د. جاسم المطوع
بابەتگەلێکی زۆر هەیە کە دژیەکن لە لای فێمێنستەکان ، لە بارەی کاروباری ئافرەتانەوە ، بەڵام من چوار گرفتم هەڵبژاردووە کە لە بارەیەوە بدوێم لەم نووسینەم دا.
٭ گرفتی یەکەم: فێمێنستەکان سەرکۆنەی هەموو ئەو ئافرەتە لەشفرۆشانە ئەکەن کە لە یانە شەوانەکان خەریکی کاری لەشفرۆشین و زۆر بە توندی دژایەتیان ئەکەن، بەڵام لە بەرامبەردا ئەو ئافرەتانەی بە ڕەزامەندی خۆیان بەدڕەوشتی ئەکەن ئاساییە بەلایانەوە و ئەڵێن ئازادی تاکەکەس هەتا ئەگەر زیناش بکات لەگەڵ چەند کەسێکدا!، وەک ئەوەی کێشەکە پەیوەندی تەنها بە ماددیات و پارەوە هەبێت و هیچ پەیوەندی بە بنەما و بەهای ڕەوشتییەوە نەبێت، ئەمە دژیەکیەکی سەیرە و لۆژیکێکی خوار و خێچە.
٭ گرفتی دووەم: ئەڵێن چۆن لە ئیسلامدا خەڵاتی پیاوی لاقەکەر ئەکرێت بەوەی ئەو ئافرەتەی کە لاقەی کردووە بیخوازێت؟! تا تاوانەکەی پێ بشارێتەوە و سترکردنی ئافرەتەکەش دەکەنە بیانوو، هەرکە پیاوەکە هاوسەرگیری لەگەڵ ئافرەتەکە کرد ئەوا سزاکەی لەسەر لا دەچێت ، وە ئەگەر بیەوێت تەڵاقی بدات ئەوا بە بێڕێزی و بە سووکی لێی جیادەبێتەوە. بەو ژنە فێمێنستانە دەڵێم: ئێوە یاساکانی وڵاتە عەرەبیەکانتان تێکەڵاو کردووە لەگەڵ ڕێنماییەکانی ئیسلام و هیچ زانیارییەکتان نییە لەسەری. لە ئیسلامدا پیاوی لاقەکەر سزای خۆی وەردەگرێت ئەگەر هاوسەرگیری لەگەڵ ئافرەتە لاقەکراوەکە بکات یاخود نەیکات ، بەڵام یاسای هەندێک لە وڵاتە عەرەبییەکان کە ئەگەر پیاوەکە هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو ژنە بکات کە لاقەی کردووە سزاکەی لەسەر لا دەچێت ، ئەمە هەڵقوڵاوی ڕێنماییەکانی ئایینی ئیسلام نییە ، دوای ئەوە لە ئیسلامدا نابێت هیچ ئافرەتێک بدرێت بە شوو بە بێ ڕەزامەندی خۆی. زانیارییەکی گرنگ هەیە باوەڕ ناکەم فێمێنستەکان گوێبیستی بووبێتن و زانیاریان هەبێت لەسەری، ئەویش ئەوەیە لە ئیسلامدا ئەگەر پیاوێک لاقەی ئافرەتێکی کرد، ئەوا دەبێت (مهر المثل)ى بداتێ واتە: [نزیکترین کەسی پیاوەکە – خوشک، پور، خوشکەزا – … مارەییەکەی چەند بوو هاوشێوەی ئەوەش بداتە ئافرەتەکەی کە لاقەی کردووە/ وەرگێڕ].
ئەگەر هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات یا نەیکات ، ئەگەر ئەو نزیکانەی نەبوو ئەوا مارەیی کچانی ئەو تەمەنە چەندە ئەبێت ئەوەندە بداتە ئافرەتەکە ، ئەمەش پێی ئەڵێن (ٳرش البکارة/ دڕانی پەردەی کچێنی) ئەگەر لاقەکراو کچ بووبێت، (ٳرش) بڕە پارەیەکە لە پیاوی لاقەکەر دەسەنرێت بەرامبەر بەو دەستدرێژییەی کە کردوێتیە سەر کچێنییەکەی ئەمەش دادوەر و شارەزایان لە دادگا بڕیاری لەسەر دەدەن.
٭ گرفتی چوارەم: فێمینستەکان ئەڵێن: (شەرەفی ژن لە سەریدایە نەک لە جەستەیدا) ئەوەیان لە بیر کردووە کە شەرەفی ژن هەڵقوڵاوی ڕەوشتێتی ، ڕەوشتیشی هەڵقوڵاوی ئیرادە و بیرکردنەوەیەتی ، شەرەفی لە سەریایەتی درووستە ، چونکە سەر سەرچاوەی بڕیار و بیرکردنەوەیە ، ئەو ئافرەتەی جەستەی هیلاک ئەکات بێ ئەوەی هاوسەرگیری کردبێت و هەرزان فرۆشی ئەکات ئەوە خۆی بەدڕەوشت و بەدکارە ، نەک لەبەر ئەوەی جەستەی لە کەدار دەبێت بەڵکو خۆی بڕیاری داوە کە لەکەدار بێت ، بەڵگەشمان ئەوەیە کە ئافرەتی لاقەکراو شەریفە چونکە ئافرەتێکی شێت موحاسەبە ناکرێت کەچی بەسەر لاشەی دا هاتووە و شەریفە ، ئەگەر شەرەف پەیوەندی بە جەستەوە هەبوایه ئەوا لاقەکراو و شێت وەک یەک سزادەدران ، ئەو دەستەواژەیەی کە دەڵێت شەرەف لە سەرایە دەستەواژەیەکی ڕاستە بەڵام ئەوان بۆ شتێکی پووچ و بێ بنەما بەکاری دەهێنن ؛ ئەمە قسەیەکی بێ نرخە وەکو ئەوەی یەکێک بڵێت ، ئەمانەت لە سەردایە و ئەگەر دزیش بکات ئەوە ئەمینە! شەرەف و داوێن تەنها لەسەر ئافرەت نییە ، بەڵکو بۆ پیاو و ژنیشە ، هەرکەس شارەزا بێت و پێناسەکەیان بزانێت ئەوا مەبەستەکەشی ئەزانێت ، داوێن: شوێنی پیاهەڵدان و داشۆردنە (الذم) لە مرۆڤەکاندا ئەگەر لە نەفسی خۆیدا بێت یان ئەوانەی پێشین ، شەرەف: واتە وەجاغزادەیی و ڕەسەنایەتی باوک و بنەماڵە، ئەڵێن پیاوێکی شەریفە واتە باوباپیری لە پێشینەی شەریفبوون و وا هێناوێتی، ڕەچەڵەکی پاکە. لەبەر ئەوەیە کە ئیسلام زینای حەرام کردووە تا وەکو پارێزگاری لە ڕەسەنایەتی و وەجاغزادەیی بکات ، تەنانەت سیخوڕی بەسەرماڵانەوە حەرامکردووە ، فەرمانی کردووە پێش ئەوەی بچیتە ماڵێکەوە مۆڵەت بخوازی ، کردەوەوڕەفتاری هۆزی (لوطی) حەرامکردووە ، خۆ ئەم ڕەفتارە بەدە ئافرەتی تێدا نییە و پەیوەستە بەشەرەف و داوێنەوە ، ئابڕوبردن(القذف)ی کردووە بەیەکێک لە تاوانە گەورەکان ، بابەتی شەرەف و داوێن تەنها پەیوەندی بە جەستەی ئافرەتەوە نییە وەک چۆن فێمێنیستەکان لێی تێگەشتوون !!!
و. لەنجە حسێن