فتاویفقه

بازاڕگەری “وەن کۆین” ناوەندێک بۆ خەڵەتاندن و چەواشەکاری!

بازاڕگەری “وەن کۆین” ناوەندێک بۆ خەڵەتاندن و چەواشەکاری؟

خەون و خەیاڵی دەوڵەمەندبوون یان خۆزگەپێبردنی، لای هەموو مرۆڤێکی تەندرووست، خواستێکی شەرعییە. هەڵبەت بەو مەرجەی لەسەر حیسابی خەڵکی تر نەبێت و نەچێتە بازنەی خواردنی ماڵی بە ناحەقی خەڵک و دەستبردن بۆ ماڵ و دارایی گشتی و دەوڵەت.

خوێنەرانی بەڕێز و خۆشەویست؛ بەداخەوە ماوەیەکی زۆرە لە وڵاتی ئێمە چەند کۆمپانیایەک لە ژێر ناونیشانی دراوێکی ئەلکترۆنی نوێ بە ناوی “وەن کۆین” کەوتۆتە بازاڕەوە و کێشە و سه‌رهێشه‌ی بۆ خەڵک و هەوادارانی خۆی دروست کردووە و لەو سۆنگەیەشەوە دەیان ڕاوبۆچوونی جیاواز لە ئەبێ و نابێ و دروستە و نادروستە یان پرسی حەڵاڵ و حەرامی هێناوەتە کایەوە و مقۆمقۆی زۆری لای زانایانی ئایینی دروست کردووە، ئێمە لەو نامیلکەیەدا ئەو بابەتە ڕوون دەکەینەوە.

سەرەتا بۆ بەرچاوڕوونی خوێنەرانی بەڕێز گرینگە ئاماژەیەکی کورت و خێرا بدەیین بە جۆری مامەڵە داراییەکان و ئامانج و مەبەستەکانیان بخەینە ڕوو. بە گشتی مامەڵە داراییەکان دەبن بە پێنج بەش.

یەکەم: ئاڵوگۆڕ (التبادلات، المعاوضات): ئامانج لەو بەشە دەستەبەرکردنی دادگەرییە (العدل).

دووەم: سەرپشککردن (الخیارات): ئامانج لەو بەشە بێ عەیبی و سەڵامەتییە (السلامة).

سێهەم: هاوبەشیکردن (المشارکات): ئامانج لەو بەشە هاوکاری و یەکتر تەواوکردن و بەشداری پێکردنی یەکترە (التکافوو و التکامل).

چوارەم: پێدان و پێبەخشین (التبرعات): ئامانج لەو بەشە چاکە لەگەڵ یەکتر کردنە (الاحسان).

پێنجەم: پابەندبوون و دڵنیایی پێدان (التوثیقات): ئامانج لەو بەشە پێدانی دڵنیاییە (الامان).

حوکمی بەشداریکردن لە بازاڕگەی وەن کۆین بەڵێ یا نەخێر؟

لێرەوە دەکرێ بڵێین ئەو دۆست و برادەرە
بەڕێزانەی کە لە بازرگەی (وەن کۆین) تێوەگڵاون و ئیش دەکەن، جۆرێک لە دڵنیایی بدەنە ئەو تازە بەشدابووانەی کە دەیان خەون و خەیاڵی جوانی دەوڵەمەندبوون دەخەنە پێش چاویان، یان خود جۆرێک لە دەرفەتی پەشیمانی و پاشگەزبوونەوەیان بدەنێ؟!

بەڵام ئایا هیچ کام لەو کارانە دەکەن؟ یان ئامادەن هیچ جۆرە بەرپرسیارەتییه‌ک هەڵبگرن؟ بێگومان نەخێر!

ئایا ئەگەر هەڵەیەک لەڕووی نەزانینەوە لە شێوازی مامەڵەکەدا ڕووی دا، وه‌ڵامیان دەدەنەوە یا خود پارەکەیان پێدەدرێتەوە؟ بێگومان نەخێر!

لە ڕوویەکی ترەوە دەبێ حەز و خولیای قازانجکردن، ئەوەمان لەبیر نەباتەوە کە دەوڵەمەندبوون دەبێت بە ڕێگای حەڵاڵ و ڕەوا و شەرعی بێت، ڕێگاکانی قازانجی حەڵاڵ و زوڵاڵ بەو شێوەیەی زانایانی شەرعناس باسیان کردووە، بریتییە لەوەی کە داهات و دەسكەوت و قازانجەکانمان دوور بێت لە ڕيبا و لە سووخۆرییەوە سەرچاوەی نەگرتبێت. هەروەها نابەرابەرى (الغبن) لە مامەڵەکەدا نەبێت، بە هەمان شێوە مامەڵەکە خاڵی بێت لە فێڵكردن و خەڵەتاندن (الغرر)، وەک دەبێت ئەو مامەڵەیە دوور بێت له بۆنوبەرامەی قۆرخکاری. لە لایەکی ترەوە بە بیرکردنەوەی عەقڵی ڕەبەت ــ ڕووت ــ پارەداربوون و دەوڵەمەندی بەبێ مامەڵەیەکی ڕاستەقینە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنان و کارگێڕی و ئیدارەکردن و پێبەخشین و بۆ ماوەیی مەحاڵە. بۆیە لە ئەمڕۆدا لە قوڵایی ڕۆژاوادا بیر لەوە دەکرێتەوە کە خۆیان لە مامەڵەی وەهمی و خەیاڵی بەدوور بگرن. نەک هەر ئەوەندە، بەڵکوو ژیرمەند و شارەزایانی ئابووری ڕۆژاوا، زۆرینەیان بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن کە ئابوورییەک بنیات بنێن بۆنی قومار و خەڵه‌تاندن و سووخۆری لێ نەیەت، بەڵکوو ئابوورییەکی ڕاستەقینە بێت بۆ خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی کۆمەڵگە.

ناوی بەشێک لەو کۆمپانیانە وەک: بزناس، جولد، کویست، برایم، بنک، ئی دینار، مێگا، هۆڵدین، کونێت و وەن کۆین.

خاڵی هاوبەشی ئەو کۆمپانیانە ئەوانەن:

یەکەم: شێوەی بازاڕگەری قووچکه‌یی (هێره‌می)، شێوازی کارکردنی بێ مشتومڕە لەم کۆمپانیانەدا، واتە دەبێ لەژێر باڵی ڕاست و چەپی کەسانی دیکه‌وه‌ بەشداری بکرێت.

دووەم: کاڵا و شمەک و خزمەتگوزارییەکان ئامانج نین، گەرچی پێشکەش دەکرێن. بەڵام ئامانج گەیشتنە بە خەون و خەیاڵە جۆراوجۆرەکان لە دەوڵەمەندی بەڕێگای بەشداریکردن.

سێهەم: بڕە پارەیەکی نابەرابەر دەدرێت لەژێر باڵی ڕاست و چەپی کەسانێکدا که بەنیازی وەرگرتنەوەی زیاترن لەو بڕە دراوە، لەڕێگای هێنانی خەڵکێک بۆ ژێر باڵی کەسی بەشداربوو لە قۆناغی لەپێشتر.

چوارەم: ناو و ناوبانگی ئەو کۆمپانییانە بۆ کاتێکی سنووردارە و ئەوانەی لەو سەرەوە ناومان هێناون، لە ئێستادا ته‌نیا دوانی کۆتایییان ماونەتەوە و مشتومڕی حەڵاڵی و حەرامیان لە بارەوە دەکرێت.

ئێستا پاش ئەم پێشەکییە، لە چەند خاڵێکدا مامەڵەی وەن کۆین و پیناسەیەکی کورتی لەسەر دەدەین.

١- پیناسه: “وەن کۆین” بەشێکه لە سیستەمی کریپتۆ کرەنسی (Crypto Currency) کە بریتییە لە دراوی ژمارەیی تەشفیرکراو، کە ئەم جۆرە دراوانە حاڵەتی بەرجەستەبووى دەرەکی فیزیکییان نییە و خاڵی جیاکەرەوەی سەرەکی ئەم جۆرە دراوانە و دراوی ئاسایی، ئەوەیە کە کریپتۆ کەرەنسی هیچ حكومەتێک خاوەنی نییە. هەر بۆیە بەهاکەی زۆر بە خێرایی لە گۆڕانکاری دایە و لەژێر هیچ جۆرە پاراستن و چاودێرییەکدا نییە.

هەرچەندە وەن کۆین بەشێکە لە سیستەمی (Crypto Currency)، بەڵام تا ئیستا لەو جۆرە سیستەمەدا و لە هیچ بوورسێکی جیهانیدا وەکوو دراو، مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت. بۆیە بانگەشەکارانی ئەم جۆرە مامەڵەیە دەڵێن لە داهاتوویەکی نزیکدا دەچێته بوورسە جیهانییەکانەوە و بەڵێنی قازانجی زۆر گەورە بە بەشداربووانی دەدەن.

ئێستا “وەن کۆین” لە دوو تۆیی چەند پاکێجێکدا مامەڵەی پێوه دەکرێت و هەر یەك لەو پاکێجانە، بڕێک (تۆکن)یان تێدایە و ئەو (تۆکن)انه پاش تێپەڕبوونیان بە کۆمەڵێک قۆناغ و بەرنامەی ئاڵۆزدا دەبنە (کۆین) و دەچنە سەر هەبووی خاوەن پاكێجەکان.

۲- بە پێی خاڵی یەکەم و هەروەک لەناو سیسته‌می مامەڵەکەوە دەردەکەوێت، وەن کۆین دراوە و هەر بۆیەش دەبێت هەموو هەلومەرجەکانی مامەڵەکردن بە دراوی شەرعی تێدا بێت. چونکە شەرع مامەڵە لەگەڵ ناوی شتەکان ناکات، بەڵکوو مامەڵە لەگەڵ ناوەڕۆکی شتەکان دەکا. بۆیە هەرشتێک خەڵکی وەک دراو تەماشای بکەن و مامەڵەی پێوە بکەن، هه‌مان حوکمی دراوی شەرعی وەردەگرێت و بەهەمان شێوەش مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ئیمامی مالیک ڕەزای خوای لێ بێت دەفەرموێت: «و لو ٲن الناس اجازوا بینهم الجلود حتی تكون لها سكة لها سكة و عین لكرهتها ٲن تباع بالذهب و الورق نظرة» واتە: «ئەگەر خەڵکی ڕازی بوون بەوەی بە پێستی ئاژەڵ مامەڵە بکەن و کردیانە دراو و سکەیان پێ لێ دا، پێم باش نییە بفرۆشرێت بە ئاڵتون و زیو و یەکێکیان ــ ئاڵتون و زیوەکەی، یان فلسەکە ـــ لە کاتی ئەنجامدانی گرێبەسته‌کەدا ئامادە نەبن» (المدونة، بەرگی ۲ ڵاپەڕە ۵)

مەرجی سەرەکی مامەڵەکردنی شەرعیش بەهەر دراوێکەوە ئەوەیە کە دەبێت لە کاتی ئاڵوگۆڕکردنیان هەر دوو دراوەکە ئامادە بن یان هەبووی ڕاستەقینەیان هەبێت. ئەگەر لە ڕێی چەکی بانکییەوە مامەڵەیان پێوە کرا، خۆ ئەگەر یەکێک لە دراوەکان ئامادە نەبوون، ئەوە یەکسەر مامەڵەکە دەبێتە سوو و دروست نییە، ئەم مەرجەش کۆ دەنگی زانایانی لەسەرە کە ئاماژەیان پێدەکەین:

یەکەم: «عن عبادە بن الصامت قال رسول‌اللە(صلی الله عليه و سلم): الذهب بالذهب والفضلە بالفضە و… یدا بید، فاذا اختلف هذە الصناف فبیعوا کیف شئتم اذا کان یدا بید) واتە: «عوبادەی کوڕی سامیت دەڵێت: پێغەمبەری خوای دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت دەفەرموێت: ئاڵتون بە ئاڵتون، زێو بە زێو… دەست بە دەست، خۆ ئەگەر ئەم جۆرانە جیاواز بوون، ئەوکات چۆنتان پێ باش بوو، ئاوەها بیفرۆشن، بە مەرجێک دەست بە دەست بێت». (موسلیم بەرگی ۳)

ئەبوو سەعیدی خودری دەفەرموێت: «لاتتبعوا الذهب بالذهب الا مثل بمثل… ولاتتبعوا غائب منها بناجز» واتە: «ئاڵتون بە ئاڵتون مەفرۆشن، مەگەر ڕێژەکەیان وەکو یەک بێت… و ئەگەر یەکێکی تریان ئامادە نەبوو، ئەوە مەیفرۆشن». (سەحیحی موسلیم بەرگی ۳)

«عن مالک بن اوس قال: اقبلت اقول من یصطرف الدارهم فقال طلحه: ارنا الذهب حتی یٲتی الخازن ثم تعال فخذ ورقک. فقال عمر بن الخطاب رضی‌الله‌عنه: کلا والذی نفسی بیده لتردون الیه ذهبه، او لتنقدنه ورقه، فانی سمعت رسول‌الله‌: الذهب بالذهب بالورق رب الا ها و ها، والبر بالبر رب الا ها وها، والشعیر بالشعیر رب الا وها، والتمر بالتمر رب الا ها وها» واته: «مالکی کوڕی ئەوەس دەڵێت: دەگەڕام دەمگوت کێ زیوی هەیە بیفرۆشێت، تەڵحەی کوڕی عوبەیدوڵڵا گوتی: ئاڵتونەکەتمان نیشان بدە، تا ژمێریارەکەمان دێت، کە هات وەرە زیوەکەی خۆت وەرگرە. پێشەوا عومەر(خوای لێ ڕازی بێت) فەرمووی: بەو کەسەی گیانی منی بەدەستە، شتی وا نابێت، یان ئاڵتونەکەی بۆ دەگێڕیەوە، یان هەر ئێستا زیوەکەی دەدەیتێ، من گوێم لە پێغەمبەری خوا بوو، دەیفەرموو: گۆڕینەوەی ئاڵتون بە زیو دەبێتە سوو، ئەگەر دەست بە دەست نەبێ و گۆڕینەوەی جۆ بە جۆ دەبێتە سوو، ئەگەر دەست بە دەست نەبێت و گۆڕینەوەی خورما بە خورما، ئەگەر دەست بە دەست نەبێت، دەبێت بە سوو» (بەیهەقی، السنن‌الکبری ــ بەرگی ۵)

لە کولدا زانایانی موسوڵمان کۆکن لەسەر ئەوەی که دروست نییە خۆڵ و دراو و خشڵی ئاڵتون بە ئاڵتون و زیو بە زیو بفرۆشێت، مەگەر وەکو یەک بن و یەک کێشیان هەبێت و یەکسەر ڕادەست بکرێن.

ئەمانە مشتێکن لە خەرمانی ئەو بەڵگانەی کە دەیسەلمێنن هەر دراوێک لە کاتی مامەڵە پێوە کردنیدا ئامادە نەبێت، ئەو مامەڵەیە دەبێتە سوو، جا هەرچەندە وەن کۆین بەدراو ئاماژە دەکرێت و کۆمپانیا وەبەرهێنەکەی وەک دراو نیشانی دەدات و ڕیکڵامی بۆ دەکات، بەڵام ئەم دراوە لە ئێستادا نە ئامادەیە و نە بوونیشی هەیە. تەنیا بەڵێنێک هەیە کە لە داهاتوودا دەبێتە دراو، ئەویش هیچ کەس لە ئێستادا ناچێتە ژێر بەرپرسیارێتی ئەو بەڵێنە کە ئاخۆ دەچێتە سەر یا خود نا.

گرفتێکی تری ئەو جۆرە دراوانە ئەوەیە کە هیچ دەوڵەتێک یان دامەزراوەیەکی دارای خاون سەنگ و باوەڕپێکراو پشتگیری ناکات، بەڵکوو چەند کۆمپانیایەکی گۆمانلێکراویان لە پشتەوەیە و هەر کاتیش گرفتێک ڕوو بدات، یان سیستەمە ئەڵکترۆنییەکەی ئەم دراوانە تێک بچێت، یان هەک بکرێت، بەشداربووان نازانن یەخەی کێ بگرن و سکاڵا لەسەر کێ تۆمار بکەن. هەڵبەت ئەمڕۆ ئەو کەسانەی کە بانگەشە بۆ بازارگەی وەن کۆین دەکەن دەڵێن: وەن کۆین دراو نییە، بەڵکوو کاڵایە و ئێمە وەکو کاڵا دەیفرۆشین، هەرچەندە ئەم قسەیە دوورە لە لۆژیکی عەقڵەوە. چونکە وەکو پێشتریش گوتمان شەرع مامەڵە لەگەڵ ناوەڕۆکی شتەکان دەکات، نەک ناوەکانیان و گۆڕینی ناو، حوکمی ناوەڕۆک ناگۆرێت و لە ڕووی لۆژیکیشەوە، بەشێکە لە سیستمی (Crypto Currency) و دراوی ژمارەیی و کڕیارانیشی بەو مەبەستە دەیکڕن و چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکەن.

ئەوان لە ئێستادا دەڵێن وەن کۆین کاڵایێکە و کۆمەڵێک پاکێجی هەیە و ئەو پاکێجانە کۆمەڵێک خولی فێرکاری تێدایە و لەگەڵ هەر پاکێجێکیشدا هەندێک (تۆکن)ی وەکو دیاری لەگەڵدایە. ئەمەیش زۆر دوورە لەو ڕاستییە، چونکە ئەمە کەسی بەرانبەر واتێدەگەیەنێت کە کڕیار لەبەر پاکێجەکە خۆی کاڵاکە دەکرێت، نەک (تۆکن)ەکان، لە کاتێکدا کارەکە پێچەوانەیە. کڕیار لەبەر (تۆکن)ەکان پاکێجەکە دەکڕێت کە پاش ماوەیەک دەبێتە وەن کۆین و کۆینەکانیش دەڵێن دەبنە دراو…
ئەو دیارییەی کە (تۆکن)ەکانە و وا وێنا دەکەن کە شتێکی لاوەکییە، ئەگەر مەبەست ڕاستییە له‌گەڵ لایەنگرانی ئەو بازارگەیە لە مامەڵەکەدا، دەی با تەنیا پاکێجەکان بفرۆشن، ئایا کەس دەیکرێ؟ ئەگەر ئێمە وەک کاڵا و وەک پاکێج مامەڵە لەگەڵ وەن کۆین بکەیین، وەن کۆین بەو شێوەیەی باسمان کرد، داهاتوویەکی نادیاری هەیە و بەمەش دەچێتە ڕێزی ئەو مامەڵانەی کە لە شەرعدا پێی دەگوترێت (بیع الغرر) کە دەقی شەرعی لەسەر حەرامی ئەم جۆرە مامەڵانە هەیە.

ئەم جۆرە ماماڵەیە واتای چییە و لە چیدا لەگەڵ (وەن کۆین) یەک دەگرنەوە؟

پێناسەی ــغررــ واتە: لە ڕووی زمانەوانییەوە بە واتای مەترسی یا خود شاراوەیی دێت، لە ڕووی زاراوەییشەوە زانایان سێ پێناسەی بۆ دەکەن کە بریتییە لە مامەڵەکردن بەهەر شتێک کە شاراوەیی و مەترسی و چارەنووسیی نادیاری تێدابێت. زانایانی ئایینی پێناسەی (غرر) بە جۆرێک لە قومار باس دەکەن و ئیبنو تەیمییەش لەو بارەوە دەفەرموێت: «النبی ٍﷺ حرم ٲشیاء داخلة فیما حرم‌الله فی كتابه، فٳن الله حرم كتابه الربا و المیسر، و حرم النبی ٍﷺ بیع الغرر، فٳنه من نوع المیسر» واتە: «پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت، هێندێک شتی قەدەغە کردووە و دەچنە ژێر ئەوانەی کە خوای گەورە لە قوڕئاندا حەرامی کردووە، خوای گەورە لە قوڕئاندا سوو و قوماری حەرام کردووە و پێغەمبەری خوا فرۆشتنێک یا مامەڵەیەک که (غرر) نادیاری تێدا بێت حه‌رامی کردووە کە ئەویش جۆریکە لە قومار». وەن کۆین، کە وەک کاڵا باسی دەکرێ، هەموو ئەو سیفەتانەی تێدایە. چونکە شاراوەیی و نادیاری زۆری پێوە دیارە و وەک پێشتریش گوتمان، هیچ دەوڵەتێک یا دامەزراوەیەکی دارایی باوەڕپێکراو و خاوەن سەنگ پشتگری ناکات و هیچ زەمانەتێکی یاساییش نییە بۆ خاوەن پشک و کڕیارەکان لای کۆمپانیا. ئەوە جگە لەوەی کە چاڕەنووسی (تۆکنەکان) کە مەبەستی سەرەکی مامەڵەکەیە، شاراوە و پڕمەترسی و نادیارە، دەبێت بە دراوێکی بەناوبانگی وەک (بت کۆین) یان هەرەس دەهێنێت و پوچەڵ دەبێتەوە.

ئایا (وەن کۆین) لە بنەڕەتدا بەڵگەی شەرعی بوونی هەیە؟

تاکە بەڵگەیەک کە هەڵسوڕاوانی وەن کۆین پشتیان پێ بەستووە بۆ ڕێگەدان بە مامەڵەکەیان، ئەو قاعیدە فیقهییەیه‌ کە دەڵێت: «الاصل فی الاشیاء الٳباحە» واتە: هەموو شتێک لە بنەڕەتدا دروستە تا ئەو کاتەی بەڵگەیەکی شەرعی قەدەغەی دەکات. ئەوان ده‌ڵێن ئەم مامەڵەیەش شتێکە لە شتەکان و هیچ بەڵگەیەکیش لە بەردەستدا نییە کە یاساغی بکات، بۆیە دروستە. ئەم قسەیەش بەو شێوەیە هیچ بنەمایەکی زانستی نییە، چونکە ئەم قاعیدە فیقهییە لێکەوتەوی یەکێکە لە سەرچاوەکانی حوکمی شەرعی کە ‌پێی دەگوترێت: «الٳستصحاب» کە بە واتای دانان و جێگیرکردنی حوکمێکی شەرعی دێت، یان لادان و سڕینەوەیەتی لە ئیستادا بە بەڵگەی بەردەوامبوونی حوکمی پێشووی و نەبوونی بەڵگەی گۆڕینی. بەڵام ئەوەی کە جێی سەرنج و بایەخ پێدانە ئەوەیە کە: «الاستصحاب»، لە ڕووی ڕیزبەندییەوە یەکێکە لە سەرچاوە لاوازەکان و لە کاتی نەبوونی سەرچاوە بەهێزەکاندا کاری پێ دەکرێت. بۆ نموونە دە سەرچاوە هەیە لە کاتی دەرکردنی حوکمی شەرعی کە بەهێزترینیان بە پێی ڕێزبەندی ئەوانەن: «قوڕئان، سوننەت، ئیجماع، قیاس» هەر بابەتێک بەڵگەی قوڕئانی لەسەر بێت، ئیتر کار بە هیچ بەڵگەیەکی تری پێچەوانەی قوڕئان ناکرێت. ئەگەر بەڵگەی قوڕئان لە دەستدا نەبوو، ئەوە دەچینە خزمەت سوننەت و ئەگەر بەڵگەمان دەست کەوت، ئیتر کار بە هیچ بەڵگەیەکی تری پێچەوانەی سوننەت ناکرێت. بۆ ئیجماع و قیاسیش بەهەمان شێوە. پێشەوا خاره‌زمی لەو بارەیەوە دەڵێت: «فان المفتی اذا سئل عن حادثە یطلب حکمها فی الکتاب، ثم السنە، ثم فی الجماع، ثم فی القیاس، فان لم یجدە فیٲخذ حکمها من استصحاب الحال» واتە: «ئەگەر موفتی دەربارەی ڕووداوێک پرسیاری لێ کرا، دەبێت سەرەتا لە قوڕئاندا بەشوێن حوکمەکەیدا بگەڕێت، دواتر لە سوننەت، دواتر لە کۆدەنگی زانایان، دواتر لە قیاس و پێوانەکردنی شتەکان بۆ سەر یەکتر، ئەگەر لەوانە دەستی نەکەوت ئەو کات کار بە (استصحاب) دەکات». کێشەکە لەوە دایە کە بەڕێوەبەرانی بازارگەی (وەن کۆین) چەندین بەڵگە و دەقی شەرعی لە سەرچاوە بەهێزەکانی یاساغی دەکەن کە لە زنجیرە باسەکانی پێشوودا باسمان کردوون، کەچی ئەم بەڕێزانە حیسابی بۆ ناکەن و بەسەریاندا دەپەڕنەوە بۆ «الٲستصحاب» و دەڵێن: «الاصل فی الٲشیاء الاباحة» کە ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە و نابێت بەسەر پسپۆڕانی بواری شەرعیدا تێپەڕێت.

ئەمەی کە ئاماژەی پێ کرا، بەشێکە لە زیان و گرفتەکانی ئەو مامەڵەیە لە ڕووی شەرعەوە و لە ڕووی هونەری و ئابووریشەوە مەترسی و زیانی زۆر گەورە و چاوبەست و فێڵی زۆری تێدایە و پسپۆڕانی ئەو بوارەش قسەیان لە سەر کردووە. له سۆنگەی ئەم مەرج و بنەما و ئامانجانەی کە لە فیقهی مامەڵە داراییەکاندا لەبەرچاو گیراون، کراونەته مەرج بۆ دروستی و ڕەوایەتی هەر جۆرە مامەڵەیەک، بەڵام ئەوەی ئێستا لەو مامەڵەیە بەرچاو دەکەوێت ئەوەیە کە بازارگەى (وەن کوێن و کیونێت) دوور و نزیك ڕه‌چاوی ئەو مەرج و بنەما و ئامانجانەی نەکردووە. بۆیە قسەی کۆتاییمان لە بابەتی (وەن کۆین و کیونێت) ئەوەیە هەر بەڕێزێک لەم زەمینەدا بڕوای بە تێگەیشتنی دینی و فیقهی ئیسلامی هەیە، ئەوە ئێمە داوا دەکەیین ئەو مامەڵەیە ڕابگرن و خۆی لێ بپارێزن.

تێبینی:

ئێمە بە هیچ شێوەیەک دژی سیستەمی دراوی ژمارەیی نین و بە حەرامی نازانین، بەڵکوو بە پێچەوانەوه‌ پێمان وایە داهاتوو بۆ دراوی ژمارەیی دەبێت، بەڵام بە پێی بەڵگە شەرعییەکان، نەک بەرژەوەندی کۆمپانیا و خاوەن دەستمایەکان.

هەڵبەت ئەوە کە ده‌ڵێن مامەڵەی دراوێکی وەک “وەن کۆین” حەرامە، واتای ئەوە نییە کە هەتا قیامەت حەرام بێت، بەڵکوو هەرکات کۆمپانیای وەن کۆین بەکارەکەیدا چۆوە و لەگەڵ بنەماکانی ئابووری ئیسلامی و مامەڵە شەرعییەکان گونجاندی، ئەو کات نە شەرع و نە فیقهی ئیسلامی و نە ئێمەیش گرفتێکمان لەگەڵی نابێت.

جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەم کە هیچ بەرژەوەندییه‌کی تایبەتی و دونیایی و ماددیم لەو بابەتەدا نییە، بگرە بەپێچەوانەوە منیش پێم خۆش بوو حەڵاڵ بایە و وەک ئەو خەڵکە بەشداریم تێدا کردبا. بەڵام بەداخەوە بە پێی ئەو ڕوونکردنەوەی باسمان کرد، ئێستا حەرامە و بەرژەوەندی گشتی و خەمی قیامەتی خۆم و خەڵک و خاک و ئابووری نەتەوە لە پێشترە، چونکە ئەم مامەڵەیە و هاوشێوەکانی، مەترسییەکی زۆریان تێدایە و پارەیەکی بەلێشاوی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەی هەناردەی چارەنووسێکی نادیار دەکات.

ئامادەکردن و پێداچوونەوە: عەبدوڵڵا عەلیپوور

 سۆزی میحڕاب

سەرچاوەکان: بەشێک لە وتارەکانی تێگەیشتن لە ـــ بنەمافیقهییەکان ــ بەڕێز پرۆفسۆر د. خالید موحەممەد ساڵح. نووسراوەکانی دوانگە، مامۆستا ئەبووبەکر پێنجوێنی و پرۆفسۆر د. خالید موحەممەد ساڵح

نمایش بیشتر

عبدالله علیپور

@نویسنده و مترجم @ آذزبایجان غربی - نقده @ شغل : دعوتگر دینی و فعال اجتماعی - مدیر کانال تلگرامی @sozimihrab

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا