اندیشهعقایدکوردی

یاسای خوا سەبارەت بە زوڵم و زاڵمان

ڕەوش و یاسای خوا سەبارەت بە زوڵم و زاڵمان چۆنه‌؟

ئەم هەموو زاڵمە هەن، بۆچی خوای گەورە وەک قاڕوون نغرۆیان ناکات؟

وه‌ڵام

سەرەتا زوڵم بە چی دەڵێن؟ زوڵم بریتییە لە دانانی هەرشتێ لە غەیری جێی خۆی. یان تێپەڕبوون لە حەدد و سنوور! زوڵم دژی دادە (عەدڵ)، واتە بڕیاری ڕاست و دروست، یەکسانی لە پاداشت دانەوەیا. حەرام بوونی زوڵم لە هه‌موو شتێکا، تەنانەت بۆ گشت مرۆڤێکیش قەدەغەیە.

ئایاتی قوڕئان و فەرموودە شیرینەکانی پێغەمبەری ڕەحمەت(د.خ) ڕاشکاوانە ڕایان گەیاندووە کە هیچ کەس مافی ئەوەی نییە زوڵم بکات، جا لەژێر هەر ناو و بەرچەسبێک دابێ. وەک ئەم ئایەتانە: «وَاللّهُ لاَ يُحِبُّ الظَّالِمِينَ». «وَمَن لَّمْ يَحْكُم بِمَا أنزَلَ اللّهُ فَأُوْلَئِكَ هُمُ الظَّالِمُونَ». «إِنَّ اللّهَ لاَ يَهْدِي الْقَوْمَ الظَّالِمِينَ». «أَلا لَّعْنَةُ اللّهِ عَلَي الظَّالِمِينَ». «رَبَّنَا لاَ تَجْعَلْنَا مَعَ الْقَوْمِ الظَّالِمِينَ». «إِنَّ الظَّالِمِينَ لَهُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ» و…

ئەم فەرموودەیە حەرام بوونی زوڵم تا قامی قیامەت ڕادەگەیێنێت: «عَنْ أَبِي ذَرٍّ، عَنِ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ، فِيمَا رَوَى عَنِ اللَّهِ تَبَارَكَ وَتَعَالَى، أَنَّهُ قَالَ: يَا عِبَادِي، إِنِّي حَرَّمْتُ الظُّلْمَ عَلَى نَفْسِي وَجَعَلْتُهُ بَيْنَكُمْ مُحَرَّمًا، فَلَا تَظَالَمُوا».

ئایا زاڵم دەتوانێ تۆبە بکات و پاک وەبێ؟

دیارە زوڵم کردن تاوانە، زاڵم گەر نەگەڕێتەوە و تۆبە نەکا، لە هەردوو دنیا خوای گەورە تۆڵەی لێ دەستێنێت. ئەگەر تۆبەی کرد، بەس مافی خوای لەسەر لادەچێ و مافی خەڵکی وەک کوشتنی ناحەق، ئازار و لێدان و بەندکردن و داگیرکاری و… گشتی بەسەریەوە دەمێنێ و چاوپۆشی لێ ناکرێ! به‌ڵکوو ته‌نیا بەیەک جۆر چاوپۆشی لێ دەکرێ که ئەویش ئەوەیە تەواوی ئەو ناحەقی و تاوانانەی کردوویەتی، بیانگەڕێنێتەوە دەست خاوەنەکانی، بگرە تاوانی کوشتن، قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌شی بۆ نییە! کەواتە چارەڕەشی دنیا و قیامەت دەبێ.

تۆڵەی زاڵمان لە دنیادا

بەپێی سوننەتی خوای بەزەبر، تۆڵەی مەزڵوومان لە زاڵمان لە دنیادا دەستێنێت، بێجگە لەوەی که لە قیامەت عەزابی توند چاوەڕێیەتی. پێغەمبەر(د.خ) دەفەرموێت: خوای گەورە هیچ تاوانێک له‌ دونیادا بە تۆڵەی سەخت ناستێنێت بە ڕادەی تاوانی زوڵم و پچڕانی سیلەی ڕەحم! لەگەڵ ئەوەشا لە قیامەتدا هەڵیان ئەکزێنێ. (ئه‌بوو داوود گێڕاویه‌تییه‌وه‌)

هەروەها نزای مەغدوور لای خوای دڵۆڤان گیرایە، پێغەمبەری ڕەحمەت کاتێ مەعازی نارد بۆ یەمەن فەرمووی: خۆت لە ئاهووناڵەی مەزڵووم بپارێزە با دوعات لێ نەکات، چونکە پەردەیێک لە نێوان داواکەی و خوای مه‌زندا نییە! بۆیە لە خوا دەپاڕێتەوە بۆ ئەوەی لەم دنیا بە مەرامی دڵی خۆی بگات و تۆڵەی بۆ بستێنێ لە ملهوڕان و زاڵمان.

زاڵمان

وتمان زاڵمان لەم دنیا بە زۆری تۆڵەیان لێ دەستێنرێتەوە، هه‌ڵبه‌ت نەک ئەوەی تۆڵەکەی حەتمی بێت؛ چونکه سوننەتی خوای گەورە وایە هەل دەرەخسێنێ بۆ زاڵم بەبێ خافڵبوون لێی! جاری وایە حیکمەت هەیە لەوەی تۆڵەی لێناستێنێ وەک:

ـ جڵەوشۆڕکردن بۆی
ـ یا مەزڵوومەکە خۆی زوڵمی کردووە لە کەسانی‌ تر
ـ یا لە بەرژەوەندی ئەو زاڵمەیە کە لە داهاتوودا تۆبە بکات و… واش دەتوانین بڵێین کە شایانییەتی لەم دونیا تۆڵەی خۆی وەرگرێ.

لە تۆڵەی زاڵم ئەوەیە که لەخۆی زاڵمتر، زاڵ بێ بەسەریا! یانی گەر خەڵکی لەناو خۆیانا زوڵم لە یەکتر بکەن، لە تۆڵەی ئەم زوڵمەیا، کاربەدەستێکی زاڵم بەسەریانه‌وه‌ زاڵ ده‌بێت. وەک قوڕئان دەفەرموێت: «وَكَذَلِكَ نُوَلِّي بَعْضَ الظَّالِمِينَ بَعْضاً بِمَا كَانُواْ يَكْسِبُونَ». مانای ئەم ئایەتە گشتییە، یانی کەسێ زوڵم کات لە خۆی، یا زوڵم کات لە بەردەستانی، یا تاجر و مەعامەلەچی بێ و زوڵم کات و… هەموویان دەگرێتەوە، وەک دەفەرموێت: چۆن بن ئاوا حوکم دەکرێ بەسەرتانا.

زاڵمەکان هەرگیز ڕزگاریان نابێ، ئەمە سوننەتی خوایە. زاڵمەکان سەربەرز نابن و دۆڕاوی دنیا و قیامەتن. وەک دەفەرموێت: «إِنَّهُ لاَ يُفْلِحُ الظَّالِمُونَ» ئەمە هەڕەشەیە و تۆڵەساندنە.

تیاچوونی ئوممەتان بە هۆکاری زاڵم بوونیان!! سوننەتی خوا یانی ئەوەی دواکەوتنی نییە، حەتمەن جێبەجێ دەبێ. وەک دەفەرموێت: «وَلَقَدْ أَهْلَكْنَا الْقُرُونَ مِن قَبْلِكُمْ لَمَّا ظَلَمُواْ…» وشەی (لما) بۆ زەرفە، دەلیلە لەسەر ڕوودانی کارێ بە هۆکارێک. ئەم زووڵمە دوو جۆرە:
۱ـ زوڵمی تاک لە تاک بە فسق و فجوور و شەیتانی و…
۲ـ زوڵمی کاربەدەستان له‌ ژێرده‌ستان، بەجۆرێ مافیان پێشڵ دەکەن و… ئەم زوڵمە که‌ زاڵمان بۆیان لواوە، کات و ساتێکی بۆ تۆڵە هەیە. هەر کاتێ وەختی هات، خوای گەورە لە بەینیان دەبات. وەک ده‌فەرموێت: «وَلِكُلِّ أُمَّةٍ أَجَلٌ فَإِذَا جَاء أَجَلُهُمْ لاَ يَسْتَأْخِرُونَ سَاعَةً وَلاَ يَسْتَقْدِمُونَ».

دەوڵەتی کوفرمەدار دەمێنێتەوە، بەس کاتێ زوڵمی کرد نامێنێتەوە. ڕێ دەکەوێ دەوڵەتێ قانوونی کوفری هه‌بێ، بەڵام دادگەر بێ، یانی کاربەدەستانی مافی کەس پێشل نه‌کەن و مافی خەڵکی بدەن و خەڵکەکەش زاڵم نه‌بن لەنێو خۆیانا. وتراوە حکوومه‌ت لەگەڵ عەداڵەت و کوفرا دەوامی هەیە، بەس لەگەڵ زوڵم نامێنیته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئیسلامیش بێت، چونکه دنیا لەسەر عەدڵ‌ دانراوە.

هەڵاواردنی یاسا

بەشێک لە زوڵم ئەوەسە، یاسا بۆ گشت ئەندامانی ئەو وڵات و دەسەڵاتە یەکسان نەبێ! واتە خەڵکە ڕەشووڕووتەکە یاسایان بەسەردا بسەپێ و بەرپرسان له‌ سووده‌کانی بەشدار بن! جێبەجێکردنی یاسا بۆ گشت خەڵکی بەبێ جیاوازی، ئارامی بە گشت مرۆڤەکان دەبەخشێ. دڵنیایی دەدات بەو بێدەسەڵاتەی کە مافی زەوت نەکرێ لە لایەن ملهوڕەکانەوە. گەر ئەم هەڵاواردنە کرا، پایەکانی ئەو دەسەڵاتە بەرەو ڕووخان دەڕوا. چونکە خەڵک پاڵپشتی ناکەن، ئەمە ئەو تێزە سەرەکییەیە کە پێغەمبەری ڕەحمەت(د.خ) لێی ئاگادار کردووینەوە. ئافرەتێکی مەخزوومی، دزی کردبوو! قوڕەیشییەکان ئه‌وه‌یان زۆر بەلایانەوە قورس بوو و بۆ ئەوەی حەددی بەسەرا نەسەپێ، وتیان کێ دەتوانێ ئەم داخوازییە بە خۆشەویست بگەیێنێ؟ وتیان ئوسامەی کوڕی زەید دڵبەندی پێغەمبەرە(د.خ)! کەس له‌و گونجاوتر نییە. ئوسامه‌ بە تێڕادیوی چووە خزمەتی و مژارەکەی باس کرد! ڕەنگی پێغەمبەری خوا(د.خ) سووڕ هەڵگەڕا و فەرمووی: «اتشفع فی حد من حدود الله»؟! ئوسامە وتی: «استغفر لی یارسول الله». کاتێ ئێوارە داهات پێغەمبەری خوا(د.خ) چووە سەر دوانگە و لێدوانی کرد، فەرمووی: گەلانی پێش ئێوە بۆیە تەفروتوونا بوون، لەبەر ئەوەی کاتێ بەڕێز و بەرپرس و دەسەڵاتدارێکیان دزی بکردایێ، کاریان پێی نەبوو! بەڵام کاتێ بێدەسەڵاتێک دزی بکردایێ، حەدیان لێ دەرده‌کرد! بە دڵنیاییەوە سوێند بەو زاتەی گیانی منی بەدەستە، ئەگەر فاتمەی کچی موحەممەد دزی بکات، دەستی دەبڕم! دوایی دەستووری دا دەستی ئەو ئافرەتەیان بڕی. ئێستا ئەم سنوورانە پێشڵ دەکرێن، بۆیە وەزع و حاڵمان ئاوایه‌.

جا ئاماژە بەوە کراوە هۆکاری ڕووخانی کۆمەڵگا و دەوڵەتداری بە پەرەدانی زوڵم و ستەمە، کاتێ کوشتن و بڕین زۆربوو، کەس نەبوو دادوەرانە مافی کوژراوەکان بستێنێتەوە یان کەسانی هەرزە و لات زۆربوون، مەترسییان خستە ناوچەکە، لە دادگاکاندا مافەکان نەخرانە جێی خۆی، خەڵک بێهیوا بووبوون و… هتد. ئەوه هەڕەشەن بۆ داڕووخاندن.

ئاسەواری کاولی لە وڵاتدا، بەهۆی زوڵمەوه‌یە. زانایان ئاماژەیان پێداوە، وەک قورتوبی دەفەرموێت: زوڵم و جەور وڵات دەڕووخێنێت! بە تیاچوونی دانیشتوانی، بە ئاوارە کردنیان و پیتوبه‌ره‌که‌ت هەڵده‌گیرێ لە زەویا. ئالووسی ده‌گێڕیته‌وه‌ که ئیبنوعەبباس دەفەرموێت: «لە کتێبی خوادا ئەو ئایەم بەرچاو دەکەوێ کە باسی کاولبوونی ماڵەکان دەکات: «فَتِلْكَ بُيُوتُهُمْ خَاوِيَةً بِمَا ظَلَمُوا إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآيَةً لِّقَوْمٍ يَعْلَمُونَ».

دواخستنی تۆڵەی زاڵمان
یەک لە ناوەکانی ئەڵڵا، (الحلیم) واتە لەسەرخۆ، هێواش و هێوره‌. چونکه گەر بەهۆی زوڵمی دەسەڵاتداران و غافڵان، خوا خێرا بیگرتنایێ، ئەوە تەواوی زیڕۆحەکان تێدا دەچوون، چونکه تۆڵەکە ئەوندە گەورەیە که بێتاوان و ئاژەڵان و … دەگرێته‌وه‌! وەک دەفەرموێت: «وَلَوْ يُؤَاخِذُ اللَّهُ النَّاسَ بِمَا كَسَبُوا مَا تَرَكَ عَلَي ظَهْرِهَا مِن دَابَّةٍ وَلَكِن يُؤَخِّرُهُمْ إِلَي أَجَلٍ مُّسَمًّي فَإِذَا جَاء أَجَلُهُمْ فَإِنَّ اللَّهَ كَانَ بِعِبَادِهِ بَصِيراً».

پێنج ڕێگەی خۆپاراستنی ئوممەت لە تۆڵەی زوڵم

۱- ئینکاری زوڵمی زاڵم بکەیت:
ئیمامی ترمزی لە کتێبەکەیدا لە پێشەوا ئەبووبەکری سددیق ده‌گێڕیته‌وه‌ کە فەرمووی: ئەی خەڵکینە، ئێوە ئەم ئایە دەخوێننەوە: «يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ عَلَيْكُمْ أَنفُسَكُمْ لاَ يَضُرُّكُم مَّن ضَلَّ إِذَا اهْتَدَيْتُمْ إِلَي اللّهِ مَرْجِعُكُمْ جَمِيعاً فَيُنَبِّئُكُم بِمَا كُنتُمْ تَعْمَلُونَ» واته‌: ئه‌ی باوه‌ڕداران ئاگاتان له‌ نه‌فسی خۆتان بێ [لَا يَضُرُّكُمْ مَنْ ضَلَّ إِذَا اهْتَدَيْتُمْ] ئه‌گه‌ر ئێوه‌ خۆتان له‌سه‌ر ڕێگای هیدایه‌ت و ڕێگای حه‌ق و ڕاستی بن، هه‌ر كه‌سێك گومڕا بێ، زه‌ره‌ر به‌ ئێوه‌ ناگه‌یه‌نێ، ئاگاتان له‌ خۆتان بێ، خۆتان له‌سه‌ر هیدایه‌ت بمێننه‌وه‌. بزانن من بیستوومە لە پێغەمبەر(د.خ) دەیفەرموو: خەڵک کاتێ زاڵمیان دی کە زوڵم دەکات و پێشیان پێ نەگرت، نزیکە خوای گەورە تۆڵە لە هەموویان بستێنێ! بەو مەرجەی خەڵکی دەسەڵاتیان ببێت.

٢- زەلیلی نەنواندن بۆ زاڵمان:
ـ لابردنی زوڵم و زەلیلی نەنواندن و یارمەتی وەرنه‌گرتن لە زاڵم و… هەموو ئەمانە واجبە تاکی موسوڵمان لەسەری پەروەردە بێ. چونکه‌ بۆ تۆکمەکردنی کەسایەتی ئیسلامی پێویسته‌ و لەو ڕەوشتە بنچاخانەیە بۆ موسوڵمان. خوای گەورە دەفەرموێت: «وَالَّذِينَ إِذَا أَصَابَهُمُ الْبَغْيُ هُمْ يَنْتَصِرُونَ» (فوسسیله‌ت:۳۵) واته: و ئه‌وانه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك زوڵم و سته‌میان لێ بكات، ئه‌مان سه‌رده‌كه‌ون و خۆیان سه‌رده‌خه‌ن به‌سه‌ریدا و تۆڵه‌ ده‌سێنن و زه‌لیل و بێده‌سه‌ڵات نین.

٣- مەیلی لای زاڵم نەبێ:
لە ڕێگەی خۆپاراستن لە داوی زوڵم یا پەرەدان بە زوڵم، بریتییە لە مەیل نەدان بە زاڵمان، بەتایبەت حاکمەکانی زاڵم، وەک خوا دەفەرموێت: «وَلَا تَرْكَنُوا إِلَى الَّذِينَ ظَلَمُوا فَتَمَسَّكُمُ النَّارُ» واته: و ئێوه‌ مه‌یلتان نه‌بێ به‌لای سته‌مكاران و هاوبه‌ش بڕیارده‌ران و به‌ كرده‌وه‌ى ئه‌وان ڕازى مه‌بن و به‌شدارییان مه‌كه‌ن، که دوایی ئاگری دۆزه‌خ ده‌تانگرێته‌وه‌. «وَمَا لَكُمْ مِنْ دُونِ اللَّهِ مِنْ أَوْلِيَاءَ ثُمَّ لَا تُنْصَرُونَ» واته: ئه‌و كاته‌ له‌ غه‌یری خوای گه‌وره‌ هیچ دۆست و پشتیوانێكتان نابێت كه‌ له‌ ئاگری دۆزه‌خ بتانپارێزێ و ڕزگارتان بكات، پاشان ئێوه‌ كه‌س نییه‌ كه‌ سه‌رتان بخات.

۴- هاوکاری زاڵم ناکرێ لەسەر زوڵمەکەی
هاوکارانی زاڵم، زاڵمن. دروست نییە هاوکاری زاڵم بکەیت. چونکە ئەگەر هەرجۆرە مەیلێ بەلای زاڵمانەوە دروست نەبێ، هەر شتێکیش هاوکاری تێدابێ، ئه‌ولاتر دروست نییە. زاڵمیش کاتێ زوڵمەکەی بۆ دەکرێ کە کەسانی‌ تر هاوکاری بکەن. کەواتە هاوکاری و پشتیوانی زاڵم بە هەرشێوەیێک بێ، ڕەوا نییە. چونکه بەهێزی دەکات بۆ دەسەڵاتە بۆگەنەکەی. بۆیە هەرکاتێ عەزاب هات بۆ زاڵمەکە، هاوکار و کابینەکەی دەگرێته‌وه‌، چونکه ئەوانیش زاڵم بوون وەک بۆ فیرعەون و کابینەکەی ڕوویدا. وەک دەفەرموێت خواى گه‌وره‌ فيرعه‌ون و سه‌ربازه‌كانى له‌ناو ده‌بات. «فَأَخَذْنَاهُ وَجُنُودَهُ» واته: و فیرعه‌ون و سه‌ربازه‌كانیمان برده‌وه‌. «فَنَبَذْنَاهُمْ فِي الْيَمِّ» واته: و فڕێمان دانه‌ ناو ده‌ریاكه‌وه‌ و نوقممان كردن. «فَانْظُرْ كَيْفَ كَانَ عَاقِبَةُ الظَّالِمِينَ (40)» واته: و تۆ ته‌ماشا بكه‌ و بزانه‌ سه‌ره‌نجامی سته‌مكاران چۆن ده‌بێت.

۵- یارمەتی زاڵم نادرێ بۆ مانەوەی:
پشتیوانی زاڵم و دەسەڵاتداری زاڵم ناکرێ، به‌هۆی ئه‌وه‌یکه جەسوورتری دەکا لە زوڵمکردن. دوعای مانەوەشی بۆ ناکرێ، چونکه مانەوەی دەوامی زوڵمی تێدایە. لە فەرموودەدا هاتووە، هەر کەس دوعا بکات بۆ مانەوەی زاڵم، ئەوە پێی خۆشە بێ ئەمری خوا بکرێ لەسەر زەویدا.
لە سۆفیانی سەورییان پرسی: لە دەشتێکا زاڵمێک خەریکە لە توونیان دەمرێ، ئایا ئاوی پێ بده‌یین؟ فەرمووی: نا، وتیان: ئاخر دەمرێ؟ فەرمووی: با بمرێ.

تاقمی موسوڵمانان لە ناو کۆمەڵگەدا بۆ گوێڕایەڵی لە فەرمانەکانی خوای گەورە سەریان هەڵداوە: «وَلْتَكُن مِّنكُمْ أُمَّةٌ يَدْعُونَ إِلَي الْخَيْرِ وَيَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَيَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنكَرِ وَأُوْلَـئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ». ئەم ئایەتە فه‌رمان به‌ چاکه و بەرگری لە خراپە واجب دەکات. یەکێک لە خراپەکان بریتییە لە ڕوودانی زوڵم لە تاک و کۆمەڵگەدا و پیسترین جۆری زوڵم، زوڵمی کاربەدەستانە! بۆیە ئەم تاقمە ئەرکیان زۆر قورسە و دەبێ دەسەڵات، سنووردار کەن کە بەرەو یاخیبوون و زوڵم نەچێ. «مَنْ رَأَى مِنْكُمْ مُنْكَرًا فَلْيُغَيِّرْهُ بِيَدِهِ، فَإِنْ لَمْ يَسْتَطِعْ فَبِلِسَانِهِ، فَإِنْ لَمْ يَسْتَطِعْ فَبِقَلْبِهِ، وَذَلِكَ أَضْعَفُ الْإِيمَانِ».

ـ ئەم تاقمە موسوڵمانە دەبێ هۆشداری بدات کە دەسەڵاتداران ڕوو نەکەنە زوڵم.
ـ نابێ بچنە لای زاڵم مەگەر زۆر زۆر زه‌روور بێ و ناچار.
ـ جەزای ئەوانەی داڵدە و یارمەتی و هاوکاری زاڵمان دەکەن، بە دقی قوڕئان، سووتانە بە ئاگر (خوا پەنامان بات)، هەروەها کەس ناتوانێ فریایان بکەوێت و هیچ سەردار و گەورەیێکیان نییە.

کۆمەڵی موسوڵمانان لەسەر شانیان پێویسته خەڵکی ڕاپەڕێنن و ئاگاداریان بکەنەوە لە ئەرکی سەرشانیان و هەڵوێستیان سەبارەت بە تەختی دەسەڵاتی دەسەڵاتداران، وەکو:

١- هەستان بە واجبی سەرشانیان بە کردار و گوفتار.
٢- لەو پڕۆژە ناعەداڵەتانەی کە دەیسەپێنن بەرگری بکەن.
٣- سازدانی هێزێک بۆ بێهێزکردنی دەسەڵاتداران.
۴- پێویستە سەرجەم جەماوەر ڕوو بکەنە ئەم تاقمە بڕوادارە بۆ لابردنی زاڵمان.

لە کۆتایی‌دا دەڵێین: «رَبَّنَا لاَ تَجْعَلْنَا فِتْنَةً لِّلْقَوْمِ الظَّالِمِينَ (85) وَنَجِّنَا بِرَحْمَتِكَ مِنَ الْقَوْمِ الْكَافِرِينَ».

سه‌رچاوه‌: کتێبی (السنن الٳلهیة) – عەبدولکەریم زەیدان(خوا لێی خۆش بێت)
وەرگێڕ: سەعدی مرادی
پێداچوونه‌وه‌: سۆزی میحڕاب

نمایش بیشتر

سعدی مرادی

استان کردستان - بانه مترجم و نویسنده دعوتگر و فعال دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا