ئیلاهی! له‌وه كه‌مترم بمخه‌یته به‌ر سنگی دۆزهختهوه
پێشكه‌شه به‌و ئازیزانه‌ی كه له (میحنه‌ت)دا ئارامگر و له (مینحه)شدا سوپاسگوزارن.
خوایه‌گیان! ئه‌ی میهره‌بانێك كه تروسكه‌ی میهره‌بانیت به‌خشیوه‌ته میهره‌بانان! میهرت ببه‌خشه به‌و به‌ندانه‌شت كه تینووی قومێك له میهری گیانبهخشتن ، ده‌رفه‌تمان بده له خه‌ڵوه‌تێكی عاریفانه‌دا بێینه دیوانت و چه‌ند هه‌ناسه نزا و تكایهكمانت پێشكه‌ش بكه‌ین. مۆڵه‌تمان بده ڕاز و نیازهكانمانت بۆ باس بكه‌ین و تۆش به لوتف و میهری فراوانت ڕازه‌كانمان ببیسته و نیازهكانمان به‌راورده بكه.
ئه‌ی بهراوردهكاری نیازه‌كان! گه‌وره‌ترین نیازمان ناز و نه‌وازشی تۆیه، مه‌زنترین ڕازمان دڵداری و دڵنه‌وایی كردنی تۆیه بۆمان، جوانترین خهلاَتێك كه پێمان ببه‌خشی نیگایه‌كی ڕه‌حمه‌ت و ڕه‌زا و ڕیزوان – رضوان- و لیقای ڕۆژانی هه‌ینییه له په‌نای عه‌رشی بڵند و فراوانتدا،
ده‌سا خوایه‌گیان! به‌و میهره بێ ئه‌ندازه‌ی خۆت لوتف بفه‌رموو و شایسته‌ی ئه‌و نیاز و داوایانه‌مان بكه، ڕوخسارمان نورانی بكه بهلیقات، تینوویه‌تیمان بشكێنه به مهحهببهتت، گیانمان پێ ببه‌خشه‌وه به ڕه‌زا و ڕیزوانت.
ئه‌ی مه‌عشوقی ئه‌زه‌لی و ئه ی مه‌حبوبی ئه‌به‌دی! ئێمه به‌نده‌ین و تۆ خوایت، ئێمه نیازمه‌ندین و تۆ بهراوردهكاری نیاز، ئێمه ئاتاج و بێ دهسهلاَتین و تۆ ده‌وڵه‌مه‌ند و دهسهلاَتدار، ئێمه گوناهبارین و تۆ گوناهبه‌خش و لێبورده و پۆشندهی خه‌تا، ئێمه سته‌مكارین و تۆ عادل و دادپه‌روه‌ر، ئێمه ده‌رده‌دارین و تۆ شیفابه‌خش، ئێمه نه‌دار و هه‌ژارین و تۆ ده‌هه‌نده‌ی دلاَوا، ئێمه بێ نازین و تۆ نازبهخش، ئێمه دڵشكستهین و تۆ دڵنه‌وایی كار، ئێمه ده‌رده‌دارێكی دڵكزین و تۆ باشترین دڵنه‌وایی ده‌رد و دڵدار، ده‌سا به میهری خۆت دڵداری و دڵنه‌واییمان بكه ئه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی كه دڵمان له نێوان دوو ئه‌نگوستی ڕه‌حمه‌ت و بهزهییتدایه.
ئه‌ی زاتێك كه دڵمان بچووكترین مه‌نزڵی قابیل به تۆیه! دڵمان بكه‌ره مه‌سكه‌ن و عه‌رشی عیشق و مهحهببهتت، ئه‌م دڵه بێ دڵه‌مان ئاوه‌دان بكه به نووری (ودّ) و خۆشه‌ویستی و لوتف و كه‌ره‌مت، به دڵداری و دڵنه‌واییت دڵمان بده‌ره‌وه و نازمان بكێشه ئه‌ی بێ نیازی بهراوردهكاری ناز و نیاز.
ئه‌ی ئه‌و زاته‌ی به‌نده یاخی و گوناهبارهكانیشت له دڵسۆزی و عیشقت بێ به‌ش ناكه‌یت! تۆ هه‌میشه و به‌رده‌وام به گه‌وره‌یی خۆت نیعمه‌ت و سۆز و دڵسۆزیت ـ وه‌ك نمه‌ی ڕه‌حمه‌ت ـ ده‌بارێنی به‌سه‌ر ئێمه‌دا و چ شتێكمان لێ داوا ناكه‌یت كه سود به خۆت بگه‌یه‌نێ یاخود زیان به ئێمه بگه‌یه‌نێ.
ئیلاهی! ده‌روازه‌ی ڕه‌حمه‌ت و سۆز و میهره‌بانیت له‌و كه‌س و ئازیزانه بكه‌ره‌وه كه ماوه‌یه‌كه به (میحنه‌ت)ی نه‌خۆشی و ناساغی جه‌سته‌یی ئازیز و خۆشه‌ویسته‌كانیان و به (صه‌بر) و ئارامگرتنی كه‌م وێنه‌یان، تاقییان ده‌كه‌یته‌وه.
په‌روه‌ردگارا! خۆت ئاگاداریت كه ئه‌م به‌نده خواپهرستانهت (صابر)انه‌ش له‌م (میحنه)تانه‌دا ملكهچت بوون و عابیدانه به‌ندایه‌تیان كردیت و ڕازین به قه‌زا و ڕه‌زات، ئه‌وان له ژێر باری نه‌خۆشی و ده‌رد و ئازاره تاقهتپڕوكێنهكاندا هه‌ر ئارامگر و خۆڕاگرن و قه‌ت ناشوكری و ناسوپاسیت ناكه‌ن، به‌ڵكو گاهێ وه‌خت نه‌خۆشی و ئازاره‌كانیش به نیعمه‌ت و خهلاَتێكی مه‌زن ده‌زانن، گههگاهێكیش ئه‌و ده‌رد و ئازارانه به فه‌ڕ و به‌ره‌كه‌تی ژیانیان ده‌زانن.
بهلاَم خوایه‌گیان! خۆ ئه‌م ئازیزانه ئه‌گه‌ر شاگرد و ڕۆڵه‌ی (ئه‌ییوب) و (یه‌عقوب)ی خۆشهویستانیشت بن، ئه‌وا هه‌ر ده‌بێ ڕۆژێ لێت بپاڕێنه‌وه و تكاكارانه بێنه حزوورت و به شه‌رم و ئه‌ده‌به‌وه تكا و نزای عابیدانهیان به‌رز بكه‌نه‌وه و وه‌ك حه‌زره‌تی (ئه‌ییوب) بڵێن: رَبِّى أنِّى مسَّنِىَ الضُّرُّ وَأنْتَ أرْحَمُ الرّاحِمِين.] یاخود وه‌ك حه‌زره‌تی (یه‌عقوب) كزۆلاَنه بپاڕێنه‌وه و ده‌ستی تكا و نزایان به‌رز بكه‌نه‌وه و بڵێن: [اِنَّمَا أَشْكُواْ بَثِّى وَحُزْنِى اِلَى اْللهِ..]
ده‌سا خوایه‌گیان! وا منی به‌نده‌ی زاتی میهره‌بانت و دۆستی ئه‌و ئازیزانه‌ش، به كۆڵێك گوناهو خه‌رمانێك له تفاقی كڵۆلاَنه و دوو ده‌ستی كزۆڵهوه، دێمه ئاستانه‌ی میهر و ڕه‌حمه‌تت و لێت ده‌پاڕێمه‌وه و ده‌ڵێم:
ئه‌ی شیفادهههندهی ده‌رده‌داران و ئامێزی ڕه‌حمه‌تی تهڵهبكاران! ئه‌زموون و تاقی كردنه‌وه و قۆناغی سه‌بر و ئارامگرتنی ئه‌و ئازیزانه ته‌واو بكه و بڕوانامه‌ی قبوڵبوونیان پێ ببه‌خشه و (میحنه‌ت)ـه‌كانیان له‌سه‌ر هه‌ڵگره و بیانگوازه‌ره‌وه بۆ قۆناغی شوكر و سوپاسگوزاری، ئیدی ئه‌مجاره‌یان به (مینحه) و خهلاَت و به‌خششی چاكبوونه‌وه و شیفا و شوكر و سوپاسی زاتی (شافی)ت، وه‌ره به هانایانه‌وه و ده‌رووی خێری خۆتیان لێ ئاوهلاَ بكه، ئیدی ئه‌و به‌ندانه‌ت دڵخۆش و شادومان بكه، له‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌شدا (تاقیكردنه‌وه‌ی قۆناغی شوكر و سوپاسگوزاری) سه‌ركه‌وتوویان بكه و ئاسوده‌یی و فه‌ره‌ح و سرور بگه‌ڕێنه‌وه ناو ماڵه خوادۆستانه و عاریفانه و عاشقانهكانیان.
ئیلاهی! ده‌زانم كه به‌نده‌یه‌كی گوناهبارم و قسور و گوناهم به (خه‌روار و خه‌رمان)ـه و چاكه‌م به (مشت و مه‌كۆ)یه، جا خه‌روار له كوێ و مشت له كوێ؟! خه‌رمان له كوێ و مه‌كۆ له كوێ؟!
بهلاَم خوایه‌گیان! تۆ به كرده‌وه‌ی خۆم مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵ مه‌كه و به كه‌ره‌می بێ سنوورت چاوی ڕه‌حمه‌تت له‌م به‌نده‌یه‌ت ببڕه، ته‌نها یه‌ك نیگای تۆ بۆ ئه‌م به‌نده‌یه‌ت به‌سه كه به‌خته‌وه‌ری هه‌ردوو دونیای بكه‌ی، لوتف بكه و ئه‌و نیگایه‌ت له‌م به‌نده‌یه‌ت درێغ مه‌كه و ئه‌و ناز و نهوازشهت له‌م به‌نده موحتاج و شه‌یدا و تامهزرۆیهت مه‌گره‌وه ئه‌ی كه‌ریمی كارساز.
* تێبینی: ئه‌م ناونیشانه، بڕگه‌یه‌كه له كۆپله شیعرێكی عاریفانه‌ی (ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی) كچه شاعیر، كه وه‌ك میوان له شه‌شه‌مین ڤیستیڤاڵی (كوڵعهنبهر) له ڕۆژی (19/7/2010)دا له شارۆچكه‌ی (خورماڵ) پێشكه‌شی كرد
مودريك على عارف