قرآن

گەورەیی و فەزیلەتی قورئان

یونس سلیمان زاده:
????باسێک لەسەر قورئان و گەورەیی و فەزیلەتی :

????قورئان چیە ؟
قورئان کەلامی خودای گەورەیە کە بە وەسیلەی جوبرەئیلی ئەمین هاتۆتە خوارێ بۆ پێغەمبەری ئاخر زەمان حەزرەتی موحەممەد(د.خ) کە بە (تواتر) بە دەستی ئێمە گەیشتوە .
خوێندن و (تلاوت) ەکەی بەسورەی فاتیحا دەست پێدەکا و بەسورەتی (ناس)یش کۆتایی پێدێ . [علوم القرآن / محمدعلی صابونی]

قورئان فەرمودەی خوایە
ڕاست و بە جێ و رەوایە
٭٭٭ ٭٭٭ ٭٭٭ ٭٭٭
نامەی خوایە بۆ ئینسان
بەتایبەتی موسڵمان

???? بۆ چی خودای گەورە قورئانی دابەزاندۆتە خوارێ؟

خودای گەورە کە دروستکەری ئینسانە بە فەزڵ و رەحمەی خۆی هەر ئاوا رەهای نەکردوە،بەڵکو بۆ ئەوەی تووشی سەرگەردانی و بەدبەختی نەبێ و بەرەو خۆشبەختی و سەعادەت هەنگاو هەڵێنیتەوە ، بەرنامەی ژیانی(قورئانی پیرۆز)بۆ ناردۆتە خوارێ ، تا بە پێی ئەو بەرنامەیە ژیان و گوزەرانی خۆی ڕێک خا و عەبدێکی باش بێ بۆ خۆڵقێنەرەکەی و هاونەوعێکی باشیش بێ بۆ دەوربەری .

قورئان بەرنامەی ژینە
بۆ خەڵکی سەر زمینە
٭٭٭ ٭٭٭ ٭٭٭ ٭٭٭
گیان و دڵمان تێر دەکا
خواناسیمان فێر دەکا

????فەزیلەت و گەورەیی قورئان

خودای گەورە کەلامە موبارەک و پیرۆزەکەی خۆی بە نوور ناوزەد کردوە وەک دەفەرموێ :

“یَا أَیُّهَا النَّاسُ قَدْ جَاءکُم بُرْهَانٌ مِّن رَّبِّکُمْ وَأَنزَلْنَا إِلَیْکُمْ نُوراً مُّبِیناً ‏” [نساء/۱۷۴]
“ئەی خەڵکینە بەڕاستی لەلایەن پەروەردگارتانەوە بەڵگەو نیشانەی ئاشکراتان بۆ هاتۆوە و نوور و ڕوناکیەکی ئاشکراشمان بۆ دابەزاندوون”

???? بۆ خودای گەورە قورئانی بە نوور لەقەڵەم داوە؟

یەکێک لە تایبەتمەندێکانی نوور ئەوەیە کە زوڵمەت و تارێکی ڕاو دەنێ و لەناوی دەبا .
ئەگەر کەسێک بیهەوێ لەشەوێکی تاریکدا هەنگاو بنێ و حەرەکەت بکا ، بۆ ئەوەی تووشی قوڵک و چاڵ نەیە و سەری لێنەشێوێ بەهرە لە نوور و ڕوناکی دەبا و کەڵکی لێ وەردەگرێ و ئەگەر ڕووناکی بەکار نەهێنێ ئەوە ئەگەری کەوتنە ناو چاڵ و تووشبوون بە زەرەری هەیە.

بێگومان ئینسانیش لەژیانی تاکی و کۆمەڵایەتی خۆیدا تاریکایی و زوڵمەتی زۆر لەپێشە.
وەک تاریکایی بێ باوەڕی و زوڵم و نەزانین و خورافات و بێ ئەخڵاقی و سەدان ڵێڵی و تاریکایی و زوڵمەتی دی

بو ڕزگاربوون لەو هەمۆە تاریکیانە ئینسان دەبێ خۆی بە نووری قورئان تۆکمەو پشت ئەستوورکا تا لەچاڵی بێ باوەری و زۆڵم و نەزانین و خورافات و …نەکەوی و بەسڵامەت لێیان قوتار بێ .
ئەوە قورئانە رێگای ڕاستی لە کۆرە ڕێ و حەڵالی لە حەرام و چاکەی لەخراپە و پاکی لە پیس و … هەڵاواردوە .

جائەوەی بەنووری قورئان حەرەکەت کاو هەنگاو بنێ بێگومان توشی کۆرەڕێ و حەرام و خراپەکاری و ناپاکی نایە.

????قورئان شیفا بەخشە :

خودای تاقانە لە تاریفی قورئاندا دەفەرمۆی :

“یَا أَیُّهَا النَّاسُ قَدْ جَاءتْکُم مَّوْعِظَهٌ مِّن رَّبِّکُمْ وَشِفَاء لِّمَا فِی الصُّدُورِ” [یونس/۵۷]
” ئەی خەڵکینە ئامۆژگاریەکی گەورەو گرانتان لەلایەن پەروەردگارتانەوە بۆ هاتوە (کە قورئانە) و شیفا و چارەسەریشە بۆ نەخۆشی دڵ و دەروونەکان … “

هەروەک چۆن جەستەی ئینسان تووشی نەخۆشی دێ و کۆمەڵێک (ویروس و میکروب) ی خراپ و نەخۆش خەر ڕووی تێدەکەن و بیماری دەکەن و پێویست دەکا بۆ چارەسەری لەشی بیماری ، برواتە نەخۆشخانە و کن دکتۆر و پزشک ، بەو شێوەیەش دڵ و دەروون و رووحی ئینسانیش تووشی نەخۆشی دێ و (ویروس )ی بێ باوەری و نەخۆشی فکری و رەوانی و (شبهات و شهوات) تەنگی پێ هەڵدەچنێ و ڕوو لە قەڵب و دڵ و دەروونی دەکا و لەکاری دەخا !!!

جا ئەو قورئانەش خودا ناردوویەتی تا ئینسان بچێتە خزمەتی و ئەگەر نەخۆشی و ناتواویەکی هەبوو لەو بوارانەدا خۆی چارەسەر کاو شیفای دڵی بیماری پێ وەدەست خا.

قورئان پزشکی دەردە
دەرمانی ئاهی سەردە
٭٭٭ ٭٭٭ ٭٭٭ ٭٭٭
زاخاوی مێشک و هۆشە
بێ ئەو خۆشیش ناخۆشە

یان شاعیرێکی دی دەڵێ :

قورئان فامە ، حیکمەتە
شیفای دڵە ، رەحمەتە

???? قورئان کەلامی خودای گەورەیە :

گەورەیی قورئان لەوەدایە کە هەموو پیت و وشەو و ڕستەکانی ئی خودای بێ وێنەو تاقانەیە .

فەرق و جیاوازی کەلامی خودا (قورئان) لەگەڵ باقی کەلامەکانی دی وەکو جیاوازی و گەورەیی خودا وایە بەسەر مەخلوقاتی دا ، بۆیە خوێندن و (تلاوت) ی قورئان ، باشترین کەلام و قسەیە کە زمان بۆی وەحەرەکەت و جووڵە دەکەوێ .

هەڵگرو و دۆست و قوتابی قورئان هەمیشە سەرکەوتو و سەرفەرازو و شادمانە .

هەڵگری ئەو قورئانە
دەروونی ئاوەدانە
٭٭٭ ٭٭٭ ٭٭٭
با هاودەمی قورئان بین
ئازاد و شادمان بین

ئەو کەسەش پشت هەڵدەکا لە بەرنامەی ژیانی ئێنسان ( قورئان) و دورە پەرێز دەبێ لێی ، بێگومان توشی قەلەقی و نارەحەتی و دڵەراوکێ دەبێ و پاشەرۆژێکی خراپیشی لە پێشدا دایە .

تا دور بین لەو قورئانە
بەشمان هەر ئێش و ژانە
٭٭٭ ٭٭٭ ٭٭٭ ٭٭٭ ٭٭٭
لەکامەرانی دورین
بەرەو ڕووی ئاگری سورین

هەروەها پشت کردن لە قورئانی پیرۆز
ئینسان تووشی گلەیی و شکایەتی پێغەمبەر(د.خ) دەکا لە ڕۆژی دواییدا

وەک پەروەردگار دەفەرموێ :

“وَقَالَ الرَّسُولُ یَا رَبِّ إِنَّ قَوْمِی اتَّخَذُوا هَذَا الْقُرْآنَ مَهْجُوراً ‏” [فرقان/۳۰]

“پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێ : پەروەردگارا بەڕاستی قەومەکەم وازیان لەو قورئانە هێناو پشت گۆیان خستوە و گرنگی پێ نادەن .”

???? پشت گوێ خستنی قورئان :

پشت گوێ خستی قورئان یانی بەرێوە نەبردنی بەرنامە و حوکم و دەستوراتی و ئەنجام نەدان و فارمان نەبردنی خودا و رەسولەکەی (د.خ) .

خودای گەورە لەو قورئانه دا ئەمر بە بەندەکانی دەکا بە ئەنجام دانی عیبادەت و خودا پەرەستی و بەرێوە بردنی حوکم و یاسا و دەستوراتی و وەشوێن کەوتن و گۆرایەڵی پێغەمبەرەکەی .

وەک دەفەرموێ :

“وَأَطِیعُواْ اللّهَ وَالرَّسُولَ لَعَلَّکُمْ تُرْحَمُونَ ‏”[ آل عمران/ ۱۳۲]

” گوێرایەڵ و فەرمانبەرداری خوا و پێغەمبەرەکەی بن بۆ ئەوەی رەحمتان پێ بکرێ “

????فەرموشێتی :

“وَمَا آتَاکُمُ الرَّسُولُ فَخُذُوهُ وَمَا نَهَاکُمْ عَنْهُ فَانتَهُوا وَاتَّقُوا اللَّهَ إِنَّ اللَّهَ شَدِیدُ الْعِقَابِ ‏” [حشر/۷]

“جا ئەوەی پێغەمبەر (صلی الله علیه و سلم ) پێی بەخشیوون وەری بگرن ، هەر فەرمانێکی پیدان بە گوێی بکەن ، قەدەغەی هەر شتێکی لێ کردن مەیکەن ، لەخوداش بترسن چونکە بەڕاستی خوا بەتوندی تۆڵە دەستێنێ “

جا ئەگەر ئینسان حوکمەکانی قورئان بەرێوە نەبا و عیبادەت و خودا پەرەستیەکانی وەک پێویست بە جێ نەگەیەنێ و سوننەت و فەرمایشتەکانی پێغەمبەرەکەی واز لێ بێنێ و لە خەت و فەرمانی دەرچێ ، ئەوە پشتی کردۆتە قورئان و ئەو شکایەتە دەیگرێتەوە و تووشی چارەڕەشی دێ .

????چارە سەر :

چارەسەر بۆ رزگار بوون لە گلەیی و شکایەتی رەسوڵی خۆشەویست (د خ) ئەوەیە بگەرێنەوە خزمەت قورئان و بەرنامەی ژیانمان ، وە بە فێر بوون و فێرکردن و گوێ گرتن و عەمەل پێکردنی ، پەروەردگار لە خۆمان رازی کەین و لە شافاعەتی کەلامەکەشی بەهرەمەند بین .

چونکە باشترین کەس ئەو کەسەیە کە کەلامی خودا فێر دەبێ و فێری خەڵکانی دی دە کا ، ئەو کات بە فەرمایشتی رەسوڵی ئەکرەم (د.خ) قورئانیش شەفاعەت دەکا بۆ دۆستان و یارانی خۆی لە رۆژی قیامەت .

وەک خۆشەویست دەفەرموێ :

” خَیْرُکُمْ مَنْ تَعَلَّمَ الْقُرْآنَ وَعَلَّمَهُ “. [البخاری ( ۵۰۲۷, ۵۰۲۸ )]
“باشترینتان ئەو کەسەیە کە قورئان فێر دەبێ و فێری خەڵکی دەکا”

(ابو ٳمامە باهلی )یش دەڵێ : لە پێغەمبەرم (د.خ) بیست کە دەیفەرموو : قورئان بخوێنن ، چونکە قورئان لەڕۆژی دوایی دا شەفاعەت بۆ یارانی دەکا .

لە خودای گەورەو بێ هاوتا داواکارم کە لە رێزی دۆستان و یارانی قورئانمان بگێرێ و لە شەفاعەتی ئەو کتێبە پڕ خێر و بەرەکەتەش بێ بەشمان نەکا.

اللهم آمین

✍ یونس سلیمان زادە / قەڵاجۆغە

سەرچاوەکان:
۱- تەفسیری ئاسان
۲- علوم القرآن /صابونی
۳- شناخت اسلام
۴- سرود بۆ مناڵان
۵-گوڵی سەربەستی

از طريق
یونس سلیمان زاده
منبع
sozimihrab
نمایش بیشتر

یونس سلیمان زاده

استان آذربایجان غربی- بوکان نویسنده و مترجم فعال و دعوتگر دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا