نه‌ورۆزی ئه‌وساڵ میوانداری لە کێ بکه‌یین؟

کلثوم حسن زاده
هه‌موو ساڵێ له مانگی ڕه‌شه‌مه‌وه به‌ره‌و پیری نه‌ورۆز ده‌ڕۆیین و خۆمانی بۆ ئاماده ده‌كه‌یین؛ ماڵه‌كانمان خاوێن ده‌كه‌ینه‌وه و ئه‌وه‌ی بۆ گه‌شت و سه‌یران پێویست بێت، ته‌یاری ده‌كه‌یین، یا بۆ پێشوازی له میوانی نه‌ورۆزان، ئاماده‌كاری پێویست ئه‌نجام ده‌ده‌یین، جلوبه‌رگی تازه ده‌پۆشین و سه‌وزه ده‌چێنن و سفره‌كان ده‌ڕازێنن.
ئه‌وساڵیش وا له نه‌ورۆز نزیك ده‌بینه‌وه و پێویسته ئاماده‌كاری بكه‌یین. به‌س ئه‌و ساڵ دۆخه‌كه‌مان جیاوازه؛ بۆیه با ئه‌وساڵ له دوو بژارده‌ی میوانیچوون و میوانداری، میوانداری هه‌ڵبژێرین، خۆمان بۆ پێشوازی له میوان ئاماده بكه‌یین و نه‌چینه میوانی.
به‌ڵام کامه میوانه؟ بێگومان میوانی ئهوساڵمان تایبه‌ته. میوانی نه‌ورۆزی ئه‌و ساڵ، خۆمان و بنه‌ماڵه‌ی خۆمانه. با ئه‌و ساڵ خۆمان میوانی خۆمان بین. به‌ڵام چۆن!؟
به‌م چه‌شنه‌ی كه ئه‌و ماوه‌یه وه‌ك میوانێك له‌گه‌ڵ خۆمان هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌یین:
كاتێك بڕیاره میوانمان بێت، پێش هه‌موو شتێك ماڵمان خاوێن ده‌كه‌ینه‌وه. ئێستاش وایدانێن كه بڕیاره میوان بێت، با ماڵه‌كانمان جوان خاوێن كه‌ینه‌وه و ته‌واوی ئه‌و ڕێكارانه‌ی كه بۆ بێهداشت و پاك و خاوێنی ماڵه‌كانمان پێویسته، ڕه‌چاوی بكه‌یین.
كاتێك میوانمان بۆ دێت، هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌گه‌ر ناكۆكییه‌كیش له‌نێو ماڵدا هه‌بێت، به‌ڕووی خۆمان نه‌هێنین و دۆخێكی ئارام و خوازراو بۆ میوانه‌كه‌مان به‌دی بێنین و عاجزی نه‌كه‌یین. ده‌ی با ئێستاش ناكۆكی و دڵهێشاوییهكانمان وه‌لانێین و ئه‌و ماوه‌یه به‌وپه‌ڕی دڵپاكی و جوانی هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ یه‌كتر بكه‌یین، مێهره‌بانتر بین و له یه‌كتر ببوورین؛ به‌شكم ئه‌و ڕه‌فتاره‌مان هه‌رچه‌ند ته‌زویریش بێت، به‌ڵام كاردانه‌وه‌ی ئه‌رێنی له‌سه‌ر دڵه‌كان بێت و تۆزی كین و بوغزوغهرهز بۆ هه‌میشه له دڵه‌كانماندا بسڕێته‌وه و تۆوی ئه‌وین و خۆشه‌ویستی و هاودڵی له‌جێ بڕوێنیت.
كاتێك میوانمان بۆ دێت، هه‌وڵ ده‌ده‌یین باشترین خواردنی بۆ ساز كه‌یین؛ ئه‌و ماوه‌یه‌ش میوانه‌كان بێ‌ناز نه‌كه‌یین و خواردنی باش و پێویستیان بۆ ئاماده كه‌یین. ئه‌و خواردنانه‌ی كه بنكه‌كانی سه‌لامه‌تی بۆ به‌رگری له نه‌خۆشی و ته‌ندرووستی به پێویستی ده‌زانن.
كاتێك میوانمان بۆ دێت، هه‌وڵ ده‌ده‌یین باشترین و خۆشترین ساتی بۆ بڕه‌خسێنین؛ ئێستاش هه‌ر ئه‌و كاره بۆ میوانه به‌ڕێزه‌كانی ئه‌وجاره‌مان بكه‌یین، هه‌وڵ بده‌یین له نێو بنهماڵهماندا دۆخێكی خۆش و شاد پێك بێنین. مناڵه‌كان پێویستییان به یاری و گه‌مه‌یه، دایكان و باوكانیش له‌یاد نه‌كه‌یین و دۆخێكی گونجاو بۆوانیش پێك بێنین. یاریكردنی تێكڕایی، فیلم چاولێكردن، كتێبخوێندنه‌وه، نوێژ و قوڕئان خوێندنی به‌كۆمه‌ڵ و… كاتێكی جوان و خۆشمان بۆ دروست ده‌كه‌ن.
كاتێك میوانمان دێت، هه‌وڵ ده‌ده‌یین له‌هه‌ر شوێنێك بین، بگه‌ڕێینه‌وه لای میوانه‌كانمان و بۆ كاری زۆر پێویست نه‌بێت، میوانه‌كانمان به‌جێ نه‌هێڵین. با له‌گه‌ڵ ئه‌و میوانانه‌ش به‌هه‌مان چه‌شن ڕه‌فتار بكه‌یین و بۆ كاری زۆر پێویست نه‌بێت له ماڵ نه‌چینه ده‌ر و زووش بگه‌ڕێینه‌وه ماڵێ. كاته‌كانمان زۆرتر له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌مان به‌سه‌ر ببه‌یین و له‌ده‌وری یه‌ك بین و قه‌دری یه‌كتر بزانین و شوكری خوای گه‌وره‌ی له‌سه‌ر به‌جێ بێنین.
كاتێك میوانمان دێت، هه‌وڵ ده‌ده‌یین ته‌كیا سه‌ردانی خۆشه‌ویستانی بكه‌یین. با ئێستاش تهكی بنه‌ماڵه‌مان سه‌ردانی خۆشه‌ویستانمان بكه‌یین، به‌ڵام نه‌ك به چوونه ماڵیان، به‌ڵكوو له‌ڕێی ته‌له‌فۆن و ئینتێڕنێتهوه. له‌وانه‌یه كه‌سانێك هه‌بن كه ده‌مێك بێت لێیان بێ خه‌به‌ر بین، ئێستا ده‌رفه‌ته با هه‌ر ڕۆژه‌ی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ چه‌ند دۆست و خزم و براده‌رێكمان بگرین و له حاڵیان بپرسین. له‌وانه‌یه دوایی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌مان له‌ده‌ست بچێت.
ئازیزان ده‌توانین له‌و دۆخه نه‌خوازراوه‌ی كه هاتۆته پێش، باشترین و جوانترین كاته‌كانی ژیانمانی تێدا به‌سه‌ر ببه‌یین و به هاودڵی و یه‌كگری، له ژووری ماڵه‌كانمانه‌وه، دڵه‌كان پێك په‌یوه‌ست بكه‌یین و جیهانێك له جوانی و میهره‌بانی بخوڵقێنین. هاوڕێ و هاودڵی ڕاسته‌قینه‌ی یه‌كتر بین.
ئاگاداری ئه‌و كه‌سانه‌ش بین كه دۆخی ناله‌باری ژیانیان، له‌و میواندارییه بێبه‌شیان ده‌كات و به‌ناچاری ڕوو له كاروكاسپی ده‌كه‌ن. یارمه‌تییان بده‌یین و ئه‌وانیش زۆرتر له‌و میواندارییه به‌شدار بن.
به‌ڕێزان میوانداری ئهوساڵمان زۆر تایبه‌ته، به‌باشی به‌ڕێوه‌ی به‌رین. بیرمان بێت، پاراستنی خۆمان، واته پاراستنی كۆمه‌ڵێك و نه‌پاراستن و كه‌مته‌رخه‌می و تێوه‌گڵانی خۆمان، واته نهخۆشكردنی كۆمه‌ڵێك. كه‌واته ئاگاداری خۆمان و بنه‌ماڵه و كۆمه‌ڵگامان بین و پارێز بكه‌یین.
كلسووم حه‌سه‌نزاده