دعوت اسلامیکوردی

ئەرکی سەرشانی مامۆستای مزگەوت

صلاح الدین عباسی

ئەرکەکانی مەلای مزگەوت
هەرچەن ئەو نوسراوەیە لە روانگەی نووسەرێکی ناو جەغزی مەلایان نەنوسراوە. بەڵام روانگەی کەسێکە، کە زیاتر لە نیو سەدەیە، شانازی بە حوزور لە حوجرە و مزگەوت، دەکا. هیوادارم وەبەر سرنجی هەیئەتی ئومەناکان و مەلاکان بکەوێ.
کاتێ کە مرۆڤ بانگ دەبیستێت و بۆ کردنی نوێژی جەماعەت لە مزگەوتێک وەژور دەکەوێ، چاوی بە کەسێک دەکەوێ کە لەپێش هەموی نوێژکەران، بە جل و بەرگێکی جیاواز لە میحراب راوەستاوە. بەوکەسە دەلێن،مامۆستا. رەنگە زۆرێک لە خەلکی وا بیر بکەنەوە کە مامۆستا تەنیا هەر ئەرکێکی هەیە. پێنج قەرزە بێتە مزگەوت پێش نوێژی بکا و بروا. ئەمن پێموایە تاقمێک لە مەلاکانیش هەر ئاوا بیر دەکەنەوە. بۆیە کاتێ مزگەوتێک، بە هەر هۆیەک مەلاکەی نامێنێ، ئەو تاقمە زۆر بە ساکاری حازر دەبن مەلایەتی ئەو مزگەوتە قەبوول بکەن. جاری واشە هەیئەت ئۆمەناکان کە مەلای مزگەوتەکەیان دەمرێ یان دەروا یان دەردەکرێ، لە کەسێک دەگەرێن. کە بیکەنە مەلا. کەم ویست بێ و پێش نوێژەکەیان بۆ بکا. هەڵبەت نێوێکی مەلاشی دەبێ لەسەر بێ. لە حاڵێکدا مەلای مزگەوتەکانی، شار و لادێ، بەرپرسیارێتی گەورە و زۆریان لەسەر شانە.

لێرەدا ئاماژە بە هەندێکیان دەکەم.
۱- لە گەڵ پێش نوێژی، مامۆستا دەبێ بتوانێ و بزانێ تەڵقینی مردوو دادا. تەلقینێکی جوان و کاریگەر بۆ ئەوەی لەو ئاستە ئیحساسیە کاریگەری لەسەر گوێدێران ببێت.

۲- مامۆستا پێویستە سەوادی شەرعی بە هێز بێ. لەوبوارەدا بەردەوام موتاڵای ببێ. چونکوو بۆ خەلکی دەروبەر و رێبوارانیش پرسیاری شەرعی زۆر دێتە پێش. ئی واش هەیە بۆ تاقیکردنەوەی مامۆستا پرسیار دەکا. مامۆستا دەبێ ئەوەندە ئاگای لە جوابی پرسیارەکان و جوابە جۆراوجۆرەکان هەبێ، کە راشکاوانە جواب بداتەوە و لە تەک پرسیار کەرەکە واریدی موجادەلە و بەحس بێ. وەک دەزانین شەرع ئەقیانوسێکی پان و بەرینە. لق و پۆی زۆری لێ دەبێتەوە. مەلاکانیش دەبێ بتوانن مەلەوانی ناو ئەو ئەقیانووسە بکەن.

۳- جەماوەری ئێستا بە هۆش و زیرەکن. باسەوادن. لە دونیای مەجازی و ئینترنێت دان. پرسیاریان زۆرە. لە زۆر شت دەپرسن. لە سەر جوابی پرسیارەکانیان دەرۆن. بەڵگە و شرۆڤەیان دەوێ. مەلای مزگەوت دەبێ لە رەهەندە جۆراوجۆرەکانی شەرع زانیاری ببێ.

۴- مەلاکان پێویستە بە رۆژ بن. ئاگایان لە بارودۆخی دەوروبەریان و تەنانەت جیهان ببێ. لە رێگای ئینترنێت و رۆژنامە و رەسانەکان ئاگاداری کارەساتەکان بن. ئاگاداری ئەو چەمکانە ببن کە ئێستاکە لەسەر زارانن و بەحس و موجادەلەیان لەسەر دەکرێت.

۵- مامۆستای مزگەوت لە گەڵ جەماوەری خەلکی پێوەندی هەیە. دەبێ بزانێ خەلکی بدوێنێ. دەبێ لە ڕادەی پێویست، زانستی دەرون ناسی بزانێ. بتوانێ گوێ بداتە گیروگرفتی جوراوجۆری خەلکی و توانای رێنوێنی کردنی هەبێت. بە تایبەت کە جیا لە پیاوان، ژنانیش زۆرجار گیروگرفتیان دەهێننە خزمەت مامۆستاکان. تاکوو بۆیان چارەسەر بکا.

۶- مامۆستا تەنیا پێش نوێژ و مەلای مزگەوت نیە. زۆر جار بارودۆخێک بەدی دێ کە دەبێ گیروگرفتی گەرەکەکەی یان گوندەکەی چارە سەر بکا. شەرو شوور دێتە پێش. بارودۆخی سیاسی لەبار و نالەبار دێتە پێش. پێویست دەبێ مامۆستا بە نوێنەرایەتی گەرەکەکەی لە کۆروکۆبونەوەکانی شار و تەنانەت مەملەکەت بەشدار بێ. هەڵوێست بدا و هەڵوێست بگرێ. بۆ وێنە ئەو هەڵایەی ساڵێ چەن جار لەسەر جێژنەکان لەمابەینی خەڵک و دەوڵەت ساز دەبێ.

۷- لەبیرمان بێ ئێمە ئەهلی سوننەتین. دەسەڵاتیش لە ژێر کاریگەری فیکری و فیقهی مەزھەبی شیعە دایە. ئەوە باردۆخی تایبەت، جاروبار، سازدەکا. کە زۆرتر پێوەندی بە مامۆستاکانەوە دەبێ. پێش نوێژی مزگەوت دەبێ شارەزای ئەو بارودۆخانە بێ.

۸- پێش نوێژی مزگەوت پێویستە خودا ترس و با تەقوا بێ. ئازا و نەترس بێ. بوێرانە لە بەرامبەر کارە گوناح و ناشایستەکانی کۆمەڵگا راوەستێ. لە بەرامبەر هەڵوێستە نەیارەکانی بەرپرسان راوەستێ.

۹- پێش نوێژی مزگەوت لە گەڵ ئەوەی کە دەبێ بەسەر زانستی تەجوید زاڵ بێ، قەرائەتی نوێژ و دۆعا و ئایەتەکانی پاراوو تەواو بێ.

۱۰- مامۆستای مزگەوت دەبێ توانایی وتاردانی ببێت. هەم لە بواری ناورۆکی وتار و هەم لە بواری شێوەی وتاردانی. لانیکەم حەوتوی دوجار لە مزگەوتەکەی وتاری ئایینی و کۆمەڵایەتی بدا.
بۆ ئەوەی باسەکە زۆر دورودرێژ نەبێ و حەوسەڵەی خوێندنەوەی لەسەر ببێ، لە وەی زیاتر باس ناکەم. دەنا ئەرکەکانی پێش نوێژ زیاتر لە وانەیە. بۆیە ئەو کەسەی خۆ بۆ پێش نوێژی مزگەوتێک کاندید دەکا، دەبێ بزانێ خۆی وەبەر چە بارێکی قورس دەدات. هەیئەتی ئومەناکان دەبێ بزانن ئەوان لە هەڵبژاردنی مامۆستا بۆ مزگەوتەکەیان دەبێ زۆر وشیار بن. مەلای بۆ مزگەوت و ئەو خەڵکە و ئەو ئایین و مەزەبە هەڵدەبژێرن، نەکوو بۆ خۆیان. جیا لەوەی لە داهاتوودا دەبێ جوابگووی خەڵک بن، لە رۆژی قیامەتیشدا بەرپرسیار دەبن و لێیان دەپرسێتەوە. هەڵبژاردنی مەلای مزگەوت هەم لەسەر حەقوڵائیەکەی پرسینەوەی دەبێ، هەم لەسەر حەقونناسێکەی.

بۆیە پێویستە هیئەت ئۆمەناکان بە تەنیا خۆیان وەبەر ئەم بارە قورسە نەدەن. دانانی مەلا بخەنە سەرشانی مامۆستاکان و شورای مامۆستایانی شارەکەیان. مامۆستاکانی شاریش نابێ لە دانانی پێش نوێژی مزگەوتێک کەم تەرخەم بن و خۆیان لادەن. یان بە پێوانەی قازانجی خۆیان، یان بە راسپاردێتی شوێنەوارێک مەلاکان هەڵبژێرن. ئەو بەرپرسێی کە لە رۆژی پەسلان بۆ هەیئەت ئومەناکان باس کرا، بۆ ئەوانیش هەیە، بەڵکوو زیاتریش. ئەو کەسەی دادەندرێت دەبێ سبەینێ «یاری شاتر بێ نەکوو باری خاتر». پێم سەیرە جاری وایە مامۆستای مزگەوتێک فەوت دەکا، یەکێ لە خزمانی ئەو خوا لێ خۆشبوویە یان ئاشنای یەکێ لە هەیئەت ئۆمەناکان دەکرێتە پێش نوێژ. بێ ئەوەی ئیزنی مەلایەتی وەرگرتبێ. یان شارەزای مەلایەتی بێ. بە تایبەت مەلای مزگەوتی شارەکان تێبینی و شارەزایی زۆری دەوێ.
لە قەدیم ڕا گوتراوە پیچی مەلایان بۆیە سپییە، تاکوو ئەو کەسەی دەبێتە مەلا، ئاگادار بێ کە کفنەکەی هەمیشە پێیە و ئامادەیە لەسەر ئایین و بروا و حەق گیان بدا.

سەلاحەددین عەباسی، رەشەمەی۱۴۰۱هەتاوی.مەهاباد.

نمایش بیشتر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا