کۆمه‌ڵێک یاسای قوڕئانی پیرۆز
یاسای پێنجه‌م
«وَ قَد خَابَ مَنِ افتَرَی» (تاها:۶۱)
واته: «به‌ڕاستی ئه‌و که‌سه‌ی که شتی ناڕه‌وای هه‌ڵبه‌ستووه و پڕوپاگه‌نده‌ی درۆی کردووه نا‌ئومێد و بێهیوا و ڕه‌نجه‌ڕۆ بووه.»
ئه‌و یاسایه له‌گه‌ڵ چیرۆکی مو‌سا و فیرعه‌ون و جادووگه‌ره‌کانی هاتووه؛ خوای گه‌وره له زمان فیرعه‌ونه‌وه ده‌فه‌رموێت:
«قَالَ مَوعِدُکُم یَومُ الزِّینَهِ وَ أَن یُحشَرَ النَّاسُ ضُحًی * فَتَوَلـَّی فِرعَونُ فَجَمَعَ کَیدَهُ ثُمَّ أَتَی * قَالَ لَهُم مُوسَی وَیلَکُم لَا تـَفتَرُوا عَلَی اللهِ کَذِبًا فَیُسحِتَکُم بِعَذَابٍ وَ قَد خَابَ مَنِ افتَرَی* فَتَنَازَعُوآ أَمرَهُم بَینَهُم وَ أَسَرُّوا النَّجوَی» (تاها:۵۹-۶۲)
واته: «مو‌سا وتی: کاتی دیاری کراومان ڕۆژی ڕازاندنه‌وه بێت له کاتی چێشته‌نگاودا خه‌ڵکی کۆ بکرێته‌وه. فیرعه‌ون ئه‌و دانیشتنه‌ی به‌جێ هێشت و هه‌رچی فێڵ و ته‌ڵه‌که‌ی هه‌بوو، خستییه کار و پاشان (له کاتی دیاری کراودا) هات (به له‌خۆبایی بوونه‌وه). مو‌سا به جادووگه‌رانی گوت: هاوار له ئێوه، نه‌که‌ن درۆ به خواوه هه‌ڵبه‌ستن (هاوه‌ڵی بۆ بڕیار بده‌ن، باوه‌ڕ به پێغه‌مبه‌ران نه‌که‌ن) چونکه ئه‌و زاته به‌توانایه، به به‌ڵایه‌ک هه‌مووتان له ناو ببات و بتانفه‌وتێنێت، چونکه به‌ڕاستی ئه‌و که‌سه‌ی که شتی ناڕه‌وای هه‌ڵبه‌ستووه و پڕوپاگه‌نده‌ی درۆی کردووه نا‌ئومێد و بێهیوا و ڕه‌نجه‌ڕۆ بووه. (گوفتاری مو‌سا کاری تێکردن) که‌وتنه باس و خواس له نێوان خۆیاندا و به نه‌هێنی چپ و هوڕیان ده‌ست پێ کرد.»
(افترا) چه‌ندین واتای هه‌یه: درۆ، هاوه‌ڵدانان و سته‌م؛ خوای گه‌وره هه‌رسێک واتاکه‌ی له قوڕئان‌دا هێناوه و هه‌مووشیان سه‌باره‌ت به گه‌نده‌ڵی و ئاژاوه نانه‌وه هاتوون.
ئیبنی ته‌یمییه سه‌باره‌ت به‌و یاسایه ده‌فه‌رموێت: خوای گه‌وره له‌سه‌ر خۆی پێویست کردووه که ئه‌وانه‌ی درۆ هه‌ڵده‌به‌ستن ده‌بێ ڕیسوا بن. ئه‌و جۆره که‌سانه ڕێنمایی ناکرێن و خوای گه‌وره به سزای خۆی له بنێکیان دێنیت.
نموونه‌ی ئاشکرای ئه‌و یاسایه:
به وردبوونه‌وه له‌و یاسایه ده‌بینین که به‌داخه‌وه ئه‌و گرفته له نێو مرۆڤه‌کاندا به‌ڕاده‌یه‌کی زۆر دێته به‌رچاو، بۆ نموونه:
۱- درۆ هه‌ڵبه‌ستن بۆ خوا به قسه‌ی نه‌فامانه و بێئاگایانه:
«وَ مَن أَظلَمُ مِمَّنِ افتَرَی عَلَی اللهِ کَذِبًا أَو قَالَ أُوحِیَ إِلَیَّ وَلَم یُوحَ إِلَیهِ شَیءٌ وَ مَن قَالَ سَأُنزِلُ مِثلَ مَا أَنزَلَ اللهُ» (ئه‌نعام:۹۳)
واته: «کێ له‌وه سته‌مکارتره که درۆ بۆ خوا هه‌ڵبه‌ستێت و یا خود بڵێت: منیش وه‌حی و نیگام بۆ هاتووه، له ڕاستیشدا هیچی بۆ نه‌هاتبێت، هه‌روه‌ها ئه‌و که‌سه‌ش که وتویه‌تی: منیش وه‌ک قوڕئان کتێبێک داده‌به‌زێنم هه‌ر وه‌ک خوا دایبه‌زاندووه.»
خوای گه‌وره جه‌خت ده‌کات که قسه‌ی بێئاگایانه و نه‌فامانه سه‌باره‌ت به خوای گه‌وره له گه‌وره‌ترین تاوان و حه‌رامه‌کانه.
«قُل إِنَّمَا حُرَّمَ رَبِّی الفَواحِشَ مَا ظَهَرَ مِنهَا وَ مَا بَطَنَ وَالإثمَ وَالبَغیَ بِغَیرِ الحَقِّ وَ أَن تُشرِکُوا بِاللهِ مَا لَم یُنَزِّل بِهِ سُلطَانًا وَ أَن تَقُولُوا عَلَی اللهِ مَا لَا تَعلَمُونَ» (ئهعڕاف:۳۳)
واته: «پێیان بڵێ: به‌ڕاستی په‌روه‌ردگارم هه‌رچی گوناه و خراپه‌یه حه‌رامی کردووه، چ ئه‌وانه‌ی ئاشکران، چ ئه‌وانه‌ی په‌نهانن، هه‌روه‌ها هه‌موو گوناح و داخوازی و ده‌ستدرێژییه‌کی به‌ناحه‌قی حه‌رام کردووه، شتێک بکه‌ن به شه‌ریک و هاوه‌ڵ بۆ خوا که هیچ ده‌سه‌ڵاتی پێ نه‌داوه، هه‌روه‌ها حه‌رامی کردووه له خۆتانه‌وه به ناوی خواوه، دوور له هه‌موو زانیاری و زانستێک شت بڵێن.»
به سه‌رنجدان به‌و ئایه‌ته تێده‌گه‌ین که که‌سێک هاوه‌ڵ بۆ خوا دا‌نێت، یا بێئاگایانه له لایه‌ن خواوه شتێک بڵێت، چۆن تووشی هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره بووه.
نموونهیهکیتر حه‌رام کردنی حه‌ڵاڵه‌کان و به پێچه‌وانه‌وه‌یه که سه‌باره‌ت به هێندێک له بیرمه‌ندان و پێشه‌وایانی نه‌ته‌وه‌ی ئیسڕائیل هاتووه.
که‌سانێک که بێ هیچ زانست و ئاگادارییه‌ک فتوا ده‌ده‌ن، بۆ نموونه که‌سانێک هه‌ن که درۆ به‌ده‌م خواوه هه‌ڵده‌به‌ستن، هه‌ر وه‌ک خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت:
«وَ لَا تَقُولُوا لِمَا تَصِفُ ألسِنَتَکُمُ الکَذِبَ هَذَا حَلَالٌ وَ هَذَا حَرَامٌ لَتَفتَرُوا عَلَی اللهِ الکَذِبَ إِنَّ الَّذِینَ یَفتَرُونَ عَلَی اللهِ الکَذِبَ لَا یُفلِحُونَ» (نه‌حل:۱۱۶)
واته: «نه‌که‌ن به قاڵه‌ی ده‌م و زمانتان بڵێن ئه‌مه حه‌ڵاڵه و ئه‌مه حه‌رامه، بۆ ئه‌وه‌ی درۆ به ناوی خوا و ئایینی خواوه هه‌ڵبه‌ستن (دیاریکردنی حه‌ڵاڵ و حه‌رام به‌ده‌ست ئێوه نییه، چونکه) به‌ڕاستی ئه‌وانه‌ی درۆ بۆ خوا و ئایینی خوا هه‌ڵده‌به‌ستن سه‌رفراز و سه‌رکه‌وتوو نابن.»
هه‌ر که‌س بێ زانیاری سه‌باره‌ت به شه‌رعی خوا قسه بکات، ئه‌وه درۆی بۆ خوا هه‌ڵبه‌ستووه؛ جا له بواری نێوه‌کان و سیفاتی خوا بێت و یا له بواری حه‌ڵاڵ و حه‌رام و یا بواره‌کانی دیکه‌ی ئایین.
هه‌ر بۆیه زۆرێک له زانایانی پێشوو، له بابه‌تێکدا که چه‌مکێک سه‌باره‌ت به‌و له ئارادا نه‌بووه و یا ڕای گشتی له‌سه‌ر نه‌بووبێت، خۆیان پاراستووه که ڕا و بۆچوونی خۆیان به ته‌واوه‌تی و مسۆگه‌رانه ده‌ربڕن و یا سه‌باره‌ت به حوکمێکی خوا فتوا بده‌ن. هێندێک له‌و زانایانه ده‌یانگوت: خۆتان بپارێزن له‌وه‌یکه بڵێن خوا ئه‌وه‌ی حه‌ڵاڵ و حه‌رام کردووه؛ خوای گه‌وره به‌و که‌سه ده‌فه‌رموێت: درۆت کرد! من ئه‌وه‌م حه‌ڵاڵ و حه‌رام نه‌کردووه.
هه‌ر بۆیه کاتێک نووسه‌ری ئیمامی عومه‌ر نووسی: «ئه‌وه شتێکه که خوای گه‌وره نیشانی ئیمامی عومه‌ر؛ ئه‌میری ئیماندارانی داوه» پێی گوت: به‌و شێوه مه‌نووسه! به‌ڵکو بنووسه ئه‌وه ڕای عومه‌ره؛ ئه‌گه‌ر ڕاست بوو له لایه‌ن خوایه و ئه‌گه‌ر هه‌ڵه بوو له لایه‌ن عومه‌ر بووه.
ئیبنی وه‌هه‌ب ده‌ڵێت: له مالیکم بیستووه که ده‌یگوت: له هیچ که‌س نه له پێشینیان و نه له که‌سانێک که شوێنکهوتهیانم هیچ کات نه‌مبیستووه که بڵێن: ئه‌وه حه‌رام و ئه‌وه حه‌ڵاڵه. هیچ کات ئه‌وه‌نده‌یان له خۆڕا نه‌دیوه که شتی‌وا بڵێن. به‌ڵکو ده‌یانگوت: به ڕای من ئه‌وه ناپه‌سه‌نده و ئه‌وه‌یان په‌سه‌نده، یا ئه‌وه‌یان پێویسته و ئه‌وه‌ی دی به مه‌سڵه‌حه‌ت نییه.
که‌سێکی که خاوه‌ن زانسته، پێویسته کاتی قسه کردن ئاگاداری زمانی بێت و موفتی ده‌بێ له‌و بواره‌وه ڕێنماییه‌کانی پیاوچاکانی ڕابردوو ڕه‌چاو بکات که ئه‌وه باشتر و جێ متمانه‌تره.
۲- هێندێک له نموونه‌کانی به‌رچاو:
ئه‌و که‌سانه‌ی که له ڕابردوودا به بۆنه‌ی هاندان و یا ترساندنی خه‌ڵک و یا ئامانجی سیاسی، ئایینی و بازرگانی فه‌رمووده‌ی ناڕاستیان هه‌ڵده‌به‌ست و به پێغه‌مبه‌ری خوا(د.خ) نیسبه‌تیان ده‌دایه‌وه، له که‌سانێک هه‌ژمار ده‌کرێن که درۆ به زمان پێغه‌مبه‌ر(د.خ) هه‌ڵده‌به‌ستن. ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سانه هه‌ستیان کردبا که له تاقمی ساخته‌چییان هه‌ژمار ده‌کرێن وهیچ کات ڕزگاریان نابێت و وه‌ک خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: «وَ قَد خَابَ مَنِ افتَرَی» زۆرێک له‌وان ده‌ستیان له‌و سه‌رلێشێواوییه هه‌ڵده‌گرت. نیه‌تی پاک –هه‌ر وه‌ک زۆرێک له‌و که‌سانه‌ی که فه‌رمووده به زمان پێغه‌مبه‌ره‌وه(د.خ) هه‌ڵده‌به‌ستن، به‌م چه‌شنه بیر ده‌که‌نه‌وه- هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی بۆ وان نییه. چونکه پێگه‌ی شه‌ریعه‌ت زۆر به‌رزتره و پێویسته به‌ڕێز و به‌رز و پارێزراو بمێنێته‌وه. خوای گه‌وره ئایینه‌که‌ی خۆی ته‌واو و بێعهیب بۆ ڕه‌وانه کردوویین و پێویستی به فه‌رمووده‌ی درۆیین و ناڕاست نییه. شه‌ریعه‌تێک که له‌سه‌ر بنه‌مای درۆ پێک بێت، چ نرخێکی هه‌یه؟ ئه‌ویش درۆ له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ری ئه‌و ئایین و شه‌ریعه‌ته! به‌داخه‌وه ده‌بینین بڵاو کردنه‌وه‌ی فه‌رمووده‌ی لاواز و درۆ له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌تایبه‌ت به هۆی ئینتێڕنێت و کورته نامه تا ڕاده‌یه‌کی زۆر په‌ره‌ی ستهندووه. به‌نده‌کان ده‌بێ له خوا بترسن و هه‌ر شتێکی که له ڕاستبوونی دڵنیا نه‌بن، نابێ بڕوای پێ بکه‌ن و به پێغه‌مبه‌ر(د.خ) نیسبه‌تی بده‌نه‌وه.
له عاله‌می ڕاستیدا زوڵم و سته‌مێک که له برایانی موسوڵمان ده‌کرێت، هۆکاری جۆراوجۆری هه‌یه و له گرینگترینی ئه‌وان به‌غیلی و ته‌ماع له ماڵه. ئه‌و موسیبه‌ته کاتێک دژوارتر ده‌بێت که هێندێک له خه‌ڵک کرده‌وه‌کانیان به جله‌کانیان داده‌پۆشن، تاکوو بهمچهشنه پاکانه بۆ نه‌مامی خۆیان بکه‌ن و که‌سی به‌رامبه‌ریان وه‌ک دوژمن بناسێنن.
له‌م بواره‌وه چیرۆکی زۆرمان له سه‌رده‌می پێشوو و ئێستاشدا بیستووه. ئه‌و چیرۆکانه‌ی که کاریگه‌ری له‌سه‌ر دڵ و ده‌روون داده‌نێن و ئاکامی نه‌گریسی درۆهه‌ڵبه‌ستن له‌سه‌ر دیتران و سته‌مکردن ئاشکرا ده‌کات. بۆ نموونه ئاماژه به سێ دانه‌یان ده‌که‌ین:
۱٫ کاتێک موته‌وه‌ککیل خه‌لیفه‌ی عه‌بباسی له‌سه‌ر ته‌ختی خه‌لافه‌ت دانیشت، عه‌بدولعه‌زیزی کوڕی یه‌حیا که‌نانی چوو بۆ لای و وتی: ئه‌ی ئه‌میری ئیمانداران شتێکی سه‌یرم له واسیق دیت. ئه‌حمه‌دی کوڕی نه‌سری کوشت له کاتێکدا تا گیانی ده‌رچوو زمانی به قوڕئان پاراو بوو و قوڕئانی ده‌خوێنده‌وه. موته‌وه‌ککیل به بیستنی ئه‌و هه‌واڵه سه‌باره‌ت به براکه‌ی زۆر ناڕه‌حه‌ت بوو. له‌و کاته‌دا موحه‌ممه‌دی کوڕی عه‌بدولمه‌لیک هات بۆ لای و پێی وت: ئه‌ی کوڕی عه‌بدولمه‌لیک به دڵمدا هاتووه که کێ ئه‌حمه‌دی کوڕی نه‌سری کوشتووه! ئه‌و وتی: ئه‌ی ئه‌میری ئیمانداران خوا ئێمه به ئاوری خۆی بسوتێنیت ئه‌گه‌ر ئه‌میری ئیمانداران واسیق بیکوشتبێت، مه‌گه‌ر که‌سێک که کافر بووبێت. هه‌رسه‌مه چوو بۆ لای و وتی: ئه‌ی هه‌رسه‌مه به دڵمدا هاتووه که کێ ئه‌حمه‌دی کوڕی نه‌سری کوشتووه! وتی ئه‌ی ئه‌میری ئیمانداران خوا پارچه‌پارچه‌م بکات ئه‌گه‌ر واسیق ئه‌میری ئیمانداران بیکوشتبێت، مه‌گه‌ر که‌سێک که کافر بوو بێت. ئه‌حمه‌دی کوڕی ئه‌بی داود هات و وتی: ئه‌ی ئه‌حمه‌د به دڵمدا هاتووه که کێ ئه‌حمه‌دی کوڕی نه‌سری کوشتووه! وتی: ئه‌ی ئه‌میری ئیمانداران خوای گه‌وره ئیفلیجم بکات ئه‌گه‌ر ئه‌میری ئیمانداران واسیق ئه‌وی کوشتبێت، مه‌گه‌ر که‌سێکی کافر نه‌بێ.
موته‌وه‌ککیل وتی: من زیاتم به ئاگر سووتاند و هه‌رسه‌مه هه‌ڵات و به‌ره‌و هۆزی خه‌زاعه ڕۆیشت؛ که‌سێک ئه‌وی ناسی و وتی: ئه‌ی خه‌ڵکی خه‌زاعه ئه‌وه هه‌ر ئه‌و که‌سه‌یه که ئه‌حمه‌دی کوڕی نه‌سری کوشتووه، که‌واته پارچه‌پارچه‌ی بکه‌ن. به‌ڵام خوای گه‌وره ئه‌وی له پێستی خۆیدا به‌ند کردووه (ئیفلیجی کردووه).
۲٫ له‌گه‌ڵ یه‌کێک له مامۆستایانی زانکۆ که دوو جار ته‌ڵاق درابوو قسه‌م ده‌کرد؛ ئه‌و وتی: چیرۆکی سته‌می من حه‌وت ساڵ له‌مه‌و پێش ده‌ستی پێ کرد و دوای ئه‌وه‌یکه دوو ته‌ڵاقه بووم، بڕیارم دا له‌گه‌ڵ یه‌کێک له خزمه‌کانم که ژیانێکی ئارامی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و پێنج منداڵه‌کانی به‌سه‌ر ده‌برد، زه‌ماوه‌ند بکه‌م. له‌گه‌ڵ کوڕه پوره‌که‌م که خێزانی ئه‌و پیاوه‌ی خۆش ده‌ویست بڕیارمان دا که بوختانی ناپاکی به ژنه‌که‌ی بده‌ین. ده‌ستمان کرد به بڵاوکردنه‌وه‌ی ده‌نگۆیه‌کی ناپاکی له نێوان خزم و که‌س و کاری ئه‌وان و دوای ماوه‌یه‌ک پیلانه‌که‌مان سه‌رکه‌وت، به شێوازێک که ژیانیان تێک چوو و لێک جودا بوونه‌وه.
دوای یه‌ک ساڵ ئه‌و ژنه‌ی که به هۆی ئه‌و ده‌نگۆیه و بوختانێک که ئێمه بۆمان هه‌ڵبه‌ست ته‌ڵاق درابوو، له‌گه‌ڵ پیاوێکی خاوه‌ن پله‌ی به‌رز زه‌ماوه‌ندی کرد و هاوسه‌ره‌که‌شی له‌گه‌ڵ ژنێکی دی زه‌ماوه‌ندی کرد و له ئاکامدا من و کوڕه پوره‌که‌م ده‌ستبه‌تاڵ ماینه‌وه و به ئامانجی خۆمان نه‌گه‌یشتین. به‌ڵام ئێمه به ده‌ره‌نجامی سته‌می خۆمان گه‌یشتین، به شێوازێک که من تووشی نه‌خۆشی ژێرپه‌نجه بووم. کوڕه پورهکهشم له ژووره‌که‌ی خۆیدا به هۆی کاره‌با سووتا. ته‌واوی ئه‌و به‌سه‌رهاتانه دوای سێ ساڵ له‌و باسه ڕووی دا.
۳٫ که‌سێک به نێوی حه‌مد ده‌گێڕیته‌وه: کاتێک خوێندکاری دواناوه‌ندی بووم، له‌گه‌ڵ یه‌کێک له قوتابیانی زیره‌کی قوتابخانه شه‌ڕم کرد و دوای ئه‌وه بڕیارم دا که داهاتووی تهفنوتوونا بکه‌م. ڕۆژێک به‌یانی زوو بڕێک حه‌شیش (مادده‌ی هۆشبه‌ر)م هه‌ڵگرت و بۆ قوتابخانه‌م برده‌وه و له ساکی ئه‌و کوڕه‌م خست. پاشان به یه‌کێک له هاوڕێکانم وت که به پۆلیس ڕابگێنیت که ئه‌و قوتابییه له قوتابخانه مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌فرۆشیت. من ئه‌وکات له به‌ڕێوه‌بردنی پیلانه‌که‌م سه‌رکه‌وتوو بووم و ئێمه‌ش شایه‌تیمان له‌سه‌ر ئه‌و دا. له‌و ڕۆژه‌وه له ئاکامی ئه‌و سته‌مه ده‌ترسام و ویژدانم ئازاری ده‌دیت. دوو ساڵ له‌مه‌و پێش تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووم و ده‌ستی ڕاستم له‌ده‌ست دا. چووم بۆ ماڵی ئه‌و قوتابییه که داوای گه‌ردنئازادی لێ بکه‌م، به‌ڵام ئه‌و قه‌بووڵی نه‌کرد و وتی تو ئابڕووی منت لای خزم و که‌س و نزیکانم برد و ئێستا من که‌سێکی ده‌ر کراوم. ئه‌و هه‌روه‌ها وتی: من هه‌موو شه‌وێ تۆم به له‌عنه‌ت ده‌کرد، چونکه من به هۆی ئه‌و کاره‌ی تۆ هه‌موو شتێکم له‌ده‌ست دا. ده‌زانی که نێوان دوعای سته‌ملێکراو و خوای گه‌وره هیچ په‌رده‌یه‌ک نییه و خوای گه‌وره‌ش دوعای وه‌رگرتم.
خرابتر له‌وه جارێکی‌تریش تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووم و ئه‌و جار به ته‌واوه‌تی که‌مئه‌ندام که‌وتم و ئێستا به‌س له‌سه‌ر عه‌ڕه‌بانه ده‌توانم بجوڵێم. ئێستا ژیانێکی زۆر ئه‌سته‌مم هه‌یه، له مردن ده‌ترسم، چونکه ده‌زانم سزای خوا زۆر دژوارتره.نووسین: د. عمر بن عبدالله المقبل
وه‌رگێڕانی: کولسووم حه‌سه‌ن زاده
سه‌رچاوه: ئیسلاح وێب