اندیشهعقاید

سوننه‌نی خوا بۆ دابەشکردنی ڕۆژی

ڕۆژی

سوننەت و ڕەوشی خوای گەورە لە دابەشکردنی ڕۆژی یا ڕزق و ڕۆژی بەخێوکردنی گیانلەبەران

سەرەتا پێناسەی ڕزق؛ لە زاراوەی کوردەواریدا پێی دەوترێ ڕسق. لە وشەدانی (لسان العرب)یدا هاتووە (الرزق) واتە: بەخشین، دان. هێندێ جاران بە باران دەوترێ ڕزق: «وَمَا أَنزَلَ اللَّهُ مِنَ السَّمَاءِ مِن رِّزْقٍ فَأَحْيَا بِهِ الْأَرْضَ بَعْدَ مَوْتِهَا»

رزق دوو بەشە:
١- بەشێکی دیارە وەک قووت.
۲- شاراوەیە وەک زانست و ناسین.

وشەدانی (المعجم الوسیط) ئاوا پێناسەی دەکا. (الرِزق) ناوێکە بۆ ئەو شتەی کراوەتە بەشی تۆ. یانی تەواوی ئەوەی سوودی لێ ڕەچاو دەکرێ وەک جلوبەرگ، ئەوەی دەچێتە گەدە و تەن هێزی پێ دەگرێ: «فَلْيَأْتِكُم بِرِزْقٍ مِّنْهُ». قیل: کم رزقک فی الشهر؟ یانی ڕاتبەکەت چەندەیە لە شارا.

لە پەڕاوی (النهاية لابن الٲثیر)دا ده‌ڵێ: یەکێک لە ناوەکانی خوای گەورە (الرزاق) واته ئەو زاتەیە ڕزقی ئافراندووە و ڕزقی چێکراوانی دیاری کردووە و پێی گەیاندوون.

لە (المفردات للراغب)دا ئاوا شی دەکاته‌وه‌؛ ڕزق هەم بە بەشی بەردەوام دەوترێ، جا دنیایی بێ یا دواڕۆژی، هەم بە سەهم دەوترێ. هەروەها بەوەش دەوترێ که دەگاتە نێو دەروون و چێژی لێ دەبینێ. «وَأَنفِقُوا مِن مَّا رَزَقْنَاكُم مِّن قَبْلِ أَن يَأْتِيَ أَحَدَكُمُ الْمَوْتُ» یانی لە ماڵ و کەسایەتی و زانست. سەبارەت بە رزقی دواڕۆژ: «وَلاَ تَحْسَبَنَّ الَّذِينَ قُتِلُواْ فِي سَبِيلِ اللّهِ أَمْوَاتاً بَلْ أَحْيَاء عِندَ رَبِّهِمْ يُرْزَقُونَ» ڕازق بەو کەسە دەڵێن کە داهێنەری ڕزق بێ، بەخشەر و هۆکاری ڕزق بێ. ڕەززاق تەنیا بۆ زاتی ئەڵڵا دەوترێ.
پوختەی مەبەست؛ ئەو واتایەی گەرەکمانە لە وشەی ڕزق بریتییە لەوەی هەر ماڵێ قازانجی ببێت، جا ماددی بێ وەک: زێڕ و زیو، حەیوان، زار، میوە، ماڵی جێگر، خواردن، جلوبەرگ، خانووبەرە و… تاد. یاخود دەروونییە (معنوی) پەروەردە و ڕاهێنان، زانست، گەورەیی و پلەی دنیایی، دەسەڵات، ژیری و زیرەکی، ڕەوشتبەرزی و کەسایەتی و… هتد. جا یەکسانە لە دنیایا سوودیان ببێ وەک ئاماژە پێکراوان یا لە دواڕۆژا وەک ڕەزامەندی خوای گەورە و پاداشتی و بەخششەکانی بەهەشت و… هتد لە وانەی خوای دڵۆڤان پێی ڕاگەیاندووین.

چەن ئایە سەبارەت بەوەی خوای مەزن ڕۆژیدەرە وەک: «وَمَا مِن دَآبَّةٍ فِي الأَرْضِ إِلاَّ عَلَي اللّهِ رِزْقُهَا وَيَعْلَمُ مُسْتَقَرَّهَا وَمُسْتَوْدَعَهَا كُلٌّ فِي كِتَابٍ مُّبِينٍ» یا «وَكَأَيِّن مِن دَابَّةٍ لَا تَحْمِلُ رِزْقَهَا اللَّهُ يَرْزُقُهَا وَإِيَّاكُمْ وَهُوَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ» یاخود «إِنَّ اللَّهَ هُوَ الرَّزَّاقُ ذُو الْقُوَّةِ الْمَتِينُ». زۆر ئایەتی‌ تر کە ئاماژە بە ڕۆژی خوڵقاوەکان ئەدەن.

کەواتە ئەبێ ڕۆژی هەر لە خوا داوا بکەین، وەک لە قوڕئانا فێرمان دەکات «فَابْتَغُوا عِندَ اللَّهِ الرِّزْقَ» واتا لەلای خوا داوای ڕۆژی کەن. یانی موسوڵمان ئەبێ پشت بەخوا ببەستێ لە بەدواداچوونی ڕۆژی و دوعاش بکات سەبەب و دەرگای ڕۆژی بۆ هاسان و سووک بکات.
ڕەوشی خوای ڕۆژیدەر وایە حەیواناتی جۆرێ خوڵقاندووە، خۆیان سەربەخۆ دوای ڕۆژی وەدەسهێنانی خۆیان بکەن بە گرتنەبەری هۆکارەکان وەک بزوان و کۆچکردن و شوێنگوێزانەوەی و گەڕان بەدوایدا. بەم جۆرەش مرۆی وا ئافراندووە بە کەڵک وەرگرتن لە هۆکار و ئامڕازەکان، هەریەک ڕۆژی خۆی پێ‌ بگات، ڕێگەی ڕۆژیشی بۆ سانا و ساکار کردووە و فەرمانی داونێ که ڕەنجدەر بن بۆ گەیەشتن بە مەبەستیان.

تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی ڕزق و ڕۆزی: ئاماژەمان‌ کرد بەوەی خوای گەورە ڕۆژی ئەدات بە خوڵقێناراوانی بە گرتنەبەری هۆکارەکان، وەک گەڕان بە زەویدا: «هُوَ الَّذِي جَعَلَ لَكُمُ الْأَرْضَ ذَلُولاً فَامْشُوا فِي مَنَاكِبِهَا وَكُلُوا مِن رِّزْقِهِ وَإِلَيْهِ النُّشُورُ». واتا، بڕۆن بگەڕێن و سەفەر بکەن بەسەر زەویدا بۆ هەموو جۆری کاسبی و ئیش‌ و کار و سەوداکردن. ئەم بڕگەی ئایەکە «وَكُلُوا مِن رِّزْقِهِ» یانی کەڵک ببینن لەوەی خوای گەورە کردوویەتییە نیعمەت بەسەرتانەوە. پێغەمبەر(د.خ) ئەفەرموێ: خوای گەورە بەندەی بڕواداری پێشەوەری خۆشەوێت.

گەر هەوڵدان بۆ پەیاکردنی ڕۆژی تەنیا ڕێگەی بەدەسهێنانی بێ و ڕەنجدان بۆی زۆر بەزەحمەت بێ، هەر ئەوە باشترە لەوەی دەرۆزەگەری بکات مادام توانایی هەبێت. وەک ئەفەرموێ: ئەگەر گوریسەکەت بخه‌یه‌ بن باڵت و بچیتە دارستان و کۆڵەدار بە شان بێنیت بیفرۆشێ و ڕووقاییم دەرچێ، باشترە دەرۆزەگەری بکات، بیدەنێ یا نەیدەنێ.

کاسبی کردن دژبەری پشتبەستن بە خوای دڵۆڤان نییە. پێشەوا عومەر(ر.خ) ئەڵێ: بیستم لە خۆشەویست ئەی فەرموو: گەر بەڕاستی پشت ببەستن بە خوا، ڕۆژیتان ئەیا وەک چۆن پەلەوەر بەیانی بە سکی خاڵی ئەڕوا و ئێوارە بە سکی تێرەوە ئەگەڕێتەوە.

حەکیم ترمزی ئەڵێ: پێشەوا عومەر بەلای تاقمێک لە خەڵکی تێپەڕبوو و فەرمووی: ئێوە کێن؟! چیتان ئەوێ؟ عەرزیان کرد: پشتمان بەستووە بە خوا. فەرمووی: بەڵکوو ئەنگۆ خۆرەرن و هیچی‌تر! ته‌وەککول بۆسەر خوا ئەوەیە که پیاوێ تۆوەکەی داچێنێ و ئەوجار پشت ئەبەستێ بە خوای گەورە.

کاسبی حەلاڵ لە پلەی خەباتکردنە لە پێناو خوایا. لە ئایەی بیستی سورەی (المزمل)دا ڕاستەوخۆ باسی کردووە: «… وَآخَرُونَ يَضْرِبُونَ فِي الْأَرْضِ يَبْتَغُونَ مِن فَضْلِ اللَّهِ وَآخَرُونَ يُقَاتِلُونَ فِي سَبِيلِ اللَّهِ…» فەخری ڕازی ئەڵێ: خاڵی زەریفی ئەم ئایە ئەوەیە خوای گەورە یەکسانی خستووەتە نێوان خەباتگێڕان و موسافیران بۆ کاسبی زەڵاڵ.

ڕۆزی فەڕدارە، هەرکە خوای گەورە سامانی دایە بەبێ تەماع و دەرۆزەکەری، ئەوە سوننەتی خوایی دەیگرێتەوە بە بەفەڕبوونی ڕۆزییەکەی. حەکیم کوڕی حیزام ئەڵێ: پێغەمبەر(د.خ) پێی فەرموو: ئەی حەکیم ئەم سامانە شیرین و سەوزه‌، جا هەرکەس بە سەخاوەتی دەروونەوە بیبات بەڕێوە، پیرۆز دەبێ، بەڵام کەسێ بە منەمن بیبات بەڕێوە، سامانی بێفەڕ دەبێ، وەک ئەوەی بخوات و تێر نەبێ. پەلی سەرۆ باشترە لە پەلی خوارۆ. مانای بەرەکەت یانی جێگیربوونی خێری خوایی لە ناخی هەر شتێکا.

خوای مەزن ڕۆزیدەری ئیماندار و بێ ئیمانه‌ (مؤمن، كافر)

خوای گەورە بەڵێنی داوە و ئاشکرا فەرموویەتی که ڕۆژی گیانلەبەران دەستەبەر ئەکەم. کەواتە هەر ڕۆحلەبەرێ لەم سەرزەوییە ببیندرێ یا نە، گەورە بێ یا نە، موسوڵمان بێ یا نە و… ڕۆزی خۆی ئەدات «كُلاًّ نُّمِدُّ هَؤُلاء وَهَؤُلاء مِنْ عَطَاء رَبِّكَ وَمَا كَانَ عَطَاء رَبِّكَ مَحْظُوراً» واتا: ڕۆزی بڕوادار بە بێبڕوا ئەدەین.

چێژبینین لە ڕۆزییە پاکەکان.

حەلاڵ و حەرام مافی خوای باڵادەستە بۆ کەس ڕەوا نییە، قەدەغەی شتێ بکات کە خوای گەورە مەعافی کردووە بە بەهانەی دشکردن یا ڕامکردنی دەروون، یا… گەر حه‌لاڵ بوو، کەڵکوەرگرتن لێی ڕه‌وایه‌، گەر حەرام بوو، واجبە توخنی نەکەوین. «قُلْ مَنْ حَرَّمَ زِينَةَ اللّهِ الَّتِيَ أَخْرَجَ لِعِبَادِهِ وَالْطَّيِّبَاتِ مِنَ الرِّزْقِ قُلْ هِي لِلَّذِينَ آمَنُواْ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا خَالِصَةً يَوْمَ الْقِيَامَةِ كَذَلِكَ نُفَصِّلُ الآيَاتِ لِقَوْمٍ يَعْلَمُونَ».

یاسای بنەڕەتی لە چێژگرتنی ڕۆزییە پاکەکان.

ئیبنوعەڕەبی ئەڵێ: ئەوەی ئەم یاسایە ڕێک ئەخا بریتییە لەوەی لەسەر مرۆ پێویستە بخوات، ئەوە دەسی ئەکەوێ، پێخۆری لەگەڵ بێ یا نە. ناوەخنی خواردنەکە نەکاتە ئەرک لەسەرەخۆی. خۆشەویست تێری ئەخوارد گەر ببوایە، ئارامگر بوو کاتێ نەبوایە. چەلی وابوو هەڵوای ئەخوارد و چەلی واشبوو هەنگوینی نۆش ئه‌کرد. گەر گۆشتی بۆ هەڵکەوتایە ئەیخوارد و… پێخۆری نەئەکردە ئەرک بۆ خۆی و خێزانەکەی.

خوددی سامان خاوەنەکەی بنباڵ ناکات لە خوای گەورە.

بە گوێرەی سوننەتی خوایی بڕێ جار مرۆ بە هۆی کاسبییەوە ساماندار ئەبێ. چون سوننەتی خوایی واهاتووە سەروەت ئەبەخشێتە بڕوادار و بێبڕوا، گوێڕایەڵ و یاغی. سرفی دەوڵەمەندی مرۆ بنباڵ ناکاتە لای خوا! ئەوەی مرۆ نێزیک دەکاتەوە لە خوای گەورە، ئیمان و ئاکاری بەرزە: «وَمَا أَمْوَالُكُمْ وَلَا أَوْلَادُكُم بِالَّتِي تُقَرِّبُكُمْ عِندَنَا زُلْفَي إِلَّا مَنْ آمَنَ وَعَمِلَ صَالِحاً فَأُوْلَئِكَ لَهُمْ جَزَاء الضِّعْفِ بِمَا عَمِلُوا وَهُمْ فِي الْغُرُفَاتِ آمِنُونَ».

ڕۆزیدان و گرتنەوەی (هەژاری و بژاری)
چەلی وایە خوای گەورە زۆر زۆر ئەدا بە بڕێک لە ئینسانه‌کان! ئەوە ئەچێتە ڕیزی دەوڵەمەندانەوە. بڕگەی دووهەمی مرۆکان ڕۆزیان لێ ئەگرێتەوە، زۆر هەژار و برژاو ئەکەون! ئایا ئەوەی کە پێی داوه‌، شایانی بوونیەتی، ئەوەش کە نەدارە، نیشانەی سووک بوونییەتی؟!

وەڵام؛ نەخەیر، دەوڵەمەندی و هەژاری، هێمای لیاقەتی و بێلیاقەتی مرۆکان نییە. هەبوویی لە دنیایا بەڵگەی شایانی خاوەنەکەی نییە و ئەوەش ناگەیەنێ لەلای خوای مه‌زن خۆشەویستە! چونکە خواوەن تەعالا زۆرێک لە تاوانکاران و زاڵمان و مڵهوڕانی پارەخنکاو کردووە! جا لەبەر سێ هۆ ئەوەی کردووە:

۱ـ یا لەبەر ئەوەیە (يَفْعَلُ مَا يَشَاءُ، و يَحْكُمُ مَا يُرِيدُ)ه.
۲ـ یا ئەوەی کردووە لەبەر بەرژەوەندی و حیکمەتێک.
۳ـ یا بۆ ڕێگەدان و جڵەوشۆڕکردنە.

جاری واشە خوای گەورە دەرگای ڕۆژی ئەبەستێ لە ڕاستوێژان و چاکان و… لەبەر حیکمەتێ کە جگە خۆی کەس نازانێ یا سوننەتی گشتی خۆی واسە. «فَأَمَّا الْإِنسَانُ إِذَا مَا ابْتَلَاهُ رَبُّهُ فَأَكْرَمَهُ وَنَعَّمَهُ فَيَقُولُ رَبِّي أَكْرَمَنِ» (15)
«وَأَمَّا إِذَا مَا ابْتَلَاهُ فَقَدَرَ عَلَيْهِ رِزْقَهُ فَيَقُولُ رَبِّي أَهَانَنِ»(16)
«كَلَّا بَل لَّا تُكْرِمُونَ الْيَتِيمَ» (17)
«وَلَا تَحَاضُّونَ عَلَي طَعَامِ الْمِسْكِينِ» (18)
«وَتَأْكُلُونَ التُّرَاثَ أَكْلاً لَّمّاً» (19)
«وَتُحِبُّونَ الْمَالَ حُبّاً جَمّاً» (20)

بەکورتی؛ یانی ئەوەی بە هێندێ که‌س دارایی ئەدات و هێندێ نەبوویی ئەدات، هیچان وانەزانن سەربەرزی و ڕێزە بۆیان لە لای خواوەندەوە یا سووکایەتی و بێحورمەتییە بۆیان! نا، خواوەن ماڵ ئەدا بە کەسێ خۆشی بووێ یا خۆشی نەوێ. لە هەردوو حاڵەکەیا ئامانج پێبەندییە و بۆ نەداریش سوپاسگوزاری.

فەلسەفەی جیاوازی مرۆکان لە ڕۆزی‌دا چییە؟

۱- خزمەتگوزاری یەکتری پێ بکەن: «أَهُمْ يَقْسِمُونَ رَحْمَةَ رَبِّكَ نَحْنُ قَسَمْنَا بَيْنَهُم مَّعِيشَتَهُمْ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَرَفَعْنَا بَعْضَهُمْ فَوْقَ بَعْضٍ دَرَجَاتٍ لِيَتَّخِذَ بَعْضُهُم بَعْضاً سُخْرِيّاً وَرَحْمَتُ رَبِّكَ خَيْرٌ مِّمَّا يَجْمَعُونَ». واتا: خوای گه‌وره‌ ئه‌فه‌رموێ: ئایا ئه‌وان ڕه‌حمه‌تی خوای گه‌وره‌، واته‌: پێغه‌مبه‌رایه‌تی دابه‌ش ئه‌كه‌ن و به‌ خه‌ڵكی ئه‌به‌خشن، ئێمه‌ ژیان و بژێوی ئه‌وانمان دابه‌ش كردووه‌ له‌ ژیانی دونیادا و پله‌ی هه‌ندێكیانمان به‌رز كردۆته‌وه‌ به‌سه‌ر هه‌ندێكیاندا له‌ دونیادا به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی و ده‌سه‌ڵات و هێز و توانا، تا هه‌ندێكیان خزمه‌تی هه‌ندێكیان بكه‌ن به‌ كر و پاره‌، یان هه‌ندێكیان گاڵته‌ به‌ هه‌ندێكیان ئه‌كه‌ن به‌وه‌ی كه‌ هه‌یانه‌، به‌ڵام ڕه‌حمه‌تی خوای گه‌وره‌ باشترین شتێكه‌ كه‌ مرۆڤ كۆی بكاته‌وه‌، نه‌ك ده‌سه‌ڵات و پاره‌ و شته‌ دونیاییه‌كان.

۲- بەرگری لە یاخی بوون:
ده‌وڵه‌مه‌ندى هۆكاره‌ بۆ خراپه‌كارى: «وَلَوْ بَسَطَ اللَّهُ الرِّزْقَ لِعِبَادِهِ لَبَغَوْا فِي الْأَرْضِ» هه‌ژارانی ئه‌هلی (صوففه‌) ئاواتیان خواست و وتیان خۆزگه‌ ئێمه‌یش هه‌بوون بووینایه‌، ئه‌م ئایه‌ته‌ له‌سه‌ر ئه‌وان دابه‌زی: ئه‌گه‌ر خوای گه‌وره‌ ڕزق و ڕۆزی بۆ به‌نده‌كانی فراوان بكات و زۆریان پێ ببه‌خشێ له‌سه‌روی پێویستی خۆیان، ئه‌وا زوڵم و سته‌م له‌ یه‌كتری ده‌كه‌ن له‌سه‌ر زه‌ویدا و له‌ خۆیان بایی ده‌بن و فه‌خر و شانازی به‌سه‌ر یه‌كتریدا ده‌كه‌ن «وَلَكِنْ يُنَزِّلُ بِقَدَرٍ مَا يَشَاءُ» به‌ڵام خوای گه‌وره‌ به‌ ویست و حیكمه‌تی خۆی به‌ ئه‌ندازه‌یه‌كی دیاریكراو بۆیان دائه‌به‌زێنێ، ئه‌وه‌نده‌ی كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانی تێدا بێت، (باشترین ژیان ئه‌وه‌یه‌ سه‌رقاڵت نه‌كات له‌ په‌رستنی خوای گه‌وره‌ و توشی تاوانت نه‌كات) «إِنَّهُ بِعِبَادِهِ خَبِيرٌ بَصِيرٌ (27)» خوای گه‌وره‌ زۆر زانیارییه‌كی وردی هه‌یه‌ به‌ به‌نده‌كانی و زاناتره‌ كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی یان هه‌ژاری بۆیان باشتره‌ و زۆر بینایه‌ و هه‌موو شتێكیان ئه‌بینێت).

ئیماندار بۆ ئەم جیاوازییە سەغڵەت و مات نابێ. موسوڵمان لە دنیایا هیچ کات و ساتێ بۆ ئەم جیاوازییە دنیاییە خەفەت ناخوا، چۆن ئەزانێ ئەم دنیایە ئاقیبەت هەر تیاچوونە، ئارمانجی هەموومان ڕەزامەندی خوایە و دواڕۆژ کە قەت قەت بڕانەوەی نییە! هەروەها ئەزانێ کە دنیا چەنێ بێنرخە لای خوای گەورە. بەڵگەی پووچی دنیا لای خواوەندی مەزن دوای ئایەی سی‌ودووی زوخڕوف ئاوا ئەفەرموێ سه‌باره‌ت به‌ بێنرخى سه‌روه‌ت و سامان و دونیا: «وَلَوْلَا أَنْ يَكُونَ النَّاسُ أُمَّةً وَاحِدَةً» و ئه‌گه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ نه‌بوایه‌ كه‌ زۆرێك له‌ خه‌ڵكی نه‌زان و نه‌فام وایان گومان ده‌برد كه‌ به‌خشینی ماڵ و سه‌روه‌ت و سامان به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر خۆشویستنمان بۆیان و هه‌ر هه‌موویان له‌سه‌ر كوفر كۆببه‌نه‌وه‌: «لَجَعَلْنَا لِمَنْ يَكْفُرُ بِالرَّحْمَنِ لِبُيُوتِهِمْ سُقُفًا مِنْ فِضَّةٍ وَمَعَارِجَ عَلَيْهَا يَظْهَرُونَ» (33) ئه‌وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ كوفریان به‌ خوای گه‌وره‌ بكردایه‌، دونیامان پێ ئه‌به‌خشین و سه‌قفی ماڵه‌كان و پلیكان و په‌یژه‌كان كه‌ پیایدا سه‌رئه‌كه‌ون هه‌موویمان بۆ ئه‌كردن به‌ زیوبه‌ڵام له‌به‌ر دڵی باوه‌ڕداران پێیان نابه‌خشین «وَلِبُيُوتِهِمْ أَبْوَابًا وَسُرُرًا عَلَيْهَا يَتَّكِئُونَ» (34) وه‌ ده‌رگای ماڵه‌كان و جێگای پاڵدانه‌وه‌ی هه‌ر هه‌موویمان ئه‌كرد به‌ زیو. «وَزُخْرُفًا» و بۆیانمان ئه‌ڕازانده‌وه‌ به‌ نه‌خش و نیگار و ئاڵتوون «وَإِنْ كُلُّ ذَلِكَ لَمَّا مَتَاعُ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا» به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌مووی خۆشی ژیانی دونیایه‌ و ده‌بڕێته‌وه‌ و كۆتایی دێت، پێغه‌مبه‌ری خوا -صلی الله علیه وسلم- ده‌فه‌رموێت: »ئه‌گه‌ر دونیا لای خوای گه‌وره‌ كێشی باڵه‌ مێشوله‌یه‌ك نرخی هه‌بووایه‌، ئه‌وا خوای گه‌وره‌ قومه‌ ئاوێكی به‌ كافر نه‌ده‌دا» «وَالْآخِرَةُ عِنْدَ رَبِّكَ لِلْمُتَّقِينَ» (35) به‌ڵام قیامه‌ت لای په‌روه‌ردگارت تایبه‌ت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ ته‌قوای خوای گه‌وره‌ ئه‌كه‌ن، وه‌ ئه‌وه‌ باشتره‌.

ڕەوینەوەی تێگەیشتنێکی نالەبار:

واتێنەگەین مەبەستم ئەوەیە خۆڕادەستی هەژاری و نەداری کەین و کاسبی نەکەین! نا نا، بەڵکو مەبەست ئەوەیە موسوڵمان دوای گرتنەبەری ئەسبابی ژیان و ژیانەوە و هەستان بە ئەرکە شەرعییەکانی بۆ مسۆگەرکردنی ڕزقوڕۆزی بە ڕێگای دروست و ڕەوایا و… واش هەر نەداربوو! ئەو ساتە پێویستە ئەم ئایات و فەرموودانە بیرخۆی بێنێتەوە و خەمۆکی داینەگرێ بۆ تەنگی ژیانی.

هەڵوێستی موسوڵمان لە ئاستی سەروەتەکەی چییە؟ چ ئەرکێکی هەیە؟

۱- بزانێ ئەم داراییەی دارایە، پێی هی خۆی نییە!؟ بەڵکو ماڵی خوایە پێی داوە: «وَآتُوهُمْ مِنْ مَالِ اللَّهِ الَّذِي آتَاكُمْ» و له‌و ماڵه‌ی خوای گه‌وره‌ پێی به‌خشیوون، ده‌به‌خشن. «وَأَنفِقُوا مِن مَّا رَزَقْنَاكُم».

۲- بترسێ لە یاخیبوونی بە سەروەتەکەیەوە. چونکە سامان مرۆڤ یاخی و لادەری ئەکات «كُلُوا مِنْ طَيِّبَاتِ مَا رَزَقْنَاكُمْ وَلَا تَطْغَوْا فِيهِ» بخۆن له‌و خواردنه‌ به‌تام و چێژ و حه‌ڵاڵانه‌ی كه‌ پێمان به‌خشیون، به‌ڵام سنوور مه‌به‌زێنن، یاخود كوفرانه‌بژێری نیعمه‌تی خوای گه‌وره‌ نه‌كه‌ن «فَيَحِلَّ عَلَيْكُمْ غَضَبِي» له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سزای من دائه‌به‌زێته‌ سه‌رتان «وَمَنْ يَحْلِلْ عَلَيْهِ غَضَبِي فَقَدْ هَوَى» (81) و هه‌ر كه‌سێكیش تووڕه‌بوون و سزای منی بۆ جێبه‌جێ بێ، ئه‌وه‌ به‌هیلاك ئه‌چێت و فڕێ ئه‌درێته‌ شوێنی نزم كه‌ قوڵایی دۆزه‌خه‌. یاخی بوونەکەیان ئەوەیە زۆر خەریکی گەمە و گاڵتە و گەپ و خەرجی زیادە و ئیسرافکردن لە هەموو شتێکا. گوناهکردن و دوورکەوتنەوە لە عیبادەت و تاعەت و…

۳- بەسەرهاتی قاڕوون بێنێتە پێش چاوی کە ماڵ‌ و دارایێکی یەکجار زۆری هەبوو! یاخی بوو، سەرکەشی ئەکرد، ئەیوت ئەم سەروەتەم بە ڕەنج و لێزانینی خۆم کۆ کردووەتەوە و… تاد، بەرهەمی ئەم ئەتوارانەی ئەمەبوو: «فَخَسَفْنَا بِهِ وَبِدَارِهِ الْأَرْضَ» خوای گه‌وره‌ ئه‌فه‌رموێ: خۆی و ماڵه‌كه‌یشیمان به‌ ناخی زه‌ویدا برده‌ خواره‌وه‌ و ڕۆچوو به‌ ناخی زه‌ویدا.

هەڵوێستی بابای هەژار لە کاتی تەنگ دەستیدا چییە؟

۱- موسوڵمان بە دڵنیاییەوە بزانێ کە فەقیری و دەوڵەمەنی بە ویستی خوایە و هیچیان ئاماژە نین بە ڕێز و حورمەت و سووکایەتی بەندەکان لای خوای گەورە و بەس بۆ هەڵسەنگاندن و ئازموونە. چون خواوەند چۆنی بوێ و بەچی بیهەوێ ئەو ئازموونە ئەکات.

۲- بزانێ عیبادەت لەم ساتەیا بریتییە لە خۆڕاگری و سەبر! گەر ناشکوری نەکرد، ئەچێتە ڕیزی ئەو پارێزگارانەی (المتقین) پاداشیان بێ حەساوە.

۳- نائومێد نەبێ، دڵ نیگەران نەبێ بۆ تەنگ دەستی‌ و نەداری و ژیان زبرییەکەی، با دایمە ژیانی خۆشەویست(د.خ) و یارانی وەبیر خۆی بێنێتەوە.

۴- بزانێ مەتاعی دنیا کەمە و تامی ئەڕوا، شایان نییە کیسەی خەفەتی بۆ هەڵگرێ.

۵- سەیری کەم دەرامەدانی خوار خۆیەوە بکات.

۶- ئەو فەرموودەی لە دڵا بێت کە فەرموویەتی: لە دنیایا یا غەریب بە، یاکو ڕێبواری ڕێگە بە.

ئەم فەرموودە بنەمای ڕەسەنە بۆ زوهد و تەرکی دنیا. پێشەوا نەوەوی ئاوا ئەفەرموێ: پاڵ مەدەن بە دنیاوە، مەیکەنە نیشتژای خۆتان، خۆتان بە مانەوەی دنیا گیرۆدە مەکەن.

ڕێبوار لە دنیادا بۆیە ئەگەڕێ، چونکه عەوداڵی خاکەکەیەتی. مرۆڤ لەم دنیایەیا ڕۆڵی کۆیلەیێک ئەبینێ گەورەکەی ناردوویەتی بۆ پێویستییه‌ک زوو ئیشەکەی بکات و وەگەرێ.

نووسه‌ر: دکتۆر عه‌بدولکەریم زەیدان
وه‌رگێڕ: سه‌عدی موڕادی
سۆزی میحڕاب

از طريق
سعدی مرادی
منبع
https://sozimihrab.org/
نمایش بیشتر

سعدی مرادی

استان کردستان - بانه مترجم و نویسنده دعوتگر و فعال دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا