اندیشهسیره نبوی

گەشتێکی مەعنەوی بۆ ژیانی پێغەمبەر ﷺ(۲)

گــەشتـێـکی مەعنەوی بــۆ ژیــانــی پـێغــەمبـەر ٍﷺ

ژیان و سیرەتی‌ پێغەمبەر سەر چاوەیەکه‌ لە سەر چاوەکانی‌ شەریعەتی‌ ئیسلامی‌، بە واتایەکی تر دەکرێ بڵێن ژیانی‌ پێغەمبەرﷺ ڕاڤەیەکی‌ کردەیی و بەرجه‌سته‌یی یە و لایەن گەلێکی‌ زۆرمان بۆ ڕۆشن دەکاته‌وە لە بنەماکانی‌ شەریعەت و دروشمەکانی‌ و بەرچاو ڕونیمان پێ‌ دەبەخشێ‌، کە واتە خوێندنەوە و وورد بوونەوەی‌ ژیاننامەی‌ پێغەمبەر ﷺ لە گەڵ ئەوەی‌ دەبێتە هۆی‌ گەشەی‌ ئیمانیمان، بەر چاو ڕۆشنیشمان دەداتێ‌ بۆ گەیشتن بە هەقیقەت و جەوهەری‌ ئەم دینە پاک و ڕاستەو، قوڵ بوونەوە لە پەیامی‌ خوایی و وەرگرتنی‌ ڕاڤەیەکی‌ دروست، کە قورئان یەکێک له‌ واتاکانی‌ پەیامێکی‌ پەرستشی‌ یە و ئایەتەکانی‌ دەخوێنینەوە لە نوێژەکانمان و فەرمانمان پێ‌ کراوە به‌ خوێندنەوەو ووربونەوە لێی‌.
ئەو ئیسلامەی موحەممه‌دﷺ، کە مرۆڤایەتى پێ خەلات کرا داواو پێداگرى دەکات لە سه‌ر هاوسەنگى کردن له‌ نێوان پێداویستیەکانى جەستە و خواستەکانى رۆح، پێغەمبەرى پێشه‌وا ﷺ هات له‌ رێگەى ئەم پەیامەوە فێرى کردین که‌ مرۆڤ هەر وەک چۆن پێویستى به‌ تێرکردنى شەهوەت و ئەنگێزه‌ ماددیەکانى هەیه‌ له‌ خواردن و خواردنەوەو پۆشاک و نیشتەجێ بوون و هاوسەرگیرى و… بە هەمان شێوەش ئەو مرۆڤە پێویستى هەیه‌ به‌ تێرکردن و وەلامدانەوەى مەیل و ئارەزووە مەعنەویەکانى، ئەگەر زیادەڕۆییەکیش له‌ هەر لایەنێکەوە بکرێ لە سەر حسابى لایەنێکى دیکەى دەبێته‌ هۆى نەمانى ئەو هاوسەنگییە و شڵەژانى بونیادى خودو دوور کەوتنەوە له‌ فیترەتى ئیسلام.
ئەمەیان پوخته‌ و کرۆکى ئەو پەروەردە ناوازەیەى پێغەمبەرى خوا بوو کە بریتى بوو لە هاوسەنگى نێوان پێداویستیەکانى جەستە و خواسته‌کانى رۆح.
لەم سه‌رده‌مه‌ى ئه‌مڕۆشدا ماددى بوون و ماددى گه‌رایى باڵى کێشاوه‌ به‌ سه‌ر هه‌موو شتێکداو بووه‌ته‌ سیماى سه‌ره‌کى ژینى تاک و کۆمه‌ڵگه‌، به‌ جۆرێک دروشمى فه‌لسه‌فه‌ى ماددیه‌تى هاوچه‌رخ بووه‌ته‌ جه‌خت کردنه‌وه‌ له‌ سه‌ر هه‌موو شتێک و پشتگوێ خستن و فه‌رامۆشکردنى هه‌رچى شتێکى مه‌عنه‌وى و رۆحیه‌.
ئه‌م هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌ یا خود بڵێین ئه‌م شۆڕش و کودەتایه‌ له‌ دژى رۆح لە خۆرئاواى مۆدێرنه‌وە دەستى پێکرد و لە ڕاستیدا شه‌پۆله‌ ترسناکەکانى گەیشتۆته‌ نێو کۆمەڵگەى ئێمە و لە ڕێگه‌ى دەرهاویشتەکانى گڵۆباڵیزم و به‌ تایبه‌تیش له‌ رێگه‌ى کەناڵه‌ ئاسمانییەکانەوە نەوەى نوێ و کەسایەتیەکان بارگاوى دەکرێ به‌ سیما سه‌رەکیەکانى ئەو ماددیگه‌راییه‌، بۆیه‌ هەر گەنجێک پێویست دەکات بە ئاگا بێت و له‌ ژیانی خۆى هه‌وڵى گه‌شه‌پێدانى لایه‌نى رۆحى بدات که‌ له‌ ڕاستیدا پێویستى به‌ کۆششێکى زۆرەو موجاهه‌دەى نه‌فسى دەوێت و پێویستى به‌ راهێنان و وەرزشى گیانییه‌ ، هه‌روەها راهێنانى دەروون لە سەر گرتنى رێگاى هەق و چاکە و چاکسازى لەو بەینەشدا دروشممان فەرمایشتى خوا گیانە کە دەفەرموێ: { ربنا اتنا فی الدنیا حسنه و فى الاخره حسنه و قنا عذاب النار ـــ سوره‌تى به‌قه‌ره‌ ئایەی ۲۰۱}

خواى گەوره‌ و میهرەبان پێغەمبەرى کۆتاى نارد وەک باقى پێغەمبەرانى تر له‌ رەگه‌زى مرۆڤ، تاوەکو ئەو هاوجنسە له‌ یەک تێبگەن، چونکه‌ هەر مرۆڤە هەست دەکات به‌ هاو مرۆڤیی خۆى، وەک سەرما، گەرما، ناڕەحەتى، ئێش و ئازار و خەم و خەفەت و… هەموو ئەمانە لە مرۆڤدا هەن.
لەوە دەچێ خواى گەورە گەر پێغه‌مبه‌رى لە ڕەگەزى فریشته‌ بناردبایە، ئێمەى مرۆڤ بمانگوتبایه‌ ئەوە له‌ ڕەگه‌زی ئێمه‌ نییە، بۆیه‌ هەندێ شت لە عیبادەت، یان باوەڕبوون بە غەیب، له‌ تواناى ئێمەدا نییه‌. بڵێ پێغەمبه‌ر ﷺ وەک ئێمە مرۆڤە، تا ئێمە دواى زانینی ئەوە کە پێغەمبەری خوا مرۆڤە، هیچ گلێیی و گازەندەیەکمان بۆ نەمێنێ کە بیانوو بۆ ئەوەش بدۆزینەوە کە پغەمبەری خوا لە ڕەگەزی مرۆڤ نییە…
هەر له‌ لەدایکبوونیەوە هەتا کۆچى دوایى، شتێکى واى نەبووە که‌ له‌ تواناى مرۆڤدا نەبێ، جگه‌ له‌ موعجیزەکان، ئەوەش بۆ ئەوە بووە که‌ ئەوانەى ئەو سەردەمه‌ کێشە و گرفت و ئاژاوەیان دەناوە که‌ ئەگەر رەوانەکراوى خوایه‌، با موعجیزەیەکمان پێ نیشان بدات، جا ئەو بوون به‌ موعجیزە تا کۆتایى دونیا هەر دەمێنێ، چونکه‌ ئەو جۆرە مرۆڤانە نوێ دەبنەوە و نوێیان دەکەنه‌وە و هەر دەمێنن، بۆیه‌ خواى گەورە کردى بە نیشانه‌، تا رۆژى دوایى وەک لەتبوونى مانگ بە پەنجەى موبارەکى، لە دایکبوونى پێغەمبەر ﷺ تەنها پەیوەندى نییه‌ به‌ مرۆڤێکى مەزنەوە، بەڵکو پەیوەندى هەیه‌ به‌ لە دایکبوونى هەموو میلله‌تانى جیهانەوە. کاتێ ئه‌و لەدایکبوو، هەموو میلله‌تان لەدایک بوون به‌ له‌ دایکبوونێکى نوێ. نوێبوونەوەیەک که‌ مرۆڤ هەموو رۆژێ هەستى پێ دەکات، کاتێ رۆژ بە ڕۆژ بە پێی هەنگاوەکانى بڕوات… لە دواى هەنگاوى ئەو هەنگاوانێک هەڵبێنێت کە مرۆڤ به‌ بینینی ۱۴۰۰ ساڵ پێش ئێستاى بیر بێتەوە. یارانى سەروەرمانى بیر بێتەوە، یارانى هەمیشە سەرکردەى ئیسلامى بیر بێتەوە، بیرهاتنەوەیەک کە هیچ کاتێک لە بیری نەکات…لەوە دەچێ لە کاتى سووکایەتیکردنى بە پێغەمبەرمان، ئازارمان پێ بگات، کە ئەوە نکۆڵى لێ ناکرێت…

خۆشەویستنی پێغەمبەر خوا ﷺ

ئایا پێغەمبەری خوات خۆش دەوێت؟‎!‎
گومانی تێدا نیە کە هەموو موسڵمانان، بە بێ‌ جیاوازی، پێغەمبەری خوایان خۆش دەوێت وە ‏دەتوانین بڵێین تەنها شتەکە هەموو موسڵمانان لە کۆن و تازەوە، زانا بێ یا خۆد خەڵکی سادە و گەورە، بچوک بێ یا گەورە، لە ‏سەری کۆک و هاوڕا بن، سەرەڕای جیاوازیان لە زۆر بوارەکانی تری بیروباوەڕ و شتەکانی تردا، ئەگەر چی ‏جیاوازی لە ڕادەی بەکردار (تطبیق) کردنی ئەم خۆشەویستیە شتێکی بەر چاو و هەست پێ کراوە، هەر ‏بۆیە دەبینین خەڵکانێک ئەو خۆشەویستیە بە خۆپیشاندان و ئاژەوە گێڕی و هاوار کردن دەردەبڕن.
لە ڕاستیدا پێغەمبەری ئیسلام درود و سڵاوی خوای لە سەر بێت خۆشەویستی خۆی به‌ هۆکارێک زانیوە بۆ چەشتنی شیرینیی ئیمان و فەرموویەتی: { ثلاث من کن فیه وجد حلاوه الإیمان: أن یکون الله ورسوله أحب إلیه مما سواهما…، واتە: هەر کەسێک سێ سیفەتی تێدا بێت؛ ئەوە شیرینیی ئیمانی چەشتووه‌: یەکەم: خودا و پێغەمبەرەکەیﷺ لای لە هەرچی غەیری ئەوانە خۆشه‌ویستتر بێت…

ئیقباڵ گۆتەنی: کە گیان چوویە ناو گیانەوە ئیتر گیان دەبێتە گیانێکی تر کە یانیش بووە گیانێکی تر ئیتر جیهانیش دەبێتە جیهانێکی تر…

گومانى تێدا نیە هیچ موسڵمانێک نیە لەم دونیایەدا باوەڕى بە خواى گەورە و پێغەمبەرایەتى { حەزرەتی موحەممەد ﷺ} هەبێت و دڵى نەبوبێتە کۆگایەک بۆ خۆشەویستى ئەو پێغەمبەرە ئازیزەى کە خواى گەورە کردوویەتى بە ڕەحمەت و ناردوویەتى بۆمان هەروەک دەفەرموێت: { لَقَدْ جاءَکُمْ رَسُولٌ مِنْ أَنْفُسِکُمْ عَزِیزٌ عَلَیْهِ ما عَنِتُّمْ حَرِیصٌ عَلَیْکُمْ بِالْمُؤْمِنِینَ رَؤُوفٌ رَحِیمٌ —- سورەتی تەوبە ئایەی ـ ۱۲۸}.
چونکە ئێمە لەو باوەڕدا نین کە کەسێک هەبێت باوەڕى بە خوا و پێغەمبەرەکەى هەبێت و خۆشى نەوێت ؟!!
لە فەرموودەیەک دا کە پێشەوا { بوخاری} ڕیوایەتى کردووە دەفەرموێت: ” لا یؤمن أحدُکم حتّى أکون أحبّ إلیه من ماله وولده والناس أجمعین ” واتە: ئیمانى تەواو نیە کەسێک تاکو منى لە ماڵ و منداڵ و هەموو خەڵکى خۆشتر نەوێت.

برایانی پێغەمبەر کێن؟!

جێی خۆیەتى لێرەدا ئەم فەرموودەیە
بیرى خۆم و ئێوەشى بخەمەوە ـ ئەوەش بۆ پتەوکردنى ئەم ئامانجە ـ ئەوەش ئەو فەرموودەیەى کە تێیدا هاتووە کە پێغەمبەرى خوا کاتێک سەردانى گۆڕستانى بەقیع دەکات، ئەوەش پێش کۆچى دوایى، سەلام دەکات لە ئەهلى بەقیع و هەندێک لە هاوەڵانى لە خزمەتی دا دەبن و پاشان فەرمووى: { وَدِدتُ أنّی قد رأیتُ إخواننا” قالوا: یا رسول الله ! ألسنا إخوانک ؟ قال: ” بل أنتم أصحابی، وإخوانی الذین لم یأتوا بعدُ وأنا فَرَطُهم على الحَوض ” رواه النسائی }
هه‌رچه‌ند له‌م دونیایه‌دا بێبه‌ش بووین له‌ دیداری پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویست ﷺو، ڕۆژگارێکی زۆرمان که‌و تووه‌ته‌‌ نێوانه‌وه‌؛ به‌ڵام له‌ خودای شکۆمه‌ند و مه‌زن داواکارم که‌ له‌وانه‌ بین که‌ پێغه‌مبه‌ر ﷺ ده‌رباره‌یان فه‌رموویه‌تی: پێم خۆش بوو که‌ براکانم ببینیایه‌، هاوه‌ڵه‌کان فه‌رموویان: ئه‌ی پێغەمبەری خوا ﷺ مه‌گه‌ر ئێمه‌ برات نین؟! پێغه‌مبه‌ری خواﷺ فه‌رمووی: ئێوه‌ هاوه‌ڵی منن، براکانمان ئه‌وانه‌ن که‌ هێشتا نه‌هاتوون وتیان ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری ﷺ تۆ ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ ئۆمه‌تتن و تا ئێستا نه‌هاتوون چۆنیان ده‌ناسیته‌وه‌؟ فه‌رمووی: باشه‌ ئه‌گه‌ر پیاوێک ئه‌سپێکی ده‌ست و ده‌موچاو مارووی هه‌بێت و له‌ نێو ئه‌سپگه‌لێکی ڕه‌شی گه‌شدا بێت؛ مه‌گه‌ر نایناسێته‌وه‌؟ وتیان: به‌ڵێ ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا ﷺ، فه‌رمووی: ئۆممه‌ته‌که‌ی منیش له‌ قیامه‌تدا به‌ ده‌ست و ده‌موچاو ماروویی دێن له‌ شۆێنه‌واری ده‌ستنوێژ و، منیش پێش ئه‌وان چوومه‌ته‌ سه‌ر حه‌وزه‌که‌ و چاوه‌ڕوانیانم…

ئایا بە ڕاستی ئێمە شایانی ئەو ڕێزو حۆشەویسیتەین؟! ئایا…؟ ئایا…؟؟

بینیتان پێغەمبەرى خوا ﷺچەندە بە پەرۆشە بۆ بینینمان ؟؟
ئایا ئەو پەرۆشى یە بە پەرۆشیمان بۆى نەگۆڕینەوە؟؟

بۆیە پێویستە کە خۆشەویستى ئەو پێشەوایە ئامانجێکى سەرەکى بێت لە ژیانى هەموو موسڵمانێکدا.

خۆشک و برایانی هێژا…
کە وایە با پێغەمبەر بکەینە سەرمەشق و پێشەنگى خۆمان لە هەموو کار و کردەوەیەکماندا هەروەک خواى گەورە دەفەرموێت: { لَقَدْ کَانَ لَکُمْ فِی رَسُولِ اللهِ أُسْوَهٌ حَسَنَهٌ—- سورەتی ئەحزاب ئایەی ۲۱}، ئەمەش بە نوێکردنەوەى پەیمانمان بۆى.. خواى گەورە دەفەرموێت: { قُلْ إِنْ کُنْتُمْ تُحِبُّونَ اللهَ فَاتَّبِعُونِی یُحْبِبْکُمُ اللهُ وَیَغْفِرْ لَکُمْ ذُنُوبَکُمْ —– سورەتی ئالی عیمران ئایەی ۳۱}.
ئەو کارەشمان ئامانجێکى گەورەتر دەپێکێت کە بە دەست هێنانى خۆشەویستى خواى بڵند و باڵا دەستە هەر وەک هاتووە لە ئایەتەکەدا: { ئەگەر خواتان خۆش دەوێت دواى من بکەون خوا خۆشى دەوێن}. خواى گەورە دەفەرموێ : منتان خۆش دەوێت ؟ مەولا و خالقەکەتت خۆش دەوێت ؟ بەڵێ ئەى خوایە گیان. بەڵگەیەک بۆ ئەو خۆشەویستیە… شوێنکەوتنى ڕێبازى پێغەمبەرە ﷺ هەر وەکو لە ئایەتى پێشوو دەرکەوت، و خواى گەورەش دەفەرموێت: { مَنْ یُطِعِ الرَّسُولَ فَقَدْ أَطَاعَ اللهَ —- سورەتی نیساء ئایەتی ـ ۸۰}.
وەرن با بەڵێنمان بۆ پێغەمبەرى خوا نوێ بکەینەوە… ئەو سونەتە پاک و بێگەردەى بۆى بەجێ هیشتووین دەستى پێوە بگرین و لێى دوور نەکەوینەوە.

بێگومان لەم ئاڵوگۆڕی و نوێبوونەوەیەدا زامنی وێڵ نەبوون و ڕێگا ون نەکردن بریتییە لەوەی کە: ڕەزامەندیی خوای گەورە ئامانج و مەبەست بێت و، ڕۆح لە پێش جەستەوە بێت و، نەفس لە ژێر بەڕێوەبردنی دڵدا بێت و، خۆشویستنی مرۆڤ خوویەکی دانەبڕاو بێت لە سروشتمان و، ئەخلاقی بەرز توێشوویەکی گرنگی ڕێگامان بێت کە دەستبەرداربوون لێی مەحاڵ بێت و، گەردوون و مرۆڤ و ژیان وەک پەڕاوێکی پڕ لە نهێنی وابن کە هەمیشە لە ژێر ڕۆشنایی قورئاندا هەموو گۆشەیەکیان بپشکنرێت و، کاراکتەری مرۆڤ هاوڕێ لە گەڵ بەها ڕاستەقینە مرۆییەکانی سەرچاوەیەکی گرنگی بن و، بە ئەندازەی حەققانییەت و پیرۆزیی ئامانج و مەبەستەکان، دەبێت ئەو ئامڕاز و هۆکارانەش کە دەمانگەیەنن پێیان لە خولگەی قورئان و سوننەتدا بن…

هەندێک تایبەتمەندی پێغەمبەر ﷺ

خواى پەروەردگار قەدەغەی کردووە بە تەنیا ناوی پێغەمبەر بێنین و فەرمانمان پێدەکات ئەو پەرِى ڕێز و ئەدەب بنوێنین لە کاتى هێنانى ناوى پیرۆزى ئەم پێشەوایەماندا، دەبێت چۆن پەروەردگار لە قورئانى پیرۆزدا تەنها بە { یا ٲیهارسول } یان { یا ٲیها النبی } بانگى کردووە، ئێمەش دەبێت هەمان هەڵوێست و هەمان شێواز بەکاربهێنن. ئەم تایبەتمەندیەش تەنها بۆ پێغەمبەرى خۆمانە ﷺ چونکە پێغەمبەرانى تر دروودى خوا لە هەموویان بێت، گەلە کانیان بە ناوى خۆیانەوە بانگیان کردوون، وەک لە قورئاندا ئاماژەى پێ کراوە و خواى گەورە دەفەرموێت:
{قَالُوا یَا مُوسَى ادْعُ لَنَا رَبَّک… سورەتی ـ ئەعراف ـ ئایەی ـ ۱۳۴ }.

قَالُوا یَا مُوسَى اجْعَلْ لَنَا إِلَهاً کَمَا لَهُمْ آلِهَه …. سورەتی ـ ئەعراف ـ ئایەی ـ ۱۳۸

إِذْ قَالَ الْحَوَارِیُّونَ یَا عِیسَى ابْنَ مَرْیَمَ… سورەی مائیدە ـ ۱۱۲

یَا آدَمُ اسْکُنْ…سورەتی ـ بەقەرە ـ ئایەی ـ ۳۵
یَا نُوحُ اهْبِطْ… سورەتی ـ هوود ـ ۴۸

[یَا مُوسَى إِنِّی اصْطَفَیْتُکَ… سورەتی ـ ئەعراف ئایەی ـ۱۴۴

وَنَادَیْنَاهُ أَنْ یَا إِبْرَاهِیمُ ـ قَدْ صَدَّقْتَ الرُّؤْیا… سورەتی سافات ـ ئایەی ۱۰۴-۱۰۵

یَا عِیسَى ابْنَ مَرْیَمَ اذْکُرْ نِعْمَتِی عَلَیْکَ…سورەتی مائیدە ـ ئایەی ۱۱۰
وە چەند ئایەتى تر…

بەڵام کاتێک دێتە سەر بانگکردنى پێغەمبەرى پێشەوامانﷺ خوای باڵادەست دەفەرموێت:
{ یَا أَیُّهَا النَّبِیُّ حَسْبُکَ اللَّهُ…سورەتی ئەنفال ئایەی ـ ۶۴}. 

یَا أَیُّهَا الرَّسُولُ لا یَحْزُنْک…سورەتی مائیدە ئایەی ـ۴۱ 

یَا أَیُّهَا الرَّسُولُ بَلِّغْ…سورەتی مائیدە ئایەی۶۷ 

ئیبن و عەباس و موجاهید و سەعیدى کۆڕى جوبەیر ڕەزای خوایان لێ بێت دەفەرمون { کانوا یقولون: یامحمد، یا أبا القاسم، فنهاهم الله عز وجل عن ذلک إعظاما لنبیهﷺو أمرهم أن یقولوا: یا نبیّ الله، یا رسول الله } انظر: تفسیر الطبری، ابن الکثیر.
هەروەها زانایان و ڕاڤەکارانی بواری تەفسیر لەم بارەوە دەفەرموون: { أمر الله تعالى أن یهاب نبیهﷺو أن یبجل وأن یعظم و أن یسوَّدَ…} تفسیر الطبری، ابن الکثیر.
لە ڕاستیدا ئەگەر بە ووردى سەرنجى ئەو شوێنانەش بدەین کە باسى ناوى پیرۆزى پێغەمبەرمان ﷺ هاتبێت دەبینین بە دوایدا واتاى پەیامدارى و پێغەمبەرایەتى یەکسەر هاتووە، وەک دەفەرموێت:{ وَمَا مُحَمَّدٌ إِلَّا رَسُولٌ…سورەتی ئالی عیمران ئایەی ۱۴۴}. 

یان دەفەرموێت: {مُحَمَّدٌ رَسُولُ اللَّهِ…سورەتی فەتح ئایەی ـ ۲۹}.
لێرەدا بە گرنگى دەزانم ئاماژە بە مەسەلەیکى گرنگ بدەم، ئەویش بریتى یە لەووتن یان نووسینى {صلوات} بە تەواوى هەرکاتێک ناوى پیرۆزى {محمد} { ﷺ } هێنرا یان نووسرا، زانایان نووسینى (ص) یان (صلعم) یان (صل) یان (د.خ) ئەم جۆرە نووسینانەیان بەکار نەهێناوە -نووسراوە پیرۆز و بە پێزەکانیان باشترین گەواهى ئەم مەسەلەیەن…

زانایانى وەک ئیبن و حەجەری عەسقەلانی و ئیمامى نەوەوی و چەندین زانای ترى ئیسلام جەختیان لە سەر ئەم مەسەلەیە کردووەتەوە. ئیبن و سەڵاحی شارەزوورى دەفەرموێت { ینبغی ان یحافظ على کتابه الصلاه والسلام على الرسول الله ﷺ عند ذکره، و لایسأم من تکریر ذلک عند تکرره فإن ذلک من أکبر الفوائد: و من أغفل ذلک فقد حرم حظا عظیما….‍ }، هەر وەها ئیمامى سەخاوى، ئیمامی سیووتی و زۆربەی زانایانی تر لە کتێبەکانی خۆیاندا ئاماژەیان بەو خاڵە کردووە. جا خوازیارین ئەم لایەنە گرنگە فەرامۆش نەکرێت کە جێگەى گرنگى پێدانى زانایانى پایەبەرزى ئیسلام بووە لە کۆن و نوێدا.

تایبەتمەندیەکانى تری پێغەمبەر ﷺ

سوێند خواردنى پەروەردگار بە ژیانی پیرۆزى ، واتە خواى پەروەدگار لە قورئانى پیرۆزدا سوێند

ى بە زۆر شت خواردووە و هەر شتێکیش سوێندى پێ بخورێت ئەوە نیشانەى گەورەیى ئەو شتەیە و حکمەتى سوێند خواردنیش لێرەدا ئەوەیە تاوەکو بەرڕێزى و گەورەیى سوێند پێ خوراوەکە لە دڵى گوێگردا بچەسپێنێت، ژیانى پێغەمبەرى پێشەوامان ﷺ یەک پارچە نوور و ڕووناکى و رڕێز و سۆز و دڵسۆزى و وەفابووە و بەڕێزترین مرۆڤێک بووە کە نمایشى بەندەیى تەواوى بۆ پەروەدگار ئەنجام دابێت هەر لە بەر ئەمەیە کە پەروەردگارى بوونەوەر ئەوەندە ڕێزی گرتووە… لە گەڵ ئەوەشدا دەبێ ئێمە ئەوە بزانین کە پێغەمەبەری خوا ﷺ لە ئاست مرۆڤایەتیدا مرۆڤێک بووە وەک هەموو مرۆڤەکانی تر پێویست بەوە ناکات بۆ گەورەیی و ناساندنی پێغەمەری خوا ﷺ مرۆڤێکی ئەفسانەیی دڕاماکانی بۆ درۆست کەین کە زۆر جار وتاربێژ یا خود شاعیران و نووسەران تووشی ئەو هەڵەیە دەبن…

یەکێکی تر لە تایبەتمەندیەکانى پێغەمبەرﷺ

بوونى زاتى پیرۆزى ڕێگرى بەڵاکان بووە
و گەورەترین بەخششى خوایى بۆ ئەم ئوممەتە ئەوە بووە کە زاتى پیرۆزى ئەو پێشەوایە هۆیەکى سەرەکى بووە بۆ پاراستنى هاوەڵانى لە هەموو تەنگ و چەڵەمەیەک، بە پێچەوانەى گەلانى پێشوو کە بە هۆى تاوانەکانیانەوە بەڵاى خوایى دابەزیوەتە سەریان، لە کاتێکدا کە پێغەمبەرەکانیان لە ناویاندا بوون {علیهم الصلاه والسلام}، کاتێک گەڵى نووح پێغەمبەرەکەیان بە درۆ خستەوە خواى گەورە سزاى سەختى بۆ ناردن وەک دەفەرموێ: … وَ قِیلَ یَا أَرْضُ ابْلَعِی مَاءَکِ وَ…

یەکێکی تر لە تایبەتمەندیەکانى پێغەمبەرﷺ کۆتایى هێنەرى پێغەمبەرانە، ئیدى پاش ئەو هیچ پێغەمبەرێکى تر نایەت و خاتەم و کۆتا پێغەمبەرە، هەر کەسێک دواى ئەو بانگەشەى پێغەمبەرایەتى بکات ئەوە بە درۆزنێکى زەق لە قەڵەم دەدرێت، خواى پەروەردگار دەفەرموێت: { مَا کَانَ مُحَمَّدٌ أَبَا أَحَدٍ مِنْ رِجَالِکُمْ وَلَکِنْ رَسُولَ اللَّهِ وَخَاتَمَ النَّبِیِّینَ…سورەتی ئەحزاب ئایەتی ۴۰}. و لەچەندین فەرموودەی تردا ئاماژە بەم تایبەتمەندى یە کراوە …

شتێکی زۆر ئاسایی و سورشتیه‌ که‌ شوێنکه‌وتوان به‌ پێشه‌وای خۆیان و ئه‌وه‌ی شوێنی که‌وتوون و بۆته‌ پێشه‌نگیان هه‌ڵبده‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ پیاهه‌ڵدان و وه‌سفکردنی دوژمنانه‌ بۆ دوژمنه‌که‌یان، به‌ڵام ئه‌مه‌ ڕاستیه‌که‌و نه‌یانتوانیوه‌ بیشارنه‌وه‌، هیچ پێچ و ئه‌ملاولای تیا نیه‌، ئه‌وه‌ته‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ شوێنکه‌وته‌ی ئه‌و پێغه‌مبه‌ر نه‌بوون و ئه‌و ڕێزه‌یان پێ نه‌بڕا، به‌ڵام له‌ به‌ر ده‌م گه‌وره‌یی که‌سایه‌تی و ڕه‌وشتی بێ وێنه‌و ناوازه‌ی پێغه‌مبه‌ردا ﷺ، بێ ده‌نگ خۆیان پێ نه‌گیراوه‌و که‌وتونه‌ زمان و دانیان به‌و ڕاستیه‌دا نا که‌ له‌ ده‌رونیاندا بووه‌، تا ببێته‌ به‌ڵگه‌یه‌ک له‌ سه‌ر که‌سانی دوای خۆیان به‌ تایبه‌ت هاوئاینه‌کانیان و مرۆڤایه‌تی به‌ گشتی بزانێ که‌ گه‌وره‌یی و فه‌زڵی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ ﷺ له‌ ئاستێکی ئێجگار به‌رزو بڵندی ئه‌وه‌نده‌دایه‌ ده‌یه‌ها که‌س له‌ شارازاو زاناو بیرمه‌ندانی دنیا دانیان پیا ناوه‌، تاکو به‌ڵگه‌یه‌کیش بێت له‌ سه‌ر ئه‌وانه‌ی درۆو بۆختان به‌ ناڕه‌وا ئه‌ده‌نه‌ پاڵ پێغه‌مبه‌ری خوا ﷺ…

ته‌نانه‌ت دوای‌ وه‌فاتیشی‌ هه‌ر ڕۆژه‌ی‌ لایه‌ک و به‌ها و ئیعجازێک ئاشکرا ده‌بێت و ده‌بێته‌ هۆی‌ باوه‌شکردنه‌وه‌ی‌ مرۆڤه‌ زیندوه‌کان بۆ ئه‌ندام بوون له‌و کاروانه‌ گه‌وره‌یه‌ که‌ پێغه‌مبه‌ر پێشه‌وایه‌تی‌ .

گه‌وره‌یی ڕه‌وشتی‌ پێغه‌مبه‌ر ﷺ.

یه‌کێکی‌ تر له‌ ڕه‌وشتی‌ پێغه‌مبه‌ری‌ خواﷺ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ڕه‌وشته‌کانی‌ هاو وێنه‌ن به‌شێوه‌یه‌ک کە لایه‌نێکی‌ ڕه‌وشتی‌ زاڵ نابێت به‌ سه‌ر لایه‌نێکی‌ تردا، ئارامگرتنی‌ وه‌ک ئازایه‌تی‌ بووه‌، ئه‌مانه‌ت پاراستنی‌ وه‌کو سه‌خاوه‌تی‌ بووه‌، ڕاستگۆیی وه‌ک نه‌رمو نیانی‌ بووه‌، به‌م شێوه‌یه‌ نابینین ڕه‌وشتێکی‌ له‌ شوێنێکی‌ ژیانیدا زیاتر و که‌متر بێت له‌ ڕه‌وشتێکی‌ تری‌، ئه‌م هاوسه‌نگی‌ و هاو وێنه‌ ڕه‌وشتیه‌ هیچ که‌س نه‌یتوانیوه‌ بیپارێزێ‌ جگه‌ له‌ سه‌روه‌رمان موحەممەدﷺ بۆیه‌ شاعیری‌ ئه‌ڵمانی‌ گۆتە ده‌ڵێ‌ : { له‌ مێژوودا گه‌ڕام بۆ نمونه‌یه‌کی‌ هه‌رەبه‌رزی‌ ئادەمیزاد، ئه‌و نمونەیەم له‌ پێغەمبەری‌ عەرەبی‌ موحەممەد بینی یەوە}.
ڕه‌وشتی‌ پێغه‌مبه‌رﷺ قورئان بوو، قورئان سه‌ر چاوەی‌ سەرەکی‌ یه‌ که‌ ڕه‌وشت و بونیادو کەسایەتی پێغه‌مبه‌ری‌ له‌ سه‌ر بیناکراوه‌، بۆیه‌ له‌ ڕەوشت کامڵ و له‌ جێبەجێکردنی بنه‌ماکانی‌ مامه‌ڵه‌ی‌ ته‌ندروست له‌ کۆمه‌ڵگا جوانترین بووه‌.
ئاینی پیرۆزی ئیسلام بایەخ و گرنگی زۆر دەدات بە خۆشەویستی پێغەمبەری خوا ٍﷺ ، بە جۆرێک کە لە نەفسی خۆمان خۆشترمان بوێ و هەر دەم گیان و ڕوحمان فیدای ئەو کەین. کە سەیری ژیاننامەی پڕ بەرەکەتی هاوەڵە بەڕێزەکانی پێغەمبەر ٍﷺ دەکەین، بە ئاشکرا لە ژیانی ئەسحاب و یاران و هاوەڵانی هەست بە سۆز و خۆشەویستی یەکی بێ سنوور دەکەین، زۆرێک لەو تابلۆ و بەسەرهاتە جوانانەی ژیانیان کە دەخوێنینەوە بە ئاشکرا دەبینین کە بڕواداری دڵ زیندوو خۆی

بۆ ناگیرێ و لە بەر دەمیانا فرمێسک دەڕێژێ… مەخابن ئەمڕۆ گڕوتینی خۆشەویستی و موحەببەتی پێغەمبەر ٍﷺ لە ناو دڵی مرۆڤی باوەردار زۆر کز و لاواز بۆتەوە و ماددیەت عالەمی سەر قاڵ کردووە، لە هەڵ و مەرجێکی وا مەترسیداردا موسڵمانان بە گشتی و بانگحوازان بە تایبەتی زۆر پێویستە هەڵوێستەیان بێت لە بەردەم ئەو مەسەلە گرنگەدا چاوێ بە دڵیاندا بخشێننەوە و بە پێوەری قورئان و سوننەت خۆشەویستی یەکەیان پێوانە بکەن!!

ڕه‌وشت و مامه‌ڵه‌ی‌ پێغه‌مبه‌ر له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌کانی‌ ، ئه‌وانه‌ی‌ ئیمانیان پێ‌ نه‌ده‌هێنا و ڕقیان لێی‌ ده‌بویه‌وه‌ زۆر نه‌رم و جوان و ئارام بوو هه‌ر بۆیه‌ که‌سایه‌تی‌ و گه‌وره‌ی‌ موشرکین ئه‌بوسفیانی‌ کوڕی‌ حه‌رب پێش ئه‌وه‌ی‌ موسڵمان بێت کاتێک موسڵمان ده‌بێت گه‌واهی‌ ده‌دات و ده‌ڵێت[ والله تۆ زۆر به‌خشنده‌و میهره‌بانی‌ کاتێک شه‌ڕم له‌گه‌ڵ ده‌کردی‌ باشترین شه‌ڕکه‌ر بویت و کاتێکیش ئاشتیم له‌گه‌ڵ ده‌کردی‌ جوانترین ئاشتیت ئه‌کرد ، خوا پاداشتی‌ خێرت بداته‌وه‌ ]

درێژەی هەیە…

توێژینەوە: عەبدوڵڵا عەلیپوور

نمایش بیشتر

عبداللە علی پور

@نویسنده و مترجم @ آذزبایجان غربی - نقده @ شغل : دعوتگر دینی و فعال اجتماعی - مدیر کانال تلگرامی @sozimihrab

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا