دل نوشتهکوردی

ئەی خاوەن ڕەحمەت!

ئەی خاوەن ڕەحمەت

نویسنده: جهانگیر بابایی

✅ لەو دەمەوە هەین وەک کەو و بێژینگ لەهەڵسووڕان داین. هەسارەیەک کە بۆ هەڵسووڕان دانامێنێ و وەک بێژکەیەکە کە بەهێزو وزەی سەروەریت هەڵدەسووڕێ. گەردوونەیەک ئەگەرشارەزاییت نەبێ زۆرحاستەمە و بەرەوهەڵدێران و تەرت و تلان دەخزێ.

✅ وای بەحاڵی ئەوەی کەبێ ترووسکایی و چاوەدێری و لەناوئەودارستانە چڕو پڕو تەندوورەزەنە و ئەنگوستەچاوە و تاریکایی و ڕەوەزو چەقوولوورە، وەڕێ کەوێ و بۆخۆشی نەزانێ بەرەوکوێ غللۆر دەبێتەوە!

✅ هاوار بەحاڵی ئەوکەسانەی گوێ نادەنە بانگەوازی و هەناسەی گەرمی عاڕفان و رووناکبیران کە پڕبەگەروو هاواردەکەن ، هۆ کاروانی ڕۆڵەکانی ئادەم و وەچەی ڕزگاربووی نووح و هوود و ئیبڕاهیم مووساو و عیسا! ئاگادار بن ئاگادار! ڕێچکەکەتان زۆردژوارە! پڕ لەچەقڵ و دڕک وچاڵە! تەلبەندێکی چەقڵاوییە! تەنراو بەکونی مارو مۆڵە! مەرگەساتە! چەقوو لووری گورگ و نەڕەی شێرو کەمتیارە!گەردەتانەوێ ئەوڕێیە ببڕن و بگەنە ئامانج، بێ هەمبانە و توێشووی سەفەر، نەکەونە ڕێ، دەنا ڕێگا دەرنابەن.

سپاس خاوەن شکۆ!
✅ بۆ بانگەوازیت، بۆبەرنامەکەت، بۆ هەموو چەمکەکانی ڕۆشەنبیری و لەخەوهەستانەکانت، بۆ ناردنی ئەوچرابەدەستە ڕەوشت بەرزە خوێن شیرینه و رووح سوک و لەبەردڵانە.
سپاس بۆ ناردنی ئەوهەواڵنێرە دڵپاک و لێزانەت، کە وەک نەمامێک دەشت و سارای لە گەرووی پاییزی سیس بووی نەزانی و گەردەلوولی سەرماو سۆڵەی نادادگەری وسەرلێشێواوی، ڕزگار کردو بەرەوبەهاری بەرگ سەوزی ئیمان ، پەڕاندەوە.

✅ ئای کە پسپۆری دڵ و دەروونە! هیوای کۆیلەو لەڕێ دەرچوانە، ئاوسارپسێنی ملهوڕانە، ڕەچەشکێنێکی بوێر ولێزانە!
ئەو بوو ئازایانە، وەپێش کەوت،چەخماخەی ژیانێکی نوێی لێدا، سڵ نەبۆوە، ڕانەوەستا، دژی پەستی وەستا. چەن حەکیمانە، ڕێگای کاروانی پێ بە پێ و مەنزڵ بەمەنزڵ، دیاری کرد و هۆبەو هەواری باوەڕو ئاوەدانی و عیرفانی لێهەڵدا. تابڵۆی چۆن ژیان و چۆن هەستان و چۆن بیرکردنەوەو چۆن پێکەوە بوون و چۆن برایەتی و چۆن ئاوەدانکردنەوەی لێ چەقاندن.
“ئەی عیشوەگەری قەلب و دەروون و دڵ و چاوم
هەردەم بەڕەوشت و عەیارێ دێیە هەناوم”

✅ هەرچەندێک کۆرنۆش بەرم و نێوچاوان لەسەرخاک دانێم و پشتم بچەمێتەوە، هێشتا وەک هەڵێنجانی قمێک لە دەریایەکی قووڵ و بێبنی سۆزی تۆیە!
خۆ ئەگەرچی نەمدیوی وبەدیدارت شادنەبووم و تەنیا ئاشقی غەمزە و خۆنواندنت بووم، بەڵام مامۆستاکەم زۆری تاریفی جوانی و دڵڕەڤاندی تۆ دەکا و دەفەرموێ بەژمارە و نەهێنی(ڕەمزو پەسووڕد )”بسم اللە الرحمن الرحیم” خۆ لە کۆشک و بارەگای هەست و ئەوینی تۆ هاوێین. ئەو، ناوی موحەممەدە، دەفەرموێ: “ئەوێ باغ و باغات و کۆشکی و تەلاری ڕازاوەیە، بە گوڵ و گوڵزاری دڵداری و بەخشەندەیی نەخشێنراوە، گەڕانەوتان مەحاڵە، ئەژنۆشکێنە، دڵبەزێنە.ئەوێ مەکۆی خواگیانە.”
“هەردێی و دەڕۆی جیلوە و غەمزە دەنوێنی
نادیارو نەدیو، خۆێنی گەشی دڵ دەڕژێنی”

ئەی پاشای هەردوو جیهان!
✅ مامۆستاکەم، قسەی سەیرو سەمەر دەکا. هەرچی دەیبێژێ لەئاکارو کردەوەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە، جوامێرێکی بەورە و دەمار پیاوە، مانگە شەوی ڕووخساری لە پشکوون و پێکەنین ناکەوێ. کردەوەکانی وەک سروەی بەهاران، دڵی سیس و ناتەواو دەلاوێنێ. تۆم لەویڕا ناسیوە، ئەوئاوا بەهەست و سۆز بێ دەریای مێهر و سۆزی خۆتان دەبێ چۆن بێ!
ناوی جوانی تۆی لەزارناکەوێ ، اللە اللەی، هەرلە لێو و لەتەری ئەو جوانە،.ئەی دەبێ چۆن بی و جەماڵ و کەماڵت لەچ ئاستێک دابێ کەئاوا مەجنوون و شەیدای رووحی نادیاری تۆ بوە!
“لەوڕۆژەوە ڕۆیشتوە تۆراوە دڵی من
ئاخۆ بەچ شاخێکەوە گیرساوە دڵی من”

ئیلاهی!
✅ بابەتی سفرەی ڕازاوەی فکرو بیرو ئەندێشە و بوون و ژیان و ناسینت، سپاست دەکەم.ئەزانی چەندم خۆش دەوێی؟ نازانم بە چ وشە و ڕستەیەک بیدڕکێنم پێموانەبێ وشەیەکی ئاوا قورس و قایم و بەهێز خوڵقابێ کەهەڵگری ئەوخۆشەویستییە بێ.بە متمانەوە تێک دەڕمێ و ئەستۆی خواردەبێ.

✅ بەڵام دڵم بەو ڕستەجوانەی خۆت گەلێک خۆشە کەفەرمووتە :”ئەگەرهەموو لق و پۆی دارەکان ببنە قەڵەم و پێنووس و ئاوی هەموو دەریاکانیش ببنە جەوهەری نووسین، هێشتا ناتوانن گەورەیی و مەزنی جەنابتان، لە سەرڕوومەتی سپی قاقەزو لاپەڕەکان بنووسن.

✅ دەی سوێند بەزاتی پاک وبێ وێنە و نادیارت، خۆشەویستی منیش ئاوایە و لەئەژمارنایە، نازانم ئەو هەستە پڕ لەئێحساسەم چۆن دەرببڕم ئەگەرچی دەشزانم وەک مامۆستاکەی مەدینە، نەمناسیوی.
بۆیە دەڵێم خۆشم دەوێی بەبارتەقای سەروەری خۆت!

✍️ جەهانگیربابایی، سەردەشت، خەزەڵوەرێ ٤٠٠

از طريق
جهانگیر بابایی
منبع
https://sozimihrab.org/
نمایش بیشتر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا