پێشکه‌ش به ته‌واوی دایکانی خۆشه‌ویست و خۆبه‌خش
گه‌وره بووم، به‌ڵام لای دایکم هه‌ر پچووکم. به‌ره‌و پیری ڕوونیام، به‌ڵام بۆ دایکم هه‌ر مناڵم.
دایکم ته‌نیا که‌سێکه ئه‌سرین و شیر و خوێنی فیدا کردم. ته‌واوی خه‌ڵک له‌بیریان کردم، جگه له دایکم. هه‌موویان جێیان هێشتم، جگه له دایکم. ته‌واوی دنیا گۆڕانکاری به‌سه‌ر هات، جگه له دایکم.
دایه گیانه‌که‌م؛ چه‌نده ڕوومه‌تی جوانت به ئه‌سرینی چاوه‌کانت شت ئه‌و کاته‌ی که بۆ سه‌فه‌ر ده‌چووم. چه‌نده خه‌وت له خۆت حه‌رام ده‌کرد ئه‌و کاته‌ی که نه‌بووم له لات. چه‌نده به ساکاری خه‌وت له بیر ده‌کرد، هه‌رکات که من نه‌خۆش ده‌که‌وتم.
دایه گیانه‌که‌م؛ هه‌ر کات که له سه‌فه‌ر ده‌گه‌ڕامه‌وه، ده‌مدیت که له‌به‌ر ده‌رگا چاوه‌ڕوان وه‌ستاوی و به فرمێسکی شادییه‌وه لێم ده‌ڕوانی و کاتێک که له ماڵ ده‌ڕۆمه ده‌ر، به دڵێکی خه‌مباره‌وه ماڵاواییم لێ ده‌که‌ی.
دایه گیانه‌که‌م؛ له ڕۆژانێکی پڕی ئازار و ئاسته‌نگیدا هه‌ڵتگرتم و له‌گه‌ڵ ڕه‌نج و مه‌ینه‌تی هێناتمه سه‌ر دنیا و به خۆشه‌ویستی و لاواندنه‌وه و ڕامووسان، له باوه‌شی گه‌رم و پڕمیهرت گرتم.
دایه گیانه‌که‌م؛ هیچ کات خه‌و نهیدهبردییهوه، تا کاتێک که خه‌و نه‌با به میوانی پێڵووی چاوه‌کانی من. هیچ کات هه‌ستت به خۆشی نه‌ده‌کرد، تا ئه‌وه‌ی که منت به شادمانی نه‌دیبا. هه‌ر کات پێبکه‌نم، بێ هیچ هۆکارێک زه‌رده‌خه‌نه ده‌بێته میوانی لێوه ئاڵه‌کانی تۆش. هه‌ر کات خه‌مبار بم، وه‌گریان ده‌که‌وی بێ هیچ هۆیه‌ک. پێش ئه‌وه‌ی که تووشی هه‌ڵه بم، بیانووم لێ وه‌رده‌گری و پێش پهژیوانیم، لێم ده‌بووری.
دایه گیانه‌که‌م؛ هه‌ر که‌س په‌سندم بکات، واژۆی ده‌که‌ی و به ڕاستی ده‌زانی، هه‌رچه‌ند به پێشه‌وای ئافراو و مانگی شه‌وی چوارده‌م بناسێنن و گه‌ر که‌سێک خراپهبێژیم بکات، به درۆی ده‌زانی هه‌رچه‌ند ئه‌هلی دادپه‌روه‌ری بێت و باوه‌ڕپێکراوان به ڕاست و پاکی بزانن. ته‌نیا تۆ سه‌رقاڵی کاروبارم بووی و ته‌نیا تۆ خه‌مخۆری ژیانم بووی.
دایه گیانه‌که‌م؛ من گه‌وره‌ترین سه‌رقاڵی و چیرۆکی جوان و هیوای نوێی تۆ بووم. تۆ که هه‌رچه‌نده چاکه‌ی زۆرت له‌گه‌ڵ کردووم، به‌ڵام به‌لاته‌وه هه‌ر که‌مه‌و له کهمکاریت داوای لێبوردن ده‌که‌ی. به‌وپه‌ڕی حه‌ز و شه‌وقه‌وه له من دا ده‌توێیته‌وه و دوباره گیانبه‌ختکردنی زۆرترت ده‌وێت و دڵت ئاو ناخواته‌وه.
دایه گیانه‌که‌م؛ خۆزگه بمتوانیبا به ئه‌سرینی ئه‌مه‌گ، هه‌نگاوه‌کانت بشۆمه‌وه و له جێژنی ژیاندا، پێڵاوه‌کانت بۆ هه‌ڵگرم.
دایه گیانه‌که‌م؛ چۆن وه‌ڵامده‌ری چاکه‌کانت بم؟ له کاتێکدا سگت کرده شوێنی حه‌وانه‌وه‌م و له شیری خۆت پێ دام و به باوه‌شی پڕ سۆزت داتپۆشیم. چۆن چاکه‌کانت قه‌ره‌بوو بکه‌مه‌وه؟ له کاتێکدا له ڕێی به‌خته‌وه‌ری من، موی سه‌رت سپی کرد و جه‌سته‌ت بۆ ئاسووده‌ییم کرووج و کرووز کرد و پشتت چه‌ماوه. چۆن قه‌ره‌بووی ئه‌سرینی میهره‌بانیت بکه‌مه‌وه که هێندێک کات له به‌ر خه‌مباریت بۆ من و هێندێک کات بۆ شادمانیم، له‌سه‌ر ڕوومه‌تت ڕشتن، چونکه تۆ له خۆشی و ناخۆشیمدا فرمێسک ده‌ڕێژی.
دایه گیانه‌که‌م؛ کاتێک له ڕوخساری جوانت ده‌ڕوانم، وا وێده‌چێ که سیمای نوورانیت لاپه‌ڕه‌ی په‌رتووکێکه که نه‌زیله‌ی ئازار و ئه‌و مه‌ینه‌تییانه‌ی که به هۆی من تووشت بوون، تێیدا نووسراوه و خۆڕاگریت له ئاست دژوارییه‌کان و تێکۆشانت بۆ من له وێدا تۆمار کراوه.
دایه گیانه‌که‌م؛ سه‌رتاپای وجودم هه‌ست به شه‌رمه‌زاری ده‌کات، کاتێک که له تۆ ده‌ڕوانم و تۆ له لێژاوی پیریدا و خۆم له لوتکه‌ی گه‌نجیدا ده‌بینم، تۆ به ئه‌سته‌می به‌سه‌ر زه‌ویدا ده‌ڕۆی و من به خێرایی.
دایه گیانه‌که‌م؛ کاتێک که هه‌موو هاوڕێیانم جێیان هێشتم، تۆ ته‌نیا که‌سێکی مه‌ینه‌تدار بووی و کاتێک ئه‌مه‌گناسان خه‌یانه‌تیان تێ کردم و هاوڕێیانی نزیکم فریویان دام، ته‌نیا تۆ بووی که به دڵێکی دڵۆڤانانه و ئه‌سرینی گه‌رم و دواندنێکی دڵخواز و هاوده‌ردی بێ وێنه‌ت، له‌گه‌ڵم بووی، له باوه‌شت ده‌گرتم و ماچت ده‌کردم، دهتلاواندمهوه و دڵنه‌واییت ده‌دامه‌وه و نزات بۆ ده‌کردم.
دایه گیانه‌که‌م؛ ده‌بینم که تێپه‌ڕینی ئه‌و ساڵانه تۆیان لاواز و بێ هێز کردووه. دێته‌وه بیرم که چه‌نده باوه‌شت، ماچ کردن و ئه‌سرین ڕشتنت، دڵنه‌وایی و هاودهردیت به‌وپه‌ڕی خۆشه‌ویستی و لێبورده‌یی ئاراسته‌ت ده‌کردم و بێ هیچ چاوه‌ڕوانی و سپاسگوزارییهک دهتکرده دیاری وجودم.
که چاو له تۆ ده‌که‌م لا کاتێکدا ماڵئاوایی له ژیان ده‌که‌ی و من ئێستا وه‌شوێن ژیان ده‌که‌وم، ته‌مه‌نت به‌ره‌و کۆتایی ده‌ڕوات و من له سه‌ره‌تای ده‌سپێکی ته‌مه‌نم دام؛ ئای که چه‌نده بێهێزم له گه‌ڕاندنه‌وه‌ی گه‌نجی و جوانیت که له ڕێی مندا به‌ختت کرد و ئه‌و هیز و توانایه‌ت که بۆ هێزان کردنی من فهوتاندت. ته‌واوی جه‌سته‌م به شیری تۆ هێزی گرت و گۆشتم له گۆشتی تۆ پێک هات. ڕوومه‌تم به ئه‌سرینی تۆ شۆردرا و مووی سه‌رم به ماچه‌کانی تۆ ڕووان، سه‌رکه‌وتنه‌کانم به به‌ره‌که‌تی دوعا و نزای تۆ ده‌سته‌به‌ر بوون.
ده‌بینم که چۆن چاکه‌کانت ده‌وریان گرتووم، که‌واته له به‌رامبه‌رتدا وه‌ک خزمه‌تگوزارێکی بچووک داده‌نیشم، سه‌رکه‌وتن و سه‌ربه‌رزی، داهێنه‌ری و لێهاتووییه‌کانم، لای تۆ له‌بیر خۆم ده‌به‌مه‌وه. چونکه هه‌مووی ئه‌وانه ته‌نیا به‌شێک له دیارییه‌کانی تۆ بوون بۆ من.
له نێوان خه‌ڵکدا هه‌ست به گه‌وه‌ره‌یی و له نێو هاوڕێیان هه‌ست به بایه‌خ و لای دیتران هه‌ست به هێژابوون ده‌که‌م، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر تۆدا هه‌ر ئه‌و مناڵه‌ی جارانم که هه‌ست به هیچ ده‌که‌م. شه‌رمه‌زاری ته‌واوی وجوودمی داگرتووه و تووشی دڵه‌ڕاوکێ ئه‌بم. بۆیه ڕێزنان و ئاوه‌ز له یاد ده‌که‌م، سه‌روه‌ت و سامانم وه‌لا ده‌نێم و پێههڵگوتنهکان له‌بیر ده‌به‌مه‌وه. چونکه تۆ دایک و من ڕۆڵه، تۆ سه‌روه‌ر و من خزمه‌تگوزارێکی بێ نرخ، تۆ قوتابخانه و من قوتابی، تۆ دار و من به‌رهه‌می دار و ئه‌وه‌یکه تۆ ته‌واوی ژیانمی.
که‌واته ئیزنم بده لاقه‌کانت ماچ بکه‌م، که له بایه‌خ و گه‌وره‌یی تۆیه که خاکه‌سار بم و ئیزنم بده به لێوه‌کانم تۆزی به‌رپێت خاوێن بکه‌مه‌وه دایه گیانه‌که‌م.
نووسه‌ر: دکتۆر عائیزولقهرهنی
وه‌رگێڕ: کولسووم حه‌سه‌نزاده