عباداتفتاویفقه

حوكمی شەرعی ئامادەبوونی ئافرەتان لە مزگەوتەكان

حوكمی شەرعی ئامادەبوونی ئافرەتان لە مزگەوتەكان

حوكمی شەرعی ئامادەبوونی ئافرەتان لە مزگەوتەكان بۆ ئەنجامدانی نوێژی جومعە و نوێژە بەكۆمەڵەكان و هەردوو جەژنەكه

نامەیەكم پێگەیشتووە، پرسیار دەكات دەربارەی حوكمی شەرعی ئامادەبوونی ئافرەتان لە مزگەوتەكان بۆ ئەنجامدانی نوێژی جومعە و نوێژە بەكۆمەڵەكان و هەردوو جەژنەكه، ئەمەش دەقی نامەو پرسیارەكەیە:

(السلام علیكم و رحمە الله وبركاته، لەگەڵ دوعای سەلامەتی و خۆشەویستیمان بۆ جەنابی مامۆستای بەڕێز، لە خوای گەورە تكاكارم جەنابت و خانەوادەی بەڕێزتان سەلامەت بن.
ئێمە لە مزگەوتەكانی كوردی ئەڵمانیا گیرۆدەی گرفتی ئامادەنەبوونی ئافرەتانین لە نوێژی جومعەدا، گرفتەكەش نیە لە شوێندا، بەڵكو ئەوان شوێنێكی تایبەتیان هەیەو هەموو شتێك رەخساوە بۆیان، گرفتەكە لە كاتیشدا نیە چونكە ئەوان ئامادەی هەموو بۆنەكانی دەرەوەی مزگەوت دەبن، كۆمەڵێك ئافرەتیش هەن كە لەپێش وتاری جومعە وانەی فێربوونی زانستیان هەیە، كەچی لەگەڵ تەواوبوونی وانەكەیان بە چەند خولەكێك پێش وتارەكە مزگەوت جێدێڵن، بەڵگەو بیانوویان ئەوەیە كە: ئامادەبوونی ئافرەتان لە نوێژی جومعەدا بەپێی ئەوە كە لە فەرموودەی پیرۆزدا هاتووە فەرز نیە، منیش باوەڕم وایە هەر كارێك ببێتە هۆی جێبەجێكردنی فەرزێك ئەوا ئەو كارە خۆیشی دەبێتە فەرز.
لەڕاستیدا ئەو ژمارە كەمە لە ئافرەتان كە لەپێش نوێژی جومعەوە ئامادە دەبن لە مزگەوت، هۆكارن بۆ ئامادەنەبوونی ئافرەتانی تر بۆ نوێژی جومعە، ئێمەش لە ئەوروپا زۆر پێویستمان بەوەیە بەڵگەمان هەبێت تا هانی ئافرەتان بدەین ئامادەی مزگەوت ببن، بەڵام ئەو فەرموودە پیرۆزە كە دەفەرموێ‌ جومعە لەسەر ئافرەتان فەرز نیە بووەتە بەڵگەیەك بۆ رێگری لێكردنیان.

بۆیە داوا لە بەڕێزتان دەكەین یارمەتیمان بدەن لە چارەسەركردنی ئەو گرفتەدا.
لەگەڵ ئەوپەڕی رێز و حورمەتمان بۆ پێگەو پایەی جەنابتان، خوای گەورە بە باشترین پاداشت پاداشتی چاكەتان بداتەوە.
وەڵام:

سوپاس و ستایش بۆ پەروەردگاری جیهانیان، درودو صەڵەوات لەسەر گەورەمان موحەممەد كە بە رەحمەت رەوانەكراوە بۆ جیهانیان، هەروا لەسەر ماڵبات و هاوەڵە بەڕێزەكانی، لەسەر هەر كەسێكی تریش كە شوێنكەوتەی رێنماییەكانی دەبێت تا رۆژی قیامەت.
پاشان:
یەكەم: مافی ئافرەتان لە ئامادەبوون لە مزگەوتەكان بۆ ئەنجامدانی نوێژی جومعەو نوێژە بەكۆمەڵەكان و گوێگرتن لە وانە شەرعی و پەروەردەییەكان:
خوای گەورە مرۆڤی راسپاردووە بە ئەنجامدانی پەرستش بۆی، ئیتر پیاو بێت یان ئافرەت چوونیەكە، چونكە هەموو فەرموودەكانی پەروەردگار كە روویان لە باوەڕدارانە یان لە خەڵكییە، یان بۆ ئادەمیزادە ئەوا گشت نێر و مێینەیەك دەگرێتەوە، مەگەر لە حاڵەتێكدا نەبێت كە ئەركێك تایبەت كرابێت بە یەكێكیانەوە، هەموو ئەركە پەرستشییەكانیش گشتین و بۆ هەردوو رەگەزن، تەنها لەبارێكدا نەبێت كە خوای گەورە ئەركی لەسەر ئافرەتان سوك كردبێت ئەوەش وەك رەحمەتێك بۆیان، وەك نوێژی جومعە یان نوێژی بەكۆمەڵ یان تێكۆشان لەپێناو ئاینی خوادا، كە فەرز نەكراون لەسەریان، بەڵام ئەگەر هەستێ‌ بە ئەنجامدانی ئەو ئەركانەش ئەوا دروستەو پاداشتی ئەوانیش وەردەگرێ‌، خوای گەورە دەفەرموێ‌: (ِإنَّ الْمُسْلِمِينَ وَالْمُسْلِمَاتِ وَالْمُؤْمِنِينَ وَالْمُؤْمِنَاتِ وَالْقَانِتِينَ وَالْقَانِتَاتِ وَالصَّادِقِينَ وَالصَّادِقَاتِ وَالصَّابِرِينَ وَالصَّابِرَاتِ وَالْخَاشِعِينَ وَالْخَاشِعَاتِ وَالْمُتَصَدِّقِينَ وَالْمُتَصَدِّقَاتِ وَالصَّائِمِينَ وَالصَّائِمَاتِ وَالْحَافِظِينَ فُرُوجَهُمْ وَالْحَافِظَاتِ وَالذَّاكِرِينَ اللَّهَ كَثِيرًا وَالذَّاكِرَاتِ أَعَدَّ اللَّهُ لَهُمْ مَغْفِرَةً وَأَجْرًا عَظِيمًا) الأحزاب 35. واتە: (لەڕاستیدا خوای گەورە بەخشین و لێبوردەیی و پاداشتی زۆر مەزن و بێسنوری ئامادەكردووە بۆ پیاوان و ئافرەتانی موسڵمان ، بۆ پیاوان و ئافرەتانی ئیماندار، بۆ پیاوان و ئافرەتانی ملكەچ و فەرمانبەردار، بۆ پیاوان و ئافرەتانی راستگۆ، پیاوان و ئافرەتانی خۆگر، پیاوان و ئافرەتانی خواناس كە زۆر مەبەستیانە خوایان لێ‌ نەڕەنجێت، بۆ پیاوان و ئافرەتانی بەخشندە، پیاوان و ئافرەتانی رۆژووەوان، پیاوان و ئافرەتانی داوێن پاك، هەروەها ئەو پیاو و ئافرەتانەی كە زۆر یادی خوای گەورە دەكەن). تەنانەت قورئانی پیرۆز كاربەدەستی و بەرپرسێتی بەشێوەیەكی یەكسان خستووەتە ئەستۆی پیاوان و ئافرەتانی باوەڕدار، خوای گەورە دەفەرموێ‌: (وَالْمُؤْمِنُونَ وَالْمُؤْمِنَاتُ بَعْضُهُمْ أَوْلِيَاءُ بَعْضٍ يَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَيَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنْكَرِ وَيُقِيمُونَ الصَّلَاةَ وَيُؤْتُونَ الزَّكَاةَ وَيُطِيعُونَ اللَّهَ وَرَسُولَهُ أُولَئِكَ سَيَرْحَمُهُمُ اللَّهُ إِنَّ اللَّهَ عَزِيزٌ حَكِيمٌ): التوبة 71.

واتە: (ئیمانداران لە هەموو سەردەمێكدا پیاوان و ئافرەتانیان، پشتگیر و هاوكاری یەكترن، ئەم سیفەتانەش لە خۆیاندا بەرجەستە دەكەن: یەكەم: فەرمان دەكەن بە چاكە و قەدەغەی خراپە دەكەن، دووەم: نوێژەكانیان بە چاكی دەخوێنن و ئاسەواری رەنگدەداتەوە لە كارو كردەوە و هەڵسوكەوت و هەڵوێستیاندا، سێیەم: زەكاتی ماڵ و سامان و تەندروستی و زانستی خۆیان دەدەن، چوارەم: فەرمانبەرداری خوای گەورە و پێغەمبەرەكەی دەكەن…، بێگومان ئەوانە خوای گەورە لە سۆز و میهر و ڕەحمەتی خۆی بەهرەمەندیان دەكات، لەڕاستیدا ئەو خوایە تەواو باڵادەستە –لە كات و ساتی خۆیدا پایەداریان دەكات-، تەواویش حەكیم و دانایە). هەروەها بڕیاری چوونە بەهەشتیشی پێداون، دەفەرموێ‌: (لِيُدْخِلَ الْمُؤْمِنِينَ وَالْمُؤْمِنَاتِ جَنَّاتٍ تَجْرِي مِنْ تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا وَيُكَفِّرَ عَنْهُمْ سَيِّئَاتِهِمْ وَكَانَ ذَلِكَ عِنْدَ اللَّهِ فَوْزًا عَظِيمًا) الفتح 5 . واتە (خوای گەورە دەیەوێت ئیمانداران لە پیاوان و لە ئافرەتان، لەو جیهان بخاتە باخ و باخاتی بەهەشتەوە كە جۆگەو رووبار بەژێر درەختەكان و بە بەردەم كۆشكەكانیدا رەوان و جارییە لە گەڵ ژیانی نەبڕاوەدا…، جگە لەوەش خوای گەورە دەیەوێت چاوپۆشی بكات لە گوناهەكانیان، بێگومان ئەو بەڵێنەش لەلایەن خوای گەورەوە بۆ ئیمانداران دەستكەوت و سەرفرازییەكی بێسنورە، -تا دڵنیابن كە ئایندەو دواڕۆژ لە هەردوو جیهاندا هەر بۆ ئەوانە…-). هەروەها دەفەرموێ‌: (يَوْمَ تَرَى الْمُؤْمِنِينَ وَالْمُؤْمِنَاتِ يَسْعَى نُورُهُمْ بَيْنَ أَيْدِيهِمْ وَبِأَيْمَانِهِمْ بُشْرَاكُمُ الْيَوْمَ جَنَّاتٌ تَجْرِي مِنْ تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا ذَلِكَ هُوَ الْفَوْزُ الْعَظِيمُ) الحديد 12 . واتە: (رۆژێك دێت پیاوان و ئافرەتانی ئیماندار دەبینرێن كە نوور و رووناكییەكی تایبەتی خوایی بەردەم و لای راستیانی رۆشنكردۆتەوە، جا پێیان دەوترێت: ئەمڕۆ مژدەتان لێبێت بە كۆمەڵە بەهەشتێك كە جۆگەو رووبار بەژێر درەختەكانیانداو بە بەردەم كۆشكەكانیاندا رەوان و جارییە، بۆ هەمیشە و هەتا هەتایی تیایدا دەمێننەوە، بەڕاستی ئەوە سەرفرازییەكی زۆر گەورە و بێسنورە). هەروەها دەربارەی تاقیكردنەوەو فیتنەگێڕانیش لەدژی ئاین و لەدژی باوەڕداران، خوای گەورە دەفەرموێ‌: (إِنَّ الَّذِينَ فَتَنُوا الْمُؤْمِنِينَ وَالْمُؤْمِنَاتِ ثُمَّ لَمْ يَتُوبُوا فَلَهُمْ عَذَابُ جَهَنَّمَ وَلَهُمْ عَذَابُ الْحَرِيقِ) البروج 10. واتە: (لەڕاستیدا ئەوانەی كە بەڵاو ناخۆشی ‌و تەنگانەو پیلان دەگێڕن، دژی پیاوان و ئافرەتانی ئیماندار و بەردەوامیش دەبن ‌و كۆڵنادەن، رۆژێك لە رۆژان تەوبە ناكەن ‌و پەشیمان نابنەوە، ئا بۆ ئەوانە سزای دۆزەخ، سزای سوتێنەر بۆیان ئامادەیە).

كەواتە ئافرەتان هاوتای پیاوانن و بەوان هاوسەرگیریی تەواو دەكرێ‌، بەڵكو یەكسانن بە پیاوان، هەروەك لە فەرموودە راست و دروستەكەدا هاتووە دەفەرموێ‌: ((إنما النساء شقائق الرجال)). واتە: (بەدڵنیایی كە ئافرەتان هاوتای پیاوانن).
جا هەرچەندە ئیسلام لە ژینگەیەكی نەفامیدا دەركەوتووە كە ئافرەت هیچ بەهایەكی نەبووە، نە میراتی و نە مافی شوكردن و نە شوكردنەوەی لەدەست خۆیدا نەبووە، كچە بچوكەكانیش زیندەبەچاڵ دەكران، تەنانەت ژیارە پێشوو و باوەكانیش هیچ گرنگییەكیان بە بەهای ئافرەت نەدەدا، بەڵام ئیسلام لەبەرئەوە لە خوای گەورەوەیە بەهای خۆی بۆ گێڕایەوە، ئەوەش لە رێگای فیقهی میزان و هاوسەنگییەكی ورد دا مافەكانی بۆ دەستەبەر كرد تا تەواوكاری دەستەبەر ببێ‌.

دەربارەی هاتنیشیان بۆ مزگەوت، ئەوا پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) رێگری كردووە لە قەدەغەكردنیان لە ئامادەبوون لە مزگەوت بۆ جومعەو نوێژە بەكۆمەڵەكان، لە بیستنی وانەكانی فێربوونی زانست، ئەمە لەگەڵ ئاسانكاری و سوككردنی لەسەریان بە فەرز نەبوونی نوێژی جومعەو جەماعەت لەسەریان، هاوكات بەدەستهێنانی پاداشت لەسەر نوێژەكانیان لە ماڵەكانیاندا، پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) دەفەرموێ‌: ((لا تمنعوا النساء حظوظهن من المساجد إذا أستأذنوكم)). واتە: (رێگری مەكەن لە ئافرەتان لە مافی ئامادەبوونیان لە مزگەوتدا هەركات مۆڵەتیان خواست). لە ریوایەتێكی راستیشدا فەرموودەیەك بەم لەفزە هاتووە كە دەفەرموێ‌: ((لا تمنعوا إماء الله مساجد الله)). واتە: (رێگری لە ئافرەتان مەكەن لەوەی ئامادە ببن لە مزگەوتەكانی خوای گەورەدا). واتە بە رەهایی.
ئەوەتا قورئانی پیرۆز فەرمانی بە خاتوو مەریەم (سەلامی خوای لەسەر بێت) داوە كە لەگەڵ روكوعبەران روكوع بۆ خوای گەورە ببات، واتە نوێژی بەكۆمەڵ لەگەڵ نوێژخوێنە پیاوەكاندا ئەنجامبدات، خوای گەورە دەفەرموێ‌: (وَإِذْ قَالَتِ الْمَلَائِكَةُ يَا مَرْيَمُ إِنَّ اللَّهَ اصْطَفَاكِ وَطَهَّرَكِ وَاصْطَفَاكِ عَلَى نِسَاءِ الْعَالَمِينَ ، يَا مَرْيَمُ اقْنُتِي لِرَبِّكِ وَاسْجُدِي وَارْكَعِي مَعَ الرَّاكِعِينَ) آل عمران 42-43.

واتە: (لەلایەكی ترەوە پۆلێك فریشتە سەردانی مەریەمیان كردوو وتیان: ئەی مەریەم، لەڕاستیدا خوای گەورە تۆی هەڵبژاردووە –تا ببیتە دایكی پێغەمبەرێكی ڕێزدار-، خاوێن و پاكیزەی كردوویت لە رووی ماددی و مەعنەویەوە، لە نێو سەرجەم ئافرەتانی جیهاندا تۆی هەڵبژاردووە رێز و باوی داویت بەسەر هەموواندا، ئەی مەریەم ملكەچ و فەرمانبەرداری ئەو پەروەردگارە رێزدار و بەڕێزەت بەو بەردەوام لەگەڵ كڕنوشبەراندا سوژدە و كڕنوشی بۆ ببە).
لەڕاستیدا ئافرەتان لە سەردەمی پێغەمبەردا (صلی الله علیە وسلم) ئامادەی جومعە و نوێژە بەكۆمەڵەكان و وانەكانی فێربوونی زانست دەبوون، تەنانەت داوایان كرد رۆژێك تایبەت بكرێ‌ بەوانەوە، لە صەحیحی بوخاری و فەرموودەناسانی تریشدا هاتووە، كە ئەبو سەعیدی خودری (خوا لێی رازی بێت) وتوویەتی: ((ئافرەتان بە پێغەمبەریان (صلی الله علیە وسلم) وت: (پیاوان دەرفەتمان نادەن بگەینە خزمەتت، خۆت رۆژێكمان بۆ دابنێ‌، ئەویش (صلی الله علیە وسلم) رۆژێكی بۆ دیاریكردن كە لەو رۆژەدا دەهاتنە خزمەتی و ئامۆژگاری دەكردن) )).
هەروەها ئافرەتێكی وتاربێژ لە نێویاندا هەڵكەوت و ناوبانگی دەركرد ئەویش ئەسمای كچی یەزیدی ئەنصاری بوو (خوا لێی رازی بێت) چونكە بەرگری لە ئافرەتان دەكرد، لەبارەی پرسە شەرعییەكانی ئافرەتانەوە و مافەكانیانەوە پرسیاری لە پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) دەكرد، هەروەها لەناویاندا بەوە ناوبانگی دەركردبوو كە نێردراو نوێنەری ئافرەتانە.
چەندین فەرموودە و گێڕدراوە هەن، كە بە هەموویانەوە بەڵگەن لەسەر ئەوە خوای گەورە بە پاداشت و بە چاكە قەرەبووی ئافرەتانی كردووە لەو شتانەدا كە تایبەت نین بە پیاوانەوە، ئەوەش لە رێگای جوان بەڕێكردنی كارەكانی خێزان و هاوسەر و منداڵان و پەروەردەكردنیان، هەروەها لەسەر پاداشتی چاكەی سكپڕیی و هاوشێوەكانی.

بەدڵنیایی ئافرەتان لە سەردەمی هاتنەخوارەوەی ئیسلام و لە سەردەمی جێنشینە راشیدەكاندا ئامادەی نوێژی جومعەو جەماعەت و وانەكانی فێربوونی زانست دەبوون، تەنانەت لە سەردەمی پێشەوا عومەردا (خوا لێی رازی بێت)، هەندێ‌ كەموكورتی لەبەرئەنجامی ئامادەبوونی ئافرەتان لە مزگەوتەكاندا دروستبوو، بەڵام هەر رێگری لێنەكردن، بوخاری لە صەحیحەكەیدا لە ئیبن عومەرەوە (خوا لێی رازی بێت) دەگێڕێتەوە كە وتوویەتی: ((یەكێك لە خێزانەكانی پێشەوا عومەر ئامادەی نوێژی بەكۆمەڵی بەیانی و نوێژی خەوتنان دەبوو لە مزگەوتدا، پێیوترا: تۆ بۆ لە ماڵ دەردەچی لە كاتێكدا دەزانی كە عومەر پێیناخۆشە دەربچی و غیرەت دەیگرێ‌؟ لە وەڵامدا وتی: ئەی چی رێگری لێدەكات لەوەی قەدەغەی دەرچوونم لێبكات؟ ئیبن عومەر وتی: ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم) رێگری لێدەكات كە دەفەرموێ‌: ((لا تمنعوا إماء الله مساجد الله))، كەواتە ئەم فەرموودەیە لەگەڵ رووداوەكەیدا بەڵگەیە لەسەر ئەوە كە ئافرەت بۆ ئامادەبوون لە نوێژی بەكۆمەڵ و جومعەدا پێویستی بە مۆڵەت خواستن نیە، ئەگەر مۆڵەتیش بخوازێ‌ ئەوا نابێت رێگری لێبكرێ‌، ئەمەش ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) جەختی لەسەر دەكات كە دەفەرموێ‌: ((إذا أستأذنت أحدكم إمرأته إلى المسجد فلا يمنعها)). واتە: (هەركات هاوسەری یەكێكتان مۆڵەتی لێخواستن بڕوات بۆ مزگەوت با رێگری لێنەكات).

چەندین فەرموودەی تر لەمبارەیەوە هەن بەڵگەن لەسەر ئەو باسە كە لەپێشەوە هاتووە، لەوانە ئەم فەرموودەیەی خاتوو عائیشەیە (خوا لێی رازی بێت) كە دەڵێ‌: ((إن كان رسول الله صلى الله عليه وسلم ليصلي الصبح فتنصرف النساء متلفعات بمروطهن ما يُعرفن من الغلس)). واتە: (كاتێ‌ پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) نوێژی بەیانی دەكرد، ئافرەتان دوای نوێژەكە بڵاوەیان لێدەكرد، خۆیان بە جوانی پێچابوویەوەو لەو كاتانەدا كە تاریكایی تێكەڵ بە رووناكی دەبوو نەدەناسرانەوە واتە: -شەفەق دڕنی دەدا-)، یەكێكیتر لەو فەرموودانە ئەمەیە كە پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) دەفەرموێ‌: ((إني لأقوم إلى الصلاة وأنا أريد أن أطوّل فيها، فأسمع بكاء الصبي، فأتجوز في صلاتي كراهة أن أشق على أمه)). واتە: (كە هەڵدەستم بە پێشنوێژی كردن و دەمەوێ‌ درێژی بكەمەوە، كاتێ‌ دەنگی گریانی منداڵی بچوك دەبیستم نوێژەكەم بە ئاسانی و كورت دەكەم نەبادا ببمە زەحمەت بۆ دایكەكەی). فەرموودەكە روونە كە پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) دەیزانی كە ئافرەتان ئامادە دەبن و ئاسانكاری لە نوێژەكەیدا دەكرد لەپێناو منداڵەكانیاندا.

پوختەی باسەكە:
1- بەدڵنیایی كە ئافرەتی موسڵمان مافی هەیە لە مزگەوتەكاندا ئامادە بێت بۆ ئەنجامدانی نوێژی جومعەو جەماعەتەكان، تا پاداشت و خێری دەستبكەوێت.

2- لەڕاستیدا ئیسلام فەرزی نەكردووە لەسەر ئافرەت كە ئامادەی نوێژی جومعەو جەماعەتەكان بێت، ئەوەش وەك ئاسانكارییەك بۆی، بەڵكو ئەگەر جۆرێك لە زەحمەتی لەوەدا بینی ئەوا لە ماڵەكەی خۆیدا بیكات باشترە بۆی.
3- ئافرەتان لە سەردەمی پێغەمبەردا (صلی الله علیە وسلم)، ئامادەی نوێژی جومعەو جەماعەتەكان و وانەكانی فێربوونی زانست دەبوون، هەروەك لەپێشەوە لە روانگەی ئەو فەرموودانەوە كە گێڕامانەوە و بەڵگەن لەسەری باسمان كردووە.
4-بەڵام ئامادەبوونی ئافرەت بۆ بیستنی وتاری هەینی و وانەكانی فێربوون ئەوە لە رووی شەرعیەوە پێویستە بۆئەوەی شارەزابوون لە ئاینی خوادا دەستەبەر بكات، بۆ ئەوەی ئاشنا ببێت بە حوكمە شەرعیەكانی ئاینەكەی، بەتایبەتی لەم سەردەمەی ئێستاماندا.
دووەم: ئایا دەرچوونی ئافرەت بۆ نوێژی جومعە، یان بۆ نوێژی بەكۆمەڵ پێویست بەوە دەكات مۆڵەت لە مێردەكەی وەربگرێ‌؟
زانایان راجیاوازن تیایدا و دوو رەئی هەیە ئەوانیش ئەمانەن:
رەئی یەكەم: دەبێت مۆڵەت لە مێردەكەی وەربگرێ‌، بۆ مێرەكەش واباشە مۆڵەتی بدات، ئەوەش بەپێی ئەو فەرموودانە كە مۆڵەت خواستنی كردووەتە مەرجی دەرچوونی.

رەئی دووەم: ئامادەبوونی لە جومعەو جەماعەتدا مافی خۆیەتی، مێردەكەی بۆی نیە رێگری لێبكات، مەگەر لە بارێكدا نەبێت كە هۆیەكی دیار و بەرچاو وەك هەبوونی فیتنەیەكی راستەقینە بوونی هەبێت، یان مێردەكەی زۆر پێویستی پێیەتی وەك نەخۆشكەوتنی و هاوشێوەكانی، بەڵگەش لەسەر ئەم رەئیە ئەو فەرموودانەن كە باسمانكردن و ئاماژەن لەسەر قەدەغەی رەها لە رێگریكردن لە ئامادەبوونی ئافرەتان لە مزگەوتەكاندا، قەدەغەی رەهایش لەڕاستیدا خودی حەرام دەگەیەنێ‌، ئەوەی جەخت لەم گوتەیە دەكات ئەم فەرموودەیەی ئیبن عومەرە كە وتوویەتی: (پێغەمبەری خوا صلی الله علیە وسلم فەرمووی: ((هەركات ژنی یەكێكتان مۆڵەتی لێخواست كە بڕوات بۆ مزگەوت با رێگری لێنەكات)) ). لە ریوایەتێكدا هاتووە كە بیلالی كوڕی عەبدوالله ی كوڕی عومەریش وتوویەتی: (سوێند بەخوا رێگریان لێدەكەین)! راویەكە وتوویەتی: عەبدوالله هات بەڕوویدا و خراپ لێی توڕەبوو و قسەی ناشیرینی پێوت كە هەرگیز گوێم لێنەبووە بەو شێوەیە قسەی خراپ بە كەس بڵێ‌، ئینجا وتوویەتی: من لە پێغەمبەری خواوە صلی الله علیە وسلم ئەوەت پێتدەڵێم…، كەچی تۆ دەڵێی: (سوێند بەخوا رێگریان لێدەكەین)، كەواتە ئەم كردەوەیە لە ئیبن عومەرەوە كە ریوایەتكاری فەرموودەكەیە بەڵگەیە لەسەر حەرامی رێگریكردن.
ئەمە رەئی كۆمەڵێك لە فیقهناسانی كۆن و نوێیە لەوانەش ئیبن عەبدولبرّ، ئیبن حەزم، شەوكانی، شەنقیتی، ئیبن باز، ئیبن عوسەیمین. كە بە بۆچوونی منیش بەهێزترین رەئییە.

سێیەم: رۆیشتنی ئافرەت بۆ نوێژی هەردوو جەژنی رەمەزان و قوربان:
بەڵام دەرچوونی ئافرەت بۆ نوێژی هەردوو جەژنەكە ئەوە فەرمانپێكراوە، چونكە بوخاری و موسلیم لە ئوم عەتییەوە دەگێڕنەوە كە وتوویەتی: ((پێغەمبەری خوا صلی الله علیە وسلم فەرمانی پێداین كە لە جەژنی رەمەزان و قورباندا ئەو كەنیزەكانە كە پەناگیرن یان لە سوڕی مانگانەدان، هەروەها ئەوانەی عازبن و لە پەناگیریدان ببەین بۆ ئەو جەژنانە، ئەوانەیان لە سوڕی مانگانەدان نوێژەكە ناكەن بەڵام ئامادەی خێر و بانگەوازی موسڵمانان دەبن…)). حافز دەڵێ‌: ئەم فەرموودەیە هاندان و باشی رۆیشتنی ئافرەتانی تێدایە بۆ ئامادەبوون لە هەردوو جەژنەكەدا ئیتر ئەو ئافرەتانە عازەب بن یان نا، شۆخ و شەنگ بن یان نا…).

چوارەم: ئەو حوكمە شەرعییە دەربارەی دەرچوونی ئافرەت بۆ مزگەوتەكان بۆ ئامادەبوون لە جومعەو جەماعەتەكان و هەردوو جەژنەكەدا، پەیوەندە بە رۆیشتن بە مەبەستی ئەنجامدانی نوێژی جومعەو جەماعەتەكان و نوێژی هەردوو جەژنە جگە لە حاڵەتی سوڕی مانگانە (حەیز)، بەڵام ئەگەر دەرچوونەكە بۆ شارەزابوون و تێگەیشتنی كاروباری ئاینەكەی بێت، بۆ پاكژكردنی دەروونی و سودوەرگرتن بێت لە وتار و وانەكانی فێربوون بێت، ئەوا ئەوە بە شەرعی كارێكی فەرزە، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا كە پیاوان سەرقاڵن و نایانپەرژێتە سەر ئەوە كە حوكمەكانی ئاین فێری هاوسەرەكانیان بكەن، چونكە فێربوونی زانست بە رادەی پێویست فەرزە، ئەوەش ئەركێكی شەرعییە و نێرینە و مێینە دەگرێتەوە.

پێنجەم: لە هەموو حاڵەتەكانی دەرچووندا پێویستە ئافرەتی موسڵمان پابەند بێت بە ئاكارەكانی دەرچوون بەبێ‌ خۆڕازاندنەوە و هەر شتێكیتر كە ببێتە مایەی وروژاندنی گەنجان و پیاوان.
لە كۆتاییدا راسپاردەو ئامۆژگاریمان بۆ خوشكان و كچانمان، بۆ كوڕان و براكانمان ئەوەیە كە لە خوای گەورە بترسن و بیپەرستن، شارەزای ئاینی خوای گەورە ببن، یارمەتی كەسانیتریش بدەن بۆ جێبەجێكردنی ئەوەی خوای گەورە لە بەندە چاكەكارانی خۆی داوای دەكات.

خوای گەورەش زاناترە، وێ‌خر دعوانا أن الحمد لله رب العالمین، وصلی الله علی سیدنا محمد وعلی ێ‌له وصحبه وسلم.
نوسینی ئاتاج بە بەزەیی پەروەردگاری
پ. د. عەلی محێدین قەرەداغی
ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان
سەرۆكی ڕێكخراوی رابیتەی مرۆیی

نمایش بیشتر

مکاری زاده

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا