خبرها،نظرها

پەیامی قورئانی [١٦]

پەیامی قورئانی [١٦]

سعدی مرادی

👈 تەواو تێکەڵی خەڵکی مەبە شتێکی تێدا وەهێڵە!

(فَلَا تَغُرَّنَّكُمُ الْحَيَاةُ الدُّنْيَا وَلَا يَغُرَّنَّكُم بِاللَّهِ الْغَرُورُ (33) لقمان/ واتە:

ژیانی دنیا لەخۆباییتان نەکا، شەیتانی لەعینیش لە ئاست خوادا فریوتان نەدات..

وانە”

1⃣ پرسیان لە حەزرەتی نووح [دخ] هەزار ساڵت تەمەن کرد لەسەر زەوی! پێت چۆنە؟ ئەفەرمێ: عومر کورتە هەرچەن زۆر بێت!!.

2⃣ بپرسە لە حەزرەتی سولەیمان [دخ] کە بەڕێزت دەسەڵاتداری زەوی بوویت لە خۆڕهەڵاتەوە تا خۆرئاوا، بە جندۆکە و مرۆڤ و ئاژەڵیەوە!
هەواڵت ئەداتێ: مرۆڤ هەژارە هەرچەند داراش بێت..!

3⃣ بپرسە لە حەزرەتی داود [دخ] کە ئاسنی بۆ نەرم کرابوو، هەواڵت ئەداتێ: کە مرۆ بێهێزە با بەهێزیش بێت!.

4⃣ بپرسە لە فیرعەون کاتێ دەریاکە ژێر خۆیدا، هەواڵت ئەداتێ:
تامی سوێری شیرینی پاشایەتی ناهێڵێت!.

5⃣ بپرسە لە نەمرود سەبارەت بەو مێشەی چووە سەریەوە، ئەڵێ: ڕیسوایی پیاکێشانی پێڵاو سەربەرزیت بۆ ناهێڵێت.!

6⃣ بپرسە لە ملهوڕان و یاغیان و تاوانباران سەبارەت بەو وانەیەی لەم دنیا فێری بوون؟ تێکڕا ئەڵێن:
پشت بە دنیا مەبەستە..!
ـــــــــــــــــــــــــــــــــ

(الَّذِينَ يُؤْمِنُونَ بِالْغَيْبِ وَيُقِيمُونَ الصَّلاةَ وَمِمَّا رَزَقْنَاهُمْ يُنفِقُونَ (3) بقرة/ واتە:

پارێزگاران ئەوانەن کە باوەڕیان بە نادیار  (غیب) هەیە، نوێژان دەکەن، لەوەی پێمان داون دەبەخشن..

👈 وانە”

1⃣ زانیاری دروست مەحاڵە دژبەری ئایینی دروست بێت!.
ـ زانست زیاد لە چەندین جار بۆچوونی خۆی گۆڕاوە سەبارەت بە بابەتێک…. بەڵام ئەم پەڕاوەی لەبەر دەستمان دایە ماوەی [١٤٤٥] ساڵە هەر لەسەر یەک حاڵەت ماوەتەوە…
ـ تەنانەت زانست بەگوێرەی پێشکەوتن جەخت لە ڕاستی و دروستی و گەورەیی ئەم پەرتووکە ئەکاتەوە، هەرچەند نیازی بە زانست و زانا نیە تا دروست دەربچێت..!

2⃣ زۆر داماون ئەوانەی باوەڕ ناکەن بەوە نەبێت لەبەر چاویان دایە…
ـ لەمان داماوتر ئەوانەن باوەڕیان بە ڕازەکانی زانست هەیە بەڵام باوەڕیان بە نادیارەکانی دین نیە..!!
ـ زۆر داماون ئەوانەی باوەڕیان بە زاتی ئەڵڵا نیە، لەبەر ئەوەی نایبینن، بەڵام باوەڕیان پتەوە بە تیشکی سەرووی وەنەوشەیی [اشعە ماوراء بنفش] کە نابینرێ..
ـ هەژارن ئەوانەی باوەڕیان بە فریشتە نیە بەڵام باوەڕیان بە تیشکی سوور هەیە کە ئەویش نابینرێ…
ـ هەژارن ئەوانەی خێرایی بوڕاق نکوڵی ئەکەن بەس باوەڕیان بە خێرایی [سرعت] تیشک هەیە…!
ـ لەبیریان نیە وەختێ زانستی ئەوان ئەیوت زەوی لەسەر شاخی گا وەستاوە! قوڕئانی ئێمە ئەیفەرموو: (… كُلٌّ فِي فَلَكٍ يَسْبَحُونَ (33) انبیاء/ واتە” گشتی لە بۆشاییدا ئەخولێنەوە..

ـ لەبیریان نیە کاتێ ئەوان ئەیان وت” زەوی پانە، قوڕئانی ئێمە ئەیفەرموو: (وَالْأَرْضَ بَعْدَ ذَلِكَ دَحَاهَا (30) نازعات/ واتە” زەوی دوای حەوا حاڵەتی هێلکۆکەی هەیە…

ـ وەختێ زانیاری ئەوان پڕبوو لە توڕڕەهات و جادوو، قوڕئانی مەمانان باسی کورپەڵە و هەسارەی ئەکرد!.

3⃣ ئەو ئایینەی زانستی پێویست [فرض] کردبێ مەحاڵە ڕووبەڕووی زانست ڕاوەستێ، لەبەر ئەوەی دژی خۆی ڕاوەستاوە..

ـ بەڵام دژی زانستێکە نکووڵی دەسەڵاتی خوا دەکات لە گەوردون دا، ئەو زانستە گەمژەیەی ئەڵێت: گەردون خۆی خۆی سازداوە، لەبەر ئەوەی ناتوانێ شرۆڤەی کات بێجگە لە ڕاڤەی بێدەسەڵاتان و نەزانان نەبێ..!

4⃣ دیارترین ماوەیەک لە تەمەنی زانستدا کە موسوڵمانان لەودا سەربەرزی خۆیانی تێدا ڕادەست کرد بریتی بوو لەوەی زانست و ئیمانیان ئاوێتەی یەک کرد،..

ـ زانست بەبێ ئیمان، هێندە نابات سەری لە ئیلحادەوە دەردێنێت!
ـ هەروەها ئیمان بەبێ زانست زۆر نابات ئەبێتە خورافات…
ـــــــــــــــــــــــــــــ

(وَقَالَتِ امْرَأَتُ فِرْعَوْنَ قُرَّتُ عَيْنٍ لِّي وَلَكَ لَا تَقْتُلُوهُ عَسَي أَن يَنفَعَنَا أَوْ نَتَّخِذَهُ وَلَداً وَهُمْ لَا يَشْعُرُونَ (9) قصص/ واتە”

هاوسەری فیرعەون وتی: چاوڕوونییە بۆ من و تۆ، مەیکوژە، لەوانەیە کەڵکی ببێ بۆمان یان هەر ئەیکەینە ڕۆڵەی خۆمان، بەڵام ئەوان تێنەئەگەیشتن…

ـ وانە”

1⃣ ئەم ئافرەتە یەکێکە لە گەورەترین ئافرەتانی مێژوو، سەرەرای ئەوەی خێزانی یەکێ لە ستەمکارە ناودارەکانی مێژوو بووە!
ـ یەکێکە لەو چوار ئافرەتەی بە پلەی کەماڵ گەیشتوون!.
ــ پێشەوای مرۆڤایەتی ئەفەرموێ:
لە ناو پیاواندا زۆریان بە پلەی کەماڵ گەیشتوون، لە ئافرەتانیش چواریان بەم پلەی تەواویە گەیشتوون کە ئەمانەن؛

١ـ مەریەم کچی عیمران
٢ـ ئاسیە هاوسەری فیرعەون
٣ـ خەدیجەی کچی خوەیلد
٤ـ فاتیمەی کچی موحەممەد [دخ]

2⃣ زەرافەتکاری ناو ئایەتەکە… لەودا یەکێ لە ناودارترینی دوو زیرەکەکانی مێژوویی تێدایە!

ـ یەکەم: دوانیان بۆ ئافرەتانن
ـ دووهەم: کە پێشەوا مووسایە..

اـ فەراسەتی یەکەم وتەی ئاسیەیە کە وتی: ( شایەد قازانجی بۆمان ببێ) دەی حەزرەتی مووسا هەم بووە کوڕی هەم بووە پێغەمبەر، کە ئیمانی پێهێنا و گەیاندی بە بەهەشت، ئیتر لەودیو بەهەشتەوە سوودی‌تری لێنیە.

ب‌ـ زیرەکی دووەم بۆ کیژی پیاوە باشەکە بوو؛ کە وەختێ ماڵاتەکەی بۆ ئاودان وتی: (قَالَتْ إِحْدَاهُمَا يَا أَبَتِ اسْتَأْجِرْهُ إِنَّ خَيْرَ مَنِ اسْتَأْجَرْتَ الْقَوِيُّ الْأَمِينُ (26) ئەی بابەگیان ئەم پیاوە ڕاگرە، بەڕاستی باشترین کەسە کە بەکرێی بگریت هەم بەهێزە هەم ئەمینە!.

ـ دەی حەزرەتی مووسا باشترین پاڵەوان و چاکترین دەستپاک بوو..
ـ بڕیاری خودا حەتمیە و چاری نیە، سەیری فیرعەون بکە. هەزاران مناڵی سەربڕی پێش لە دایکبوونی حەزرەتی مووسا، چونکە خەوزانەکان هەواڵیان دابوویە کە مانای خەوەکەت ئەوەیە مناڵێکی بەنی ئیسرائیل لە دایک ئەبێ دەسەڵاتت کاولووکڵێس ‌‌ئەکات..!
لە ئاکامدا دڵی ئاسیەخانم نەرم ئەبێت بۆ مناڵەکە کە مووسای ناوە..
ـ لە ماڵی ئەودا گەورەبوو! خاوەن کۆشک هەزاران کۆرپەی سەربڕی لە ترسان، بەڵام کاتێ هاتە دنیا خاوەن خەوەکە خۆی بەخێوی کرد!!.

3⃣ ئەوە پەروەردگار بەڵێنی دابێ ئەبێت، ئەوە بڕیاری دابێت لەسەر ڕوو ئەدات، بەڵام خوای مەزن ئەم دنیایەی کردووەتە هۆکار [سبب].
ـ هۆکار ئەگرینەبەر چونکە لە قەدەری خوادا هەیە، بەم جیاوازییەوە پشت نابەستین بە هۆکانەوە [اسباب] بەڵکوو ڕوو ئەکەینە زاتی هۆکارەکە کە ئەڵڵایە..
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــ

(وَإِذْ قَالَ مُوسَي لِقَوْمِهِ إِنَّ اللّهَ يَأْمُرُكُمْ أَنْ تَذْبَحُواْ بَقَرَةً) 67/ واتە”

بیری ئەو ساتەت بێ کە حەزرەتی مووسا فەرمووی: بە گەلەکەی ئەی خەڵکینە، خوای گەورە دەستوورتان پێ ئەدات مانگایەک سەر ببڕن تەواوە…

ـــ وانە”

1⃣ بەیانیەک نەوەکانی ئیسڕائیل هەستان لە خەو دیتیان تەرمێک کەوتووە لەبەر دەم ماڵێکدا! لە ناو خۆدا لێیان بووە مشتومڕ، دەستی تۆمەتیان بۆ یەکتر درێژ کرد تا ئەوەی بڕیاریان دا بچنە خزمەت پێشەوا مووسا [دخ] فەرمووی:
بچن مانگایەک سەربڕن و زمانی بدەن لە تەرمەکە، زیندوو ئەبێتەوە و ناوی بکوژەکەی ئەڵێت و دیسان ئەمرێتەوە!

2⃣ ورد بەوە لە دەقی ئایەتەکە؛
ـ ئەفەرمێ: مانگایەک! نەزانراو [نکرە] واتە هەر مانگایەک بێنن کافیە، بەڵام یەهوود وەک عادەتیان بووە هەمیشە چونکە ماڵ پەرەستن، هاتنە خزمەت حەزرەتی مووسا باسی چەند سیفەتێکی مانگاکەمان بۆ بکە.
ـ فەرمووی: نە زەلامە نە بچووکە، بازنەی بۆ تەسک نەکردن بەڵام تەسکتر بووەوە. بەڵام ئەوان وازیان نەهێنا وتیان:
ـ ڕەنگی چۆنە؟
ـ فەرمووی:  زەردی پڕ ڕەنگە! دەرگاکە تەنگتر بووەوە.. ویستیان زۆرتر تەنگتر وەبێت! دیسان هاتنەوە لێیان پرسیەوە، فەرمووی:
ـ مانگایەکی زۆر خۆشەویستە لای خاوەنەکەی، نە زەوی پێ کێڵاوە نە ئاوی پێهێناوە.
پاشان گەڕان بە دوای مانگایەکی زەردی مامناوەندی ڕێزداری خۆشەویست لای خاوەنەکەی. گەڕان گەڕان هەتا لای نەفەرێ پەیدایان کرد کە داوای زێڕ ئەکرد پڕ بە پێستەکەی! کاتێ زانی پێویستیان پێیەتی و ئەیسێنن..
ـ ئاڵتوونەکەیان پێدا بەڵام وەک گیانیان بکێشی ئاوها بوو، سەریان بڕی و زمانیان دا لە مردووەکە. زیندوو بووەوە وتی برازاکەی خۆم کوشتوومی! هەر ئەو میراتگرەشی بوو بەڵام پەلەی کردبوو بۆ میراتەکەیان..

3⃣ وانەی یەکەم:
بابەتێک خوای گەورە لێی نادوێ لەبەر ڕەحمەتی خۆیەتی بۆ خەڵکی نەک لەبیری چووبێت!
ـ هەر شتێک خوای گەورە ویستی لەسەر سنووردار کردنی بووبێت، دوایی بەربڵاوی کردووە.
ـ هەروەها شتێک ویستبێتی بە گشتی بیهێڵێتەوە بە کورتی باسی کردووە. کەواتە”
دایرەی کورت زل مەکە و دایرەی زلیش کورت مەکە..

ب‌ـ وانەی دووهەم:
ئائەوانە یەهوودن کە زۆرترین پێغەمبریان بووە و کەمترین ئیمانداریشیان بووە! حەزرەتی مووسا ئەیان پەڕێنێتەوە لە چۆمی نیل پێش ئەوەی قولاپەیان وشک بێتەوە ـ  وەختێ ئەبینن گەلێک بوت ئەپەرەستن ـ پێی ئەڵێن: (اجْعَل لَّنَا إِلَـهاً كَمَا لَهُمْ آلِهَةٌ) ١٣٨/ اعراف/ واتە”
وەک ئەوان خوایان هەیە خوایەکیش بۆ ئێمە دانێ!
ـ خوای گەورە کێوی توور وەک سێبەر ئەخاتە سەریان، کەچی ئەوان نکووڵی ئەکەن!
ـ تەڵایان بۆ ئەبارێت کەچی بێ دین ئەبن!
ـ تالووتیان بۆ ئەنێرێت، کەمێکیان نەبێت نایان هەوێت!
ـ پێغەمبەرانی زۆریان بۆ هات یەک بە دوای یەکدا کەچی پۆلێک ئەیان کوشتن پۆلێکی‌تریش بە درۆیان ئەخستنەوە!

ج‌ـ وانەی سێ:
ـ ئەوەی قسمەتی تۆ بێت بۆت دێت با بێ دەسەڵاتیش بیت، هەرچیش هی تۆ نەبێت ناتوانی بە دەسەڵاتت بە دەستی بێنیت!
ـ بیر ئەکاتەوە، پیلان دائەنێ، ئەکوژێت لەبەر خاتری سەروەت، کەچی پاشان لێی مەحرووم ئەبێ! پاشان ماڵەکە بە نسیب کەسێک ئەبێ کە بە تەمای نەبوو، چونکە لە سەرەتاوە خوای گەورە بۆ ئەوی داناوە!

د ـ وانەی چوار:
ـ سەروەت خڕ ئەکەینەوە لە حەڵاڵ و حەرام، پاشان جێی ئەهێڵین بۆ میراتگرەکانمان، کەیفی لەسەر ئەکەن و ڕۆژی پەسڵانیش سەبارەت بەو پرسیارمان لێ ئەکرێت.
ـ دارایی خێرایی ژیانە [عجلة الحياة] بەڵام هەموو ژیان نیە.

4⃣ خوای گەورە هەموو شتێکی بە عەداڵەت دابەش کردووە لە بەین خەڵکیدا، کەمێک لە خەڵکی هەموو شتێکی پێدراوە!
ـ دەوڵەمەندە بەڵام نەخۆشی زۆرێک لە خواردنەکانی لێ قەدەغە کردووە!
ـ هەژارە، ئیشتیای لە خواردنە بەڵام نیەتی!

* یەکمیان ماڵی داوەتێ، دووهەمیان تەندروستی..
ـ ئەبینی یەکێ‌تر زانیاری هەیە بەڵام مناڵی نیه!
ـ یەکێ‌تر مناڵیشی هەیە بەڵام مەحروومە لە چاکەیان!
ـ دنیا ئاواسە، تەواو نابێت! جا ئێمە مرۆڤین بەوەی نیمانە نەک بەوەی هەمانە! پێمان وایە گرنگترین شتێکی ئەم دنیایە ئەوەیە کە ئێمە لێی بێبەشین، ئیتر لەبیرمان چووەتەوە ئەم دنیایە زەوی زەراعەتە، ئیتر خوای گەورە سەبارەت بەو شتەی نەیداوینێ پرسیارمان لێ ناکات. بەڵکوو لێمان ئەپرسێ چیمان کرد بەوەی پێی داوین؟ ڕازی بەختەوەری ئەوەیە قەناعەت بکەین و ڕازی بین. ترس لە پێداویستی نیازێکی‌ترە! ئەگەر بڕوانینە ئەو شتانەی هەمانە کاتمان نابێ بیربکەینەوە لەوانەی نیمانە. بەڵام ئێمە هەمیشە ئەو شتانەی هەمانە نایبینین، تەماشای ئەو شتانە ئەکەین کە خەڵکی هەیانە!

ــ ماڵەکان نهێنی و ڕازن”

ـ تۆ چووزانی ئەوەی باڵاخانەی هەیە چۆن ژیان ئەکات؟
ـ تۆ چووزانی ئەوەی ژنی جوانی هەیە کامەرانە؟
کامەرانی بەو شتانە نیە کە هەمانە، بەڵکوو بە جۆری بەڕێوبەرایەتی و کەڵک وەرگرتنە لێی!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ

(فَمَا كَانَ جَوَابَ قَوْمِهِ إِلَّا أَن قَالُوا أَخْرِجُوا آلَ لُوطٍ مِّن قَرْيَتِكُمْ إِنَّهُمْ أُنَاسٌ يَتَطَهَّرُونَ (56) نمل/ واتە”

وەڵامی گەلی لووت [دخ] هیچ نەبوو جگە لەوەی وتیان:
دارودەستەی حەزرەتی لووت وەدەرنێن لە زێدی خۆتان، بۆ چونکە ئەوان خەڵکانێکی پاکن..

ـ وانە”

1⃣ ئەوەیە عادەتی کۆمەڵگەی بۆگەن بە درێژایی مێژوو، هەر وەخت بۆ چاکان و پاکان هەڵەیەکی وایان گیرنەکەوت لەسەریان بکەنە عەیبە!
ـ ئیرادیان لێ ئەگرن بە جوانترین شت کە هەیانە! تاوانی ئالی لووت پاک‌وخاوێنی بوو..!

2⃣ هێندێ بابەت هەیە لەسەر ئەم کوڕەی ئەرزە گۆڕانیان بەسەردا نایەت، گەندەلکاران چاکان ئەخەنە ژێر زەبرەوە لەبەر ئەوەی لەسەر هەڵەکانیان دەستیان ئەگرن.

١ـ لەبەر ئەوە ئافرەتی داوێن‌تەر حەزی لێیە گشت ئافرەتان داوێن پیس بن، بۆیە داوێن پاکی خاڵێکی قورسە بە ناوچاویەوە!

٢ـ دز ئەیهەوێ هەموو پیاوان دز بن، بۆیە ئەمانەت شووڵێکی (قامچی) گەرمە لەسەر پشتی…
٣ـ بەرتیل خۆران مەیلیان هەیە هەموو کارمەندان بەرتیل خۆربن! حەڵاڵ بریتیە لەوەی پاروو تاڵ بکات لە دەمیدا..
٤ـ ئەزیەتکەری دایک و باوک پێی خۆشە هەموو مناڵان ئازاردەری دایە‌وبابە بن، چاکە کردن لە خزمەتیان وانەیەکی ڕەقە فێری ئەبن. چونکە ئەوان ناتوانن هەستن، ئەشیان هەوێ کەسانی‌تریش لادەر بن وەک خۆیان..

٥ـ ئەوان هەست بە چرپەی خراپە ئەکەن لە ئێوەدا، بەڵام لە دڵەوە پێیان خۆشە وەک ئەنگۆ بن..
ـ باوەڕیان پێ نەکەن وەختێ سەبارەت بە ئافرەتی پۆشتە ئەڵێن: داخراوە، سەختگیرە، وشکە دینە!
یان کاتێ بە پابەند ئەڵێ: گەورەیە

ـ یا  بە  ڕاستگۆ ئەڵێن: نەزانە بە
ـ یا بە داوێن پاک ئەڵێن: ترسنۆکە!
ـ یا بە ئەمین ئەڵێن: نازانێ نانی شانی خۆی بخوا!
ـ بەلای خۆیانە بەم قسانە ڕێزتان  ئەگرن، با بە ڕواڵەتیش وانەنوێنن، بەڵام پێویستە ئێوە نەگۆڕێن بەم قسانە..
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــ

(… أَنَا أَكْثَرُ مِنكَ مَالاً…) ٣٤ کهف/ واتە”

من  لە تۆ سەروەتم زۆرترە…

ــ وانە”

1⃣ خوای گەورە ماڵی دنیا ئەدات بەوانەی خۆشیان ئەوێ، بەوانەش کە ناحەزن، بەڵام دین هەر بەوانە ئەدات کە خۆشی ئەوێن…

ـ هەموو دنیای دا بە حەزرەتی سولەیمان و زوولقەرنەین..
ـ هەروەها بە قاروون و نەمروودی بەخشی..
ــ جا ئەگەر ماڵ‌ و دارایی پێوەری جیاوازی و شانازی بوایە پێغەمبەرێک و یاغییەک وەک یەک پێیان نەئەدرا…

2⃣ هەژارترینی خەڵکی ئەوانەن پارە نەبێ هیچی‌تریان نیە! ئەوانە پێیان وایە هەموو شتێ ئەتوانی سەودای بکەیت تەنانەت بەهەشتیش!
ـ باوەڕیان وایە دەوڵەمەندی دواڕۆژن، هەروەک چۆن دەوڵەمەندی دنیان!
ـ دارایی چەرخی ژیانە، نەک خودی ژیان بێ!
ـ هۆکارە ئامانج نیە!
هەر وەخت بیخەیتە ژێر پێت بەرز ئەبیتەوە.
هەر وەخت بیخەیتە سەر تەپڵە سەرت، چکۆلە ئەبیتەوە..

3⃣ بە دەست هێنانی ماڵ دژایەتی لەگەڵ دیندا نیە، بەڵکوو پێچەوانەیە؛ باشترین سەروەتی حەڵاڵ لە ناو دەستی بەندەی چاک دایە..

ـ گرنگ ئەوەیە دنیا لە ناو دەستتدا بێت نەک لە ناو دڵت دابێ..
ـ ماڵی دنیا ژیان زۆرتر خۆش ئەکات، بەڵام جوانترین شت لە ژیاندا ئەو بابەتانەن کە ناتوانی بیانسێنی!
ـ پارە دەوا ئەکرێت بەڵام چتەندرووستی نا..
ـ سەرین و باڵش ئەکرێت بەڵام خەو نا..
ـ کتێبی دیوانی غەزەلیات ئەکڕێ بەڵام ئەوین نا..
ـ گۆرانی بێژ ئەکرێت بەڵام خۆشەویست نا…
ـ پەڕاوی نوکتە و خاڵ ئەکڕێت بەڵام پێکەنین لە دڵەوە نا..
ـ دایەنگە و باخچەی ساوایان ئەکڕێت بەڵام مناڵ نا..
ـ ماشێن و سەیارە ئەکرێت بەڵام هەنگاو و پێ نا..
ـ چاویلکە و کامێرا ئەکرێت بەڵام بینین و دیتن نا..
ـ کەسی ریاباز و زمان لووس ئەکرێت بەڵام ڕەفیق نا..
ـ هەژار و دەوڵەمەند ناتوانن زیاتر لە سکی خۆیان نان بخۆن!.
ـ ناتوانن زیاتر لە جلێک لەبەر بکەن بە مارکەکەشی جۆراوجۆر بێت..
ـ ناتوانن زیاتر لە پێڵاوێک بکەنە پێ هەرچەند جۆریەتی ڕەنگاوڕەنگ بێت..

4⃣ کەواتە ماڵت کۆ بکەوە تا خزمەتت بکا نەک لە خزمەتیا بیت!.
ـ بکەیە بەندە و خزمەتگوزارت نەک کوێخا و گەورەی خۆت..
ـ شوێنت کەوێ نەک وەدووی کەوی..
ـ پاشان با گوزەرانت بەپێی ئەوبێ نەک ژیانت ببێتە ئەو..

5⃣ با بیرت بێنمەوە؛ زۆر شتت لایە لەوانەی کەس نایهەوێ و موشتەری نیە..
ـــــــــــــــــــــــــ

(وَكَلْبُهُم بَاسِطٌ ذِرَاعَيْهِ بِالْوَصِيدِ) کهف/ واتە”

سەگەکەیان دەستی دادابوو لەبەر دەم کونی غارەکەدا..

ــ وانە”

1⃣ سەگێک ناوی لە قوڕئاندا ماوە بۆ هەمیشە بە هۆی ڕەفیقایەتی  چاکانەوە!
ـ کەوایە هاوەڵەکانت هەڵبژێرە وەک چۆن لیباسی خۆت هەڵئەبژێریت..

2⃣ ڕەفیق هەورە!
ــ لەوانەیە یەکێ بگۆریت بۆ ئەوەی گەشەی مەعنەوی بکەیت بەڵام بەرەو خراپ بڕۆی، با ئەویش تۆی نەگۆرا بێت، ئەوندەت بەسە لە خراپە کە تۆ ئیرادی پێ لێبگری..!

3⃣ مرۆڤ بەلای کۆمەڵگاوە لەسەر دینی ڕفیقەکەیەتی..
ـ عەرەب ئەگەران بە دوای ڕەفیق‌دا پێش گەڕان بەدوای ڕێگەدا..
ـ بە دوای هاوسێدا ئەگەڕان پێش گەڕان بە دوای خانوبەرەدا..

4⃣ ڕەفیقی باش یەکێکە لە خۆشیەکانی دنیا،
ـ بیرێکی قووڵ ڕازەکانی خۆتی تێدا دائەنێیت،
ـ ئەقڵێکی کاڵ ئەیکەیتە هاوبەشی ئیشەکانت،
ـ شانوملی پڕسۆز سەری سەرئەنێیت بۆ حەوانەوە،
ـ دەستێکی بەسۆز شانومڵت ئەشێلێت و ئەتحەسێنێتەوە،
ـ سەگێک ماوە بۆ هەمیشە لەبەر ئەوەی ڕفیقی چاکانی کرد،
ـ نەهەنگێک ماوە بە هەڵگرتنی حەزرەتی یوونس [دخ] لە سکیدا،
ـ مێروولەیەک ماوە بە هۆی بزەی لێوی حەزرەتی سولەیمان [دخ]،
ـ پەپووە سلێمانە ماوە ناوی لەبەر ئەوەی نامەڕەسان بوو..

👈 ئێمە لە پێشترین لەوانە…
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

(..وَعَاشِرُوهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ..) ١٩ نیساء/ واتە”

لەگەڵیان ـ خێزانەکاتان ـ بە شێوە و ڕەوشتی جوان و پەسەند هەڵسووکەوت بکەن…

ــ وانە”

1⃣ وشەی [معروف] بەربڵاوە هەرچی شتێکی جوان ئەگرێتەوە، بۆ وێنە؛

ـ بزە و پێکەنیت بە ڕووی خێزانتا چاکەیە..
ـ وشەیەکی شیرین چاکەیە..
ـ بیگوشی بە خۆتەوە چاکەیە..
ـ دیاری بە بۆنەوە بێ یا نە، چاکەیە..
ـ گوێ گرتن لە دەردەدڵی، چاکەیە..
ـ گرنگی دان بە تەندروستی، چاکەیە..
ـ ڕێ نەگرتن لێی بۆ ماڵی کەسوکاری، چاکەیە..
ـ ڕێزی بۆچوونی بگریت، چاکەیە..
ـ ڕێز گرتن لە ئاواتەکانی، چاکەیە..
ـ یارمەتی دانی لە ئیشی ناوماڵدا، چاکەیە..
ـ هەڵگری هەڵەکانی بیت، چاکەیە..
ـ بەسۆز بیت لە تەکیا، چاکەیە..
ـ ئاگات لێی بێ لە نەخۆشیدا، چاکەیە..
ـ هەڵگری ئاڵووگۆڕی دەروونی بیت، چاکەیە..

2⃣ سەرنجی وردی ڕستەکە بدە ( وَعَاشِرُوهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ) نەیفەرموو: بە گوێرەی عورف!!
ـ لەبەر ئەوەی کۆمەڵگە بە زۆری هەڵیت و پڵیتیان هەیە…

3⃣ سۆزی پیاوەتی ئەمرێنێ لەژێر ناوی هێزی تاکە کەسی! واتە قووەتی شەخسی..
ـ وشکی ئەکات بە ناونیشانی پارێزگاری لە پیاوەتی..
ـ خۆی تووڕەوتۆسن ئەکا بە ناوی ئەوەی فڵان کەس حاکمی ماڵەکەیەتی!!

4⃣ هێندێ لە هەڵسووکەوتمان بریتین لە نەخۆشی دەروونی، ماوەیەک لەگەڵمان گەورە بووە، تا بوەتە خوو..
ـ پیاوەتی و ئازایەتی ئەوەنیە ئەو شتانە بکەیت کە خەڵکی ئەیکەن بەڵکوو بریتیە لەوەی تۆ کاری دروست بکەیت..

5⃣ ئێوە چاولێکەری مەکەن! مەڵێن:
خەڵکی باش بن ئێمەش باش ئەبین، ئەگەر خراپیش بوون ئێمەش خراپ ئەبین..!
ـ گەورەی پیاوان [دخ] لە خزمەت ژن ومناڵیا بوو..
ـ لە هەموو خەڵکی زۆرتر پێکەنینی بوو لە ماڵەوە..
ـ خۆی زەحمەت نەئەدا بە باسکردنی ئەوینی خێزانەکانی، بەڵکوو ئەیفەرموو: خۆشەویستی
خەدیجەم بە نسیب بووە..

6⃣ کۆتا وەسیەتی بریتی بوو لەوەی: لەگەڵ ژناندا باش بن..
ــــــــــــــــــــــــــ

(وَبَدَأَ خَلْقَ الْإِنسَانِ مِن طِينٍ (7) سجده/ واتە”

دەستی کرد بە ئافراندنی مرۆڤ لە قوڕ..

ــ وانە”

1⃣ خوای گەورە ئادەمی لە قوڕ دروست کرد، حەوای لە پەراسووی دروست کرد.
ـ جا ئیستا ئەگەر دایکە حەوا بەشێکە لە ئادەم یانی حەزرەتی ئادەم سەرتاپا حەوایە..
ـ هەرچەندە پیاو ئافرەتی خۆش بوێ ئەوە ئافرەتەکە ئەبێتە پارچەیەک لە ژیانی، هەروەک چۆن لە سەرەتاوە بەشێک بووە لە بوونی، ئافرەتیش ڕێک لەم مژارەدا وەک پیاوە..

2⃣ ئافرەتان ڕاستگۆترن لە پیاوان لە مەسەلەی خۆشەویستیدا…
ـ ئەوە زەم نیە بۆ پیاوان و تاریفیش نیە بۆ ئافرەتان.
ـ ئەمە ئەو سرووشتەیە خوای گەورە خەڵکی لەسەر ڕاهێناون تاکوو خولقاندن بەردەوام بێت..
3⃣ ئەسڵی خولقان لەگەڵ ناخدا لێک جودا نین، سەیرکە خوای مەزن حەزرەتی ئادەمی لە گڵ چێ کرد

گڵ ئەو مناڵدانەیە کە دار و درەخت و گیاوگژی لێ سەوز دەبێ، لەبەر ئەوەیە پیاو نرخی خۆی وەدەست ئەکەوێ لە ئیش کردن و بەرهەم هێنان لەم سەر زەویە!
ـ بەڵام خوای پەروەردگار دایکە حەوای دروست کرد لە پەراسووی لای دڵی حەزرەتی ئادەم، لەبەر ئەم هۆکارەیە ئافرەتان زۆر مەیلیان لە بەرهەم هێنان نیە.
ـ جا ئەگەر بێتو بەرهەم هێنیش بێ، خۆی نیە بەڵکوو بەشێک لە خۆیەتی، بۆیە بەختیاریش ئەبێ لەبەر ئەوەیە بەشێک لەو گڵەی کەمێک لە بەشی ئەوە تێرکردووە..

بەڵکوو هەر بەو شتە بەختەوەر ئەبێ کە بەرهەمی خۆیەتی، چونکە ئەو بەشە گڵە تێر ئەکات کە لە خۆیەتی.
ـ بەڵام واش خۆی نادۆزێتەوە ئەو ساتە نەبێ کە خۆشیەویستی بۆی هەیە. چونکە بە ڕاستی لە پارچەی نزیکی دڵی جودا بوەتەوە!

4⃣ ئافرەت هەست ئەکا هاوسەرێکی ئەویندارە، دایکێکی سۆزدارە، لەبەر ئەمە ئەبینی ئافرەت پڕ خەفەتتر بۆ دایکایەتی لە کۆڵ هەڵگری باب بۆ باوکایەتی!
ـ چونکە باوکایەتی بازنەیەکە لە دایرەکانی وەدەست هێنانی زۆر لە ژیانی پیاواندا، بەڵام ئافرەت بریتیە لە بەرزترین پلەی سۆز و ئەوین. جا بەبێ ئەم سۆزو عاتیفەیە ئافرەت ناتەواوە!. لەبەر ئەوەی کەلەبەرێک پەیدا ئەبێ لەو بەرپرسیاریەتیەی بۆی دروستکراوە. بۆیە هیچ گرفتێک نیە لای پیاوان یارمەتی ئافرەتان بدەن لە کاروباری ناوماڵ و ژیاندا، مادام ئەرکی خۆی ڕەچاو ناکات! بەڵام پێی ناخۆشە ببێتە بار بەسەر ئافرەتەوە، چونکە ئەویش بوونەوەرێکی خاکاوییە.
ـ بەڵام ئافرەت پێی دژوار نیە کە بەرپرس بێ سەبارەت بە پیاوان، پێداویستیە مادیەکانی بۆ برەخسێنێت! ئافرەت قەت هەست نەتوانین و کەمایەتی ناکات، لەبەر ئەوەی ئەو بوونەوەرێکە لە ناو دڵدا..

5⃣ لەسەر ئافرەتانە بڕەخسێنێت بۆ پیاوان بەرهەمی خۆیان هەرچەند ڕەزیلیش بن، چونکە بەم کارە یارمەتی ئەدات بۆ هاتنەدی ڕاستەقینەی خاکی بوونەکەی.
ـ هەروەها لەسەر پیاوانە ڕابخات بۆ ئافرەتان پەردەی دڵیان و بۆی شۆڕ وەکات تاکوو مێیینەیی ئافرەت ڕەها بێت، لەبەر ئەوەی ئابەم کارە یارمەتی ئەدات بۆ ڕەخساندنی دڵی ئافرەت..
ــــــــــــــــــــــــــــــــ

(تِلْكَ الدَّارُ الْآخِرَةُ نَجْعَلُهَا لِلَّذِينَ لَا يُرِيدُونَ عُلُوّاً فِي الْأَرْضِ وَلَا فَسَاداً وَالْعَاقِبَةُ لِلْمُتَّقِينَ (83) قصص/ واتە”

ـ ئەوەیە ماڵی دوارۆژ؛ دای ئەنێین بۆ ئەوانەی نە خۆیان بە زل ئەزانن نە گەندەلکاری ئەکەن، داهاتوو بۆ پارێزکارانە…

ــ وانە”

1⃣ بەرز بووەوە بۆ ئاسمانی حەوتەم پاشان گەراوە بۆ سەرزەوی، پێڵاوەکانی پینە ئەکرد، مەرەکانی ئەدۆشی، لەگەڵ هەژاران نانی ئەخوارد و…
ـ گەورەکان ئاوان تا بەرز وەبن خاکیتر ئەبن..
ـ لەگەڵ یارانی چووە دەر تەشریفی، بڕیاریان‌دا مەڕێک سەربڕن..
ا ـ یەکیان وتی: من ئەیکوژمەوە
ب‌ـ دوومیان وتی: من ئەیگوڕوم
ج‌ـ سێیەم وتی: منیش لەتوپەتی ئەکەم
دـ تەشریفی ئەیفەرموو: منیش دار و چێو کۆ ئەکەمەوە..

2⃣ گەورەکان ئاوان نایانەوێ خۆیان جودا بکەنەوە؛
ـ بە ماڵ خەرجکردنی زۆری، کۆمەڵگای هەڵ ئەنا ـ تشویق ـ لەگەڵ یەکتردا باش بن، خۆی لەبیر ئەکرد.
ـ فەوتی ئەکرد و زرێکەی بارمتە بوو لەلای جوولەکەیەک..

3⃣ گەورەکان ئاوهان ئەیانەوێ پاک بن و بە شەرم؛
ـ پێشنوێژی بۆ مسوڵمانان ئەکرد، ئیمام حەسەن ئەچووە سەر پشتی، سەری بەرز نەئەکردەوە تا نەوەکەی خۆی ئەهاتە خوارەوە..
ـ جارێ‌تر ئیمامی نوێژ بوو گوێی لە گریانی منداڵێک بوو گورج نوێژەکەی کورت ئەکردەوە، بۆ ئەوەی دڵی دایکەکە گیرۆدەی مناڵەکەی نەبێت..

4⃣ ئاوا گەورەکانمان بینیووە کە بە ڕەحم بوون؛
ـ نەیهێشتووە شاگردانی لە حزووریا بە پێوە بوەستن! جارێک چوو بۆلایان، بەبێ ئەوەی پێبزانن ئەوەستان، ناراحەت ئەبوو!
ـ حەسانی کوری سابت گرژی بە ڕوویەوە ئەدی بۆیە ئەیوت:

وقوفي للعزیز علي فرض
و ترك الفرض ما هو مستقیم
عجبت لمن له عقل و فهم
يری هذا الجمــــال و لا يقوم

ــ یانی:

وەســـــــــتانم فەرزە، بۆ ئازیزانم
تەرکــــــــــی فەرز بە باش نازانم
سەرســــامم لەوەی بە فامەو ژیر
ئەو جوانییە ئەبینێت و بووە گیر

ـ پاشان لە خۆشیان بزەی ئەهات و ئەڕۆی..

5⃣ گەورەکان ئاوان وەختێ عوزریان بۆ ئەهێنرایەوە وەریان ئەگرت..

نوسەر:ئەدهەم شەرقاوی

وەرگێڕ: سەعدی مرادی

نمایش بیشتر

سعدی مرادی

استان کردستان - بانه مترجم و نویسنده دعوتگر و فعال دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا