کۆمه‌ڵێک یاسایه‌کی قوڕئانی پیرۆز
یاسای سێزده‌هه‌م
«قُل لَّا یَستَوِی الخَبِیثُ وَ الطَّیِّبُ» واته: «بڵێ: پاک و ناپاک یه‌کسان نین»
ئه‌وه یاسایه‌کی قوڕئانی زۆر گرینگه که مرۆڤ بۆ جیاکردنه‌وه‌ی کرده‌وه له قسه و هه‌روه‌ها کرده‌وه له داواکانی پێویستیه‌تی.
«خبیث»: واته هه‌ر شتێکی که به هۆی ناحه‌زی و چه‌په‌ڵیه‌وه ناپه‌سه‌ند بێت، جا نه‌فسانی بێت یا مه‌عنه‌وی. که‌واته «خبیث» هه‌موو وته‌یه‌کی ناحه‌ز و پووچه‌ڵ که سه‌باره‌ت به بڕوا بگوترێت و هه‌موو جۆره درۆ یا کرده‌وه‌یه‌کی ناڕێک ده‌گریته‌وه. خوای گه‌وره بێزاره له هه‌موو جۆره ناپاکیه‌کان و هه‌ر وه‌ک خۆی فه‌رموویه‌تی ده‌ره‌نجامی ناپاکان دۆزه‌خه:
«لِیَمِیزَ اللهُ الخَبیِثَ مِنَ الطَّیِّبِ وَ یَجعَلَ الخَبیِثَ بَعضَهُ عَلَی بَعضٍ فَیَرکُمَهُ جَمِیعًا فَیَجعَلَهُ فِی جَهَنَّمَ أُولَئِکَ هُمُ الخَاسِرُونَ» (ئه‌نفال:٣٧)
واته: «(به‌سه‌رهات و ڕووداوه‌کان) بۆ ئه‌وه‌یه که: خوا که‌سانی ده‌روون‌پیس و ناپاک له که‌سانی ده‌روون خاوێن و پاک جیا بکاته‌وه و پیس و ناپاکه‌کانیش له‌سه‌ر یه‌ک که‌ڵه‌که بکات و هه‌موویان بدات به مل یه‌کدا بۆ ئه‌وه‌ی کۆیان بکاته‌وه به‌گشتی، ئینجا فڕێیان بداته ناو دۆزه‌خه‌وه، ئا ئه‌وانه هه‌ر خۆیان خه‌ساره‌تمه‌ند و زه‌ره‌رمه‌ندن.»
ئه‌گه‌ر له‌و بابه‌ته تێبگه‌ین ده‌بینینس که «طیب» به پێچه‌وانه‌ی «خبیث»، کردار و گوفتاری واجب و سوننه‌ت و ڕه‌وا و بیر و بڕوای دروست له‌خۆی ده‌گریت. هه‌ر کرده‌وه‌یه‌کی واجب و یا سوننه‌ت و ڕه‌وا که جێی ڕه‌زامه‌ندی خوای گه‌وره بێت پاک و خاوێنه.
ئیمان و کوفر، گوێڕایه‌ڵی و تاوان، ئه‌هلی به‌هه‌شت و ئه‌هلی دۆزه‌خ، کرده‌وه‌ی جوان و کرده‌وه‌ی ناحه‌ز و ماڵی حه‌رام و ماڵی حه‌ڵاڵ هیچیان پێکه‌وه یه‌کسان نین.
ئه‌و یاسا قوڕئانییه له سه‌ره‌تای ئه‌و ئایه‌ته پیرۆزه‌ی سوڕه‌تی مائیده‌دا هاتووه:
«قُل لَّا یَستَوِی الخَبِیثُ وَ الطَّیِّبُ وَ لَو أَعجَبَکَ کَثرَهُ الخَبِیثِ فَالتَّقُوا اللهَ یَا أُولِی الألبَابِ لَعَلَّکُم تُفلِحُونَ» (مائیده:١٠٠)
واته: «(ئه پێغه‌مبه‌ر(د.خ)) پێیان بڵێ: پیس و پاک یه‌کسان نین، هه‌رچه‌ند زۆریه‌تی ئه‌و پیسه سه‌رنجی ڕاکێشا بێت، که‌واته ئه‌ی بیرمه‌ندان له خوا بترسن و پارێزکار بن، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رفراز و سه‌رکه‌وتوو بن.»
ئه‌و ئایه‌ته باس له هه‌موو چه‌شنی خواردن و خواردنه‌وه‌کان و ڕاو و شرۆڤه‌ی حه‌ڵاڵ و حه‌رامه‌کان ده‌کات.
بێ‌گومان مه‌به‌ستی ئه‌و ئایه‌ته ته‌نیا ئه‌وه نییه که پێمان بڵێت که چاکه و خراپه یا پیس و خاوێن به‌رابه‌ر نین، چونکه ئه‌وه بابه‌تێکی ده‌روونییه. به‌ڵکو مه‌به‌ستی ئایه‌ته‌که هاندان به‌ره‌و کردار، وتار، باوه‌ڕی جوان و به‌ده‌ست‌هێنانی پاکی و جوانی و دووری له ناحه‌زی و ناپاکی و چه‌په‌ڵییه.
له‌وه‌ی‌که هێندێک له مرۆڤه‌کان به‌ره‌و وتار و کردار و شته چه‌په‌ڵ و ناپه‌سه‌نده‌کان ده‌ڕۆن و زۆربه‌ی خه‌ڵکی زۆرتر گرینگی به ئێستایان ده‌ده‌ن، نه‌ک داهاتوو و دونیای کاتی لایان گرینگتره له دواڕۆژی هه‌تاهه‌تایی، ئایه‌ته‌که به شێوازێکی سه‌رسووڕهێنه‌ر له پیسی و چه‌په‌ڵی و ناپاکی ئاگادارمان ده‌کاته‌وه تاکوو ڕێگا له‌و که‌سانه ببه‌ستیت که به‌سه‌نده به زۆرینه‌ی ناحه‌زییه‌کان ده‌که‌ن؛ هه‌ر وه‌ک ئایه‌ته‌که ده‌فه‌رموێت:
«وَ لَو أَعجَبَکَ کَثرَهٌ الخَبِیثِ» واته: «هه‌رچه‌ند زۆربوونی ناپاکی سه‌رسامت بکات.»
چونکه مرۆڤ له هێندێک ناپاکییه‌کان جۆرێک چێژی نه‌فسی و مه‌عنه‌وی وه‌رده‌گریت، وه‌ک به‌ده‌ست‌هێنانی ماڵی حه‌رام یا چێژوه‌رگرتنی سێکسی و یا خواردن و خواردنه‌وه‌کانی حه‌رام که که‌سانێک فریو ده‌ده‌ن و پێیان سه‌رسام ده‌بن. به‌ڵام هه‌رچه‌ند ناپاکان و سه‌رخۆشان له تاواندا زۆریش بن، ئه‌وه ناپاکی و چه‌په‌ڵی ده‌بێته هۆی بێ‌به‌ش‌بوونی ئه‌و که‌سانه له به‌خته‌وه‌ری و خۆشییه‌کانی هه‌تاهه‌تایی دواڕۆژ که له ئایه‌تی خواره‌وه ئاماژه‌ی پێ کراوه:
«وَ البَاقِیَاتُ الصَّالِحَاتُ خَیرٌ عِندَ رَبِّکَ» (مه‌ریه‌م:٧۶)
واته: «دڵنیا بن کرده‌وه چاکه‌کان که به‌رهه‌میان ده‌مێنیته‌وه، پاداشیان باشتر و چاکتره لای په‌روه‌ردگارت باشترین سه‌ره‌نجامیشه.»
که‌واته پیسی و چه‌په‌ڵی هه‌رچه‌ند زۆر بێت، هیچ کات له‌گه‌ڵ پاکی و بێگه‌ردی یه‌کسان نییه که بانترینی پاکه‌کانیش ناسینی خوای دڵۆڤان و خۆشه‌ویستی و فه‌رمانبه‌رداری ئه‌وه. سه‌ره‌نجامی پابه‌ندبوون به خاوێنه‌کان، ژیانێکی پاک له دونیا و به‌رزه‌خ و دواڕۆژه که خوای گه‌وره به‌ڵێنی به مرۆڤه بڕواداره‌کان داوه: «مَن عَمِلَ صَالِحًا مِّن ذَکَرٍ أَو أُنثَی وَ هُوَ مُؤمِنٌ فَلَنُحِییَنَّهُ حَیَاهً وَ لَنَجزِیَنَّهُم أَجرَهُم بِأحسَنِ مَا کَانُوا یَعمَلُونَ» (نه‌حل:٩٧)
واته: «ئه‌وه‌ی کار و کرده‌وه‌ی چاکه‌ی کردبێت، پیاو بێت یان ئافره‌ت له کاتێکدا بڕوادار بێت، سوێند به خوا به ژیانێکی کامه‌ران و ئاسووده له دونیادا ده‌یژیێنین، له قیامه‌تیشدا به جوانتر ده‌یده‌ینه‌وه له‌وه‌ی که ئه‌وان ده‌یانکرد.»
