شخصیت ها

ژیاننامەی مامۆستا مەلا ڕەحیم نەڵۆسە

ژیاننامەی مامۆستا مەلا ڕەحیم شەریفپوور ناسراو بە مامۆستا مەلا ڕەحیم نەڵۆسە

مامۆستا مەلا ڕەحیم شەریفپوور لە ساڵی ۱۳۰۸ی هەتاوی لە ئاوایی سیسێری سەر بە شارستانی سه‌رده‌شت لە نێو بنەماڵەیەکی وەرزێڕ لە دایک بووە.
کاتێ تەمەنی گەیشتۆتە حەوت ساڵ، بەپێی ڕەسمی ئەو زەمانه‌، بۆ خوێندن دەینێرنە حوجرەی فەقێیان هەر لە ئاوایی سیسێر.
ئەودەم حوجرەی سیسێر حوجرەیەکی بەناوبانگ بووە؛ لە هەموو ناوچەکانی کوردستان، بۆ فێربوونی عیلم و زانستە شەرعییەکان، فەقێ ڕوویان دەکردە ئەم حوجرە و ئەم ئاواییه‌.

پێویستە ئاماژە بەوەی بکەم کە دەیان مامۆستای گەورە و بە نێو بانگ کە خەڵکی سیسێر بوون، لەم حوجرەیەدا پێگەیشتوون؛ کە دەتوانین لێرەدا ئاماژە بە نێوی دە نەفەر لەو مامۆستایانە بکەین:

۱. مامۆستا مەلا ڕەحمانی ڕەحمانی
۲. مامۆستا مەلا حەسەنی حەزینی
۳. مامۆستا مەلا برایمی سیسێری
۴. مامۆستا مەلا ئەحمەدی گەنمانێ
۵. مامۆستا مەلا کەریمی فیدایی
۶. مامۆستا مەلا خدری سارتکێ
۷. مامۆستا مەلا ڕەحیم شەریفپوور
۸. مامۆستا مەلا حەسەنی نستانێ
۹. مامۆستا مەلا قادری حاجی شێخەی
۱۰. مامۆستا مەلا عەوڵای حەییاکی

مامۆستا مەلا ڕەحیم شەریفپوور لە حوجرەی سیسێر دەورەی سەرەتایی خوێندن دەست پێ دەکا و دوایی بۆ درێژەدانی خوێندن خۆی گەیاندۆتە هەموو ئەو شوێنانەی کە مامۆستای باش و زانای لێ بووە و لە حوجرەکەیدا بەهرەی پێویستی وەرگرتووه‌.

ئەو گوندانە کە مامۆستا مەلا ڕەحیم شەریفپوور لە وێ دەرسی خوێندووە ئەوانەی خوارەوەن:
ـ گوندی هەنداوێ لە ناوچەی سه‌رده‌شت
ـ گوندی نجنێ لە ناوچەی بانە
ـ گوندی نەمەشیر لە ناوچەی بانە
ـ گوندی تورجان لە ناوچە سەقز
ـ گوندی بیارە لە کوردستانی ئێڕاق
ـ گوندی سەرا لە ناوچەی بۆکان

مامۆستا مەلا ڕەحیم شەریفپوور سەرەنجام لە ئاوایی سەرا لە خزمەت مامۆستای پایەبەرز، مەلا هادی سەرا لە ساڵی ۱۳۳۵ی هەتاوی ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێ و لە گوندی نەڵۆسی سەر بە شارستانی سەردەشت دەبێت بە مامۆستا و پێشنوێژیی ئاوایی و لە وێ خەریکی ئەنجامدانی ئەرکەکانی ئایینی دەبێ.
دیارە مامۆستا مەلا ڕەحیم وێڕای ئەنجامدانی ئەرکەکانی ئایینی، حوجرەیەکی پڕبەهرەش لە ئاوایی نەڵۆسە پێک دێنێ کە فەقێیەکی زۆر لە شوێنە جۆراجۆرەکان دێن بۆ حوجرەی مامۆستا تا لە حوجرەی نەڵۆسە، فێری عیلم و زانستی شەرعی و ئایینی بن. مامۆستا مەلا ڕەحیم هەر لە زەمانی لاوەتی و مێرمنداڵی هەست بە بەشخوراوی و مەینەت و ڕەنج و ئازاری گەلەکەی دەکات و بە هەموو توانای خۆی بۆ لابردنی تەمی خەم و پەژارە لەسەر گەلەکەی حەول دەدا و لەم ڕێیەشدا تووشی گەلێ چەرمەسەری و زیندان و تەنانەت دەربەدەریش دەبێت.
بۆ نموونە لەساڵی۱۳۴۸ی هەتاوی دەکەوێتە زیندان و بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە گرتووخانەی ورمێ (ڕەزاییە) دەمێنێتەوە!

مامۆستا مەلا ڕەحیم دوای ئازادبوونی لە زیندانیش دەست لە خەبات و تێکۆشان هەڵناگرێ؛ بۆیە کاتێک کە خەباتی گەلانی ئێران دژی ڕژێمی پاسایەتی پەهلەوی دەست پێ دەکا، ئەویش وێڕای خەڵکی لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەکان و خۆپیشاندانەکاندا بەشداری دەکا.
دوای سەڕکەوتنی شۆرشیش بۆ ماوەی چەند ساڵ لە مەیدانی خەبات و شۆرشدا بەشداری چالاکانەی دەبێ و دوایی بە پێی ڕێنوێنی چەند کەس لە دۆستانی، دادەنیشێ و لە ئاوایی یندەقوڵ، سەربە شاری مەهاباد دەبێتە مەلا و چەند ساڵ دواتریش ئەوێ بەجێ دێڵێ و دەچێت بۆ ئاوایی خوڕخوڕەی بۆکان و لە وێ دەبێتە مەلا و پێشنوێژ.
دوای چەند ساڵ مەلایەتی ماڵی دەگوێزێتەوە بۆ شاری مەهاباد و تا کاتی مردن و کۆچی دوایی لەم شارە دەمێنێتەوە.

بە پێویستی دەزانم لێرەدا ئاماژە بە چەند تایبەتمەندی خوالێخوشبوو مامۆستا مەلا ڕەحیم شەریفپوور بکەم:

یەکەم) مامۆستا مەلا ڕەحیم پیاوێکی خۆش مەشڕەف، خوێنشیرین، ڕەزاسووک و خۆبەکەمگر بوو، ئەو زۆری حوڕمەت بۆ خەڵکی، بێ جیاوازی لە بەینی فەقیر و ده‌وڵەمەند و گەورە و پیر و ژن و پیاو دادەنا بە گیان و بە دڵ هەموو خەڵکی خۆش دەویست و هەر ئەو تایبەتمەندیانەش ببوونە هۆی ئەوەی خەڵکیش ئەویان خۆش بوێت.
مامۆستا مەلا ڕەحیم زۆر بە ڕوحم و خزمدۆست بوو؛ هەمیشە سه‌ری خزمانی دەدا و سیلەی ڕەحمی بەجێ دەهێنا.

دووهەم) مامۆستا مەلا ڕەحیم پیاوێکی نیشتمانپەروەر و کورددۆست بوو؛ بە گیان و بەدڵ باوەڕی بە مافی نەتەوایەتی هەبوو و هەروەکو لە پێشتردا ئاماژەمان پێ کرد، لەم ڕێیەدا تووشی زیندان و گەلێک چەرمەسەری بوو.

سێیەم) مامۆستا مەلا ڕەحیم وەک کەیخودا و پیاوماقوڵێکی گەورە بۆ چارەسەرکردنی هەموو گیر و گرفتەکانی میللەتەکەی خۆی بەشداری دەکرد و بەشێکی زۆر لە ناکۆکییەکانی نێوان خەڵکی هەر بەکەیخودایەتی و ڕاوێژ و تەگبیری خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا ڕەحیم چارەسەر دەبوون و زۆری لە ئاوری فیتنەکان بەدەستی پڕ لە حیکمەتی وی دەکوژانەوە.

چوارەم) مامۆستا مەلا ڕەحیم لە نێو خەڵکدا بە پیاوێکی سەخی و نانخۆش و دەست ئاوەڵە و زانا به‌نێوبانگ بوو، هەر بۆیە دەبینین مامۆستا کەریم فیدایی شاعیر لەبارەی ئەودا ئاوا دەڵێ:

مەلای حوتەمین نێوی ڕەحیمە
وەکوو حاتەم وەهایە لەو هەرێمە
لە شت زانیندا دەستی بڵندە
لەبەر چاوی هەموو خەڵکی پەسندە

یادی بە خێر و قەبری پر بێت لە نوور

سۆزی میحڕاب

از طريق
کحکد فدایی
منبع
https://sozimihrab.org/
نمایش بیشتر

فدایی

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا