ژیاننامەی مامۆستا مەلا مارف قادری

ژیاننامەی مامۆستا مەلا مارف قادری ــ قڕوچاوێ ــ پیرانشار

لە پاش مردنی پێغەمبەر(درودی خوای لە سەر بێت) شوێنکەوتووانی ئەم دینە، ئەم پەیامە پیرۆزەیان هەڵگرت و لە شار و دێهات و ناوچەکانی گۆڕەپانی سەر زەوی بڵاو بوونەوە و دەیانگەیاندە خەڵکان و شوێن کەوتووانی.

یەکێک لەو مامۆستا بەڕێزانەی کە ژیانی پڕە لە سەروەری و گەوهەری، مامۆستا مەلا مارف قادری‌یە کە تەواوی ژیانی لە خزمەت ئایینی پیرۆزی ئیسلام و گەله‌کەی بەڕێ کرد، ئێمە وەک نموونە لە نێو سەدان کەڵەپیاوی زانا و دانای کوردستان، ژیانی ئەو مامۆستا بەڕێزە وەردەگرین.

بەڕێز مامۆستا مەلا مارف لە ساڵی (۱۳۱۱)ی هەتاوی لە ئاوایی گەرگوڵی خوارێ سەر بە ناوچەی لاجان لە ناو بنەماڵەیەکی دیندۆست و نیشتمانپەروەر چاوی بە دونیا هەڵێناوە، مامۆستا هەر لە تەمەنی مناڵییەوە لە لایەن باوکی کە ناوی کاک ئیبڕاهیم بووە، بۆ خوێندنی زانستە ئایینیەکان وەک فەقێیەک دەیبەنە ناو حوجرە و سەرقاڵی خوێندنی پەرتووکە سەرەتاییەکان دەبێت. دوای ئەوە بەڕێزیان وەک سەرجەم مامۆستایانی تری ناوچەکە بۆ درێژەپێدانی خوێندن دەچێتە ئاواییەکانی لاجان و دەورووبەری.

مامۆستا لە کۆتاییدا بۆ وەرگرتنی ئیجازەنامە و تەواوکردنی زانستە ئایینیەکان دەچێتە ئاوایی جەڵدیان و لە خزمەت بەڕێز مامۆستا مەلا حەسەن مودەررسی موتڵەق بڕوانامەی زانستە ئایینیەکان وەردەگرێ و هەر لەوێش داخوازی کچی میرزا ئیبڕاهیم دەکات و ژیانی هاوسەری پێک دێنێ… (جێ ئاماژەیە کە میرزا ئیبڕاهیم وەک مامۆستایەکی بە ئەزموون خەریکی گوتنەوەی وانەی قوڕئان و دین بووە و دەستێکی باڵای لەو بابەتە هەبووە)

مامۆستا مارف لە ساڵی ۱۳۳٤ هەتاوی بۆ خزمەتکردن بە ئایین و نیشتمان دەچێتە ئاوایی قڕوچاوێ نزیک گوندی شێلم جاران.

مامۆستا مەلا مارف لە ژیانیدا کۆمەڵێک ڕەفتار و ڕەوشت و سیفاتی بەرزی تێدا بەر جەستە بووە کە بێگومان بۆتە هۆکاری ئەوە کە خەڵک ڕێزی تایبەتی لێ بگرن. لە گەڵ هەموو ئاستە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگە، کەسێکی سنگ فراوان و زۆر نەرمونیان بووە.
لە بواری ئاشتەوایی و چارەسەرکردنی کێشه‌ کۆمەڵایەتیەکانی خەڵکی دەڤەرەکە، ڕۆڵی کاریگەری هەبووە، ساتەکانی ژیانی ڕۆژانەی به سەردانی کردنی خەڵکی و وتار و ئامۆژگاری بەسەر بردووە و لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی کاتەکانی دی بە خوێندنەوەی کتێبە ئایینیەکان و خوێندنی قوڕئان و دەرس گوتنەوە بەسەر بردووە و ئەدەب و شەرم و شکۆی لە ئاکاریدا بەرجەستە بووە بەرامبەر بە زانایانی ئایینی.

جێی ئاماژەیە کە چەندین لاوی ئاوایی لەگەڵ دوو کوڕی خۆی بە ناوی مەلا نەجمەددین و مەلا شەفیع کردوونی بە فەقێ و لە خزمەت مامۆستا خەریکی خوێندنی دەرسی ئایینی بوون. بەرهەمی ئەو زەحمەتەی مامۆستا ئێستا چوار نەفەر لەو بەڕێزانە مامۆستای ئایینین و خەریکی خزمەت و ڕێنمایی خەڵکن بۆ ڕێبازی دین.

جێ ئاماژەیە دەربارەی شارەزایی لە زانستە ئایینیەکان دەڵێن: بێ وێنە و کەم هاوتا بووە، بەتایبەت لە ئاست زانستی فیقهی مەلەوانێکی بێوێنە و شارەزا بووە و هەمیشە ئامۆژگاری بۆ ئەهلی عیلم ئەوە بووە کە سەر بە خۆ فەتوا نەدەن. ئەوەی کە مامۆستا زۆر جه‌ختی لە سەر دەکرد، یەکێتی و بەیەکەوژیانی ناو کۆمەڵگەی کوردەواری بوو.

بێگومان ئەمە لایەنێکی کەمە لە ژیاننامە و سەرگوزەشتی مەڕحومی مامۆستا مەلا مەعروف، ئەوەی جێگای شانازییە بۆ مامۆستای ڕەحمەتی ئەوە بووە کە جێگەی خۆشەویستی و ڕێز و حورمەتی ناو خەڵکی بووە. مامۆستا بەر لە کۆچی دوایی بە هۆی هاڵۆزی ناوچە بۆ ماوەی ساڵێک لە ئاوایی بەرکەمران وەک وتاربێژ مایەوە و لە کۆتاییدا خەڵکی ئاوایی قڕوچاوێ بە هۆی عەلاقەیەک کە بە مامۆستایان هەبوو، هێنایانەوە ئاوایی قڕوچاوێ تا کۆتایی ژیانی لەوێ نیشتەجێ بوو.

سەرەئەنجام مامۆستای بەڕێز دوای ململانێکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی پەستی خوێن و جەڵتەی دڵ و ئازارێکی زۆر لە بڕواری ٢ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣۶۴ی هەتاوی کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی دایەشێخی نێژرا.

داواکارین لە خوای گەورە پلە و پایەی مامۆستای ڕەحمەتی لە بەهەشتدا بەرز بکاتەوە و بە فیردەوسی به‌رز و به‌رینی شاد بکات.

لە کۆتاییدا سپاسی بەڕێز مامۆستا شەفیع قادری، کوڕی مامۆستای ڕەحمەتی دەکەیین کە هاوکاری کردین بۆ نووسین و ئامادەکردنی ژیاننامەی باوکی بەڕێزیان.

نووسین و ئامادە کردن: عەبدوڵڵا عەلیپوور

خروج از نسخه موبایل