کوردیمناسبت ها

بەهار و خۆشی و ناخۆشێکانی


هەموو ساڵێ بە بۆنەی نیزیک بوونەوەی وەرزی بەهار و تێپەراندنی ساردی و سەرماو سۆڵی زستان ، خەڵک دەکەونە جووڵەو خۆشی و شادی دەربڕین و وەک رێو رەسمێکی دێرینە پێشوازی لە هاتنی ئەو فەسڵە پڕ لە خۆشی و بەرەکەتە دەکەن .

ئەڵبەت نابێ ئەوەش لە بیر کەین کە هەموو وەرزەکانی ساڵ ، هەرکام خۆشی و بەرەکەتی تایبەت بە خۆیان هەیەو پێویستە وەک خەڵات و نیعمەتێکی خودایی تەماشا بکرێن .

بە هاتنی بەهار و سەری ساڵ ، خەڵک دەکەونە جووڵە ، هەروەک چۆن هەموو بونەوەر بەگشتی لەو وەرزەدا وەجوڵە دەکەون.

بەفرەکان بە شکانی سەرما دەتوێنەوەو جووڵەی ئاوی ڕووبارەکان و تەقینەوەی کانیەکان و بۆش بوونی زەویی و سەرهەڵدانی گژ و گیا لە دڵی عەرزی و شکۆفەدانی دارەکان و جریوەی باڵندەکان لە سەریان و وەخەبەرهاتنی بەشێک لە گیانلەبەران لەخەوی زستانی ، هەمووی حیکایەت لەو جووڵانەوەیە دەکەن .

ئەگەر پاییز وەبیرخەرەوەی پیری و لاوازی و وەرینی گەڵای عومر و بەرەو نەمان چوون بێ .

ئەگەر زستان نیشانەی لەجووڵە کەوتن و کڕی ومات بوون و مردنە لەقەڵەم بدرێ .

بەهاریش یادی زیندوو بوونەوەو گەشەو نەشەو جووڵەو شنەشنوو شادی و خۆشی دەربڕینە .

بۆیە نابێ ئینسان لۆمە بکری بە دەربڕینی شادی و خۆشی و خۆشحاڵ بوون ، بەهاتنی ئەو وەرزە پیرۆزە .

دەربڕینی خۆشحاڵی و هەست و سۆز بەشێکە لە سروشتی ئینسان و ئەگەر کەسێک ئەو هەستەی تێدا نەبێ ، دەبێ وەک نەخۆشێک تەماشا کرێ و بۆ تیماری دەردی ئەو بیمارییە چارەسەرێکی بۆ پەیدا کرێ .

 بەڵام دەبێ ئاگاداری ئەوەش بین و بزانین ، شادی و خۆشی و ئاشکرا کردنی هەست و سۆز ، پێویستە سنوردار بێ و چوارچێوە و پەرژینی تایبەت بە خۆی هەبێ و نابێ هەر ئاوا رەها و بێ سنور  بەرەللا بکرێ  .

خۆشی دەربڕین تا ئەو جێگایە عەقڵ و شەرع پەسندە کە ببێتە هۆی بەدی هێنانی خۆشحاڵی و سروور بۆ خەڵکانی دی و ئەوانیش تێیدا بەشدار بن .

بەڵام ئەگەر ئەو هەستەو ئاشکرا کردنی ببێتە مایەی نارەحەتی و ژانەسەرو غەم و کەسەرو دڵەڕاوکێی دیگەران و ئەزییەت و ئازار دانیان ، لەو حاڵەتەدا نەک نابێ ناوی خۆشی و شادی لێبندرێ ، بەڵکوو لازمە بۆ ئەو جۆرە شادییانە ، شین بگێڕدری !!

جا هەروەک لەسەرەتاوە باسمان کرد ، لەکاتی نیزیک بوونەوەی سەری ساڵی تازە(بەهار) ، خەڵکانێک هەن   چەند داب و رێوڕەسمێک ئەنجام دەدەن کە بەرواڵەت شادی بەخش و سروور هێنەرن ، بەڵام بە پێچەوانەوە نەتەنها ناچنە بازنەی شادی و خۆشێوە ، بەڵکوو دەبنە سەبەبی نارەحەتی و غەم و پێشێل کردنی حەق و مافی خەڵکانی دی .

جا ئێمە لێرەدا ئاماژە بە دوو نمونە دەکەین :

۱- کڕینی تەقەمەنی و کەلوو پەلی  ئاور کردنەوە (آتش زا )  : کە بۆ ترەققە بازی و قومار و گاڵتە بە ئاور و …  کەڵکی لێ وەردەگرن .

هەر پێش هاتنی سەری ساڵی تازە ، کەسانێک ئەو کەڵوپەلە بەکاردێنن لە کوچەو کۆڵان و شارو دێهاتەکان و دەبنە سەببەی ئازار دان و سازکردنی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ هاونەوعانی خۆیان و بەو شێوەیە حەق و مافیان پێشێل دەکەن و خۆشی و شادیەکەیان لێ دەکەن بە ناخۆشی .

۲- چوارشەممە سوری :

یەکێکی دی لەو رێورەسمانەی کە هەموو ساڵێ بە هاتنی بەهار و نیزیک بوونەوەی سەری ساڵی تازە ، لە ئێوارێی سێ شەممەی پێش ساڵی نوێ ، ئەنجام دەدرێ ، ئاور کردنەوەیە و خەڵکی گرنگییەکی زۆری پێدەدەن و دەینرخێنن .

بەڵام پێش باسکردنی ناخۆشیکانی ئەو کارە ، باش وایە بە کورتی باسێک لەسەر ئەوە بکەین کە بۆ چی ئەو ئاورە دەکرێتەوە ؟

لەبارەی ئاورکردنەوی نەورۆز یان چۆارشەممە سوری چەند بۆچونێک هەیە :

بەعزێک دەڵێن : ئەوئاور کردنەوەیە بە بۆنەی رەهایی و قوتار بوونی خەڵکی بووە لەدەست سەرماو سۆڵی زستان و تەنگانەو نارەحەتیەکانی ،  کە خەڵکانی زوو بەهۆی ئاژەڵداری و کەشاوەرزی و… تووشێ دەهاتن و بەهاتنی وەرزی بەهار و تازەبوونەوەی ساڵ رزگاردەبوون لەو ناخۆشیانە و ئاوری شادی و خۆشیان دەکردەوە کە نەجاتیان بوە .

دەستەیەک تایبەتی دەکەن بە بۆنە ئایینی و مزهەبیەکانەوەو دەڵێن : ئەو ئاور کردنەوەیە رەمزی ئاورپەرەستی و هاۆبەشدانانە بۆ خودای تاقانەو تایبەتە بە مەجوسی وئاورپەرەستەکانەوە و بۆیە هەموو ساڵێ پێش نەورۆز ئەو ئاورە دەکرێتەوە .

تاقمێکی دی دەڵێن : کردنەوەی  ئاگر لە چۆارشەممە سوریدا رەمزی راپەرینی چینی هەژارو ستەم لێکراوەکانە دژ بە  زوڵمی حاکم و دەستهڵاتدارە  مل هوڕوو ستەمکارەکان و هەڵایسانی ئاوریش  زیندوو کەەرەوی ئەو ڕاپەرینەیە .

بەڵام جودا لەمەبەست و هۆکاری  ئاورکردنەوەکە ، نابێ ئێمە لەو گرفت و نارەحەتیانەی  کە لە چوارشەممە سوریدا  بە هۆی کردنی ئاور دێتە رێمان غافڵ بین و چاوی ڵێ بنوقێنین .

لەچۆارشەممە سوریدا ئەورۆ خەڵکانێک بەسوتاندنی ، دار و چرپی و شتانێکی سروشتی داناکەون ، کە لە شوێنێکی تایبەت بکرێتەوەو هەموو خەڵکان تێدا بەشدار بن و بەخۆشی و یەکگرتویی کارەکە ڕاپەڕێنن ، بەڵکوو لەهەر کووچەو کۆڵان و گەرەکێک ،  لەوانەیە هەر بنەماڵەو کەسێکی تاکیش ، خۆی بەتەنها ئاوری خۆی بکاتەوە ، ئەویش نەک بە سوتاندنی شتێکی خاوێن و کەم ، بەڵکوو بە سوتاندنی تایر و لاستیکی ماشێن و تەراکتۆر و لایڵۆنە کۆن و شتانێکی پیس..

ئەو کارەش ئاسەواری زۆر مەترسی داری لێ دەکەوێتەوە :

٭ وەحدەت و یەکێتی جێی خۆی دەدا بە پرژوبڵاوی  و بێ نەزمی و بێ سەرەو بەرەیی

٭ رێژەی ئاورەکان زیاتر و زیاتر دەبن و ئەوەش بۆ خۆی زەرەری تایبەتی هەیە لەسەر ژینگە و پلەی گەرمی هەوا  .

٭ سوتاندنی تایر و لاستیکی ماشێن و  دووکەڵەکەی ، خۆی وەک سەم وایە بۆ ئینسان و باقی گیان لەبەران و گیاو گژ.

جا ئەو کارانە  چ لەرووی عەقڵەوە بۆی بڕوانین چ لە ڕوانگەی شەرعەوە ، هەر ناپەسەند و نارەوان .

لەبەر ئەوەی :

۱- پێشێلکاری حەق و مافی خەڵکی تێدایە و بەهۆی تەقاندنەوەی تەرەققە و فیزا و شتانێکی لەو نەوعە و ئاور کردەوەی تایر و لایڵۆن و تەپپاڵە و دووکەڵ ساز  کردن پێیان ، هۆی ترساندن و تۆقاندن و دڵەراوکێی و ناراحەتی و نەخۆشی و ناخۆشی بۆ خەڵک و پیس بوون ژینگە و سروشت  بە دی دێنێ .

۲- خەتەری سوتاندن و زەرەرگەیاندن بە خەڵک و دەوروبەری تێدایە .

۳- بە فیرۆ دان و ئیسرافی ماڵ و سامانی لێدەبێتەوە ، کە دەبێتە هۆی ستەم لە هەژاران و خواردنی حەقیان و سەرەنجام شەرمەساربوون لەلای خودای گەورەو ساحەب دەستهەڵات .

لەکۆتایی دا پێویستە ئێمەی ئیماندار و موسوڵمان ئەو فەرمایشتانەی خودای بەبەزەیی و نوێنەرە  خۆشەویست (د.خ) بکەینە پێشەنگ و چرای رێگامان :

موسوڵمان ئەو کەسەیە کە موسوڵمانانی دی لە دەست و زمانی سڵامەت بن  و کوچەرو موهاجیریش ئەو کەسەیە کە لەقەدەغە کراوەکانی خودا ، دوری دەکا .” [بخاری]

هەرکەس رەحم و بەزەیی بە خەڵک دانەیە خودای گەورەش رەحمی پێناکا” . [بخاری و مسلم]

ئیمانی نییە ئەو کەسەی ئەوەی بۆ خۆی دەوێ و پێی خۆشە بۆ براکەی خۆشی نەوێ” .

خودای گەورەش لە بارەی لێپرسینەوە لە نیعمەتەکان لەرۆژی دوایی دەفەرموێ :

‏ “ثُمَّ لَتُسْأَلُنَّ یَوْمَئِذٍ عَنِ النَّعِیمِ ‏” [۸/تکاثر ]

پاشان سۆیند بە خودا لەو رۆژەدا پرسیارتان لێ دەکرێ دەربارەی هەموو نازو نیعمەتەکانی دنیا [ کە چۆنتان پەیدا کردوە و لەچیدا بەکارتان هێناوە ]

با بێین خۆشێکانمان پێکەوە دابەش کەین و نارەحەتی و ئازارەکانیش لە سەر یەک سووک .

یونس سوله یمان زادە

از طريق
یونس سلیمان زاده
منبع
sozimihrab
نمایش بیشتر

یونس سلیمان زاده

استان آذربایجان غربی- بوکان نویسنده و مترجم فعال و دعوتگر دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا