فتاویفقه

کۆمپانیای (یونیک فاینانس) ناوەندێک بۆ چەواشەکاری و هەڵخەڵەتاندن

کۆمپانیای (UniqueFinance) (یونیک فاینانس) ناوەندێک بۆ چەواشەکاری و هەڵخەڵەتاندن

نووسینی: پڕۆفیسۆر. د. خالید موحەممەد ساڵح
سەرەتا:
ئەگەر ڕۆژانە سەردانێکی سۆشیاڵ میدیا بەگشتی و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی بکەین، دەبینین ئەگەر یەکێک هەر بە مەبەست بیەوێ هەواڵێک لەهەر بوارێک بڵاو بکاتەوە، هەمووان بە بایەخەوە لێی وەردەگرن، بێ ئەوەی لێکۆڵینەوەی لێ بکەن و بەدواداچوون بۆ سەرچاوەکەی بکەن و زانیارییەکی ئەوتۆیان لەبارەیەوە هەبێ و بێ ئەوەی ئاوڕێک لە یاساکانی شەرع بدەنەوە و بزانن تا چەند ئەو کارە لەگەڵ بنەما و ڕێکارە شەرعییەکاندا گونجاوە و کێ لە پشتی ئەو کارەوەیە و مەبەست لێی چییە و تا چەند خزمەت بە ئاوەدانی وڵات و پێشکەوتنی خەڵک و پەرەپێدانی ئاستی زانستی و گەشەکردنی بواری ئابووری و دۆزینەوەی هەلی کاری ڕاستەقینە بۆ لاوان دەکا و بەرهەم و داهاتی ئەو کارە دەچێتە گیرفانی کێوە؟!

هەر ئەم خۆشباوەڕی و سادەییەی خەڵکانی ئێمەیە وای کردووە کە زۆرێک لە کۆمپانیا ساختەکاری و قۆڵبڕ و خاوەن پڕۆژە وەهمی و گوماناوییەکانی کۆمەڵگەکانی ئێمە بکەنە ئامانج و هەوڵی ساغکردنەوەی کاڵاکانیان و پەرەپێدان و فراوانکردنی پڕۆژەکانیان لەوڵاتانی ئێمەدا بدەن.
باشە ئێمە کە موسوڵمانین و باوەڕمان بە ئیسلام و پەیامەکەی خوای گەورە و پەیامبەرەکەی هەیە، چۆن عەقڵی خۆمان بخەینە دەستی ئەو جۆرە خەڵکانە و بێ گەڕانەوە بۆ پرسی شەرع ببینە بەشێک لە کۆمپانیا و پڕۆژە وەهمییەکانیان؟! ئەگەر ئامانج پێشـبڕکێیە لە بەدەستهێنان و کۆکردنەوەی داهات و دەستمایە، بۆچی دەبێ لە ڕێگەی حەرام و لەسەر حسابی متمانەی خەڵک بێ؟! چونکە وەک دەڵێن: پەتی درۆ کورتە و دڕەنگ یا زوو ڕووی ڕاستییەکان دەردەکەون و کورد گوتەنی بەری خۆر بە بێژنگ ناگیرێ و ئەو جۆرە داهات و دەستمایانەیش کە لەسەر بنەمای حەرام و دەستبڕینی خەڵکی بێ، هیچ سوود و بەرەکەتێکیشی نابێت…

مەخابن! ئەمڕۆ کولتووری خۆشباوەڕی تەنانەت لەبواری فتوای شەرعیش بۆتە پەتایەکی هەرە گەورەی کۆمەڵگەی ئێمە بەگشتی و لەناو زانایانی ئایینی بەتایبەتی.
برای ئازیز و خوشکی ڕێزدار و سەنگین؛ ماوەیەکە کۆمەڵێک کار و بەناو پڕۆژە و دراو و کۆمپانیا هاوشێوەی (وەن کۆین، بیت کۆین، بیز کۆین، کیو نێت، فۆر ئێڤەر، یونیک فاینانس، دی ئێکس ئێن، بیز ترەید) و دەیەهای تری هاوشێوەی ئەوانە لەنێو کۆمەڵگەی ئێمەدا سەریان هەڵداوە و خەڵکێکی زۆریان بە خۆیانەوە سەرقاڵ کردووە…!
ئەوەی ئێمە دەمانەوێ لێرەدا قسەی لەسەر بکەین، کاری یەکێک لەو کۆمپانیا وەهمیانەیە کە کۆمپانیای (UniqueFinance)ە و ئەوەی دەیخەینە ڕوو، پوختەی دەرەنجامی ئەو بەدواداچوون و تاوتوێکردن و توێژینەوانەیە کە لەسەر ئەو کۆمپانیایانە ئەنجام دراون و بەرهەمی ئەو کۆبوونەوانەن کە لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیای ناوبراو کراون.

جێی ئاماژەیە ئەو کۆمپانیایە و هاوشێوەکانی لەپێناو پشتگیری و شەرعییەت دان بە کارەکانیان، پەنا بۆ کۆمەڵێک فەتوای شەرعی لاواز و قسەی بەناو زانا دەبەن کە سەنگێکی ئەوتۆیان نییە و زۆرێکیان هیچ شارەزاییەکیان لەو بوارەدا نییە و کاتێک نوێنەرانی کۆمپانیا دەچنە لایان، وەک خۆی بابەتەکەیان بۆ باس ناکەن و زۆرێک لە ڕاستییەکانیان لێ دەشارنەوە و چەواشەیان دەکەن، ئەوانیش لەبەر ئەوەی شارەزا نین لە بوارەکەدا فەتوا لەسەر بنەمای ئەوەی دەیبیستن دەدەن و بەمەیش خۆیشیان و خەڵکیش بەلاڕێدا دەبەن.
یانیش هەندێک جار فەتواکە لەسەر بابەت و مامەڵەیەکی ترە کە لە ڕووکەشدا لەگەڵ ئەم کۆمپانیایانە لەیەک دەچن، بەڵام لەناوئاخندا زۆر لەیەک جیاوازن؛ بەڵام کۆمپانیاکان ئەو فەتوایانە بۆ شەرعییەتپێدانی کارەکانیان بەکار دەهێنن، بۆ نموونە فەتوایەک دەهێنن لەسەر شەرعییەتدان بە مامەڵەکردن و بازرگانیکردن بە پشکی کۆمپانیا بەناوبانگەکانی دونیاوە وەکوو فەیسبووک یان ئەپڵ یان مایکرۆسۆفت یان مارسیدس یان بی ئێم کە ئەمە هیچ کەس نەیگوتووە حەرامە؛ بەڵام بەو شێوەیەی کە کۆمپانیای (UniqueFinance) نێوەندگیری تێدا دەکا حەرامە، کەواتە حەرامییەکە هەڵقوڵاوی شێوەی کارەکەی ئەوانە، نەک خودی پشکەکان؛ بەڵام ئەوان کە قسە بۆ بەشداربووەکانیان دەکەن باسی شێوەی کارەکەی خۆیان ناکەن، تەنها باسی فەتوای مامەڵەکردن بەو پشکانەوە دەکەن.

یانیش هەندێک پێوەر باس دەکەن کە هەرگیز ناکرێتە سەنگی مەحەک بۆ ڕێگەپێدان یان ڕێگەگرتن لە هیچ کار و بازرگانییەک وەک زۆری قازانج، ئاخر لە چ سەرچاوەیەکی شەرعدا هاتووە کە زۆری قازانج پێوەر بێ بۆ ڕێگەپێدانی مامەڵە بازرگانییەکان؟!
یانیش کاری کۆمپانیاکانیان بە هەندێک مامەڵەی شەرعی دەشوبهێنن، وەک دەڵاڵی یان خەڵاتکردن کە ئەمانەیش هیچیان ڕاست نین و کارەکەی ئەوان لەگەڵ هیچ مامەڵەیەکی شەرعی یەک ناکاتەوە.
هەموو ئامانەیش فێڵ و درۆ و چاوبەست و چەواشەکارییە کە ئەوان لەگەڵ بەشداربووەکانیان دەیکەن.

پێناسەی کۆمپانیای(UniqueFinance):
یەکێکە لەو کۆمپانیا نێوەندگیرانەی کە لە بازاڕی نازداکدا کاری نێوەندگیری لەنێوان وەبەرهێنەکان و کۆمپانیا خاوەن پشکەکانی بەشداربوو لە بازاڕەکەدا دەکا و بەپێی پێگەی فەرمی خۆی کۆمپانیای (UniqueFinance) لە مانگی (٣) ساڵی (٢٠١٦)وە دامەزراوە، بەر لەم مێژووە، ئەم کۆمپانیایه هیچ هەبوونێکی ڕاستەقینەی نییە و ئەوەیش باس دەکرێ کە گوایە کۆمپانیا لە ساڵی (١٩٩٨)وە لە سویسرا دامەزراوە تەنها وەهمە و دوورە لە ڕاستییەوە.
بازاڕی نازداکیش یەکێکە لە بازاڕە بەناوبانگەکانی جیهان کە تێیدا بازرگانی بە پشک و قەواڵە و کاغەزە دارییەکانەوە دەکرێ و ساڵی (١٩٧١) لە ئەمریکا لە ویلایەتی نیویۆرک دامەزراوە و ڕۆژانە بۆ ماوەی شەش کاژێر کار دەکا و لە کاژێری نۆونیوی بەیانییەوە تا چواری پاش نیوەڕۆ بە کاتی نیویۆرک کراوەیە و لەهەر خولەکێکدا بە هەزارەها مامەڵەی تێدا ئەنجام دەدرێ و لە هەفتەیەکدا تەنها پێنج ڕۆژ کار دەکا و ڕۆژانی شەممە و یەک شەممە پشووە و ئەم بازاڕە بەناوبانگترین کۆمپانیاکانی جیهان لەخۆ دەگرێ لە نموونەی: (فەیسبوک، ئەپڵ، مایکرۆسۆفت، مارسیدس، بیبسی، نایک، ڕۆزڕایز، و چەندینی تر)

لە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکادا خەڵکانی ئاسایی دەتوانن ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بازاڕ و بۆرسەی نازداکدا بکەن؛ بەڵام ئەم هەلە بۆ دانیشتوانی وڵاتانی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەست نییە؛ بۆیە خەڵکانی ئەم وڵاتانە ئەگەر بیانەوێ لە ڕێی ئەو بازاڕەوە مامەڵە بە پشکی ئەو کۆمپانیانیانەوە بکەن، ناچار دەبن لە ڕێی کۆمپانیا نێوەندگیرەکانی هاوشێوەی (UniqueFinance)وە ئەو کارە ئەنجام بدەن.

بنەماکانی کاری کۆمپانیای(UniqueFinance)
گرنگترین بنەماکانی کاری کۆمپانیای (UniqueFinance) خۆی لە چەند خاڵێکدا دەبینێتەوە:
یەکەم: کۆمپانیا کار بە سیستەمی «ATS دەکات کە کورتکراوەی وشەکانیAUTMATEC TRADING SYSTEM»ە و بە واتەی: (نظام التاجر التلقائي) دێت: وەک هەمووان دەزانین کارکردن لە بۆرسەدا هەروا ئاسان نییە و پێویستی بە کۆمەڵێک بنەما هەیە کە ڕەنگە بۆ کەم کەس دەست بدا لەوانە:
١- کات: چونکە تۆ دەبێ بەردەوام چاودێری نرخی پارە و پشک و قەواڵەکان بکەیت.
٢- شارەزایی: تا بتوانیت هەڵسەنگاندن و پێشبینی دروست بۆ داهاتووی مامەڵەکان بکەیت و لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاری دروست لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی کاڵا و پشک و دراوەکان بدەیت.
٣- بەدواداچوون: بەهۆی ئەوەی کە نرخەکان بەردەوام لە یاریکردن و بەرز و نزمیدان، پێویستە بەردەوام چاوت لەسەر شاشەکان بێت و لەکاتی پێویستدا کەلەوانەیە چەند چرکەیەک بێ، بڕیاری دروست بدەیت.
٤- بوێری و چاوقایمی: تا بتوانیت بڕیار بدەیت و لە زیانکردن نەترسیت.
لەپێناو دەستەبەرکردنی هەموو ئەمانە لەیەک کات و لەیەک کەسدا و بەباشترین شێوە هەندێک لە کۆمپانیاکان لە ئێستادا و کۆمپانیای (UniqueFinance) لە نێویاندا پشت بە سیستەمی «ATS» دەبەستن، لەم سیستەمەدا لە بڕی مرۆڤ ڕۆبۆتێک یان بۆتێک مامەڵەکان ئەنجام دەدا، کە ئامێرێکی میکانیکی ئالییە و هەموو ئەو بنەمایانەی پێشووی تێدایە و ژیرییەکی سەرسووڕهێنەری هەیە و کار بەچەند بنەمایەکی خواریزمی بیرکاری ئاڵۆز دەکا و سەربەخۆ و ڕاستەوخۆ و لە مایکڕۆ چرکەدا هەڵسەنگاندن و پێشبینی بۆ نرخ و مامەڵەکان دەکا و بڕیاری دروستیان لەبارەوە دەدا و لە (99.9%) ی بڕیارەکانی ڕاستن و قازانجیان هەیە و(0.1%) بڕیارەکانی ئەگەری زیانیان هەیە؛ تاکە کێشەی ئەم ڕۆبۆتانە ئەوەیە کە بەهۆی خێرایی بڕیارەکانیانەوە لەهەر مامەڵەیەکدا، قازانجێکی کەم دەکەن و هەر ئەمەیش وای کردووە کە لە ئێستادا زۆرێک لە کۆمپانیاکان پشتیان پێ نەبەستن.

ئەم سیستەمەیش لە دوو بەشی سەرەکی پێک دێت:
١- بنکەیەکی سەرەکی زانیاری و هەواڵگیری کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ کەناڵە هەواڵییە جیهانییەکانی وەک (BBC _CNN) و ئەوانی تردا هەیە و لەڕێی ئەوانەوە بەردەوام زانیاری پێ دەگا.
٢- بەرنامە و عەقڵێکی کارا کە هەڵدەستێ بە شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو زانیارییانەی کە پێی دەگا و بڕیاری خێرایان لەبارەوە دەدات.
دووەم: کۆمپانیا لە پێناو زیادکردنی ڕێژەی بەشداربووانی کار بە سیستەمی پۆنزی: «Hierarchical Marketing (التسويق الهرمي) بازاڕگەری قوچەکی و (Network Marketing) (التسويق الشبكي) بازاڕگەری تۆڕبەندی» دەکا:
بەپێی ئەم سیستەمە هیچ کەس ناتوانێ ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیای (UniqueFinance) بەشداری بکا، تا لە ڕێی بەشدابوویەکی پێشوو ترەوە نەبێ کە بەستەری کۆمپانیای بۆ دەنێرێت و لەبەرامبەردا کۆمپانیا (10%) پارەی بەشداربووە نوێیەکە دەداتە ئەو بەشداربووەی کە بۆتە پردی پەیوەندی نێوان ئەو و کۆمپانیا.
واتە: ئەگەر کەسی بەشداربوو بە (1000$) بەشداری کرد کە کەمترین ڕێژەی بەشداربوونە و کۆمپانیا لەو ڕێژەیە کەمتر قبوڵ ناکا، ڕاستەوخۆ (100$)ی ئەو پارەیە دەڕوا بۆ بەشداربووە کۆنەکە و تەنها (900$) دەچێتە سەر ئەژماری فەرمی بەشداربووە نوێیەکە لە کۆمپانیا، خۆ ئەگەر بە (10000$) بەشداری کرد ئەو کات ڕاستەوخۆ (1000$) دەڕوا، ئەمەیش سیستەمێکی پۆنزی ئاشکرایە و دەچێتە خانەی «Hierarchical Marketing (التسويق الهرمي)» بازاڕگەری قوچەکی کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا یاساغە و زانایانی موسوڵمانیش بە کۆی دەنگ پێیان وایە حەرامە و جیاوازی لەگەڵ (التسويق الشبكي) بازاڕگەری تۆڕبەندی ئەوەیە کە لە بازاڕگەری تۆڕبەندیدا کاڵایەک هەیە و دەدرێتە بەشداربوو و بەو ناوەوە پارەی لێ وەردەگیرێ، بەڵام لە بازاڕگەری قوچەکیدا هیچ کاڵایەک نییە و ئەو پارەیەی لە بەشداربوو وەردەگەرێ تەنها لەبەرامبەر پێدانی مافی بەشداربوونە لە کارەکانی کۆمپانیا.

سێیەم: هەموو ئەو پارانەی ڕەوانەی ژمارە حیسابی کۆمپانیا دەکرێن، کەس نازانێ بۆ کوێ دەڕوات و هیچ دەوڵەتێک یان بانکێکی نێودەوڵەتی یان دامەزراوەیەکی دارایی باوەڕپیکراو و خاوەن سەنگ خاوەندارێتی ئەو ژمارە حیسابییانەی کۆمپانیا ناکا و لەکاتی بوونی هەر کێشەیەکدا گەرەنتی گەڕانەوەی ناکەن و کۆمپانیا خۆیشی هیچ گەرەنتییەک نادات.
چوارەم: کۆمپانیا بەڵێنی پێدانی قازانجی خەیاڵی بە بەشداربووانی دەدا کە ڕێژەکەی ساڵانە دەگاتە (٨٠%)ی دەستمایەکە و قازانجەکەیش بە پێی ڕێژەی پارەی بەشداربوو زیاد و کەم دەکا، واتە تا پارە زیاتر بدەیت ڕێژەی قازانجت زیاتر دەبێ، بۆ نموونە:
– ئەگەر (1000$) بدەیت، ڕۆژانە (3-4$) و مانگانە (60-80$) و ساڵانە (720 $ – 960$) قازانج وەردەگریت.
– ئەگەر (2000$) بدەیت ڕۆژانە (6-8$) و مانگانە (120-160$) و ساڵانە (1400 $ – 1800$) قازانج وەردەگریت.
– ئەگەر (5000$) بدەیت ڕۆژانە (15-20$) و مانگانە (300-400$) و ساڵانە (3600$-4800$) قازانج وەردەگریت.
– ئەگەر (10000$) بدەیت ڕۆژانە (30-40$) و مانگانە (600-800$) و ساڵانە (7200$-9600$) قازانج وەردەگریت.
ئەم ڕێژەی قازانجەیش شتێکی خەیاڵییە و بەپێی هەموو پێوەرە بازرگانی و داراییەکان لە دونیادا شتی وا بوونی نییە و ئەگەر ڕاست بووایە، دڵنیا بن لەوەی دەستی ئێمەی بەدبەختی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خەڵکی ئەم وڵاتە داماوانە نەدەکەوت و ئەورووپییەکان بۆ خۆیان قۆرخ دەکرد.

پێنجەم: بەشداربوو دەتوانێ بڕی قازانجەکەی لە ڕێگەی ماستەر کارد یان ڤیزە کاردێکەوە وەربگرێ کە کۆمپانیا پێی دەدا، یان لەڕێگەی حەواڵەکردنی نێوان ئەندامەکان خۆیانەوە.

شەشەم: گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیا بۆ ماوەی (٢) دەبێ و لەو ماوەیە کەمتر کۆمپانیا گرێبەست ناکات و تا ئەو ماوەیە تەواو نەبێ، بەشداربوو بۆی نییە داوای پارەکانی بکاتەوە، خۆ ئەگەر هەر زۆر پێویستی پێی بوو، ئەوە کەمترین ماوە بۆ ڕاکێشانەوەی پارەکان (٦) مانگە و لەو ماوەیەدا بەشداربوو هەر قازانجێکی وەرگرتبوو لە دەستمایەکەی دەبڕدرێت، واتە کۆمپانیا قازانجی ئەو شەش مانگەی لێ وەردەگرێتەوە کە پێی داوە و ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێ کە کۆمپانیا تا دوو ساڵەکە تەواو نەبێ، هیچ قازانجێک بە بەشداربووان نادات و ئەوەیشی دەیداتێ بەر لەتەواوبوونی ماوەکەی لێی وەردەگرێتەوە.

ئەم شەش خاڵەی کە باسمان کرد، دیارترین و گرنگترینی سیماکانی کاری کۆمپانیای (UniqueFinance)ن و ئێستا دێینە سەر ئەو تێبینییە شەرعییانەی کە لەسەر کاری کۆمپانیا هەیە:

تێبینییە شەرعییەکانی سەر کاری کۆمپانیای (UniqueFinance):
یەکەم: کۆمپانیا لەپێناو زیادکردنی ڕێژەی بەشداربووانی بەهەر دوو سیستەمی پۆنزی (Network Marketing) و (Hierarchical Marketing)کار دەکا کە هەردووکیان حەرامن و دروست نین.
دووەم: کۆمپانیا لە پێناو زیادکردنی ڕێژەی داهات و قازانجەکانیدا سیستەمی (CFD) (الرافعات المالية) بەکار دەهێنێ کە ئەمیش نەک تەنها لەیەک ڕووەوە، بەڵکوو لەچەندین ڕووەوە سوودی تێ دەکەوێ و حەرامە و بۆ زیاتر ئاشنابوون بەم سیستەمە لە کۆتایی باسەکەدا، بەستەرێک دادەنێن کە دەکرێ سوودی لێ ببینن لەو ڕووەوە.
سێیەم: تا ئێستا ڕوون نییە و کەس نازانێ ڕۆڵی کۆمپانیای (UniqueFinance) لەم مامەڵەیەدا چییە و لەگەڵ کام گرێبەستی و مامەڵەی شەرعی یەک دەکاتەوە؛ ئایا ئەوەی کۆمپانیا دەیکا (وكالة) یان (شراكة) یان (كفالة) یان (جعالة) یان (مضاربة)یە؛ چونکە لە هەموویان دەچێ و هیچیشیان نییە و ئەوەی کە ڕوکەشە ئەوەیە کە کۆمپانیای (Unique) تەنها ڕۆڵی نێوەندگیری دەبینێ لەنێوان کەسی بەشداربوو و کۆمپانیا خاوەن پشکەکانی وەک کۆمپانیای بی ام دبلیو یان فۆڕت یان مایکڕۆسۆفت یان ئەپڵ یان هەر کۆمپانیایەکی تر، من لەگەڵ شاندی کۆمپانیا دانیشتووم و ئەم پرسیارەم لێ کردوون کە ڕۆڵی کۆمپانیاکەی ئێوە چییە؟ هیج وەڵامیان پێ نەبووە.

چونکە ئەگەر کۆمپانیای ¬(Unique) لەم نێوەندەدا ڕۆڵی بریکار و وەکیل ببینێ، ئەو کات دەبێ لە بەرامبەر پارەیەکی دیاریکراودا ئەو کارە بکات. بۆ نموونە من هەزار دۆلارم داوە بە کۆمپانیای (Unique) تا لەبڕی من پێنج پشکم لە کۆمپانیای ئەپڵ بۆ بکڕێت، کۆمپانیای (Unique) ئەرکی بەیەکگەیاندنی من و کۆمپانیای ئەپڵ و نووسینەوەی گرێبەست و گەرەنتیکردنی پارەکەی من و پشکەکانی ئەو دەگرێتە ئەستۆ و لەبەرامبەردا بڕێک پارەی دیاریکراو لەمن وەردەگرێ، دواتر ئەو پشکانە هەرچی و هەرچەند بکەن، پەیوەندی بە کۆمپانیای (Unique)ەوە نییە و بڕیاری مامەڵەکردن بە پشکەکانیشەوە لەدەستی ئەودا نییە، بەڵام شێوازی ئەم مامەڵەیەی (Unique) لە ئێستادا تەواو بە پێچەوانەوەیەی ئەمەوەیە و لە ئێستادا کۆمپانیای (Unique) بڕێک قازانجی دیاریکراو دەداتە کەسی بەشداربوو، ئیتر هەموو بڕیارێک لە دەستی خۆی دایە و کەسی بەشداربوو هیچ ئاگای لە پشکەکانی نییە و نازانێ قازانجی کردووە یان زەرەر و بڕی قازانج یان زەرەرەکەی چەندە. کەواتە ئەم کارەی (Unique) دەیکا وەکالە نییە. با بێینە سەر ئەوەی بزانین (شراكة) و هاوبەشییه، بەداخەوە ئەمەیشیان نییه؛ چونکە ئەگەر موشارەکە بێت، دەبێ ئەو کات کۆمپانیای (Unique)یش وەک کەسی بەشداربوو پارە بهێنێت و بەشداری بکا و دواتر لەسەر ڕێژەیەکی دیاریکراوی زەرەر و قازانج ڕێک بکەون و بڕیاری مامەڵەکردن بە پشکەکانەوە لە دەستی هەردوو لایاندا بێت، لە ئێستادا هیچ کام لەم خاڵانە لەم مامەڵەیەدا بوونی نییە و کۆمپانیا هیچ پارەیەک نادات و هەموو بڕیارێکیش لای ئەوە و هیچ ڕێژەیەکی هاوبەشی بوونیش بوونی نییە و ئەو پارەیەیش کۆمپانیا دەیداتە کەسی بەشداربوو، ڕێژەیەکە لە خودی سەرمایەکە نەک داهات، بۆنموونە لە (1000$) ڕۆژانە (3-4$) و لە (5000$) ڕۆژانە (15-20$)ی پێ دەدات، هەر بۆیە ڕێژەی داهاتەکە جێگیرە و زیاد و کەم ناکا و هەموو ئەمانەیش پێچەوانەی حوکمی شەرع و بنەماکانی گرێبەستی (شراكة) و هاوبەشی بوونن. کەواتە (شراكة)یش نییه.

خۆ ئەگەر بپرسین ئایا (كفالة)یە؟ کەفالەتیش نییه؛ چوونکە کەفالەت له شەرعدا لەو گرێبەستانەیە کە دەبێ بەبێ بەرامبەر بکرێت، وەکوو پێدانی قەرز وایە و چۆن کەسی خاوەن قەرز بۆی نییە لە بەرامبەر پێدانی قەرزەکەیدا هیچ بڕە پارەیەک لەکەسی قەرزدار وەربگرێ، کەسی کەفیلیش بۆی نییە لەبەرامبەر کەفالەتەکەیدا هیچ بڕە پارەیەک لەو کەسە وەربگرێ کە بۆتە کەفیلی، مەگەر تێچووی مامەڵەی کەفالەکە نەبێت، بۆ نموونە کۆمپانیای (Unique) لای نازداک دەڵێ: من کەفیلی دوکتۆر خالیدم کە دوکتۆر خالید پیاوێکی سەر ڕاستە و غەش ناکات و پارە و ئیلتیزاماتەکانی خۆی جێبەجێ دەکا و ئەگەر ئەو جێبەجێی نەکرد من دەبمە کەفیلی و لەبڕی ئەو جێبەجێی دەکەم، کۆمپانیای (Unique) بۆی نییە لەبڕی ئەم کارەیدا هیچ بڕە پارەیەک لەمن وەربگرێت و هەر پارەیەک وەربگرێ حەرامە.

ئێستا کێ باوەڕ بەم قسەیە دەکا و دەتوانێ بڵێت کۆمپانیای (Unique) پڕۆژەیەکی وەقفییە و خاوەنەکەی لەبەر خوا و لەپێناو چاوە کاڵەکانی ئێمەدا دایناوە و هاوکاری ئێمە دەکا و پارەی قازانجمان پێ دەدات و بەرپرسیاریێتییەکەیشی دەگرێتە ئەستۆ!! کەواتە ئەم کارەی (Unique) دەیکا ناچێتە خانەی کەفالەتیشەوە و ئەگەریش بڵین کەفالەتە، ئەوە کارەکەیان حەرامە و دروست نییە، چونکە لەبەرامبەردا پارەی لەسەر وەردەگرن.
ئەی بڵێی (جعالة) بێت؟! بەداخەوە ئەویش نییە؛ چونکە لە جەعالەدا کەسێک لەبەرامبەر کردنی کارێکدا خەڵاتێک دیاری دەکا و هەرکەس کارەکەی کرد، خەڵاتەکەی پێ دەدات، ئێستا لەم کارەدا ڕوون نییە کێ خەڵات بە کێ دەدا، ئایا کۆمپانیا بە بەشداربووی دەدا یان بەپێچەوانەوە، دواتریش جەعالە لە بەرامبەرکردنی کار دایە، بەڵام لێرەدا لەبەرامبەر هێنانی پارە دایە؛ بۆیە ناکرێ بە جەعالەیش پۆلێن بکرێت.
دێینە سەر گریمانەیەکی تر و بزانین دەکرێ ئەو کارەی (Unique)، (مضاربة) بێ و ئێمە پارە دەدەین بەکۆمپانیای (Unique) و ئەویش بازرگانی پێوە دەکا و پاشان لە داهاتەکەیدا بەڕێژەیەک هاوبەش دەبین.
بەداخەوە ئەم مامەڵەیە (مضاربة)یش نییە؛ چونکە لە (مضاربة)دا ناکرێ ئەو کەسەی پارەکە هەڵدەسووڕێنێت، ڕێژەیەکی جێگیر لە سەرمایەکە بداتەوە خاوەن دەسمایەکە، بەڵکوو دەبێ ڕێژەیەک لە قازانجی بداتێ کە ئەویش بەپێی باروودۆخی بازاڕ دەگۆڕێ و جێگیر نییە، جگە لەوەیش لە (مضاربة)دا کەسی خاوەن دەستمایە وەک هاوبەشێک دەبێ وردەکاری مامەڵەکە بزانێ و ئاگای لێی بێت؛ چونکە هەر زیانێک ڕوو بدات لە پارەکەی ئەو دەکەوێت؛ بەڵام لەم مامەڵەیەدا خاوەن دەستمایە هیچ ئاگای لە مامەڵەکان نییە و هەر زیانێکیش ڕوو بدات لە پارەکەی ئەو ناکەوێ، بەڵکوو بە حیساب کۆمپانیای (Unique) دەیدات و خاوەن دەستمایەکە پاش دوو ساڵ هەرچی ڕوو بدات، پارەی خۆی وەردەگرێتەوە. هەموو ئەمانە پێچەوانەی بنەمای (مضاربة)ی شەرعین، هەر بۆیە ئەم مامەڵەیە (مضاربة)یش نییە.

کەواتە هەر وەکوو پێشتریش گوتمان ئەم مامەڵەیە لەگەڵ هیچ مامەڵەیەکی شەرعی یەک ناکاتەوە و لە چەندین ڕووەوە سەرپێچی شەرعی تێدایە.
چوارەم: ئەم مامەڵەیە سوویەکی ئاشکرایە؛ چونکە تۆ پارەیەک بەناوی بازرگانی دەدەیتە کۆمپانیای (Unique) ئەویش مانگانە ڕێژەیەکی دیاریکراو لە قازانجت دەداتێ و دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەیش پارەکەت بەکاش وەردەگریتەوە بێ زیاد و کەم؛ بۆیە ئەم مامەڵەیە زیاتر لەگەڵ قەرزدان بەسوو یەک دەکاتەوە، نەک هیچ مامەڵەیەکی شەرعی تر. هەر وەک ئەوەی لە مامەڵەی بانکەکان دەگوزەرێ و بەڕێوە دەچێ کە کەسێک پاره له بانکدا دادەنێ بە ڕێژەی (٥٪)ی سوو، دواتر بانکیش دەچێ ئەو پارەیە دەدا بە کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان بە ڕێژەی (١٣٪) ی سوو. لەو نێوەندەدا بانک (٨٪) قازانج بۆ خۆی هەڵدەگرێت و (٥٪)ی دەداتە کەسی خاوەن دەستمایە. ئەوەی کۆمپانیای (Unique) لەم مامەڵەیەدا دەیکا، هەمان کاری بانکە و زیاد لەوەیش کۆمپانیای (Unique) لەپێناو زیادکردنی قازانجەکانیدا پەنا بۆ سیستەمی (مارجن) و (الرافعات المالية) دەبات. بابەتی کڕینی پشک و مامەڵەکردنیش بەو پشکانەوە تەنها بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵک و خۆ دزینەوەیە لە پرسیار و ئاستەنگە شەرعییەکان.

پێنجەم: ئێمە هیچ دەربارەی شێوازی مامەڵەکردنی کۆمپانیا (Unique) و وردەکارییەکانی نازانین و ناشزانین کە ئایا کۆمپانیای (Unique) ئەو پارەیەی ئێمە لە مامەڵەی ناشەرعی و بازرگانیکردن بە پشکی حەرام بەکار دەهێنێ یان ناا؟ وەک پشکی کۆمپانیاکانی عارەق و قومار و ئەوانی تر. من تەحەددا دەکەم هەر بەڕێزێک پێم بڵێ کۆمپانیای (Unique) سەرمایەکەی چۆن بەکار دەهێنێ و لەچیدا وەبەرهێنانی پێ دەکات. ئایا تا ئێستا هیچ گرێبەستێکی فەرمی باوەڕپێکراوی بەکسێک داوە کەپشکی ئەو کۆمپانیا زەبەلاحانەی بۆ کەسێک کڕیبێت و بەناوییەوە کردبێت و کە بچیتە بۆرسە و ئەژماری فەرمی کۆمپانیای فەیسبوک یان ئەپڵ یان بی ئێم ببینێ کە ئەو پشکانە بەناوی تۆوە کراوە و تۆ خاوەنی ڕاستەقینەی پشکەکانیت و هەر تۆیش مافی مامەڵەکردنت بەو پشکانەوە هەیە؟! ئایا هیچ دامەزراوەیەکی دارایی هەیە کە گرەنتی پارە و پشکەکانی ئەو خەڵکە بکا ئەگەر کێشەیەک دروست بوو؟! ئایا کەس دەزانێ کە لەکوێ و لای کێ دەتوانێ سکاڵای یاسایی تۆمار بکات ئەگەر کێشەیەکی بۆ دروست بوو؟! ئەمانە چەندین پرسیاری جددین و پێویستە کۆمپانیای (Unique) وەڵامیان بداتەوە.

شەشەم: بەدەر لەمانە هەمووی کۆمپانیای (Unique) درۆ و چاوبەستێکی زۆر لەگەڵ بەشداربووەکانی دەکا و لێرەدا تیشک دەخەینە سەر هەندێک لە درۆکانی و با کۆمپانیای (Unique) وەڵامیان بداتەوە:
أ‌- کۆمپانیای (UniqueFinance) لەژێر ناوی کۆمپانیایەکی تردا کار دەکا و بانگەشە بۆ کارەکانی دەکا کە لەیەکچوونێکی زۆر لەنێوان ناوەکانیاندا هەیە، ئەویش کۆمپانیای (Unique Finanz) و لە زیورخ لە سویسرایە و له پێگە فەڕمییەکانی بۆڕسەی ئەو وڵاتە تۆمارە و خاوەندارییەتی بۆ (رۆبەرت وایزەر) دەگەڕێتەوە و ئەو پیاوە چەندین جار سکاڵای ئەوەی کردووە کە کۆمپانیای (UniqueFinance) بەشێوەیەکی نایاسایی ناوی کۆمپانیاکەی ئەو بەکار دەهێنن و خەڵکی پێ لە خشتە دەبەن. ئێستا کۆمپانیای (UniqueFinance) ناوی کۆمپانیا سویسرییەکە بەکار دەهێنێ و بانگەشەی ئەوە دەکا کە له سویسڕا و له بازاڕەکانی ئامریکادا تۆمارە و ئەم قسەیەیش درۆیەکی شاخدارە و دووره له ڕاستییەوە و هەرکەس بیەوێ، دەتوانێ بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکات و ئەوکات بۆی دەردەکەوێت کە شتێک نییە لە سویسرا بەناوی (UniqueFinance)ەوە. هەر بۆ دڵنیایی دەتوانن بگەڕێنەوە سەر پێگەی (Zefix) کە پێگەیەکی تایبەتە بەناوی ئەو کۆمپانیایانەی کە لە سویسڕا بەفەڕمی تۆمارکراون و بزانن ناوی کۆمپانیای (UniqueFinance)ی تێدایە یان نا. جگە لەویش پێگەی (FINMA)ی فەرمیمان هەیە کە تایبەتە بە چاودێری بازاڕی دارایی لە سویسڕا دەربارەی (UniqueFinance) دەڵێ: کۆمپانیایەکی وەهمییە و لە پەڕاوی بازرگانی سویسڕا ناوی تۆمار نییە و یەکێکە لەو کۆمپانیاینەی کە ناوی لە لیستی کۆمپانیا قەدەغەکراوەکاندایە. ئەمەیش بەستەری بابەتەکەیە:

https://www.finma.ch/en/finma-public/warning-list/unique-finance/
پێگەیەکی ترمان هەیە بەناوی (IOSCO) ئەویش دەربارەی کۆمپانیای (UniqueFinance) دەڵێ: ئەم کۆمپانیایە لە سویسڕا ناوی لە لیستی ئەو کۆمپانیایانە دایە کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕێگە پێنەدراون لەبەر ئەوەی فێڵ و درۆ لەبواری وەبەرهێناندا دەکەن.
ڕێکخراوه‌ی نێودەوڵەتی دەزگاکانی کاغەزە داراییەکانیش کۆمپانیای (UniqueFinance)ی وەک یەکێک لە کۆمپانیا ساختە و قۆڵبڕەکانی لەسەر لیستی خۆی تۆمار کردووە.
هەموو ئەو کۆمپانیایانەیش کە ئەو دەڵێ: من مامەڵەیان لەگەڵ دەکەم درۆیە و هەموویان لەگەڵ (Unique Finanz) مامەڵە دەکەن نەک (UniqueFinance).
ب‌- کۆمپانیای (UniqueFinance) لە پێناو پاراستنی خۆی و پەیداکردنی متمانە لەلای بەشداربووانی بانگەشەی ئەوە دەکا کە گوایە لە مانگی (٥) ساڵی (۲۰۱۷) لە (٥١٪) پشکەکانی فرۆشتووە بە کۆمپانیایەکی ئەمریکی بەناوی: ((Portfolio Management) (Global
و دەشڵێن کە ئەم کۆمپانیایە ساڵی (١٩٧٢) لە ویلایەتی (دیلاوێر) دامەزراوە و چەندین کۆمپانیای تر لەگەڵی کار دەکەن و ناوبانگێکی باشی هەیە، هەموو ئەم قسانەیش دوورن لە ڕاستییەوە؛ چونکە ئەگەر سەیری پەڕەی فەڕمی تایبەت بەو کۆمپانیایانە بکەین کە لەو ویلایەتە کار دەکەن، بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو کۆمپانیایە لە بنەڕەتدا لە (١٣-٣-٢٠١٧) دا دامەزراوە، واتە تەنها پێش یەک مانگ لە کڕینی پشکەکانی کۆمپانیای (UniqueFinance)، ئەمەیش ئەوە دەردەخات کە ئەم کۆمپانیای (Global)ە لە بنەڕەتدا لەپێناو سپیکردنەوەی ڕووی کۆمپانیای (Unique) دروست کراوە و پێدەچێ هەر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیای (Unique) خۆیەوە بۆ ئەو مەبەستە دروست کرابێ. ئەمەیش کارێکی قورس نییە و هەرکەس بیەوێ دەتوانێ تەنها بە بڕی (٢٠٠$) و لەچەند خولەکێکی کەمدا کۆمپانیایەک لەو ویلایەتە تۆمار بکات، کاتێکیش سەیری ناوی ئەو کۆمپانیایانە دەکەیت کە گوایە لەگەڵ (Global) کار دەکەن، بۆت دەدردەکەوێ کە هەموو ئەو کۆمپانیایانە وەهمین و هیچیان لە واقیعدا بوونیان نییە.

ت‌- بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گوایە کۆمپانیای (Unique) لە کۆمپانیای (http://www.mcafee.com) کە کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتییە تۆمار کراوە، ئەمەیش دیسانەوە جگە لە فێڵ و چاوبەست شتێکی تر نییە، چونکە کۆمپانیای (mcafee) کۆمپانیایەکە لەبواری وەبەرهێنانی بەرنامەی دژە ڤایرۆس کار دەکا و هیچی تر و هەر کۆمپانیای یان کەسێکیش بیەوێ دەتوانێت بەرهەمەکانی بەکار بهینێ و ناوی بخاتە ناو لیستی بەکاربەرانی بەرنامەکانییەوە و ئەمەیش هیچ لە پێگە و سەنگی (Unique) زیاد و کەم ناکات.
ث‌- کۆمپانیای (Unique) بەڵێنی پێدانی ڕێژەی (٨٠٪)ی قازانج بەبەشداربووەکانی دەدا و ئەمەیش جگە لە خەیاڵ شتێکی تر نییە و خودی قازانجەکانی بازاڕی نازداک کە ئەمان لەڕێی ئەوەوە کار دەکەن لە (٣-٨٪) تێپەڕ ناکا، ئیتر چۆن ئەوان دەتوانن لە (٨٠٪) بدەنە بەشداربووەکانیان، ئەگەر پرسیاریشیان لێ بکرێ کە چۆن ئەو قازانجە خەیاڵییانە بەدەست دەهێنن و بە چ شێوەیەک، بۆ خۆدزینەوە لە وەڵام و پەردەپۆشکردنی ڕاستییەکان دەڵین ئێمەیش نازانین چۆن؛ چونکە ئەوەی گرێبەستەکان ئەنجام دەدات سیستەمی (ATS) و ڕۆبۆتێکی ئالییە کە گوایە سێ تریلیۆن دۆلاریان پێ داوە. ئەم قسەیەش دوورە لە ڕاستییەوە، چونکە هەموو ئەو ڕۆبۆتانەی لەو بوارەدا لە جیهاندا کاریان پێ دەکرێ وا داتا کراون کە قازانجیان لە (٤٠٪) تێپەڕ ناکات. ئێستا چۆن ئەم ڕۆبۆتە قازانجەکەی دەگاتە (٨٠٪)؟! بۆیە ئەو ڕێژەی قازانجە یان هەر بوونی نییە و درۆیە، یانیش ئەگەر لە هەندێک حاڵەتی دەگمەن و بۆ هەندێک کەس هەبێ ئەوە بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکە و سەرچاوەکەی سوو و مارجن و پارەی بەشداربووەکانی ترە و هەموو ئەوانەیش ناشەرعی و حەرامن.

ج‌- هێشتنەوەی پارەی بەشداربوو بۆ ماوەی دوو ساڵ پێچەوانەی سیستەمی مۆڵەتە جیهانییەکانی قوبروسی و بەریتانییە کە دەڵێ: سەرمایەی بەشداربوو هێڵی سوورە و ناکرێ دەستکاری بکرێ یان دەست بەسەردا بگیرێ و هەرکات بەشداربوو بیەوێت دەتوانێ ڕایبکێشێتەوە یان مامەڵەی پێوە بکات، بۆیە ئەوەی کۆمپانیای (Unique) دەیکات لەم ڕوویشەوە سەرپێچییە.
ح‌- هەتا ئێستا کۆمپانیای( Unique)) ئەژمارێکی بانکی دیار و باوەڕپێکراوی نییە و هەموو ئەو ئەژمارە بانکییانەی بەکاری دەهێنێت وەهمین و لەژێر ناوی تر و له وڵاتانێکی تردایە و هیچ پەیوەندییەکی بە کۆمپانیای (Unique)ەوە نییە و ئەگەریش لە هۆکارەکەی بپرسیت، پێت دەڵێن: بۆ خۆدزینەوەیە لە باج و لەبەر ئەو داهاتە زۆرەی هەیانە، دەبێت باجێکی زۆر بدەن و ئەوانیش نایانەوێ ئەو کارە بکەن و ئەم قسەیەش دیسانەوە دوورە لە ڕاستییەوە و مەبەستی سەرەکی ئەوەیە کە هەر کات ون کرد و پارەی خەڵکیان خوارد، کەس نەتوانێت بەدواداچوون بۆ ئەژمارە بانکییەکانیان بکات و پارەکانی وەربگرێتەوە.
لەبەر هەموو ئەم هۆکارانە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیای (UniqueFinance) شەرعی نییە و حەرامە:
بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە و هاوشێوەکانی دەکرێ سوود لەم بەستەرانە وەربگیرێت:

https://www.youtube.com/watch?v=vW_5ZFmT4PY&list=PLJwE8tKAXavWRjuUTHwpv2DlwNSquHExa&index=5
https://www.youtube.com/watch?v=jKWueUxa3eU&list=PLJwE8tKAXavWRjuUTHwpv2DlwNSquHExa&index=12
https://www.youtube.com/watch?v=XnjLNd9_yoE&list=PLJwE8tKAXavWRjuUTHwpv2DlwNSquHExa&index=16
https://www.facebook.com/DrKhalid2014Muhammad/photos/a.261526497325246/2035408703270341/?type=3&theater

ئامادەکردنی: عەبدوڵڵا عەلیپوور

از طريق
عبدالله علی پور
منبع
https://sozimihrab.org/
نمایش بیشتر

عبدالله علیپور

@نویسنده و مترجم @ آذزبایجان غربی - نقده @ شغل : دعوتگر دینی و فعال اجتماعی - مدیر کانال تلگرامی @sozimihrab

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا