شعر

کـڕۆنای ژین!

ئەحمە عەبباسی

نەخۆشیەکان جۆراوجۆرن .. زۆر و بۆرن .. تاڵ و سوێرن .. ڕەگی ژیان ئەهێننە‌دەر .. شیرازەی ژین تێک‌ئەدەن و مڕۆ ئەکەن پڕ دەردی سەر .. مرۆی ڕەش و زەرد و سوور .. نزیک و دوور .. ئازا و زیرەک و ژیر .. یان هیچ‌لێنەهاتوی بێ‌تەگبیر .. میر و گزیر .. جەوان و پیر .. خوا پەرەست و دەست بە دەست‌نوێژ .. یان ڕێگرتوی بەرەو هەڵدێر و لێژ .. لە هەر ڕەنگ و لە هەر گەلێ .. دێتە ڕێی و هەرگیز ناتوانێ لێی هەڵێ …

ئەم جۆرە نەخۆشی و ئێشە .. کە دەرد و ڕێشە .. بۆ بەدەن و پێست و پێشە .. جاری وایە .. درم و پەتای “کڕۆنا”یە .. ڕەوڕەوەی ژین لە کار ئەخا .. مرۆڤەکان بێ‌کار ئەکا .. دەرگای ماڵ و تەنانەت مزگەوتەکانیش دائەخا .. هەموان ئەکا دەستەوئەژنۆ .. کلیل ئەدا لە دەرکەی دام‌ودەزگا، قوتابخانە و زانکۆ .. زلهێزە پیاوخۆرەکانیش نەیان ماوە هیچ هێز و بۆ .. لە هەمبەریا دۆشداماون .. زۆر تاساون .. خل و خاون .. ئەستۆندکی تاوڵی هیوایان کەوتۆتە خوار .. هیچیان نەما جگە لە خۆ زیندانی کردن لە چوار دیوار .. جگە هانا و هاوار .. بۆ لای خودای دەسەڵاتدار .. فریایان نەکەوت دار و نەدار .. ساز و بەرگ و سەربازانی بێ شومار …

بەڵام ئەوەی ترسناکە .. زۆرتر جێی داخ و سامناکە .. کە زۆرینەیش لێی بێ‌باکە .. پەتای هزر و زەین و بیرە .. کە زۆرینە تێیدا گیرە .. پەتای دووری لە دینی خوا .. کە ئەم گەردوونەی بۆ مە ڕانا .. تاکوو خێرا .. بە پێی توانا .. زۆر ئاسان و سووک و سانا .. کڕنۆش بەرین بۆ خوای دلۆڤان و دڵاوا …
پەتای سامان و زۆری و بۆری .. هەوڵ نەدەی ژینی هەژارێ بگۆڕی .. هەر چی باشە هەر بۆ خۆت بێ .. بۆ کەس و کار و نەوەت بێ .. قڕی و پڕی نەتهەژێنێ .. ناخ و مێشکت نەتەزێنێ .. هەزاران درم و پەتای‌تر .. کە گەورەیی مرۆی کردوە بن‌بڕ .. بوین کاس و وڕ .. لە هەمبەر یەک بێ بەزەیی و زۆر سارد و سڕ .. بێ تین و گڕ .. هەودای ژیان لێک ترازا و شیتاڵ و شڕ …

قەرنتینە بۆ هەڵگرانی ئەو جۆرە درم و پەتایە .. کاڵایێکی پڕ باڵایە .. تاکوو ژینگە پیس نەکەن و نەبێ زایە .. کە ڕەوشتی پاک باری کرد .. مرۆیش ئەمرێ دەست‌وبرد .. ژینی گەلان هەر وایە .. لە ڕەوشتی بەرزایە .. هەر ئاوەهایش ڕووسووری لای خەڵک و خوایە .. لێرە و لە ڕۆژی دوایە .. با هەموومان لە زەریای ژین .. لەو کەشتیەی کە سواری بوین .. خەمخۆر و دڵسۆزی یەک بین .. ئەوی ویستی کەشتی کون کا ڕێی لێ‌بگرین .. گەر وانەکەین و بێ‌خم بین .. کەس ناتوانێ خۆی ڕزگار کا و هەر هەموومان نوقوم ئەبین .. با پێش چارەی دەردی بەدەن .. هەموان بۆ بەرزی ڕۆح و ڕەوشت هەوڵ بدەن .. هەلی ئێرە لە دەست نەدەن .. کە هەل نەما و ڕۆیی بە غار .. دائەنیشین زار و نزار .. برا و خوشکی هێژا و ڕێزدار ! …

ئەحمە عەبباسی ـــ بانە ـ ۹ خاکەلێوەی ۲۷۲۰

نمایش بیشتر

ئەحمەد عەبباسی

استان کردستان - بانه نویستده - مترجم - فعال دینی و اجتماعی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا