عبادات

ڕۆژوو لە ئیسلامدا- بەشی دووهەم

زانایان و ڕۆژوو

بەڕاستی ڕۆژوو لە ئیسلاما بە فەزیلەتترین جۆری ڕۆژووە، بە سوودترینە بۆ ڕۆح و دڵ و جەستە و… تاد. بۆیە خوای گەورە فەڕزی کردووە لەسەر موسوڵمانان و لەسەر سەرجەم ئوممەتانی پێشوو.

بزانین زانایان چۆن ئەم بابەتە شی ئەکەنەوە:

۱ـ فەخری ڕازی: ئەم پەرەستشە واجب کراوە لەسەر گشت پێغەمبەران و ئوممەتان لە بابا ئادەم تا سەردەمی ئێوه‌. هیچ ئوممەتێ نەبووە لە ڕابوردووا، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌یکه حەتمەن ڕۆژوویان لەسەر فەڕز بووە و تەنیا لەسەر ئێوه‌ نییە واجب بوونەکەی.

۲ـ محەممەد ڕەشید ڕەزا: لەسەر ئوممەتانی پێشوو پێویست بووە، ڕوکنێکی سەرەکی بووە لە هەموو ئایینەکانا. چونکە لە بەهێزترینی پەرەستنەکانە، باشترین هۆکاری پاکژییە. ڕاگەیاندنی خوای گەورە بۆ ئەم فەڕزە یانی سەرچاوەی ئایین یەکه‌ لە ئوسووڵ و ئامانج‌دا. وە پەسەندە بۆ ئەمری ئەو واجبە.

۳ـ ئیبنووجەوزی: چەن وتەی لە هاوەڵان نەقڵ کردووە بۆ ڕاڤەی ئەم ئایەته‌ (الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ) کە بریتین لە ئەهلی کتێب، یا نەسارا، یا تەواوی گەلانی سەر زەوی.

٤ـ سەیید قوتب: لە ڕاڤەی ئایەی (لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ)دا دەفەرموێ: ئاوا ئامانجی مەزن لە ڕۆژوو دەردەکەوێ که پارێزگارییە! ئەو پارێزگارییەی کە لە دڵا زیندوو دەبێتەوە و بە گوێڕایەڵی بۆ خوا و بە خۆبەخشی بۆ ڕەزامەندی خوا، ئەدای ئەم فەڕزە ئەکا. تەقوا ئەوەیە کە دڵ ئەپارێزێ لەوەی ڕۆژوو بەتاڵ بێتەوە بە گوناه‍ و تاوان. بەردەنگانی (مخاطب) قوڕئان ئەزانن تەقوا چ پلەیێکی هەیە لە لای خوا و چ قورسایێکی هەیە لە تەرازوویدا! ئەمەش ئامانجێکە ڕۆحیان لێی ئاگادار ده‌بێ. ئەم ڕۆژووە ئامێرێکە لە ئامێرەکانی و ڕێگەی پێ گەیێشتنی. جا لەبەر ئەوە سیاقی ئایەکە، ئامانجه‌که‌ لە پێش چاویان بە ئامانجێکی ڕوون کە سەرەنجی بەردەنگەکانیان ڕاکێشێت لە ڕێگەی ڕۆژووەوە دەردەخات (لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ).

۵ـ فەخری ڕازی: دەفەرموێ: لە ئایەی (لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ)دا چەن مەعنایێک ڕۆڵی هەیە بۆ بەدەستهێنانی سیفەتی تەقوا لە لای موسوڵمان بە سەبەب ڕۆژووەکەیەوە. ئەی پارێزێ لەوەی بکەوێتە ناو داوی تاوانەوە، یان ڕۆژوو پارێزه‌ر (محافظ) بۆ پاراستنی مرۆڤ ساز دەکا، بەجۆرێک کە لە تووشبوونی تاوان ئەیبێزێ کە بێ ئەمری خوای گەورە نەکات. جا بەپێی ئەم دوو مانایە ڕۆژوو، تەقوا بەرهەم دێنێ، چونکه نەفس سەرکوت دەکا و هەوای نەفس ڕیشەکەن دەکات.

٦ـ مەحەممەد ڕەشیدڕەزا: مەعنایێکی سێهەم، بریتییە لەوەی ڕۆژوو گێڕەوەیێک دروست ئەکا بۆ جەستەی مرۆڤ کە بیپارێزێ لەو نەخۆشی و مەترسییانەی کە دەست ئەیا تووشی دەروون و تەن ببێت.
یەک لە سوودەکانی ڕۆژوو بریتییە لەوەی؛ مەوادی تانشینی تەن بە تایبەت تەنی خۆشگوزەرانەکانی تێگەیشتوویی کەم ئاکار لا دەبات. لەزمی (رطوبات) خراپ بنبڕ ئەکا، ڕیخۆڵە لە مەوادی سەممی کە قەڵەوی بەرهەم ئەهێنێ، پاک ئەکاتەوە. چەوری ئەتوێنێتەوە کە هەڕەشەیە لەسەر دڵ. پێغەمبەر(د.خ) ئەفەرموێ: ڕۆژوو بگرن تەندروست ئەبن. بڕێ لە دکتۆرانی ئفرینج ئەڵێن: یەک مانگ ڕۆژوو لە ساڵدا، زیادەی مردوو لە جەستەدا ئەسڕێتەوە بۆ ماوەی یەک ساڵ.

ئەوە خوای گەورە فەرموویەتی(لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ) بەیانە بۆ فەڕزبوونی ڕۆژووەکە و سوودەکانی و حیکمەتەکانی. ڕۆژوو، نەفس بەرهەڤ ئەکا بۆ تەقوا بە دووری لە ئارەزووە سروشتییە ڕەواکان. ئاوا بەم جۆرە ئیڕادەی پەروەردە ئەکا لەسەر تەرخی ئارەزووی نەفسانی حەرام. خۆڕاگر بێ، لەمەڕ تاعەت چالاک دەبێ. ڕۆژووگرتن لە ئیسلاما بۆ ئازاردانی نەفس نییە، بەڵکوو بۆ ڕامکردن و ڕاهێنان و پاکژکردنیەتی. ڕۆژوو و پەرەستشەکانی‌ تر فەڕزنەبوون، مەگەر بۆوەی بەرهەڤمان کەن و بەختەوەرمان کەن بە تەقوا، ئەگینا خوای دڵۆڤان بێنیازە لە خۆمان و کردەوەمان! ڕۆژوو تەنیا بۆ بەرژەوەندی مەمانان پێویست کراوە.

۷- د. عەلی عەبدولواحید: لە کتێبی (بحوث فی الاسلام)دا ئەڵێ: پەیوەندی ڕۆژوو بە تەقواوە لە چوار لاوە دیاری ئەدا:

۱- ڕۆژوو وازهێنانە لە گرنگترین ئارەزوواتی نەفس و پێداویستییەکانی بە پێی بەندبوون بۆ فەرمانی خوای گەورە.

۲- ڕۆژوو خۆی دەبینێتەوە لە چەن کاروباری نەرێنیا، جگە له‌ خوا کەس ئاگاداری نییە، بۆیە دەبێ بەس بۆ خوا بێت.

۳- ڕۆژوو چونکه خواردن و ڕابواردن ناهێڵێ، ئەبێتە لاوازکردنی هێزی جەستە و دەسەڵاتی ناهێڵێ بەسەر بەندەیا، مادام وایە ئارەزووبازی کەم ئەکا و ڕۆح پاڵاوتە ئەبێ. جا بەرهەمی ئەم دوانە هۆکاری زۆربوونی تەقوایە و دووری لە تاوانە. چون زۆربەی تاوانەکان لە ڕێگەی تەن و شەهوەتەوە دێن. بۆیە پێغەمبەر(د.خ) ئەفەرموێ: ڕۆژوو قەڵغانە.

۴- ڕۆژوو ئیڕادە و ویست بەهێز ئەکا، بۆیە بەندەکان لە ئاستی داخوازییەکانی نەفسدا کێشدارن. ڕۆژووی ڕەمەزان وەک سێڕۆم وایە بۆ لاشە!

هەروەک چۆن سێڕۆم هێز ئەدا بە لەش و توانای بەرگری ئەداتێ لە ئاست میکڕۆب و ڤایرۆس و… هەروەها ڕۆژووگرتن ئەو هێزە ئەدات بە نەفس، بتوانێ لە ئاست ئارەزوو و هەوای دەروون چەقدار بێ.
هەروەک چۆن لەش ئەبێ هەر جارێ پێویستی بوو، سێڕۆمەکەی بۆ نوێ وەکەی تا هێزی لە دەست نەدات، ڕۆژوو گرتنیش بەهەمان شێوەیە، پێویستە ساڵێ جارێ دوپاتە بێتەوە، تاکوو لەش و دەروون و نەفس بێهێز نەبن و خۆڕاگرییان دانەبەزێت. جا گەر بڕوانین ڕۆژوو ئا لەم سووچەوە ئامڕازێکە بۆ مسۆگەرکردنی تەقوا کە خوای گەورە گرێی داوە پێوەی: (لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ).

سه‌عدی موڕادی
سۆزی میحڕاب

نمایش بیشتر

سعدی مرادی

استان کردستان - بانه مترجم و نویسنده دعوتگر و فعال دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا