زنشبهات

ئایا خۆداپۆشینی ئافرەت لە قورئاندا داواکراوە؟

نوسەر: دکتور جاسم المطوع

لەو ماوە پێشووەدا (دکتور جاسم المطوع) بابەتێکی بڵاو کردبووەوە لەراستیدا سەرنجی راکێشام، بابەتەکە وتو وێژێکە لە نێوان خۆی و قوتابییەکدا، قوتابییەکە پێی وایە کە خۆداپۆشینی ئافرەت لە قورئاندا داوانەکراوە، دکتۆریش ئەو مەسەلەیە لەتەکا تاوتوێ دەکات.. منیش وام پێ باش بوو بەهەندێ دەستکاری کەمەوە بیکەم بە کوردی و پێشکەش بە ئێوەی ئازیزی بکەم.. فەرموون ئەوە ئێوەو بابەتەکە..بەو هیوایەی هەندێ لەدڵە داخراوەکان بکاتەوە.خواداش باشترین کۆمەک وچاکترین پشتیوانە.
کیژێک لەمامۆستای پرسی  و گوتی:  ئایا لە قورئاندا ئایەتێک هەیە حیجابی لەسەر ئافرەت پێویست کردبێت؟
مامۆستاش گوتی: سەرەتا خۆتم پێ بناسێنە..
کیژەکە گوتی: من خوێندکارێکی دواین ساڵی زانکۆم.. و بەپێی ئاگاداری و زانینی خۆم، خودا لەقورئاندا فەرمانی بە حیجابی ئافرەت نەکردووە!! هەر لەبەر ئەوەشە سوپاس بۆ خودا  کە من نوێژ دەکەم، بەڵام حیجاب ناکەم!!
مامۆستاش پێی گوت: زۆر باشە.. کەوابوو با پرسیارێکت ئاراستە بکەم..
گوتی: فەرموو..

مامۆستا گوتی: ئەگەر من یەک واتام بە سێ وشەی جیاواز دووپات کردەوە تۆ چی لێ حاڵی دەبیت؟
کیژەکە گوتی: یەعنی چۆن؟
مامۆستا گوتی: ئەگەر پێم گوتی: شەهادەکەی زانکۆت ئامادە بکە، پاشان گوتم: ئەو کارتە ئامادە بکە کە دەیسەلمێنێت تۆ دەرچووی زانکۆیت.. جاری سێهەم پێم گوتی: راپۆرتی نمرەکانی کۆتایی زانکۆت ئامادە بکە.. تۆ چی حاڵی دەبیت؟

گوتی: من ئەوە حاڵی دەبم کەدەبێت شەهادەکەی زانکۆم ئامادە بکەم،و هیچ بوارێک نامێنێتەوە بۆ خراپ حاڵی بوونم، چونکە بۆ یەک واتا ومەبەست چەند دەستەواژەیەکت بەکار هێناوە.وەک شەهادە، کارت، راپۆرت..  
مامۆستا گوتی: بۆچوونەکەت دروستە، و منیش هەمان مەبەستم هەبوو..
کیژەکە گوتی: جا ئەوە چ پەیوەندییەکی بە حیجابەوە هەیە؟
مامۆستا گوتی: بێگومان خودا لەقورئاندا سێ دەستەواژەی بەکار هێناوە بۆ حیجابی ئافرەت. مامۆستا کەوای گوت، کیژەکە بەسەرسامییەکەوە سەیری کرد و  گوتی: ئەوە  چۆنە؟

مامۆستا گوتی: خودای باڵادەست بە وشەی (حیجاب و جیلباب، و خیمار) وەسفی بەرگە پۆشاکی ئافرەت دەکات، و سێ وشەی بۆ یەک واتا بەکار هێناوە، تۆ لەو سێ وشەیەوە چی حاڵی دەبیت؟
کیژەکە  بێ دەنگ بوو..
مامۆستا گوتی: ئێستا باش تێدەگەیت، وەک چۆن لەشی کردنەوەی هەرسێ وشەکەی شەهادەی زانکۆدا جیاوازی نەبوو.! ئەم بابەتەش بەهەمان شێوە دەخوازێ کە جیاوازی  نەبێت!!
کیژەکە گوتی: بەراستی ئەم جۆرە تاوتوێیەی تۆ لەم مەسەلەیەدا، بۆمن چاوەڕوان نەکراو بوو! 

مامۆستا گوتی: ئەمە وەسفکردنەکانی قورئانە، خودای باڵادەست دەفەرموێ ” وَلْيَضْرِبْنَ بِخُمُرِهِنَّ عَلَى جُيُوبِهِنَّ ” النور/٣٠، واتە: با بەسەر پۆشەکانیان سەر و گەردن و سنگیان داپۆشن.. لەئایەتی (٥٩/ الاحزاب) دا دەفەرموێ: ” يَٰٓأَيُّهَا ٱلنَّبِىُّ قُل لِّأَزْوَٰجِكَ وَبَنَاتِكَ وَنِسَآءِ ٱلْمُؤْمِنِينَ يُدْنِينَ عَلَيْهِنَّ مِن جَلَٰبِيبِهِنَّ ۚ ” واتە: ئەی پێغەممەر بڵێ بە ژنەکانت و کیژەکانت و ئافرەتانی ئیماندار بە چارشێوەکانیان سەرو سنگ و بەرۆکیان دابپۆشن. لەئایەتی سێ هەمیشدا دەفەرموێ: ” وَإِذَا سَأَلْتُمُوهُنَّ مَتَاعًا فَاسْأَلُوهُنَّ مِنْ وَرَاءِ حِجَابٍ” الأحزاب: ٥۳. واتە: کاتێ: داوای شتێکتان لێ کردن لەپشتی پەردەوە داوایان لێ بکەن.. 
ئەنجامامۆستا ئەم پرسیارەی ئاراستە کرد وگوتی: ئایا ئەمە داوای خۆداپۆشین لەئافرەت ناکات؟

کیژەکەش گوتی: بێگومان ئەم شێوازە ناکاوێک بوو بۆمن..
مامۆستا گوتی: با واتای هەرسێ وشەکەت بۆ بکەم.. خیمار ئەوەیە سەر و گەردن و سنگ دادەپۆشێ، بەکوردی سەرپۆشە.. کەدەفەرموێ بیدەن بەسەر گیرفانەکاندا، واتە: با بێتە خوارەوە، و گەردن وسنگیش دابپۆشێت..
جیلباببیش بریتییە لە کراسێکی گەورەی ئاودامێن.. کلاوێکی گەورەی پێوەویە  بۆ سەر داپۆشین، و ئێستا لە وڵاتانی مەغریبدا بەکار دەهێنرێت..
حیجابیش بەواتای داپۆشەرە.. لەش و لاری ئافرەت نابینرێت.. ئەمەیان تایبەتە بە خێزانەکانی پێغەممەرەوە صلی اللە علیە وسلم کە دەفەرموێ: کاتێ: داوای شتێکتان لێ کردن لەپشتی پەردەوە داوایان لێ بکەن..
مامۆستا گوتی: ئایا ئەمە داوای خۆداپۆشین لەئافرەت ناکات؟

ئەویش گوتی: بێگومان ئەم شێوازە ناکاوێک بوو بۆمن.. لەم وەڵامەوە وا حاڵی دەبم کە : دەبێ پؤشتە و داپۆشراوبم..
مامۆستاش گوتی: بەڵێ، ئەگەر دڵت بە خۆشەویستی خوداو پێغەممەرەکەی صلى الله عليه وسلم ئاوەدان بێت. بێگومان پۆشاکیش دوو جۆرە: جۆرێکیان هەموو لەش دادەپۆشێت، و ئەمەش خودا و پێغەممەرەکەی فەرمانیان پێ کردووە، و لەسەر ئافرەتی باوەردار فەرزکراوە.
جۆرێکی تریشیان گیان و دڵ دادەپۆشێت، و ئەمەشیان لە وەی پێشویان چاتر وباشترە، هەروەک خودا دەفەرموێ:” ولباس التقوى ذلك خير” پۆشاکی پارێزکاری لەوانی تر چاکترە. چونکە ئافرەت وادەبێت بەجل و بەرگ لەشی خۆی دادەپۆشێت، بەڵام پۆشاکی تەقوای نییە!! کاری دروست ئەوەیە کە هەردوو پۆشاکەکەی پۆشیبێت. ئەم داوایە بۆ پۆشاکی پیاوانیش دەبێت..
کیژەکە گوتی: من بڕوام وابوو کە حیجاب لە قورئاندا باس نەکراوە..!!

مامۆستا گوتی: بەڵێ لەقورئاندا باسکراوە، و لەسوننەتیشدا بەژمارەیەکی زۆر لەفەرموودەدا باس کراوە، بەڵام من هیچم لەو فەرموودانەم بۆ باس نەکردیت، زانایانی ناوداری ئیسلامیش کۆڕان لەسەر واجب بوونی خۆداپۆشین..
ئەنجا مامۆستا گوتی: کچی خۆم! پێویستە ئینسانی ئیماندار سووربیت لەسەر خۆ نزیک کردنەوە لە خودا، بە ئەنجامدانی فەرمانەکانی خودا و تاعەت وعیبادەتکردنی،دەبێ ئەوە بزانین خۆ رووتکردنەوەی ئافرەت، یەکێکە لە ئامانجە گرنگەکانی شەیتان، ئەوەبوو ئەم ئامانجەی خۆی هێنایە دی لەباپیرە  ئادەم و داپیرە حەووادا..
گوتی: مەبەستت چییە؟

مامۆستا گوتی: کاتێ خوا فەرمانی بە ئادەم و حەوا کرد: بۆیان هەیە  لەبەری هەموو دارێکی بەهەشت بخۆن، جگە لەبەری تەنیا دارێک.. کاتێک لەبەری ئەو درەختەیان چەشت، عەورەتیان دەرکەوت، وهەوڵیان دا بەگەڵای درەختەکانی بەهەشت خۆیان دابپۆشن.
بەڵێ، کاتێ سەرپێچیان لەفەرمانی خودا کرد، بەخواردنی بەری درەختەکە، عەورەتیان دەرکەوت، ئەوەش ئامانجی شەیتانە کەخەڵکی بگەیەنێتە رووتی تەواو، کاتێ ئادەم و حەووا لە فێڵەکەی شەیتان حاڵی بوون، تەوبەیان کرد و داوای لێخۆشبوونیان لە خودا کرد.. وبەپەلە خۆیان داپۆشی بەگەڵای درەختەکانی بەهەشت..

مەسەلەی پۆشاک مەسەلەیەکی کۆنە، لەگەڵ دروست بوونی ئادەمەوە دەستی پێ کردووە، ئامۆژگاریم بۆت ئەوەیە کتێبی «سایکلۆجییەتی پۆشاک» بخوێنیتەوە.. تا بزانیت شوێنەواری پۆشاک  چەند کاریگەرە لەسەر کەسایەتی مرۆڤەکان!! چونکە پۆشاک زمانە، پەیامە، ناسنامەیە..
کیژەکە گوتی: بەراشکاوانە دەلێم چاوەروانیم نەدەکرد مەسەلەی حیجاب و پۆشاک تائەم ئەندازەیە گەورەبێت!!
مامۆستاش بەشۆخییەوە پێی گوت: ئێستا بڕیارت داوە حیجاب بکەیت، یا خیمار بکەیت، یا جیلباب؟

ئەویش بزەیەکی گرت و گوتی: دەرسەکە باش حاڵی بووم!! بەڵام کاتێ پییر بووم و کەوتمە ساڵەوە ئەوکاتە حیجاب دەکەم!!
مامۆستا پێی گوت: دەزانی تۆ بەپێچەوانەی فەرمانی خوا بییر دەکەیتەوەو پلان دادەنێیت؟!
کیژەکە زۆری پێ سەیر بوو گوتی: بۆچ؟
مامۆستا گوتی: خوا ئەرکی حیجابی لەسەر پیرەژن و بەساڵا چووەکان سووک و ئاسان کردووە، و دەفەرموێ: ” وَالْقَوَاعِدُ مِنَ النِّسَاءِ اللَّاتِي لَا يَرْجُونَ نِكَاحًا فَلَيْسَ عَلَيْهِنَّ جُنَاحٌ أَن يَضَعْنَ ثِيَابَهُنَّ غَيْرَ مُتَبَرِّجَاتٍ بِزِينَةٍ ۖ وَأَن يَسْتَعْفِفْنَ خَيْرٌ لَّهُنَّ ۗ وَاللَّهُ سَمِيعٌ عَلِيمٌ” النور/۶۰.

واتە: ئەوپیرەژنانەی کەوتەی ناوماڵن، و ئومێدی شوکردنیان نەماوە، گوناحبار نابن ئەگەر پۆشاکەکانیان لەخۆیان بکەنەوەو بەبێ خۆجوانکردن وخۆ رووتکردنەوە، ئەگەر خویان بپارێزن باشترە بۆیان.. ئەمانە بۆیان هەیە هەنێ کەمتەرخەمی لە خۆداپۆشینا بکەن بەمەرجێ خۆجوانکردن و خۆ دەرخستنی تیا نەبێت..
ئەویش قسەکەی بەمامۆستا بڕی و گوتی: مادام خوا مەسەلەی حیجابی لەسەر پیرەژنەکان سووک و ئاسان کردبێت ئێمەی لاوان دەبێ زیاتر حیجابمان توندو تۆڵ بێت.. مامۆستایش بزەیەکی بۆ کرد و پێی گوت: ماشائەڵڵات لێ بێت زیرەکیت!!    
پاشان مامۆستا بە پرسیارێک رووی تێکرد و گوتی:کچم! لەسەرەتای باسەکەمانەوە گوتت: من نوێژەکانم دەکەم..

گوتی: بەڵێ..
مامۆستا گوتی: کاتێ نوێژەکانت دەکەیت حیجاب دەکەیت؟واتە هەموو لەشت دادەپۆشیت؟
گوتی: بێگومان..
مامۆستا گوتی: بۆچ؟!
کیژەکە ماوەیەک بێ دەنگ بوو، ئەنجا گوتی: نازانم!!
مامۆستایش بزەیەکی کرد و پێی گوت: ئایا تۆ لەوبڕوایەدایت کە ئیسلام فەرمان بە ئافرەت بکات لەبەرامبەر خوداوە بەباشترین شێوە خۆی دابپۆشیت،و لەبەرامبەر خەلکیشەوە بەکەمی خۆی دابپۆشیت؟
لەم پرسیارەی مامۆستا سەرسام بوو.. ئەنجا مامۆستا پێی گوت: بێگومان نوێژ عیبادەتە و بەشێکە لە ژیانمان، هەروەها ژیانیشمان عیبادەتە، و عیبادەتی خوای تیادەکەین، پۆشاکی ئافرەتیش لەنوێژەکەیدا، هەمان پۆشاکیەتی لەژیانیدا…
کیژەکە زۆر سوپاسی مامۆستای کرد لەسەر ئەم روونکردنەوەیە، و مامۆستایش داوای سەربەرزی و بەختەوەری بۆکرد..

دکتور حسن پێنجوێنی
سلێمانی/کوردستانی عیراق

🆔
@islahweb_k منبع

نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا