوێ… ئیدی لەوێ…

شەوێك لەگەڵ برادەرێكی ئیسلامی بە تەلەفۆن قسەمان دەکرد، وتی: ئەوە ھێشتا ھەر وەكو جارانی؟

وتم بۆ جاران چیم بوو؟

وتی: چوزانم بابە تۆش، ھەر خەریکی ئەملاولا بوویت، ئێستا بەبیرت نایەت ئاوڕێك بدەیتەوە؟

لە دڵی خۆمدا خورپەیەکم کرد و وتم: ھیچ عەیبم نییە!

بۆ رۆژی دواتر لە خەو ھەستام، ھەر بیرم لەو خورپەیە دەکردەوە، ئەموت باشە ئەوە چی بوو؟ بۆ وام لێھات؟! بەردەوام لەبیرم بوو ئەو قسەیە “ھەر خەریکی ئەملاولا بوویت”. ھەندێکجار دەموت “وایە”، ھەندێکجار دەموت “بۆ من عەیبم چییە؟ ماڵی کێم خواردووە؟ خوا ئەوەندە بچووکە چاوی لە منە و ھیچ ئیشی نییە؟!” ھەر وا بەردەوام بووم، لەم گومان و ڕاستیەدا.

ڕۆژێك وتیان موقابەلەتە، شەوەکەی زۆر گرفتار بووم، ئەموت “خوایە بەس تۆ ئاگات لە منە ئێستا، تکایە لەبیرم مەکە”، چوومە موقابەلە و ھاتمەوە، ھەر لە خۆمەوە بێ ئەوەی ھیچ ببیستم دڵم خۆش بوو، ناشزانم بۆچی.

موقابەلەی دووەمم ھات و چووم و دیسان بە دڵ خۆشییەوە ھاتمەوە، شەوەکەی زۆر لە خوا پاڕامەوە بەبێ ئەوەی ھیچ فەریزەیەکم بۆ ئەنجام دابێت.

دوای 21 ڕۆژ نامەم بۆ ھات، نەمدەزانی چی نووسراوە، بردم بۆ کەسێك، وتی “بێنە ھەدیە؟” وتم “چییە؟” وتی “خوا ئاگای لێت بووە ئیقامەت وەرگرت”، زۆر خۆشحاڵ بووم، نەمدەزانی چی بکەم.بە خۆشییەوە ھاتمەوە بۆ ماڵەوە و شیرینیم دابەشکرد بەسەر برادەرەکانمدا.

شەوەکەی بەبیرم ھاتەوە، من زۆر داوام لە خودا کردبوو، خودا فەرامۆشی نەکردم، ڕێك فرمێسك بە چاومدا ھاتە خوارەوە، کەسم لەلا نەبوو، تێر تێر گریام هەتا دڵم خاڵی بۆوە. پێش نووستن چووم خۆم شوشت و دەستنوێژم گرت. ھاتمەوە ژورەوە و ھەر لە خۆمەوە دوو رکات نوێژم کرد، ھێشتا بانگی عیشای نەدابوو، بانگی فەرموو، چووم نوێژی عیشام کرد و ئەو شەوە بە ئارامی نووستم، ئەوەندە خەوەکەم خۆش بوو، قەدەری خوا بۆ نوێژی بەیانی خەبەرم بۆوە، سەیری مۆبایلەکەم کرد، ھێشتا 15 دەقیقەی مابوو بۆ بانگی بەیانی، تێر تێر خەو بووبووم. ھەستام دەستنوێژم گرت و نوێژی بەیانیشم کرد.

پاشان دەستم بە داوای لێخۆشبوون لە خودا کرد، وام ھەستدەکرد کە تەنھا گوێی بۆ من گرتووە و ھیچ ناڵێت، تەنھا بزانێت من دەڵێم چی،بەو جۆرە دوعام دەکرد.ئیتر نەمھێشت نوێژم بفەوتێت، وتم ئەمە بەس نییە و دەبێت بخوێنمەوە، بزانم ئەم ئیسلامە چی بە من دەڵێت و دەبێت من چی بکەم.

وتم ئیتر من دەبێت گۆڕانکارییەك لە خۆمدا دروستبکەم و بەرەو مەنزڵێکی تر ھەنگاو بنێم. لەم بیرکردنەوانەدا بووم و لە ژوورەکەم دانیشتبووم، لە دەرگاکەم درا، چووم کردمەوە، کوڕێکی حەلەبی بوو، برادەرم بوو، وتی، “جەماعەت پێیان خۆشە تۆ بێی پێشنوێژیمان بۆ بکەیت”، وتم “باشە وا دێم”.

ئەو ڕۆشت و منیش دوای یەك دوو خولەك بەدوایدا چووم و ئەحمەد بەیرقدار حەلەبی قامەتی کردو دەستم بە خوێندنی سورەتی فاتیحە کرد بە دەنگی شێخ عەبدولکەریم دیوان خوێندم، پاشان چەند ئەیەتێکیشم لە سەرەتای سورەتی بەقەرە بە ھەمان دەنگ خوێندەوە، نوێژەکەمان تەواو کرد و سەلامم دایەوە، نەزیھ بەیرقداری خوشکەزای ھات تووند باوەشی پێدا کردم و وتی “ڕەحمەتی خوا لە مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕیس بێت بۆ خۆی و نەوەکانی”.

بەڕاستی من ھیچم دەربارەی مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕیس نەدەزانی و شەرمیشم دەکرد بیڵێم. سوپاسم کردن و دوعای خێرم بۆ کردن و دوای کەمێك چوومەوە ژوورەکەم.

ھێشتا کیبر بەری نەدابووم، بەو ھەموو جاھیلیەت و نەزانیەوە پێم قورس بوو لە یەکێکی شارەزا بپرسم ئەرێ لە کوێوە دەست بە خوێندنەوە بکەم و بۆ ئەم حاڵەی ئێستای من چی باشە بۆ خوێندنەوە و دەتوانم سوود لە کێ وەرگرم؟! لە نێوان ئەم دوو بەرداشەدا مابوومەوە بەردەوام، نە دەھاتمە دواوە و نە ھەنگاوێکی جددیشم دەنا بەرەو پێش.

ئیتر مەشغوڵ بووم بە دۆزینەوەی خانووەوە و کەم کەم بابەتی خوێندنەوەی ئیسلامیم لەبیرکرد، تا ڕۆژێکیان سەرێکم دایەوە لە “پاڵتۆك”، چوومە ڕومێکەوە پڕبوو لە مولحیدی لیبراڵی و مارکسی و وجودی. چێژم لە قسەکانیان دەبرد و بەردەوام شەوان دەچوومەوە ھەمان ژوور. تا وای لێھات بووم بە برادەری ھەندێکیان، عیلاقاتمان پەیدا کرد، ئەوان دەیانزانی من موسڵمانێکی سادە و ساویلکەم و ھەر زوو لە موناقەشە شکست دەهێنم و بێدەنگیان دەکردم.

کوڕێکی لێبو زۆر قووڵ بوو لە فەلسەفەی وجودی, ھەر زوو کاریگەر بووم پێی، قسەکانی زۆر ورد دەکرد و بەردەوام کاریگەریی لەسەر دادەنام. شەوێکیان زۆر بە قووڵی باسی “ژان پۆڵ سارتەر”ی کرد بۆمان، ئیتر وجودیەتم لا شیرین بوو، چووم خێرا سێ کتێبی سارتەرم داونلۆد کرد. لە کتێبی”قەحپە بەڕێزەکە”وە دەستم پێ کرد، لەم کتێبەی سارتەردا لەشفرۆشەکان باشترینی ناو کۆمەڵگاکانن، لەشفرۆشەکان بێ گوناھترین و ڕاستگۆترین و موزەحیترین جۆری مرۆڤەکانن. ئەم کتێبە وای لێکردم بە چاوی زۆر حورمەت و ڕێز و تەقدیرەوە بڕوانمە لەشفرۆشەکان، ھەمان بیری سارتەرم ھەبوو بۆیان و خۆشم ئەوەندەی ترم بۆ زیادکرد لە خەیاڵدان و مێشکی خۆمدا.

وردە وردە ھەستم بە خۆم دەکرد ھەنگاوەکانم بەرەو بیری پێشووم دەچنەوە بە شێوازێکی بەرنامەیی ترسناكتر لەوەی پێشوو. ھەستام کۆمەڵێك مەقالاتی “ئەلبێرت کامۆ”م دەستخست و کەم کەم دەمخوێندنەوە و کاریگەر دەبووم پێیان.

ئاخر سارتەر و کامۆ ھەم دوو بیرمەندی وجودی بوون، ھەم ھاوڕێش بوون پێکەوە، ھەموو شتێکم لا بووبوو بە ھیچ، ھیچ شتێك گرنگیی نەمابوو لە ژیانمدا، ھەموو شتێکم بە چاوێکی بێقیمەتییەوە تەماشا دەکرد، تا گەشتم بە قۆناغێك، دەموت “باشە خوا کاری چییە لە ژیانی ئێمە، ھەبێت یان نەبێت چی دەگۆڕێت؟ ئەگەر مردم و زیندوو نەبوومەوە چی؟ ئەگەر قیامەت ڕاست نەبوو چی؟ گەر حەشر و لێپرسینەوە نەبوو و ھەموو شتێ درۆ بوو چی؟” یان دەموت “با من لەگەڵ ئافرەتێکیش بم، چی زەرەرێك لە خوا دەدەم؟ ئەو حەقی ئەمەی چییە؟”

زۆر بە ڕوونی خەریكبوو بەرەو وجودیەت ھەنگاوم دەنا و خۆشم پێم نەدەزانی چی ڕوودەدات. ئاخر لە وجودیەتدا خوا ھەبێت و نەبێت ھیچ ئیشکالێکی نییە، لە وجودیەتدا ئیسلام ھیچ نییە، عەلمانییەتی مارکسی و لیبراڵی و سۆشیەڵی ھیچ نین، یاساکان کۆتوبەندی مرۆڤ دەکەن، تەنھا بۆ فریودان و عەزێتدانی مرۆڤ ھاتوونە بوون.

شەوێکیان چوومەوە پاڵتۆك، بینیم ھەمان ئەو کوڕە قسە دەکات، چووم چایەکم ئامادە کرد و ھێنام و بەدەم چا خواردنەوە گوێم بۆ گرتەوە دیسان، جارجار بە تێکست بۆم دەنووسی: دەست خۆش ڕاستە. لەم قسانەدا بوو کەسێكی تر پەیدابوو لە ئوسترالیا دەژیا، ئەمیان زۆر بە قورسی لەسەر ئیسلام قسەی دەکرد و زۆر دادەبەزییە سەر ئیسلام، خەڵکی دووز بوو. بەس ھەستم دەکرد قسەکانی ئەمم بەدڵ نییە و جۆرێك لە تووندی ھەیە لە قسەکانی، منیش شتێکی ئەوتۆم پێنەبوو تا مایك بگرم و وەڵامی بدەمەوە، دەترسام، چونکە زوو دەیاندام بە ئەرزا.

بەم حاڵەوە ھەر بەردەوام بووم و ھەستم وابوو لەڕووی فیکرییەوە بەرەو پێش چووم. تا وام لێھاتەوە دیسان نوێژەکانم تەرك کرد، گوێم لێنەبوو نوێژم دەڕوات یان نا. وردە وردە لە جەماعەتی حەلەبی دوورکەوتمەوە و بە نەزان و بێ عەقڵم دەزانین. شەوان تا بەری بەیان دادەنیشتم بەدیار پاڵتۆکەوە و پاشان دەچووم سەیری فیلمم دەکرد و ئینجا دەنووستمەوە تا نیوەڕۆ.

ڕۆژێكیان بە سوتفە گوێم لە مامۆستا ماکوان کەریم بوو لە پاڵتۆك قسەی دەکرد لە ژووری دەنگی ئۆپۆزسیۆن سیمینارێکی ھەبوو لەگەڵ کەسێکی بێدین.

گوێم لێ بوو مامۆستا ماکوان قسەی دەکرد، سیمینارەکە لەسەر جزیرەی عەرەبی بوو پێش ئیسلام و دوای ئیسلام، بە 20 خولەك وای لە کابرای بێدین کرد حەتتا ڕووشی نەدەھات بڵێ وا نییە. مامۆستا ماکوان بە مایك بانگی دەکرد، ڕووی نەبوو جواب بداتەوە، چونکە ھیچی بۆ نەھێشتەوە.

من ھەرچەند کە بێدینەکە برادەرم بوو، بەڵام لە دڵەوە خۆشحاڵ بووم بەوەی ئاوا بێدەنگ کرا، ھەستم دەکرد کەسێك حەقی منی لێ کردوونەتەوە؛ بەڵام کە دوایی بە تەنھا دەبووم، نەمدەوێرا نیقاشی دینی بکەم لەگەڵیان، ترسنۆك بووم، دەترسام حەیام بچێت و لێی نەزانم، بەڵام ھەر بە برادەری لەگەڵیان مامەوە، ئەوانیش زۆر ڕێزی منیان دەگرت. بەم جۆرە بەردەوام شەوان تا درەنگ دەمامەوە لەگەڵیان و نیوەڕۆ دەچوومە کۆرسی فێربوونی زمان تا ئێوارە. زمانەکەم زۆر لا گرنگ بوو، بە ماوەیەکی کەم واملێھات زۆر بە باشی قسەم پێدەکرد و زۆر بە خێرایی و سەرکەوتوویی کۆرسەکانم تەواو دەکرد.

ڕۆژێکیان نانم دەخوارد تەلەفۆنێکم بۆ ھات، سەیرم کرد کاك سیروانە، وتی “مەرحەبا کاکە گیان، نایەی بچین بۆ شاری “لێژ”؟ لەوێ کۆمەڵێك برادەری موسڵمانی لێیە لە مزگەوتی سەڵاحەدین، شەو لای ئەوان دەبین و بەیانی دێینەوە!” وتم “باشە وەرە [بەدواما]” و چووین پێکەوە.

شەوەکەی جەوێکی زۆر خۆش بوو، کۆمەڵێك مرۆڤی موئەدەبی موسڵمانم بینی کە قیمەی ڕێز و حورمەتیان دەنواند بۆ ئێمە، شەوەکەی حەڵقەی گەورەی بازنەییمان دروستکرد لە مزگەوتەکە و دەرسێکی ئیمانیی تەقواییان دامەزراند. یەکێکیان باسێکی ئیبن تەیمیەی کرد، وەك ئەوە بوو فیلمێکی ھۆڵیوود تەماشا بکەم، ئەوەندە بە نەشئەیەکی ڕۆحییەوە باسەکەی کرد، حەڵقە ئیمانییەکە بەم جۆرە بەردەوام بو تا کاتی نووستن. بەیانی ھەستاین بۆ نوێژی بەیانی، زۆر ناخۆش و قورس بوو لەسەرم، چونکە بەو دیمەنە ڕانەھاتبووم و تازە تووشیش بووبووم، ناچار لەگەڵیان پێکەوە نوێژی جەماعەتمان کرد و پاشان نووستینەوە و بەیانی ھەستاین ھاتینەوە.

شەوەکەی لە ماڵەوە ھەر بیرم لە قسەکانی مامۆستا ماکوان دەکردەوە، ئەموت باشە ئەو پیاوە چۆن ئاوا بە عیزەتەوە قسەی دەکرد، چۆن بە 20 دەقیقە ئەو کەسەی تری بێدەنگ کرد؟! ئاخر ئەوەی کە لەگەڵ مامۆستا ماکوان سیمیناری کرد، بەھێزترینی ناو بێدینەکان بوو لەڕووی فیکرییەوە.

ئەبو عەلی خەڵکی لازقیە بوو دراوسێم بوو لە خوارەوە، یاپراخی حەلەبی کردبوو، ھات بەشی منیشی ھێنا و سوپاسم کرد و کەمێك قسەی سۆعبەتمان کرد پێکەوە.

وتی: باشە تۆ جاران نوێژت دەکرد، بیرتە پێشنوێژیت بۆ کردین لەگەڵ ئەحمەد بەیرقدار و ئەوان؟
وتم: بەڵێ بیرمە و بۆئەوەی خۆم نەشکێنمەوە وتم: باوەڕم بە ئیسلام نەماوە.
وتی: بۆ خاتری خوا چۆن وا دەڵێی؟!
وتم: من زۆر بیرم کردووەتەوە و زۆرم خوێندووەتەوە و گوێم لە کەسانی شارەزا گرتووە، ئیسلام ھیچی تێدا نییە بەڕاستی.
وتی: خۆت دەزانی، بەس پێم ناخۆشە و ئیتر خواحافیزیی کرد.

ھەر ئەو نوێژە بوو لە مزگەوتی سەڵاحەدین کردم، ئیتر دوای ئەوە نوێژم نەکردەوە و گوێشم لێنەبوو.

ڕۆژێکیان بەیانی زوو بوو لەسەر قادرمەکانی ناو ئاپارتمانەکە تەقە تەق دەھات، دەرگام کردەوە بزانم چییە، سەیرم کرد لە خوارەوە ئافرەتێکی زۆر گەنج خەریکی ئەشیای ماڵە دەیھێنێتە سەرەوە، چوومە خوارەوە و وتم: سڵاو با یارمەتیت بدەم.
وتی: سوپاس، بە دڵنیاییەوە پێویستم بە یارمەتییە، ھەر خۆمم و کەسی ترم لەگەڵ نییە.

ئافرەتەکە ئافرەتێکی باڵا مامناوەندی سپی پێست و قژێکی درێژی زەردیشی ھەبوو، دەموچاوێکی زۆر سەرنجڕاکێش و جوانی ھەبوو. وردو وردە یارمەتیم دا و شتە قورسەکانم بۆ بردە شوقەکەی، زۆر سوپاسی کردم و وتی: دانانیشی لەگەڵ من؟
وتم: نا سوپاس، دەبێت بڕۆم نان بخۆم و کەم کەم خۆم ئامادەکەم بچم بۆ کۆرسی زمانەکەم.
وتی: ئەھا لە زمان دەخوێنیت، زمانت زۆر باشە، خەڵکی کوێیت؟
وتم: عێراق. ئەی تۆ؟
وتی: من دایکم خەڵکی ھۆڵەندایە و باوکیشم ئیتاڵی.
وتم: خۆشت بەلجیکی.
دەستی کرد بە پێکەنین کرد و وتی: ئیتر ھەریەکەمان لە شوێنێکین، باوک و دایکم جیابوونەتەوە و برایەکم ھەیە لە ئەمریکایە، منیش لێرەم و تازە زانکۆ بەشی پزیشکی گشتیم تەواو کردووە و لە نەخۆشخانەی گەورەی ئێرە دەبم بە دکتۆری یاریدەدەر لە سەرەتادا.. ئەھا، وتت دەچم بۆ کۆرسی زمان، با کاتت نەگرم ببوورە.

خواحافیزیم لێ کرد و چووم بۆ کۆرسەکەم. ئێوارە ھاتمەوە ھەندێک خواردن و شتم لەگەڵ خۆم ھێنایەوە و لە ماڵەوە حازرم کرد. شەو بوو سەیری فیلمی”the godfather”م دەکرد، فیلمێکی زۆر تایبەتە ئێستاش لە ژیانم، لەپڕ لە دەرگا درا، لە دڵی خۆمدا وتم “ئەبو عەلی بێت، پێشتر جەڕەسێك دەکات”، چووم کردمەوە کچەکە بوو، وتی: سەلاجەت ھەیە ئەم چەند بووتڵە شیرەم بۆ بخەیتە ناوی، خۆم سەلاجەکەم سبەی دەگات؟
وتم: بەڵێ بەسەرچاو.. شیرەکانم لێ وەرگرت و خستمە سەلاجەکە.
وتی: ئاساییە پرسیارێك بکەم؟
وتم: بەڵێ فەرموو.
وتی: باوکم دەڵێت پیاوی عێراقی لە پیاوی ئیتاڵی دەچن، زۆر بەھێزن بۆ ئافرەت؟
وتم: ئەوە نازانم چۆنە، بەڵام ئێمە ھەم ژن و ھەم پیاو پەیوەستین بە کۆمەڵێك ئەخلاقیاتی سنووردارەوە بۆ ڕاگرتنی شیرازەی خێزان.
وتی: تۆش لەو پیاوانەیت؟
دڵم خورپەیەکی کرد، وتم: خۆم ئەوە نازانم.
وتی: سبەی شەممەیە، ناچی بۆ دەوام، وایە؟
وتم: بەڵێ سبەی لە ماڵەوەم.
وتی: دەکرێت بێمە ژوورەوە؟
وتم: بەڵێ.
وتی: بۆستە ئێستا دێمەوە.

بە خێرایی چووە شوقەکەی و 10 خولەکێکی پێچوو و ھاتەوە دای لە دەرگا. کردمەوە یەك دیمەنم بینی مەگەر تەنھا حەزرەتی یوسف ئەو جوانیەی زوڵەیخای بینیبێت، بەڵام ئەوەی من جیاوازتر بوو، چونکە تا زۆر سەروو ئەژنۆ و باڵ و قۆڵی ھەموو ڕووت بوون و میکیاجێکی تەنکی کردبوو، وتی: ئێستا دەتوانم بێمە ژوورەوە؟

لە دڵی خۆم وتم: خوایە تۆ یارمەتیدەرم بوویت لە کاتە سەختەکان، یارمەتیم بدە من مسقاڵێك ھێزم نەماوە و بەرگەی یەك جاری تر ناگرم بڵێ بێمە ژوورەوە؟

مۆبایلەکەم بە دەستمەوە بوو خاڵم تەلفۆنی کرد، بە ئەنقەست بە جۆرێك قسەم دەکرد لەگەڵ خاڵم، دەستم دەجوڵاند و سەرم بادەدا و دەستم دەھێنا بە سەرمدا وەكو ڕەمزێکی بێتاقەتی، بە خاڵمم وت: ئێستا تەلەفۆنت بۆ دەکەمەوە.

تەلەفۆنەکەم داخستەوە و وتی: کێشەت بۆ دروستبووە دەزانم، ببوورە ئەگەر دەزانی بێزارت ناکەم بێمە ژوورەوە؟
وتم: کێشەیەکی خێزانیمان بۆ دروستبووە، شەوێکی تر میوانییەکە ڕێكبخەین باشترە.
وتی: باشە ببوورە.. ئیتر ڕۆشت و دەرگاکەم داخست.

ھاتمەوە دانیشتم.. بەپەلە چووم دەرگاکە بکەمەوە و بانگیکەم زۆرم لە خۆم کرد و خۆم پەشیمان کردەوە. دواتر، دەمێك دەموت “کارێکی باشم کرد”، دەمێك دەموت “ئیشێکی قۆڕت کرد”، دەمێک دەموت “خۆت لە تاوانێکی گەورە ڕزگار کرد”، دەمێك دەموت “تاوانی گەورەی چی، ئەی ھەر تۆ نەبووی ئەتوت خوا حەقی چییە بە منەوە کە لەگەڵ ئافرەتێک بم؟ ئێستا بۆ زیڕەت کرد و ترسای؟”

ھەرچۆن بوو دواتر قەناعەتم بە خۆم ھێنا کە ئیشێکی زۆر باشم کردووە، گەرچی دەروونم ئاسودەیە، بەڵام دڵم دەیویست بێتە ژوورەوە و بەگوێی دڵم نەکرد و شکاندم.

شەو کاتی نووستن لە خۆمەوە ھەستم بە بەھێزیی خۆم کرد، ھەستم بە جۆرێك لە عیزەت دەکرد، وتم: ئەوە منم زاڵ بووم بەسەر ئەو ڕووداوە قورسە؟! باشە چۆن توانیم وا بکەم؟ چۆن ئەوەم پێ کرا؟ بیرم کەوتەوە کە من داوام لە خودا کردبوو یارمەتیم بدات لەو کاتەی کە ھێزی ئەوەم نەمابوو پێی بڵێم نا، خوا ھێزێکی مەعنەویی تۆکمە و کاملی ڕەوانەی عەقڵ و خەیاڵدانی من کرد و توانیم بەھۆی تەلەفۆنێکی سوتفەوە لە کاتێکی پێویستدا کۆمەڵێك نواندن بکەم کە خۆم دەمویست و نەشمدەویست، بیرم کردەوە ئەمە ھیچ مەجالی تێدا نییە کە خودا یارمەتیی منی دا لە حاڵەتێك کە خۆیشی ئاگای لێبوو، خۆشی ھێزی پشتیوانیی بۆ من ڕەوانە کرد.

بە خۆمم وت: پەیڕەو بەسە، ئەمە چەند جار خودا یارمەتیی تۆ بدات؟! چەند جار بە تەمایت سنووری خودا بشکێنیت؟ چەنی تر دەژیت و چەنی ترت بەسە بۆ گەڕانەوە؟!

ھەستام و چووم خۆم شوشت و دەستنوێژم گرت، ئەمجارە نوێژم نەکرد یەکسەر. دانیشتم نزیکەی چارەکە سەعاتێک قسەم لەگەڵ خودا کرد، زۆر ئارام بوومەوە، یەکسەر ئەپی بانگدانم لە مۆبایلەکەم دابەزاند و کاتی بانگەکانم تەثبیت کرد لەگەڵ تەوقیتەکانیان. ئیتر لەو شەوە بەدواوە بە تەواوی بڕیارم دا نوێژەکانم نەفەوتێنم، بەردەوام نوێژەکانم دەکرد. هەشت مانگ تێپەڕی من نەچوومەوە پاڵتۆك، ئەم ھەشت مانگە من چیم کرد؟ ھەستام 19 کتێبی ئیسلامیی ھەمەجۆری عەقیدی، فیقھی و مێژوویی و فەلسەفیی کوردی و عەرەبیم خوێندەوە. وام لێھاتبوو کە کتێبێکم دەخوێندەوە دێڕ بە دێڕ دەمتوانی شیکاری فیکریی بۆ بکەم. توانای ئەوەم ھەبوو کتێبێك کە تەواوی دەکەم وەكو وانەیەك بە خۆمی بڵێمەوە و ڕەنگبداتەوە لە ڕەفتار و کردارمدا.

پاشان ھەستام ئەمجارە دیراسەیەکی کرداریم کرد لە “ھونەری وتاردان”. من چۆن دەبێت قسە بکەم؟ چۆن بتوانم لەڕێی ئسولبی گەیاندنەوە و لەڕێی خیطابەوە ئەوەی پێمە بیڵێم، سێ مانگ بەردەوام بووم لەمە.

ڕۆژێکیان بەناو ڕێچکەی نوێی ئیسلامی لە میصر گوزەرێکم کرد و چاوم بە ئیمام حەسەن بەننا کەوت، تەماشام کرد چۆن لەدوای ڕووخانی خیلافەت پیاوێك وەكو شێر نەڕەی ھات لەو دوورەوە و وەكو سەیدی ھۆشیاری ناوچەکە بانگی خەڵکی دەکرد لە چاییخانە، قاوەخانە، قوتابخانە، زانکۆ و بازاڕدا ھاواری بۆ یەکڕیزیی موسڵمانان دەکرد و دەیوت، “ئێمە دەبێت موسڵمانێکی ئەشعەری سۆفی و مولتەزیمێکی سەلەفی و بانگخوازێکی جیھادی بین”. ھەستام کۆمەڵە نامیلکە کۆکراوەکانی ئیمام بەننام خوێندەوە و ئیزافەی فکری زۆرم بە خۆم دا.

لە سەروبەندی شەھیدکردنی ئیمام بەننادا ڕێم لە پیاوێکی تر کەوت بەناوی سەید قوتب، وتم: من ئەم ناوەم بیستووە، بەس ھیچ لەبارەیەوە نازانم. ھەستام سێ کتێبی سەیدم داونلۆد کرد (معالم في الطريق، العدالة الاجتماعية، معركة الإسلام والراسمالية). ئەم کتێبانە ئیتر بوون بە سەرچاوەی فیکری نوێی من.

زۆر بە وردی دەمخوێندنەوە و لەگەڵ ھەڵدانەوەی ھەر پەڕەیەك، حیکایەتێکی فیکریی بۆ جێدەھێشتم، تا بە تەواوی لە “معالم في الطريق” بوومەوە ھەناسەم لە خۆم بڕیبوو، تەرکی برادەرەکان و چوونە دەرەوە و کەیف و سەفام کردبوو، تەرکی سۆشیەڵ میدیام کردبوو.

شەوێکیان قورئانم دەخوێند و گەشتبوومە ئایەتی (له معقبات من بين يديه ومن خلفه يحفظونه من أمر الله إن الله لا يغير ما بقوم حتى يغيروا ما بأنفسهم…..) وتم: ھەر بەڕاستی خودا لێرەدا زۆر ورد ئەم فەرمایشتەی بە ئێمە فەرمووە.

بە دەنگێکی کەمێك بەرز دەمخوێندەوە لەسەر دەنگی شێخ عەبدولکەریم دیوان، نامەیەکم لە مۆبایلەکەمەوە بۆ ھات، سەیرم کرد کوڕێکی سوری بوو لە خوارەوە بوو، تازە ھاتبوو، تەعاروفمان کردبوو پێشتر، نووسیبووی: دەکرێت بێمە سەرەوە بە باشی گوێم لە قورئانخوێندنەکەت بێت؟ تەلەفۆنم بۆ کرد و وتم: وەرە.

ھاتە سەرەوە و بەخێرھاتنم کرد و بەردەوام بووم، کەم کەم کۆتاییم پێدەھێنا و “صدق اللە العظيم”م کرد. سەیرم کرد ئەحمەد کەم کەم دەگری، وتم: ئەوە چیتە؟

وتی: من زۆر گوناھم کردووە و زۆر ئیشی نەشیاو و خراپم کردووە، ئێستا زۆر پەشیمانم و دەمەوێت بگەڕێمەوە و نازانم چۆن ئەوە بکەم!
وتم: ھەرچەند خراپەت کردبێت، ڕەنگە لە من زیاترت نەکردبێت.. زۆر دڵی خۆش بوو بەو قسەیە.
وتم: مرۆڤ یەك جار لە ژیانیدا بۆ مەبەستێکی دیاریکراو بڕیارێکی جددی دەدات، تۆش ئێستا وا خودا یارمەتیت دەدات، ھەنگاوێک بنێ، خودا بۆت دەکات بە دوان.
وتی: ئاخر من ساڵانێکە نە نوێژم کردووە و نە ھیچ شتێك کە پەیوەندیی بە ئیسلامەوە ھەبێت.
وتم: ئێستا کاتیەتی، شەھادەتێکی بە حەق بێنەوە دیسان.
وتی: باشە با لەدوای تۆوە بیڵێمەوە.
وتم: باشە… لەدوای منەوە شەھادەتی ھێنایەوە و باوەشێکم پێدا کرد و ماچێکم کرد و وتم: پشت بە خودا ببەستە و دەستپێبکە.

دەستی پێکرد و موسڵمانێکی زۆر مولتەزیم و باشی لێدەرچوو الحمد للە، بەھۆی دوورکەوتنەوەشی، من ئاگام لێی نەما و نازانم چی بەسەر ھات.

ڕۆژێکیان چوومەوە پاڵتۆك ھەروا، من بیری ھیچم نەبوو، سادە سادە چوومەوە. گوێم لێبوو کوڕە ئوسترالیەکە قسەی دەکرد و دیسان بابەت ئیسلام بوو. ماوەیەك گوێم گرت و داوای مایکم کرد، کاك (ھ)، کە بێدین بوو: ئادەی مایك بدەن بە پەیڕەو.
پێم وت: مناقشە ئاوا ناکرێت، لەسەر ئەم باسە سیمینارێك دەکەین.
وتی: باشە کەی؟
وتم: ئێستا.

ھەموو دەستیان کرد بە پێکەنین، وتیان: یەعنی ئەوەندە ئامادەیت؟
وتم: بەڵێ.
وتی: من ئامادە نیم، دەبێ بچم سەرچاوە کۆکەمەوە.
وتم: باشە بە دڵی خۆت، کەی؟
وتی: دوو سبەی.. ڕێککەوتین لەسەر دوو سبەی.

پەیوەندییەکم بە مامۆستا ماکوانەوە کرد و وتم: سیمینارێکم ھەیە لەسەر باسی مێژووی عەرەب پێش ئیسلام و دوای ئیسلام، پشتیشم بەم سەرچاوانە بەستووە.
وتی: یەعنی ئەوانەت ھەمووی خوێندووەتەوە؟
وتم: بەڵێ.
بە پێکەنینەوە وتی: دەی سیمینارم ھەبوو پرسێکت پێ دەکەم وەڵڵا کاکە. زۆر پڕچەکیت بڕۆ مەترسە.

لێرەوە پەیوەندیی من و مامۆستا ماکوان دەستی پێکرد. دوو سبەی ھات و لە کاتی خۆیدا چوومەوە پاڵتۆك. وتیان ئەرەوەڵا ھات. پێشکەشکاری سیمینارەکە ھەر ئەو کەسە بو کە کاتی خۆی مامۆستا ماکوان ئیبادەی کردبوو، وتی: کێ سەرەتا قسە دەکات؟
وتم: با ئەو قسە بکات.

مایکی گرت و دەستی پێکرد بە مێژووی عەرەب و پێش و پاش ئیسلام، 25 دەقیقە قسەی کرد و مایك بۆ من ئازادکرا. مایکم گرت و 25 دەقیقە قسەم کرد، ھەرچی ئەو لە سەرچاوە فەیکەکانەوە ھێنابووی ھەموویم ھەڵوەشاندەوە و دەستم بە قسەکانی خۆم کرد و مایکم دانا. زۆربەی بێدینەکان وتیان، وەڵڵا پەیڕەو تەفنیشی کردیت، جوابت چییە؟
وتی: من فریا نەکەوتم سەرچاوەکانم ھەمووی کۆبکەمەوە، سبەی شەو دەیکەینەوە دیسان.
وتم: دوو ڕۆژ مەجالم دایت تا درۆ و ساختەچێتیەکانت کۆبکەیتەوە، کۆیشت کردەوە، بەڵام ھەموویم کرد بە با بۆت.. ھەموو وتیان وەڵڵا پەیڕەو ئێستا کوڕی خۆی دەوێ بچێتە مەیدان بۆی. ئەو بێدینانە خەڵکی زۆر بە ئینسافیشیان تێدابوو.

کەم کەم پاڵتۆك دەورێکی ئەوتۆی نەما پاش کارابوونی تەواوەتیی فەیسبووك، ھاتمە فەیسبووك، سەرەتا بەس تەماشام دەکرد و نەشمدەزانی بۆچی ھاتووم، بەس ئیتر وەكو ئەو خەڵکە منیش ھاتم. بیرم کردەوە و وتم خوا یارمەتیدەرم بووە و چەند زمانێك دەزانم، ئاخر جەماعەتی سوری پێیان دەوتم کوڕە جۆکەرەکە، بیرم کردەوە لە بۆشاییەکەوە دەستپێبکەم کە کەمتر خەڵکی موسڵمان کاری تێدا دەکەن، ئەویش ڕووداوە جیھانییەکانە کە پەیوەندییان بە دۆزی موسڵمانانەوە ھەیە بیگوازمەوە. ھاتم تەماشام کرد کوڕێك بەناوی “ک. ب” لەم ئاستە ئیش دەکات، دڵم پێی خۆش بوو، ئەوەش بووە ھۆی ئەوەی نەشئەیەکی زیاتر بدات بە من و دەستپێبکەم.

لە ماوەیەکی کەمدا خوشکان و برایانێکی زۆر کۆبوونەوە لە ئەکاونتی براتان، بەڵام کێشەیەکی تر ھاتە پێشەوە بۆم، ئەویش ئەوە بوو کە بەھۆی فیکری نوێی منەوە زۆرێك لە برادەرەکانی زانکۆم کەوتنە تانە و تەشەر لێدانم و لێم دوورکەوتنەوە، چونکە ئیتر لەڕووی فیکرییەوە پێکەوە نەدەگونجاین. من فیکرەکەی خۆمم بۆ گرنگتر بوو، دەموت ئەمە منێکی نوێم، کێ منی قبووڵە ھەر ئەوەم، کێیش قبووڵی نییە ھەر ئەوەم و خۆم فریو نادەم.

بەو جۆرەی کە بڕیاری حەقیقیم دا و لەسەری بەردەوام بووم، ئێستاش لەسەری بەردەوامم. خواى گەورە ئیستیقامەی زیاترمان پێ ببەخشێت و بە جوندییەکی ڕێبازی ڕەسوولی ئەکرەم (سەلام و صەلاتی خوای لەسەربێت) حسابی کردبین و بەردەوامیمان لەسەر وشەی حەق پێ ڕەوا ببینێت و نائومێدمان نەکات لە ڕەحم و بەرەکەتی خۆی.

السلام علیکم ورحمة الله وبركاته

#لێنز_ڕونترببینە

ارسالی: مکاری زاده

نمایش بیشتر

سوزی میحراب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا