ئەمڕۆ قۆڵم لێهەڵماڵی تادنیایەک ئاسەواری پڕ لە شانازی (موعەللیم) بە پێنووسی چڕنووسم لە سەر لێنووسی ڕۆژگار بخەمە ڕوو…
موعەللیم
ئەی هاوڕێ دەست لێ نەدراوی خەیاڵی سەفەری بێ بڕانەوەی خۆشەویستی و خزمەت..
ئەی باڵ داری بێ وێنەی ئاسمانی دڵی منداڵانی کاڵ و ئاڵی هەواری ڕاهێنان…
ئەی هێمای لێ بڕان بۆ هەژگەڵ پەڕاندن و بژاری زەوی دڵان…
ئەی سەردێڕی گشت نووسراوەکانی کورت و بێ لایەنی منی کڵۆڵ….
ئەی مۆمی هەمیشە داگیرساوی شەوانی تاری دڵی لێقەوماوان…
ئەی هەتوانی زامی کۆن و نوێی دڵ شکاوان و دڵ برینداران…
ئەی زەحمەت کێشی بێ ناو و ئەی شەکەتی ماندوو نەناس…
ئەی چرای شەوانی تار و ئەی هاودەمی دڵانی تینوو بۆ زانست…
ئەی هەتاوی پڕ تاو و تین لە ئاسۆی ئاسمانی ژیان …
ئەی پێشەوای ڕێگاخۆشکەر و ئەی چاوساغی نابەڵەدان…
ئەی نوێنەری پێغەمبەران بۆ شەڕ لەگەڵ نەفامەکان….
ئەی ڕێزداری ڕێز لێ گیراو لەلای خودا و پەری و خەڵکان…
باش بزانە::
خۆشەویستیت تۆمارێکە کە ژیان بەوی دەگەڕێ…
فرمێسکێکە لە چاوی مناڵێکی هەتیو دێتە دەرێ…
سۆمای چاوی دڵبەرێکە لە دووی دڵداری دەگەڕێ…
پێش کەش بە هەموو ماموستایان و موعەللیمانی ئازیز و دڵسۆز..
براتان: بابۆڵی نەڵۆسی
۱۲/ ۲/ ۹۶ هەتاوی – ئاوایی کولیجە