شعرکوردی

سۆزی میحراب ، دڵ دەخاتە یادی مەرگ

مەرگە دێت و دەگەڕێ ڕاو دەکا
ڕۆژێ دێ تووشی تەڵەو داو دەکا

مەرگە دەوگاتێ مەجال و نادا
وەسوەسەی مەرگە هەداو پێ نادا

تیژە تیژڕۆیە قوتارو ناکا
بۆی نیە کەس لەدەسی ئەو ڕاکا

دێتو دەوباتەوە لای خوای غەفوور
ئەو خودایەی کە سەبوورەو بە ببور

هەرچی چەندوتە دروتە لە عەمەل
پاکی دەیداتەوە ڕووت خوایی ئەزەل

ئارەزووی سەروەت و سامانە فریوی داون
بۆیە لە هەرای مەرگ و نەمان ترساون

تێگەیەندراوە سرشت ڕۆژی ئەزەل
دێتو دەوگاتێ مەرگ ڕۆژی ئەجەل

ئێستێ پێت وایە کە هەڵدێی لەبەری
دەردەچی ئاسوودە بێ دەردی سەری

بێ گومان دێتە سەرت داڵی ئەجەل
دەیبڕێ ڕایەڵ و پۆ و تاری ئەمەل

دوایی پێ دێنێ هەموو ئاواتت
پێت بەجێ دێڵێ هەموو داهاتت

لەشە دەخرێتەوە پاڵ خاک و گڵت
بێ سەرو شوێنە هەموو هەستی دڵت

لەشی خاکاوی بە خاک دەسپێری
خاکە دەیکاتەوە خاک نایبوێری

دڵ پەشۆکاوو غەریب نابەڵەدە
چاوەڕێی ئەمری خودای سەمەدە

دڵە داماوە کە کێ دەیدوێنێ ؟
دای دەمەزرێنێ بەحەق لەشوێنێ ؟

ئەوە ناڕوونە کە جێو بانی دڵان
جەننەتە، دۆزەخە، ئەعڕافە وە یان

دڵ نەمر خوایی نەمر بۆ وایە
چوون ئەوەی ڕاستە نەمر هەر خوایە

بێ گومان خوایی نەمر خۆی ئەزەلیشە و ئەبەدە
لە لەشی هەرچی هەیە خۆی حەکەمەو خۆی مەدەدە

با بڵێین: مەرگ و نەمانێ کە لامان باوە
تیشکی ڕووحە لە لەشی خاکە بە ئاوا

لەش کەزیندوویە بە ڕووح زیندوویە
لەشی بێ ڕووح جەسەدی مردوویە

ڕووحێ لە خودایەوە بێ قەت نەمرە هەر ژیرە
جەوهەری پاکی بە هەست و بە وزەو تەدبیرە

بەینی ئەو مردنو نامردنە خوایە بزان
کەس نیە دەرکی بکا حیکمەتی ئەو ڕازی نیهان

بێ گومان نەفسە بەحەق ،مەرگە بەشی
لەش کە بەرگی دڵە ، دەخرێتەوە پاڵ خاکی ڕەشی

ئەی عومەر لادە لە سەیرانی هەرای بەزمی ئەجەل
چوون ئەجەل بۆ لەش و ئاواتە نە بۆ ڕووحی ئەزەل

    ✍️ عومەر مودەرریسی
از طريق
عمر مدرسی
منبع
sozimihrab
نمایش بیشتر

عمر مدرسی

استان آذربایجان غربی - مهاباد نویسنده و شاعر و امام جماعت مسجد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا