فتاویفقه

فەتوا لەسەر: چەند پرس و مەسەلەیەكی تایبەت بە قوربانیكردن

قوربانیكردن

فەتوا لەسەر قوربانيكردن، وەڵامدانەوەى (۱۵) پرسیارى شەرعى

نوسەر: پڕوفسۆر عەلی قەرەداغی

بەناوى خواى گەورەو میهرەبان
سوپاس و ستایش بۆ پەروەردگاری جیهانیان، درود و صەڵەوات لەسەر پێغەمبەری رەوانەكراو بەبەزەیی بۆ جیهانیان پێشەوامان موحەممەد(صلی الله علیه وسلم) و لەسەر خانەوادەو یارانی….
مەسەلەی یەكەم: پێناسەی قوربانیی شەرعیی و ئاژەڵی قوربانیی.
مەسەلەی دووەم: حوكمی شەرعی قوربانیكردن.
مەسەلەی سێیەم: كاتی سەربڕینی قوربانیی.
مەسەلەی چوارەم: قوربانیكەر كەسێكیتر بكاتە بریكاری خۆی.
مەسەلەی پێنجەم: شەرعییەتی پێدانی قوربانیی بە كۆمەڵە خێرخوازییەكان.

مەسەلەی شەشەم: یەك سەر قوربانی بۆ هەموو ئەندامانی یەك خێزان.

مەسەلەی حەوتەم: مەبەستەكانی شەریعەت لە قوربانیكردن.مەسەلەی هەشتەم: چۆنێتی دابەشكردنی قوربانیی.مەسەلەی نۆیەم: دانی بەشێك لە قوربانیی بە كەسانی غەیرە موسڵمان.مەسەلەی دەیەم: لەناوچوونی ئاژەڵی قوربانی لەدوای كڕینی یان دەستنیشانكردنی.
مەسەلەی یازدەیەم: قوربانیكردن لەجیاتی كەسانیتر.
مەسەلەی دوازدەیەم: ئەو ئاژەڵانەی كە بۆ قوربانیكردن دەگونجێن و تەمەنیان.
مەسەلەی سیازدەیەم: سوننەت و ئادابەكانی قوربانیكردن.
مەسەلەی چواردەیەم: ئەوەی كە پەیوەندە بە رێگریكردن لە قوربانیكەر لە تاشینی مووی و نینۆك كردن.
مەسەلەی پازدەیەم: پرسی گواستنەوەی قوربانیی و گرتنی كۆمەڵە خێرخوازییەكان بە بریكار تیایدا.
مەسەلەی شازدەیەم: قوربانیكردن بە بەرخی ئوسترالی، یان دووگ بڕدراو.
مەسەلەی حەڤدەیەم: تێپەڕبوونی كاتی قوربانیكردن.
مەسەلەی هەژدەیەم: نرخی قوربانییەكە بە نەقدی بدرێ‌ بە هەژاران لە جێی سەربڕینی، ئەوەش لەبەر پێویستییان بە پارەكە بە نەقدی زیاتر لە گۆشتەكەی.
مەسەلەی نۆزدەیەم: تایبەتكردنی قوربانیی بە یەك خێزان.
مەسەلەی بیستەم: رادەستكردنی قوربانییەكە (بە زیندوویی) بە خێزانە هەژارەكان كە خۆیان هەستن بە سەربڕینی.
مەسەلەی بیست و یەكەم: نرخی قوربانییەكە بە پارەی نەقد بدرێ‌ بە كۆمەڵەیەكی خێرخوازیی باوەڕپێكراو.
درێژەباسی ئەم مەسەلەو فەتوایانە لە خوارەوە بخوێنەرەوە:
فەتوا لەسەر: چەند پرس و مەسەلەیەكی تایبەت بە قوربانیكردن.
سوپاس و ستایش بۆ پەروەردگاری جیهانیان، درود و صەڵەوات لەسەر پێغەمبەری رەوانەكراو و بە بەبەزەیی بۆ جیهانیان و پێشەوامان موحەممەد و لەسەر خانەوادەو یارانی، پاشان:
مەسەلەی یەكەم: پێناسەی قوربانیی شەرعیی و ئاژەڵی قوربانیی:
قوربانیكردن بریتییە لە سەربڕینی ئاژەڵانی وەك مەڕ، بزن، رەشە وڵاغ (گا و مانگا) و وشتر لە جەژنی قورباندا، بە مەبەستی پەرستنی خوای گەورەو نزیككەوتنەوە لێی، هەروەها لە سێ‌ رۆژەكەی تری جەژندا، تەنها یەك سەر مەڕ، یان یەك سەر بزن بۆ یەك كەس دەبێ‌، بەڵام رەشە وڵاغ یان وشتر تەنها یەك دانەیان بۆ قوربانیی حەوت كەس دەبێ‌.
مەرجی ئەو ئاژەڵە كە دەكرێتە قوربانیی ئەوەیە كە دەبێت سەلامەت بێت لە نەخۆشییەكی عەیبداركەر كە كاریگەری هەبێت لەسەر گۆشتەكەی، یان لەسەر شكڵ و شێوەی، رای بەهێز ئەوەیە كە ئەگەر ئەو ئاژەڵە بێ‌ دووگ بێت هیچ زیانی نیە، یان دووگی بڕدرابێت، یان خەسێنرابێت، ئەمەش رای بەهێزە لە گوتەی زانایاندا.
لەبەرئەوە ئاژەڵی كوێر كە كوێرییەكەی دیاربێت بۆ قوربانی نابێ‌، یان نەخۆشییەكی دیاری هەبێت، نابێت شەل بێت بەجۆرێ‌ شەلییەكەی بەرچاو بێت، نابێت لەڕێ‌ بێت كە گۆشتی پێوە نیە، هەروەها نابێت لەبری (كرێی) سەربڕینەكەی هیچ بەشێكی قوربانیی لێبدرێ‌ بە قەسابەكە، نابێت نە گۆشت و نە پێستەكەی بفرۆشرێت.
دەبێت هەموو پارچەكانی جەستەی قوربانییەكە ببەخشرێتەوە تەنانەت پێست و مووەكەشی…
كەواتە پێویستە موسڵمان لەڕووی قەڵەوی و زۆری گۆشتەوە باشترین ئاژەڵ بۆ قوربانیكردن هەڵبژێری، هەروەها دووركەوتنەوە لە هەر عەیبێك لەو عەیبانەی پێشەوە، چونكە خوای گەورە دەفەرموێ‌: [ذَلِكَ وَمَن يُعَظِّمْ شَعَائِرَ اللَّهِ فَإِنَّهَا مِن تَقْوَي الْقُلُوبِ]سورة الحج(32)
مەسەلەی دووەم: حوكمی شەرعیی قوربانیكردن:

لەڕاستیدا ئەو بەڵگانەی كە قورئان و سوننەت پشتگیرییان لێدەكەن بریتییە لەوە كە حوكمی شەرعیی قوربانیكردن رێوڕەسمێكی پیرۆزی ئاینیی گەورەیە، سوننەتێكی موئەككەدە، ئەم رێوڕەسمەش واجب نیە نە لەسەر حاجی و نە لەسەر غەیری حاجی، حەنەفییەكان و ئەوانەش هاوڕایانن وتوویانە قوربانیكردن واجبە. چونكە ئەو فەرمانەی كە لە ئایەتەكەدا هاتووە بۆ فەرزەو دەبێ‌ جێبەجێ‌ بكرێ‌، ئەویش ئەم فەرموودەیەی خوای گەورەیە: (فَصَلِّ لِرَبِّكَ وانْحَرْ)، قەتادە و عەتا‌و و عەكرمە و هیتریش بە قوربانیی راڤەیان كردووە، ئەوەش بە پشتبەستن بە فەرمانەكە كە دەڵێن لەڕاستیدا فەرزە. بەڵام كۆی زانایان بەڵگەی بەهێزیان هێناوەتەوە كە واجب نیە ، وتوویانە: ئەوەی كە لە فەرمانەكەدا باس لە فەرزبوونی دەكات رای جیاوازی لەسەرە، ئەوەی كە رای بەهێزە ئەوەیە كە تەنها بۆ داواكردنە، پاشان ئەوە بەڵگەكانن كە مەسەلەی فەرزبوونی یان سوننەت بوونی دیاری دەكەن، یان بۆ رێنماییی و تەبلیغە یان بۆ رێگاپێدانە، هەروەها لەفزی (وانْحَرْ) دەقێك نیە لە قوربانیدا، بەڵكو لەوانەیە مەبەست پێی سەربڕینی ئاژەڵی دیاریی مەككە (هدی) بێت كە حاجی لە حەجدا سەریدەبڕێ‌، چونكە سورەتەكە مەككییە.
بەڵگەیەكیتر لەسەر فەرزنەبوونی قوربانیی ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەری خوایە (صلی الله علیه وسلم)كە دەفەرموێ‌: ((هەركات دە رۆژی یەكەم لە مانگی زیلحیججە هاتەپێش و یەكێك لە ئێوە ویستی قوربانی بكات با موو لە سەر و پێستی نەكاتەوە))، بەڵگە دیارییەكە لە فەرموودەكەیدا (صلی الله علیه وسلم) وشەی (وأراد) كە بەڵگەیە لەسەر سەرپشككردن بە كردن یان بە نەكردنی.
چەندین فەرموودەی تر هەن كە بەڵگەن لەسەر رەوایەتی قوربانیكردن و لەسەر خێر و چاكەكەی، زانایان كۆدەنگن لەسەری هەروەك ئیبن قودامە لە (المغنی) دا باسیكردووە.
بەڵام مەعلومە كە خێری قوربانیكردن لە خێری هەر خێرێكی تری گشتی زیاترە، زانایانێكیش هەن دەڵێن كە خێركردن بە نەقدی خێرتر و باشترە، ئەمەش لە عائیشەوە (خوا لێی رازی بێت) گێڕدراوەتەوە، بەڵام رای یەكەم بەهێزتر و لەپێشترە.
مەسەلەی سێیەم: كاتی سەربڕینی قوربانیی:
كاتی سەربڕینی قوربانیی لە رۆژی دەی مانگی زیلحیججەوە لەدوای نوێژی جەژن یان بەڕادەی تەواوبوونی كاتی نوێژەكە دەستپێدەكات تا كاتی خۆرئاوابوونی رۆژی چوارەمی جەژن واتە (10، 11، 12، 13) لە مانگی زیلحیججە، هیچ رێگیرییەك نیە لەوەی سەربڕین لەو چوار رۆژەدا هەر لەدوای نوێژی جەژنەوە لەگەڵ رەچاوكردنی كۆتاییهاتنی هاتنی كاتەكەی بە خۆرئاوابوون لە رۆژی 13 مانگدا، بەشەو یان بە رۆژدا بێت، باشترین كاتیش لەو ماوەیەدا ئەو كاتەیە كە بەرژەوەندی هەژارانی تێدا دەستەبەر دەبێت.
مەسەلەی چوارەم: قوربانیكەر كەسێك بكاتە بریكاری خۆی:
بە كۆدەنگی زانایان رێگادراوە كە كەسی قوربانیكەر دەتوانێ‌ لە سەربڕینی ئەو ئاژەڵەدا كە دەیكاتە قوربانیی كەسێكیتر بكاتە بریكاری خۆی، ئەگەرچی باشتر وایە كەسی قوربانیكەر ئەگەر هاتوو توانای ئەو كارەی هەبوو خودی خۆی هەستێ‌ بە سەربڕینی قوربانییەكەی، دواتریش بە تێروتەسەلی قسەی لێدەكەین.
مەسەلەی پێنجەم: شەرعییەتی پێدانی قوربانیی بە كۆمەڵە خێرخوازییەكان:
بەم پێیە ئەو پرۆسەیە كە كۆمەڵە خێرخوازییەكان پێی هەڵدەستن لە كۆكردنەوەی نرخی قوربانییەكان، پاشانیش لەڕێگای لقەكانیانەوە هەڵدەستن بە سەربڕینیان لەو وڵاتانەدا كە نەدارن و پێویستییان پێی هەیە ئەوا بە كۆدەنگی زانایان كارێكی رەواو شەرعییە، نابێت رەخنەو ناڕەزایی لەو كارە بگیرێ یان گومان لەسەری دروست ببێت مادامێ‌ ئەو كۆمەڵەیە كۆمەڵەیەكی خێرخوازیی متمانەپێكراوە و بە جوانی هەڵدەستێ‌ بە راپەڕاندنی كارەكە.
مەسەلەی شەشەم: یەك سەر قوربانیی بۆ هەموو ئەندامانی یەك خێزان:
یەك سەر قوربانیی بەشی هەموو ئەندامانی یەك خێزان دەكات، چونكە پێشەوا موسلیم لە صەحیحەكەیدا لە عائیشەوە (خوا لێی رازی بێت) دەگێڕێتەوە كە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم): بەرانێكی هێنا تا بیكاتە قوربانیی، ئینجا رایكێشا، پاشان فەرمووی: ((بەناوی خودا، خودای گەورە ئەم قوربانییە لە موحەممەد و لە خانەوادەی موحەممەد و لە ئوممەتی موحەممەدی قوبوڵ بكە)) پاشان كردییە قوربانی، تەنانەت پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ((دوو بەرانی شاخداری رەنگ بۆری كردە قوربانی)). لە ریوایەتێكیشدا هاتووە كە: ((لە كاتی سەربڕینی دووەمدا فەرموویەتی: ((لەجیاتی هەركەسێكی ئوممەتی من كە باوەڕی هێناوەو باوەڕی بە پێغەمبەرایەتی من كردووە)).
بەڵام بۆ كەسێ‌ كە توانای دارایی هەیە باشترە كە قوربانیی زۆرتر بكات.
مەسەلەی حەوتەم: مەبەستەكانی شەریعەت لە قوربانیكردن:
قوربانیكردن زۆر مەبەستی شەرعی و حوكمی جۆراوجۆر و سودی گەورەی تێدایە، گرنگترینیان ئەمانەن:

1- دەستەبەركردنی بەندایەتییە بۆ خوای گەورە لە بواری ماڵ و داراییدا، بە گەورە راگرتنی رێوڕەسمە پیرۆزەكانیەتی، چونكە قوربانیكردن پەرستشێكی داراییە بۆ خوای گەورە، هۆكارێكە بۆ نزیككەوتنەوە لە خوای گەورە، ئەوەش لەڕێگای خەرجكردنی بەشێك لە ماڵ و سامان بۆ راپەڕاندنی فەرمانەكانی خوای گەورە و پێغەمبەرەكەی (صلی الله علیه وسلم).
2- سوپاسگوزاریی لەسەر بەخشینی نیعمەتی ماڵ و سامان، لەبەرئەوە قوربانیكردن تەنها لەسەر كەسێك دانراوە كە ماڵ و سامانی هەبێت و توانای قوربانیكردنی هەبێت.
3- بەجێگەیاندنی مافی برایەتی ئیمانیی و بەشداریكردن لە دەستەبەركردنی كۆمەڵایەتی كە پێویستە بە هۆكاری بەردەست جێبەجێ‌ بكرێ‌.
4- دڵخۆشكردنی هەژاران تا هەست بە خۆشی جەژن بكەن و لەگەڵ ئەوانیتردا ئەو خۆشییە بنوێنن.
5- دڵفراوانیی و نواندنی سەخاوەت بەرانبەر بە خود و ماڵ و خێزان لە جەژندا.
6- زیندووكردنەوەی سوننەتی گەورەمان پێغەمبەر ئیبراهیمە (سەلامی خوای لەسەر بێت)، پارێزگاریكردنە لەو سوننەتە لە یادەوەریی و لە پراكتیزەكردندا، چونكە ئەو لێبڕا كە ئیسماعیلی كوڕی (سەلامی خوایان لەسەر بێت) بكاتە قوربانیی. بەڵام ئەوەبوو خوای گەورە قوربانییەكی گەورەی لەجیاتی ئیسماعیل كردە قوربانیی.
ئەمەش كارێكی پێشەنگییە تا كەسانی گەورەو لاوان و ئافرەتان چاوی لێبكەن، پەروەردەكردنە لەسەر گوێڕایەڵیكردنی خوای باڵادەست لەڕێگای بەخشینی بەنرخترین شتێك كە مرۆڤ هەیەتی.
مەسەلەی هەشتەم: چۆنێتی دابەشكردنی قوربانیی:
كەسی قوربانیكەر قوربانییەكەی دابەشدەكات بەسەر هەژاران و خاوەن پێداویستییەكاندا، بەشێكی دەهێڵێتەوە بۆ خۆی و ماڵ و خێزانی، ئەمەش لە بارێكدا كە نیەتی نەزری لێ نەهێنابێ‌، ئەگەر بیكاتە سێ بەشیش ئەوا هیچ نەنگییەكی تێدا نیە، چونكە لە ئیبن عەبباسەوە (خوا لێیان رازی بێت) لە باسی قوربانیكردنی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ریوایەتكراوە كە وتوویەتی: ((سێیەكی دەرخواردی ماڵ و خێزانی خۆی دەدا، سێیەكێكی تری دەدا بە دراوسێ‌ هەژارەكانی، سێیەكێكیشی دەكردە خێر بەسەر ئەوانەدا داوایان دەكرد)).

مەسەلەی نۆیەم: دانی بەشێك لە قوربانیی بە كەسانی غەیرە موسڵمان:
دروستە بەشێك لە قوربانی بدرێ‌ بە كەسانی غەیرە موسڵمان لەوانەی كە لە وڵاتماندا دەژین و دۆستمانن، هەروەها بدرێ‌ بە خزمەتكار و شۆفێر و كرێكاران و هاوشێوەیان، چونكە ئەمە دەچێتە خانەی ئەو چاكەكاریەوە كە لە سورەتی الممتحنە دا هاتووە، خوای گەورە دەفەرموێ‌:[لَا يَنْهَاكُمُ اللَّهُ عَنِ الَّذِينَ لَمْ يُقَاتِلُوكُمْ فِي الدِّينِ وَلَمْ يُخْرِجُوكُمْ مِنْ دِيَارِكُمْ أَنْ تَبَرُّوهُمْ وَتُقْسِطُوا إِلَيْهِمْ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُقْسِطِينَ]سورة الممتحنة(8) ، لە ئیبن عومەرەوە (خوا لێیان رازی بێت) دەگێڕنەوە كە وتوویەتی مەڕێك لەناو ماڵ و خێزانی پێغەمبەردا (صلی الله علیه وسلم)سەربڕدرا، كاتێك هاتەوە فەرمووی: ((ئایا بەشتان بردووە بۆ دراوسێ‌ جووەكەمان؟)) (دووجار دووبارەی كردەوە)، گوێبیستی پێغەمبەری خوا بووم (صلی الله علیه وسلم)دەیفەرموو: ((جبریل بەردەوام لەبارەی چاكبوون لەگەڵ دراوسێ راسپاردەی دەدامێ‌ تەنانەت وا گومانم برد كە درواسێ‌ میراتی دراوسێ‌ دەبات)).
مەسەلەی دەیەم: لەناوچوونی ئاژەڵی قوربانیی لەدوای كڕین یان دەستنیشانكردنی:
أ- ئەگەر كەسی قوربانیكەر ئاژەڵێكی كڕی پاشان لەپێش هاتنی كاتی قوربانیكردنی ئاژەڵەكە لەناوچوو ئەوا هیچی ناكەوێتە سەر، مەگەر لەبارێكدا نەبێت كە ئاژەڵەكە كرابێتە نەزر و بەهۆی كەسی نەزركەرەوە بە ئازاردانی یان كەمتەرخەمیكردن لە پاراستنی لەناوچووبێت، ئەوا لەو حاڵەتەدا پێویستە كەسی قوربانیكەر ئاژڵێكی هاوشێوەی بكڕێ‌ و بیكاتە قوربانیی.
ب- بەڵام ئەگەر هاتوو قوربانییەكەی لەدوای كڕینی عەیبدار بوو ئەوا هیچ نەنگییەكی تێدا نیە كە بیكاتە قوربانیی، چونكە پاساوی شەرعی هەیە.
ج- ئەگەر لەدوای دیاریكردنی ئاژەڵی قوربانییەكە ئەو ئاژەڵە بەچكەی لێبوو ئەوا بەچكەكەش لەگەڵیدا سەردەبڕدرێ‌.
مەسەلەی یازدەیەم: قوربانیكردن لەجیاتی كەسانیتر:
أ- قوربانیكردن لەجیاتی مردوو:
1-ئەگەر كەسێ‌ ویستی لەجیاتی كەسێكی مردوو كە وەسیەتی كردبێت قوربانیی بكات ئەوا دروستە بۆی بكرێ‌ با ئەو كەسە هیچ ماڵ و سامانێكیشی لێ‌ بەجێنەمابێت، بەڵام ئەگەر ماڵ و سامانی لێ‌ بەجێمابێت و وەسیەتی قوربانیی كردبێ‌ ئەوا بە كۆدەنگی زانایان دەبێت لە سێیەكی ئەو ماڵەی بەجێیهێشتووە ئەو وەسیەتەی جێبەجێ‌ بكرێ‌.
2-بەڵام ئەگەر وەسیەتی نەكردبێت قوربانیی بۆ بكرێ‌ ئەوا زۆرینەی زانایان رێگایانداوە قوربانیی بۆ بكرێ‌، بەتایبەتی بۆ باوك و دایك، هەروا دروستە قوربانیی بكات بۆ خزمان یان مردووە خۆشەویستەكانی خۆی ئەمەش رای بەهێز و سەلمێنراوی لەسەرە، بەڵام بۆ خێركردنی تر لەجیاتی خزمان ئەوە بە كۆدەنگی زانایان كارێكی دروستە.
ب- قوربانیكردن بۆ زیندوو:

1- دروستە قوربانیی بۆ كەسێكی زیندووی پەككەوتە و بۆ باوك و دایك و بۆ ماڵ و خێزان بكرێ‌ -هەروەك لەپێشەوە ئاماژەمان پێكردووە-، هەروەها هەندێ‌ لە زانایان رێگایانداوە كە قوربانی بكرێ‌ بۆ كەسانیتریش لەوانەی كە توانایان هەیە، چونكە پێغەمبەر(صلی الله علیه وسلم) قوربانیكردووە بۆ ماڵ و خێزان و بۆ ئوممەتەكەی.
2- باش وایە قوربانیكەری دەوڵەمەند هەندێ‌ لە قوربانبییەكانی بدات بە هەژاران، یان بە غەیری ئەوان، بۆئەوەی ئەوانیش بێبەش نەبن لەو پاداشتە، بوخاری ریوایەتی كردووە كە: ((پێغەمبەر -(صلی الله علیه وسلم)- قوربانییەكانی دابەشكردووە لەنێوان هاوەڵاندا)). ئەوەش بەوە دەبێ‌ كە دەوڵەمەند هەندێ‌ لەو ئاژەڵانەی كە دەیەوێت بیانكاتە قوربانی بە زیندوویی بیانداتە هەژاران یان بە غەیری ئەوان تا خۆیان هەستن بە سەربڕین و دابەشكردنیان، خۆیشیان بەشێكی هەڵگرن بۆ خۆیان، ئەویتریشی دابەشبكەن بەسەر كەسانێكدا كە پێویستییان بەو گۆشتەیە، بەمشێوەیە ئەوانیش بەشدار دەبن لە بەرپاكردنی سروتەكانی خوای گەورە.
مەسەلەی دوازدەیەم: ئەو ئاژەڵانەی كە بۆ قوربانیكردن دەگونجێن و تەمەنیان:
1- زۆرینەی زانایان لەسەر ئەو رایەن كە قوربانیكردن تەنها لەم ئاژەڵانەدا دەكرێ‌ ئەوانیش بریتین لە: وشتر، رەشەوڵاغ (گا و مانگا)، مەڕ و بزن.
هەندێ لە زانایانیش كە یەكێكیان حەسەنی كوڕی صاڵحە رایان وایە كە دەكرێ‌ مانگای كێوی بكرێتە قوربانی بۆ حەوت كەس، ئاسكیش بۆ یەك كەس.
2- بۆ تەمەنیشیان دەبێت مەڕ تەمەنی لە شەش مانگ كەمتر نەبێت واتە: كاوڕ بێت، دەبێت چتیر كە مێینەی بزنە تەمەنی ساڵێكی تەواو كردبێت و پێینابێتە ساڵی دووەمەوە، دەبێت رەشەوڵاغیش تەمەنی دوو ساڵی تەواو كردبێت و چووبێتە ساڵی سێیەمەوە، وشتریش پێنج ساڵی تەواو كردبێ‌ و چووبێتە ساڵی شەشەمەوە.
مەسەلەی سیازدەیەم: سوننەت و ئادابەكانی قوربانیكردن:
1- بۆ مەسەلەی ئاژەڵی قوربانیی پێویستە چاكترین و قەڵەوترین و باشترین و شاخدار هەڵبژێردرێ‌، زانایان رایان جیاوازە لەوەی كە ئایا مەڕ لە حەوتیەكی وشتر و رەشەوڵاغ باشترە؟ رای بەهێز ئەوەیە كە بەران باشترە لە حەوتیەك، چونكە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) قوربانی بە بەران كردووە -هەروەك لەپێشەوە باسكراوە-، دەبێت ئادابی سەربڕینی شەرعیش پەیڕەو بكات.
2- یەكێك لە سوننەتەكانی قوربانیكردن ئەوەیە دەبێت قوربانیكەر (پیاو بێت یان ئافرەت) دوای ئەوە كە نیەتی هێنا قوربانی بكات ئیتر نابێت لە دە رۆژی یەكەمی مانگی زیلحیججەدا مووی بتاشێ‌، نابێت نینۆكی بكات تا قوربانییەكەی دەكات، ئیبن قودامە دەڵێ‌: (هەركەس نیەتی هێنا كە قوربانی بكات و كەوتە دە رۆژی یەكەمی مانگەوە ئیتر نابێت موو لە سەر و پێستی بكاتەوە).
3-باش وایە قوربانیكەر قوربانییەكەی دابەشبكات بۆ سێ‌ بەش: سێیەكێكی بۆ خۆی و ماڵ و خێزانەكەی، سێیەكێكی بكاتە دیاری بۆ هەركەس كە خۆی بیەوێ‌ لە دراوسێیان و هاوڕێیان با ئەوانەش كەسانی دەوڵەمەندبن، سێیەكێكیشی ببەخشێتەوە بەسەر هەژاراندا.
4- یەكێكیتریش لە ئادابەكانی سەربڕین ئەوەیە ئەگەر لە توانایدا بوو خۆی هەستێ‌ بە سەربڕینی، ئەمەش واجب نیەو ئەنجامنەدانی نابێتە مایەی كەمكردنەوەی پاداشت، با لە كاتی سەربڕیندا بڵێ‌: (بسم الله، والله أكبر، ئەمە هی زاتی تۆیە، بۆ زاتی تۆیە، خوایە لێم قوبوڵ بكە، یان لە فڵانەكەسی قوبوڵ بكە) یان بڵێ‌: (خودایە ئەمە لەباتی خۆم و لەباتی ئەندامانی خێزانەكەمە).
5- بە مەرج ناگیرێ‌ كەسی بریكار لە كاتی سەربڕیندا ناوی كەسی بریكاردەری قوربانیكەر بهێنێ‌، زانایان وتوویانە: وانابینین را جیاوازی هەبێ‌ لەوەی كە نیەت جێی خۆی دەگرێ‌، ئەگەر كرا ناوی ئەو كەسەش بهێنرێ‌ كە لەباتی ئەو قوربانییەكە دەكرێ‌ شتێكی باشە).
مەسەلەی چواردەیەم: ئەوەی كە پەیوەندە بە رێگریكردن لە قوربانیكەر لە تاشینی مووی و نینۆك كردن:
هەموو ساڵێك ئەم مەسەلەیە دەوروژێنرێ‌، خەڵكی سەرقاڵدەكرێن پێیەوە، پێمخۆشە لێرەدا روونیبكەمەوە كە چەند مەسەلەیەكی گرنگ هەن ئەوانیش ئەمانەن:

1- بێگومان لەسەر ئەم مەسەلەیە فەرموودیەكی راست و دروست هاتووە كە موسلیم بە سەنەدی خۆی لە ئوم سەلەمەوە (خوا لێی رازی بێت) ریوایەتیكردووە كە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)فەرموویەتی: ((ئەگەر دە رۆژی یەكەمی -مانگی زیلحیججە- هاتەپێش و یەكیك لە ئێوە ویستی قوربانی بكات با موو لە سەر و پێستی نەكاتەوە))، لە ریوایەتێكیشدا هاتووە كە فەرموویەتی: ((با نە موو لەخۆی بكاتەوە، نە نینۆك بكات)) ئەم فەرموودەیەش راستەو رواڵەتی فەرموودەكە وەرگیراوە كە هەندێ‌ لە زانایان كردوویانەتە بەڵگە لەسەر قەدەغەكردنی، ئیبن قودامە وتوویەتی: (ئەمە گوتەی هەندێ‌ لە زانایانمانە كە ئیبن مونزیر لە ئەحمەد و ئیسحاق و سەعیدی كوڕی موسەییبەوە دەیگێڕێتەوە، قازی و كۆمەڵێكیش لە زانایانمان وتوویانە: ئەو كارە كەراهیەتی -واتە كەراهیەتێكی پاكژكەرە (كراهیە تنزیهیە) و حەرامكراو نیە-، مالیك و شافیعی هەر ئەم قسەیە دەكەن چونكە عائیشە -خوا لێی رازی بێت- وتوویەتی: من خۆم ملوانكەی ئاژەڵی دیاریی مەككەی پێغەمبەرم (صلی الله علیه وسلم) (هدی) دەهۆنییەوە پاشان پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بەدەستی خۆی دەیكردنەوە ملیان، پاشان دەیناردن، تا ئاژەڵەكەی سەردەبڕی هیچ شتێكی لە خۆی حەرام نەدەكرد كە خوای گەورە بۆی حەڵاڵ كردبێ‌..)) بوخاری و موسلیم ریوایەتیان كردووە، ئەبو حەنیفە دەڵێ‌: (هیچ كەراهەتێكی نیە).
كەواتە ئەم زانایانە -كە زۆرینەن- فەرموودەكەی ئوم سەلەمەیان (خوا لێی رازی بێت) والێكداوەتەوە كە مەسەلەكە كەراهیەتی پاكژكەرەوەی هەیە یان رێگاپێدراوە، چونكە رێگریكردن با لە رواڵەتیشدا لای كۆمەڵێك لە زانایان بەڵگە بێت لەسەر حەرامكردن، بەڵام ئەم گوتەیە كۆدەنگی زانایانی لەسەر نیە، بەڵگەكانیش بەهەمانشێوە بە ئاراستەی غەیری قەدەغەكردندا دەیبەن، لە گرنگترینی ئەو بەڵگانە فەرموودەكەی عائیشەیە (خوا لێی رازی بێت) كە فەرموودەیەكی راستەو بوخاری و موسلیم ریوایەتیان كردووە، ئەو فەرموودەیە كە شافیعی لەبارەیەوە وتوویەتی: (ئەو مانایە دەدات بەدەستەوە كە مرۆڤ ئەگەر نیەتی ناردنی ئاژەڵی دیاریی مەككەی (هدی) لە حەجدا هێنا ئیتر هیچ شتێكی لەوبارەیەوە لێ‌ قەدەغە ناكرێت، ئیرادەی ناردنی ئاژەڵیش بۆ (هدی) لە حەجدا ئیرادەیەكی بەهێزترە لە ئیرادەی قوربانیكردن).
ئێمەش ئەم رایەمان لا بەهێزترە، چونكە ئەسڵ لە مەسەلەكەدا پێدانی ئەستۆپاكییە (برا‌وە الژمە)، قەدەغەكردنیش بە بەڵگەیەكی راشكاو و دروست و راست نەبێت كە هیچ ماناگۆڕینێ‌ هەڵنەگرێ‌ ناسەلمێت، خوای گەورەش زاناترە.
2- ئەم راجیاوازییە تەنها لە بڕینی موو یان تاشینی، وە لە مەسەلەی نینۆككردندایە، جگە لەو دووانە ئیتر هیچ راجیاوازییەك لە شتەكانی تردا نیە كە رێگربن لە قوربانیكردنەكەی، لەوانەش سەرجێگەیی لەگەڵ هاوسەردا و هاوشێوەی دەربارەی كەسێك كە بیەوێت قوربانی بكات.
3- ئەم حوكمە لەوەی كە خۆگرتنەوە لە مووكردن سوننەتە یان واجبە، وە فەرامۆشكردنی حەرامە یان مەكروهێكی پاكژكەرەوە بێت یان رێگاپێدراو بێت تایبەتە تەنها بە كەسی قوربانیكەرەوە، ئەندامانی خێزانەكەی و ئەو كەسە كە قوربانی لەبری ئەو دەكات ناگرێتەوە، ئەمەش لە رۆژی نیەتهێنان و بڕیاردان بەوەی كە بە دڵنیایی قوربانی دەكات دەست پێدەكات.
مەسەلەی پازدەیەم: گواستنەوەی قوربانییەكان و گرتنی كۆمەڵە خێرخوازییەكان بە بریكار:
یەكێك لەو نیعمەتانەی كە پەروەردگار سوپاس بۆ خوای گەورە لە وڵاتی قەتەر بەتایبەتی، وڵاتانی كەنداو بە گشتی پێیبەخشیوین نیعمەتی ئەمن و ئاسایش و زۆری رزق و رۆزی و ماڵ و سامان و دەوڵەمەندییە، ئەمەش بەخششێكی گەورەیەو دەخوازێ‌ لێی ببەخشرێ‌، ئەمە لەكاتێكدا كە گەلانی هەندێ‌ لە وڵاتە ئیسلامییەكانی تر دەناڵێنن بەدەست برسێتییەوە، پارووە نانێكیان نیە، هەیانە دەیانبینی كە دەڵێن وا بۆ چەند مانگێكە تامی گۆشتمان نەچەشتووە، جا لەسایەی ئەم بارودۆخەدا ئەوا بڕیاردان بە گواستنەوەی قوربانیی بۆ ئەو هەژارە داماوانە لە سوریا، فەلەستین، عیراق، ئەفەریقیا و بۆرما و كشمیر و هاوشێوەیان لە وڵاتانی ئیسلامیدا دەبێتە بڕیاری بەهێز و گونجاوە لەگەڵ مەبەستەكانی شەریعەتدا، ئەم گوتەیە نەیار نیە لەگەڵ هیچ دەقێك لە دەقەكانی قورئان و سوننەتدا، پێشتر فەتوای كۆمەڵییانە دەرچووە بە گواستنەوەی زەكات كە پایەی سێیەمە و هیتریش، جگە لەوەش ئەوەی كە قوربانیكەر كەسێكیتر -وەك كۆمەڵەیەكی خێرخوازی متمانەپێكراو بكاتە بریكار- كۆدەنگی زانایانی لەسەرە- هەروەك لەمەوپاش بەتێروتەسەلی قسەی لێدەكەین-.

ئەو قسەیەش كە هەندێ‌ لە زانا هاوچەرخەكان دەیوروژێنن گوایا بە گواستنەوەی قوربانیی ئیتر ئەم رێوڕەسمە پیرۆزە دەرناكەوێ‌ ئەوە گوتەیەكی نەسەلمێنراوە، چونكە سوپاس بۆ خوا رێوڕەسمەكە لە هەموو وڵاتێكدا ئەنجامدەدرێ‌، جا ئەگەر بەوە قایل بووین كە موسڵمانان یەك ئوممەتن، یەك جەستەن، ئەوا ئەنجامدانی ئەو رێوڕەسمە لەو وڵاتەدا كە قوربانییەكەی بۆ دەگوێزرێتەوە جێبەجێ‌ دەبێت، هەروەها نیەت و خواپەرستیی و پارێزكاریی بناغەی سەرەكین لە مەسەلەكەدا، خوای گەورە دەفەرموێ‌: [لَن يَنَالَ اللَّهَ لُحُومُهَا وَلَا دِمَاؤُهَا وَلَكِن يَنَالُهُ التَّقْوَى مِنكُمْ]سورة الحج(37)، بەهەمانشێوە مەبەستەكانی قوربانییەكە تێركردنی هەژار و نەدار و داماوانە، چونكە خوای گەورە دەفەرموێ‌: (وَأَطْعِمُوا الْبَائِسَ الْفَقِيرَ) ، پێغەمبەریش (صلی الله علیه وسلم) كاتێ‌ خەڵكی بینیوە كە لە ناڕەحەتیدان قەدەغەی كردووە لە پاشەكەوتكردنی گۆشتی قوربانی، كاتێكیش بینیویەتی كە خەڵكی لە خۆشگوزەرانیدان رێگای پێداوە.
بەڵام باشتر وایە ئەو كەسەی توانای هەیە قوربانی بكات با تەنها یەك سەر لە وڵاتی خۆیدا بكاتە قوربان.

ارسالی: یوسف مکاری زاده

نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا