یەكێك لەجوانترین شاكارەكانی بێخود كەبۆ پێغەمبەری نوسیوە

یەكێك لەجوانترین شاكارەكانی بێخود كەبۆ پێغەمبەری نوسیوە

لەو ڕۆژەوە  ڕۆیشتــووە  تۆراوە  دڵــی من

هەرچەند ئەگەڕێم بێ سەروشوێن ماوە دڵی من

ئــاخـــۆ بـە چ شاخێكەوە گیرساوە دڵی من

یــاخــــۆ بــە چ داخێكەوە سـوتـاوە دڵــی من

ئەو هەم دەمی غەمخوارو نەدیمی منە یـــاڕەب

ئـەو مەحڕەمـی ئەسرارو قەدیمی منە یـــاڕەب

ئەو گەوهەری شـەهـوارو یەتیمی منە یـــاڕەب

كـەوتـۆتــە چ بەحرێكەوە خنكاوە دڵـــی مــن

مەجنـونـی دوو گـێسـوی چ لەیلایەكە ئـــــاخــۆ

یا وامـیـقــی جـــادووی چ عەزرایەكە ئـــــاخــۆ

دێـــوانــەی  ئاهوی چ سەحرایەكە ئـــــاخــۆ 

كـــام چـیهــرە پەری دیــوە كـە ترساوە دڵی من 

ئەتلێتەوە گـاهـێ بەخـەیـــاڵی خەت و خاڵی

ئەخولێتەوە گـاهــێ بە چرای شەوقی جەماڵی

نـازانـی ئـەگەر چـۆنـە بەدەست دەردەوە حـاڵی

وەك پوش و پەڵاشێكە بەدەم بـاوە دڵـــی مــن

لەو چــۆڵــی بیابانە ئــەبــێ یاوەری كـــێ بێ

یا بـەو كە ژو كێوانەوە سـەودا سـەری كـێ بێ

یالەت لەت و ئەفگاری موژەی خەنجەری كێ بێ 

چۆن ماوە لەسەد لاوە كە كوژراوە دڵی من

بۆچی نەڕژێ سەیلی سروشكم وەكو باران

بۆچی وەكو یەعقوب نەبمە شوهرەی شاران

لەو یۆسفە  پرسیومە لە بێگانە و یاران 

هەر گیز نییە سۆراخی لەهیچ لاوە دڵی من 

بۆخۆی بگریم یا نەفەسی پەردە دڕاوی

یا بۆ جگەری كون كون و سەد پارە كراوی 

چی كردوە یاڕەب كە خەو و خواردن و ئاوی

دایم غەم و بێداری و خوێناوە دڵی من

 چ بكەم ، چ بڵێم ، بۆ دڵەكەم كارییە دەردم

شاهیدی منن مویی سپی و چیهرەیی زەردم

خۆڕایی نییە ناڵەی گەرم و دەمی سەردم

هەڵبەت  بە  بەڵایەكەوە  ئاڵاوە  دڵی  من 

ئەوسینە لە غەش خاڵییە، ئەو بێ ڕك و كینە

ئەو خادیمی شەرعی نەبەوی و میلەت و دینە

مەعلوم چووە بۆ خزمەتی سالاری مەدینە 

وام زانی كە فەوتاوە ، نەفەوتاوە دڵی من

قوربانی كەسێ بم كە قوربانی ( نەبی) بێ

وەك بەندە سەگی دەرگەهی شاهی عەربی بێ

شاهی عەربی یەعنی قوڕەیشی نەسەبی بی

جەرگی بە دوو ئەبرۆی ئەوە جنراوە دڵی من

زاتێكی وەهای گرتووە ڕۆحم بە فیدای ئەو 

شاهان شەو و ڕۆژ دێنەقەدەم بۆسی گەدای ئەو

بێخود مەبە  ئیتر بە ئومێد و بەتەمای  ئەو

نایەتەوە لات گەر سەری داناوە دڵی من.

ارسالی یکی از اعضای محترم

خروج از نسخه موبایل