ئه‌وانه که‌سانێکن که قسه و کردار و ژیانیان پاک و بێگه‌رده و له ئاکامدا مردن و گه‌ڕانه‌وه‌شیان بۆلای خوای گه‌وره هه‌ر به پاکییه.
«الَّذِینَ تَتَوَفَّاهُمُ المَلَائِکَهُ طَیِّبِینَ» (نه‌حل:٣٢)
واته: «ئه‌وانه‌ی که له سه‌ره‌مه‌رگدا فریشته‌کان دێن بۆ لایان له کاتێکدا گیانی پاک و پیرۆزیان ده‌کێشن.»
داوا له خوای گه‌وره ده‌که‌ین که گه‌وره‌یی و چاکه و دڵۆڤانی خۆیمان پێ ببه‌خشیت.
به هۆی پێگه‌ی به‌رزی ئه‌و یاسایه و هۆکاره‌کانی، که‌سێک که له قوڕئان ورد بێته‌وه سه‌رسام ده‌بێت له‌وه‌ی که قوڕئان چه‌نده جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌و یاسا و کرده‌وه به‌و یاسا قوڕئانییه کردووه، بۆ نموونه:
1- جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌که ماڵی حه‌ڵاڵ و پاک به‌ده‌ست بێنین؛ به شێوازێک که خوای گه‌وره هیچ کام له به‌نده‌کانی له به‌ده‌ست‌هێنانی ماڵی پاک و حه‌ڵاڵ هه‌ڵنه‌واردووه. بابه‌تێکی گشتی دیکه‌ش هه‌یه که له قه‌راغ ماڵی حه‌ڵاڵ جه‌ختی له‌سه‌ر کراوه:
«أَیُّهَا النَّاسُ کُلُوا مِمَّا فِی الأرضِ حَلَالًا طَیِّبًا وَ لَا تَتَّبِعُوا خُطُوَاتِ الشَّیطَانِ إِنَّهُ لَکُم عَدُوٌّ مُّبِینٌ» (به‌قه‌ڕه:١۶٨)
واته: «ئه‌ی خه‌ڵکینه! له ڕزق و ڕۆژی حه‌ڵاڵ و پاکی زه‌وی بخۆن و شوێن هه‌نگاوه‌کانی شه‌یتان مه‌که‌ون، چونکه بێ‌گومان ئه‌و دوژمنێکی ئاشکراتانه.»
به‌ڵام خوای پایه‌به‌رز پێغه‌مبه‌ره‌کانی –که پاکترینی خه‌ڵکین له بواری نه‌فسی و مه‌عنه‌وی- به شێوازێکی تایبه‌ت له‌و بابه‌ته ئاگادار ده‌کاته‌وه:
«یَا أَیُّهَا الرُّسُلُ کُلُوا مِنَ الطَیِّبَاتِ وَ اعمَلُوا صَالِحًا إِنِّی بِمَا تَعمَلُونَ عَلِیمٌ» (مۆءمێنوون:۵١)
واته: «ئینجا وتمان: ئه‌ی گرۆی پێغه‌مبه‌ران، بخۆن له ڕزق و ڕۆژیه چاک و پاکه‌کان، کار و کرده‌وه‌ی چاکیش ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڕاستی من زانام به هه‌موو ئه‌و کار و کرده‌وانه‌ی که ده‌یکه‌ن.»
ته‌واوی ئه‌وانه به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر به‌ده‌ست‌هێنانی ماڵی پاک و حه‌ڵاڵ. پێشینیانی ساڵح زۆرتر له هه‌موو که‌س له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته هه‌ستیار بوون. زۆر جار هه‌بووه که که‌سێک بۆ به‌ده‌ست‌هێنانی پاروه نانێکی حه‌ڵاڵ سه‌دان کیلۆمیتر له وڵات و نیشتیمانی دوور ده‌که‌وته‌وه. تا ئه‌و جێیه‌ی که سوفیانی سووری ده‌یگوت: وه‌ده‌ست‌هێنانی ماڵی حه‌ڵاڵ، کاری پاڵه‌وانانه.
پێشینیانی ئێمه به‌و هۆکارانه‌ی خواره‌وه وه‌دووی ماڵی حه‌ڵاڵ ده‌که‌وتن:
– به پێی فه‌رموودی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)، خوای باڵاده‌ست ته‌نیا ماڵی حه‌ڵاڵ وه‌رده‌گریت.
– جه‌سته‌ی مرۆڤ هه‌ر به ئه‌و ماڵه گه‌شه و نشه‌ی ده‌کات.
هه‌ر بۆیه خوای گه‌وره ڕاسپارده‌مان ده‌کات که به‌نده‌ی بڕوادار کاتێک ماڵ و سامانی زۆر بوو و گومانی ئه‌وه هه‌بوو که له داهاته‌که‌ی حه‌رامی تێدا بێت، ئه‌وه سه‌ده‌قه و به‌خشینی زۆر بکات. پێغه‌مبه‌ری ئیسلام به که‌سانێک که سه‌رقاڵی کاری بازرگانی بوون، ڕاسپارده‌ی ده‌کردن که زۆرتر ببه‌خشن. له فه‌رمووده‌یه‌ک که قێیسی کوڕی ئه‌بوو غه‌ڕزه گێڕاویه‌تییه‌وه هاتووه که: ڕۆژێک پێغه‌مبه‌ری خوا(د.خ) هاته لای ئێمه که به کۆمه‌ڵی ده‌ڵاڵانی نێوان کڕیار و فرۆشیاران به‌ناوبانگ بووین، فه‌رمووی: ئه‌ی تاقمه‌ی بازرگانان شه‌یتان و تاوان تێکه‌ڵاوی کاری بازرگانیتان ده‌بێت، بازرگانی خۆتان به به‌خشین پاک بکه‌نه‌وه.
به‌ڵێ ئه‌وه پێگه‌ی به‌رزی به‌ده‌ست‌هێنانی ماڵی حه‌ڵاڵه و پێویسته له‌سه‌ر مرۆڤی خێرخواز که له‌و ڕێبازه‌وه بڕوات و له هه‌ر شتێکی که ببێته هۆی ئه‌وه‌ی‌که حه‌رام تووشی ماڵ و سامانی بێت خۆی بپارێزیت. به‌تایبه‌ت له‌و سه‌رده‌مه‌دا که نه‌ک ته‌نیا گومانی وێچوون له حه‌رام به ڕاده‌یه‌کی زۆر دێته به‌رچاو، ته‌نانه‌ت زۆر کار و پیشه‌ی حه‌رام هه‌یه که له نێو خه‌ڵکیدا بۆته باو. وه‌ک هێندێک له شه‌ریکه‌کانی ناوخۆیی و جیهانی که له بازاری سه‌هامدا چالاکی ده‌که‌ن.
2- له ڕێنماییه‌کانی ئه‌و یاسا قوڕئانییه ئه‌وه‌یه که هیچ کات نابێ زۆربوونی ماڵ ببێته پێوه‌ری پاک‌بوون و به دووربوون له حه‌رامه‌کان. ئه‌و یاسایه نه‌ک ته‌نیا له قسه و کردار و بیر و بڕوادا، به‌ڵکوو پێویسته له هه‌موو شتێکدا چۆنیه‌تی پێناسه و ڕێژه‌ی سازگاری ئه‌و له‌گه‌ڵ شه‌ریعه‌تی پاکی ئیسلام هه‌ڵسه‌نگێنین.
بۆ نموونه سه‌رنج بده‌نه ڕێژه‌ی که‌می شوێنکه‌وتووانی پێغه‌مبه‌ران و زۆربوونی دوژمنه‌کانیان:
«وَ إِن تُطِع أَکثَرَ مَن فِی الأرضِ یُضِلُّوکَ عَن سَبِیلِ اللهِ إِن یَتَّبِعُونَ إِلَّا الظَّنَّ وَ إِن هُم إِلَّا یَخرُصُونَ» (ئه‌نعام:١١۶)
واته: «خۆ ئه‌گه‌ر فه‌رمانبه‌ردار و ملکه‌چی زۆربه‌ی خه‌ڵکی سه‌رزه‌وی بیت، ئه‌وه له ڕێبازی خوا وێڵت ده‌که‌ن، چونکه شوێنی هیچ شتێک ناکه‌ون جگه له گومان و ته‌نها گۆتره‌کاری ده‌که‌ن.»
بۆ که‌سی بانگخواز گرینگه که سه‌رنج بداته به‌رنامه و ڕێبازی ڕاست و پاک‌بوونی، نه‌ک زۆربوونی شوێنکه‌وتووانی. که‌سێک له‌و بابه‌ته تێ ده‌گات که خوای گه‌وره یارمه‌تی بدات که شوێنکه‌وته‌ی ئه‌و ڕێبازه پیرۆزه بێت و له‌سه‌ری خۆڕاگر و ڕاوه‌ستاو بێت. چونکه زۆربوون فیتنه‌یی به‌دوا دایه و که‌م‌بوون هۆی تاقی‌کردنه‌وه‌یه.
سه‌رنج بده‌نه نموونه‌ی سێهه‌م که واتای ئه‌و یاسایه شی ده‌کاته‌وه؛ وتار و بیر و بڕوای پووچه‌ڵ و گه‌نده‌ڵ یه‌کجار زۆرن، به‌ڵام باوه‌ڕی ڕاسته‌قینه ته‌نیا یه‌ک دانه‌یه. خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت:
«وَ أَنَّ هَذَا صِرَاطِی مُستَقِیمًا فَاتَّبِعُوهُ وَ لَا تَتَّبِعُوا السُّبُلَ فَتَفَرَّقَ بِکُم عَن سَبِیلِهِ ذَلِکُم وَصَّاکُم بِهِ لَعَلَّکُم تَتَّقُونَ» (ئه‌نعام:١۵٣)
واته: «بێ‌گومان ئه‌مه‌ی (که باسکرا) ڕێبازی منه که ڕاسته ده ئێوه‌ش شوێنی بکه‌ون، شوێنی ڕێچکه‌کانی‌تر مه‌که‌ون چونکه جیاتان ده‌کاته‌وه له ڕێبازی خوا، ئه‌وه‌ش په‌روه‌ردگارتان فه‌رمانی پێ کردوون، بۆ ئه‌وه‌ی خواناس و پارێزکار بن.»
بێ‌گومان هه‌ر چه‌شنه تام و چێژێکی که له تاوان و ناپاکی دایه، به‌هه‌مان ڕاده‌ش و بگره زۆر باشتر و بانتر له‌ویش له پاکیدا هه‌یه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه جیا له ئاسووده‌یی و هێمنایه‌تی و سه‌ره‌نجامی خێری پاکییه که له دونیا و دواڕۆژ قسمه‌تی ده‌بێت. کاتێک که‌سێکی هۆزان خۆی له هه‌وا و ئاره‌زوو ده‌رباز کردبێت و دڵی لێوان‌لێو له پارێزکاری و ترسی خوا بێت، ته‌نیا خاوێنه‌کان هه‌ڵده‌بژێریت و نه‌فسی له ناپاکی بێزار ده‌بێت؛ ئه‌گه‌ر له‌و ڕێبازه تووشی سه‌ختی و ئازار و ژانیش بێت، له کۆتاییدا به ڕزگاری و سه‌رفرازی له دونیا و دواڕۆژ ده‌گات. نه‌فسی خۆی ئارامی پێ ده‌به‌خشیت و به زمانی دان به‌وه داده‌نێت:
«قُل مَتَاعُ الدُّنیَا قَلِیلٌ وَ الآخِرَهُ خَیرٌ لِّمَنِ اتَّقَی وَ لَا تُظلَمُونَ فَتِیلًا» (نێساء:٧٧)
واته: «به‌وانه بڵێ: ڕابواردنی ژیانی دونیا زۆر که‌م و کورته، ژیانی قیامه‌ت چاکتر و خۆشتر و نه‌بڕاوه‌یه بۆ ئه‌و که‌سه‌ی له خوا ده‌ترسێت و پارێزکاره، له‌وێ به‌قه‌ده‌ر تاڵی ناو‌کی خورمایه‌ک سته‌میان لێ نارکرێت.»
خوایه ئێمه له که‌سانێک بگێڕه که گوفتار و کرداریان باش و سه‌ره‌نجامیان خێره.
«ئامین»
نووسین: د. عمر بن عبدالله المقبل
وه‌رگیڕ: کلثوم حسن زاده
سه‌رچاوه: ئیسلاح وێب
درێژه ی هه یه