ادبیات

مێژووی نه ورۆز له کوردستان

  له سەرەتای بەهاری هەموو ساڵێکدا و کۆتایی سەرما و سۆڵەی زستان و هاتنی وەرزی خۆشی و شادی و سەرخۆش بوونی دەشت و کەژ و کێو ، خەڵکی کوردستان جێژنێک ده گێڕێ که پێی ده ڵێن « نه ورۆز » ، که به مانای « ڕۆژی نوێ» یه .« نه ورۆز» بریتییه له کۆمەڵێک واتا و ڕەمزێک که تەعبیر له ژیان و گوزەرانی نوێ وپاڵەوانییەکی ئاوێتەی بووه ، هەتا بۆته ئەفسانەیەک ، که هەموو گەلانی ئاریایی شانازی پێوه دەکەن و ئاهەنگی بۆ دەگێڕن . کوردەکانیش له ڕۆژانی نەورۆز به گەشت و سەیران له داوێنی سروشت دا و پەنا بردن بۆ کەژ و کێوانی کوردستان  ئه و یاده بەرز ڕادەگرن .بەڵام با بزانین نەورۆز له کوێ ڕا هاتووه و مێژووی سەرهەڵدانی ئەو نەریته لەمێژینەیە بۆ کەی دەگەڕێتەوه ؟ 

  بیرو بۆچوونی جیاواز له مەڕ هاتنی نەورۆز هەیه و هەر کەسێک بۆ یادێک و بۆ ڕوداوێکی گرینگی مێژوویی دەگەڕێنێتەوه که لەو باسەمان دا ئاماژەی پێ دەکەین .

نەورۆز دەگەڕێتەوه بۆ سەردەمی پێش دەوڵەتی پێشدادی که سەردەمی « نوح» دەگەرێتەوه که هیچ مێژوونووسێک تا ئێستا بۆی نه چووه .

« کاوه و زوحاک » یەکێک له بەهێزترین و گرینگترین ئەفسانه کوردییەکانن . ا. زەردەشت پێی وایه له سەردەمی شەش یان حەوتەمی پێش زاییندا ڕوویداوه .

بەڵام کامیل بەسیر دەڵێ: له ۲۵ سەده پێش زایین زیاتره ….که پێم وایه ئەوەی دوایییان له ڕاستی نزیکتره ، « حەسەن مەحموود حەمه کەریم » دەڵێ : که نەورۆز له سەردەمی حەزرەتی ئیبراهیم کۆنتر بێت ، چوونکه له کاتی خۆی دا ڕۆژی نەورۆزی هەڵبژارد بۆ شکاندنی بتەکان ، ئیبراهیم له ساڵی ۱۶۴۱پ.ز لە دایک بووه .

هەر میللەتێک یان هەر نووسەرێک نەورۆز دەباتەوه بۆ ڕووداوێک یان بۆ ڕەگ و ڕیشەیەکی ئەفسانەیی ، سروشتی ، مێژوویی و ئایینی وەکوو :

– جێژنی نەمانی سەرماو سۆڵەی زستان و هاتنی وەرزی بەهار و خێر و خۆشی ژیانەوه .

– یادی سەرکەوتنی هێزی خێر و ڕوناکی به سەر زۆرداری و تاریکی دا.

– جێژنی سیاسی و سەرکەوتنی کاوەی کورد بەسەر ئەژدەهاک دا.

– مەسعودی و مەقریزی و تەبەری که سێ مێژوونووسن ، دەڵێن له سەردەمی هەخامەنشییەکانیش دا ئەو ڕۆژەیان به سەری ساڵی تازه داناوه .

ئەحمەدی خانی له مەم و زین دا به جێژنی سروشتی داناوه .

نه ورۆز له کاوه و زوحاک کۆنتره ، تەنیا ئەوەنده که شۆڕشی کاوه له نەورۆز دا ساز بووه و هه ر دوو یادەکەیان پێکەوه گرێداوه ، ئەو دوو جێژنەیان کردووه به یەک نەورۆز و ئی هەموو گەلانی ئاریایی یه و کوردیش تێیدا بەشداره بەڵام کاوه تەنیا تایبەته به کورد!.

له بەجێژن کردنی نەورۆز دا دوو لایەنی تر بەدی دەکرێن :

لایەنی سیاسی : که جەمشید یەکەم کەس بووه دەزگای پادشایەتی دامەزراندوه و ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕێکخستووه ، واته نەورۆز جێژنی دامەزراندنی یەکەم سیستمی دەوڵەته ، له نێو بەشێک له وڵاتی ئەو گەلانەدا ، ئەو رۆژی که دەوڵەتی دامەزراند ، خەڵکی له سەرگەردانی و بێ یاسایی رزگار کرد ، بەمجۆره ئەو رۆژەیان کرد به جێژن .

لایه نی ئابوری :

که پێوەندی ڕاستەەخۆی هەبووه به ژیانی ئابووری و خەڵکی ئەو کۆمەڵگایه که بەشێکی زۆریان گەڕۆک  بوون و بەرامبەر به سرووشت لاواز بوون ، بەفر و باران و بەستەڵۆک و سەرما و سۆڵه و قاتی و قڕی زستان گوشاری بۆ هێنابوون و باڵی ڕەشی هەژاری به سەریان دا زاڵ ببوو.

مامۆستا هێمنی موکریانیش ئەو جێژنه به لایەنی ئابووری له قەڵەم دەدات .

پێوەندی نێوان نەورۆز و ئیبراهیم

نەورۆز له سەردەمی حەزرەتی ئیبراهیم کۆنتره ، حەزرەتی ئیبراهیمیش چیڕۆکێکی له گەڵ نەورۆز دا هەیه ، ئەو کاتەی که بۆ شکاندنی بتەکان رۆژی نەورۆزی هەڵبژارد ، چوونکه لەو ڕۆژەدا شا‌ر به تەواوی چۆل دەبێت ، هەژار و دەوڵەمەند پێکەوه دەچنه دەرەوەی شار بۆ پێشەوازی له بەهار خەریکی گەشت و سەیران دەبن و هەتا ئێوارێ نایەنەوه . لەو دەرفەتەدا ئیبراهیم خۆی نەخۆش خست و له ماڵ مایەوه . له کش و ماتی نیوەڕۆیه دا که شا‌ر چۆل و هۆل ببوو ، تەورەکه هەڵدەگرێ و دەچێته بتخانەکه و بێجگه له بتی گەوره ، هەموویان دەشکێنێ . کاتێک که ئێوارێ خەڵک دەگەڕێنەوه به دیتنی ئەو دیمەنه ، له ئیبراهیم بەدگومان دەبن و دەیگرن و به فەرمانی نمرود دەخرێته ناو ئاگرێکی گەورەوه کەچی پاش چەند رۆژ له هەڵگیرساندی ئەو ئاوره ، ئیبراهیم به سڵامەتی له ئاور دێتە دەرەوه و یەکتاپەرستی ئیبڕاهیم ، ئەوی لەو ئاگره به موعجیزەیەک رزگار کرد . دوای چەند سەدەیەک و پاش کۆچی دوایی ئیبڕاهیم ، ئەو ڕووداوه دەماودەم بوو به ئەفسانه و ئاگریش  بوو به جێژنی سەرەتای بەهار و نەورۆز کرا و یادەکه بوو به سێ یاد:

یه کەم : نەورۆز و بەهاری سەری ساڵ .

دووهەم : ئاگر کردنەوه به بۆنەی ڕزگاری ئیبراهیم لەو ئاگره که نەیسووتاند.

سێهەم : شۆڕشی کاوه له دژی زوحاک ، که له رۆژی نەورۆز دا بووه . ئەوه جگه لەوەی که  ئیبراهیم نەورۆزی هەڵبژارد بۆ شکاندنی بتەکان ، بەو جۆره سێ جێژن و زیاتریش ، له یەک جێژن دا کۆکرایەوه .

بەڵام بۆچوونێکی تریش هەیه له پێوەندی له مەڕ نەورۆز هەیه که به جێژنێکی ئاگرپەرستیی له قەڵەم دەدات لەوبارەوه مامۆستای شاعیری کورد پیرەمێردی نەمر له وەڵامی ئەو کەسانەی که دەیانگووت نەورۆز جێژنی ئاگرپەرستییه دەڵێت : « ئاگرێ که خۆمان بیکەینەوه و خۆشمان بیکوژێنینەوه ، ئیتر چۆن دەبێ بیپەرستین » ؟

پیرەمێردی نەمر یەکێک لەو کەسانە بوو که ڕۆڵی سەرەکی له زیندووکردنەوەی ئاهەنگی جێژنی نەورۆز و هەڵکردنی ئاگری نەورۆز دا گێڕاوه، بۆیه له سەرووبەندی هەموو نەورۆزان دا مناڵانی  شاری کۆ دەکردەوه و له گردی مامه یاره ئاگری نەورۆزی هەڵدەگیرساند و بەمجۆره جێژنی نەورۆزیان بەرز ڕادەگرت  .

مامۆستای مێژوونووسی کورد« محەممەد ئەمین زەکی » دەڵێ : « نەورۆز جێژنی ئاتەش پەرستی نییه ، نابێت تەفسیرێکی بێ جێ و رێی بدرێتێ » . رۆژنامەی گەلاوێژ ژماره ۱ -۱۹۴۳

له ڕاستیدا نەورۆز جێژنی ئاگرپەرستی نییه ، جێژنێکی نەتەوەیی (سەرکەوتنی شۆرشی کاوه ) ، جێژنێکی ئایینی ، ( ڕەمزی ڕزگاربوونی ئیبراهیم) ،  جێژنێکی سروشتی (  کۆتایی سەرما و سۆڵەی زستان و هاتنی وەرزی خۆشی و شادی و ژیا‌نەوەی سروشته) . 

سەرچاوەکان :

  • نه ورۆزنامه – محمد عبدالرحمان زه نگه نه .
  • ئایه تی ژماره ۵۸ سوره تی الانبیای قورئانی پیرۆز .
  • کاوه و نه ورۆز له نێوان ئه فسانه و ئایین دا. حه سه ن مه حمود حه مه که ریم. ۱۹۹۸
  • رۆژنامه ی گه لاوێژ ژماره ۱ -۱۹۴۳
  • رۆژنامه ی ژین ژماره ۸۲۰ – ۱۹۴۷

     هاشم زوورئاوه ر

نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا