اندیشهدعوت اسلامی

گوتاری سەلەفی و کێشەی لەگەڵ میھرەبانی ئیسلامی و ئەخلاقی بانگخوازیدا

نووسه‌ر: ئەبووبەکر عەلی

وەڵامەکەی دوکتۆر عەبدوله‌تیف سەلەفی وەك نموونە لە وەڵامی پرسیاری خانمێکدا، کە دەپرسێ مێردەکەم نوێژ ناکات، بەڵام زۆر باشە لەگەڵمدا، ئامۆژگاری چیم دەکەی و چی بکەم لەگەڵیدا؟
دکتۆر عەبدوللەتیف سەلەفی، ئاماژە بەم خاڵانەی لای خوارەوە دەکات:
١- تاوانی نوێژ نەکردن لە زیناکردن گەورەترە؟
٢- کۆمەڵێ لە زانایان ڕایان وایە نوێژنەکەر کافرە و دەبێ ھاوسەرەکەی لێی جیابێتەوە؟ کۆمەڵێکی تریشیان دەڵێن کوفری عەمەلییە و لە میللە دەری ناکات.
٣- گەر ھاوسەرەکەت دەستی نەکرد بە نوێژکردن و ھەروا مایەوە، ئامۆژگاری جیابوونەوەی دەکات؟!
بە بڕوای ئێمە ئەم جۆرە بیرکردنەوە و وەڵامە فیقھییە مێژووییە وشکە دابڕاوە لە بەھا باڵا ئیسلامییەکان، لە ڕوانگەی خودی بنەما و بەھا ئیسلامییەکان و تەنانەت بەشێ لە واقیعی مێژوویی موسوڵمانانیشەوە، کێشەی زۆری لەگەڵ خۆیدا ھەڵگرتووە، لەوانەش:
١-ئەم وەڵامە، کە پەیوەستە بە دۆخی بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگەوە، کە نوێژ ناکەن، دەبێتە سەرچاوەی شڵەژانی دەروونی و کۆمەڵایەتی و زیادکردنی کێشەکان، چونکە لەسەر بناغەی نوێژنەکردن ھانی جیابوونەوەی ھاوسەران لە یەکتری و ھەڵوەشانەوەی خێزان دەدا. ئەمەش بە ناھەق سەبارەت بە ھەزاران کەس و خێزان، ئیسلام دەکا بە سەرچاوەی کێشە و بەدبەختی؟!
بە پێچەوانەی ئەو ڕۆڵە سروشتییەی پێویستە لە کۆمەڵگەدا بیگێڕێت و ببێتە پەناگەیەکی ڕوحی و سەرچاوەیەکی مەزنی چارەسەری کێشەکان و تەڕکردنەوەی ژیان.
٢- وەڵامەکە جگە لەوەی لە قوڕئاندا پاڵپشتی نییە، دژی چەندین فەرموودەیشە کە لە خودی پێشەوا بوخاریدا ھاتووە و جەخت لەوە دەکەنەوە؛ مرۆڤ بە شایەتمانھێنان و ھاوبەشی پەیدانەکردن بۆ خوا، دێتە بازنەی ئیمان و ئەگەری شامیلبوون بە لوتف و لێخۆشبوونی خواییەوە، تەنانەت گێڕەوەی ھەندێ لە فەرموودەکان، مۆڵەت لە پێغەمبەر وەردەگرن(د.خ) کە دەکرێ فەرموودەکە ڕابگەیەنن؟ ئەویش لەو سۆنگەوە کە ئەو موژدەی تیایاندایە مەترسی ئەوەی لێ دەکرێ، بەھۆیانەوە موسوڵمانان پشتێنی لێ بکەنەوە و بە ئومێدی خودا کەمتەرخەمی لە ھەندێ ئەرك و پەرستشدا بنوێنن، چونکە بەھا و نرخێکی گەورە بە خودی ئیمان دەدەن. دکتۆریش لە ئێمە باشتر ئاگای لەو فەرموودانەیە و ھەندێ بنەمای ئوسوڵی و خودی بەھا ئیسلامییەکانیش داوای ئەوەی لێ دەکەن، قوڕئان و ئەم جۆرە دەقانەی بکردایەتە وەڵامی پرسیارەکەی، نەك ھەندێ دەقی تر و تێگەیشتنی مێژوویی ھەندێ زانا لەو دەقانە، کە لە کاتی خۆشیدا، کاریان پێ نەکراوە، چ جای لە ئێستا و دونیای پڕ لە سه‌رهێشه‌ و تەحەددای ئەمڕۆدا، بە دەردی موسوڵمانان بخوا؟!
٣- وەڵامەکە پێچەوانەی فەلسەفەی خێزانە لە ئیسلامدا، کە ئامانج لێی بەدیھاتنی سۆز و دۆستی و دڵ ئارامییە و ھەتا ئەوپەڕی کە دەکرێ، دەبێ پارێزگاری لێ بکرێ و ھەوڵبدرێ ھەڵنەوەشێتەوە. بەداخەوە جۆری بەڵگەھێنانەوەکانی، لە بەھاکان و حیکمەتی خێزانی ئیسلامی دابڕاوە؟ حسابێکی وا بۆ ئەو کێشە و گوناھ و خراپانە ناکا که لە ھەڵوەشانەوەی خێزانەکە دەکەوێتەوە. ئەویش لە ڕوانگەیەکی فیقھی بەرتەسکەوە، کە فراوانی ئیسلام لە مرۆڤ و کۆمەڵگە تەنگ دەکەنەوە و دوچاری جۆرەھا حەرەجیان دەکەن، لە کاتێکدا لابردنی حەرەج، داواکراوێکی دین و قوڕئانە و ڕێسایەکی فیقھیشە.
٤- وەڵامەکە پێچەوانەی ھێڵی گشتی بیرکردنەوەی تەنانەت ئەھلی سوننە و جەماعەشە لە مێژوودا، کە لەسەر گوناھ موسوڵمان تەکفیر ناکەن و ئەوانەی بەو جۆرە مامەڵەیان کردووە بە لادەریان داناون. لەڕووی پیادەکردنی فیقھ و مێژووشەوە، بەش بەحاڵی خۆمان نەمانبیستووە، دادگای ئیسلامی نوێژنەکردنی بێ ئینکاریکردنی، بە وەرگەڕان لە دین دانابێ و ھاوسەرانی لەسەر بناغەی ئەو لە یەکتر جیاکردبێتەوە؟ لە ئێستاشدا لێژنەی فتوای ئەورووپا کە چەندین گەورە زانای تێدایە، لە سۆنگەی بەرژوەندی دینییەوە تەنانەت ڕێگەی داوە بەو ژنانەی لە خۆراوا موسوڵمان دەبن، لە ھاوسەرە ناموسوڵمانەکانیان جیا نەبنەوە و ئارامی خێزانی خۆیان تێک نەدەن. ئەوەش بۆ یارمەتیدانی ئەو ئافرەتە تازە موسوڵمانبووانە، تا ھەست نەکەن، موسوڵمانبوونیان دەبێتە سەرچاوەی لەدەستدانی خێزانەکانیان، کە لەبەر ئەم ھۆکارە چەندینیان دووبارە لە ئیسلام ھەڵگەڕابوونەوە.
٥- وەڵامەکە لە واقیعی سەردەم و دۆخی ئەمڕۆی کۆمەڵگە و پێویستییەکانی خزمەتکردن و ڕاستکردنەوەی ئەخلاقی دابڕاوە، کە وەك جاران نییە و ژمارەی نوێژنەکەری موسوڵمان زۆرە، ئەگەر ئەو زانایانەش لە ئێستادا بژیانایە، چاوەڕوانکراوبوو، وەڵامێکی جیاواز بدەنەوە، بە حوکمی ئەوەی مرۆڤ لە چوارچێوەی کات و شوێندا بیر دەکاتەوە و زاناش نابێ ڕەچاوی واقیع و دۆخی خەڵك نەکات، چونکە وەڵامی دینیی و فتوا ھەندێ جار بە جیاوازی تاکەکەسەکان دەگۆڕێ، چ جای کات و شوێن.

یەکێ لە کێشە بنەڕەتییەکانی گوتاری سەلەفییەتیش بە شێوەیەکی گشتی، کەم گوێدان بە واقیع و گۆڕاوەکان، لەبەر گرتنەوەی مێژووە لە واقیعێیکی تەواو جیاوازدا!!
ئەوەش حەرەج، تەشەددود، توندڕەوی و تەکفیر، سەختگیری، دەمارگیری و سەرەنجام لای بەشێکیان، توندوتیژی و تیرۆری لێ دەکەوێتەوە.
٦- ئەم گوتارە باخاوەنەکەی مەبەستیشی نەبێ و بە نییەتی خێر دەریبڕێت، ھاندانی بۆ خراپەکردنی تێدایە و بەربەستی دەروونی لەبەردەم خراپەکاندا لاواز دەکا، چونکە تا نوێژنەکەرێك سوودی لێ وەردەگرێ، دەی تر بە خراپ وەری دەگرێ و ڕەنگە بڵێ؛ مادام ھەر بەو جۆرە بم و نوێژنەکردن گوناھی لە زیناکردن زیاتر بێ و کافر یان نیمچە کافر بم، ئیدی بۆ ڕەچاوی ھەندێ حەرام بکەم و خۆم لە ھەندێ شت بگرمەوە؟! ئەوەی ئەم دەرھاویشتە خراپە چاوەڕوانکراوەش کەم دەکاتەوە، ھۆشیاری خەڵکەکە خۆیەتی، کە دەزانێ ئەو وەڵامە نە تاکە وەڵام و نە کۆتا وەڵامیشە بەو پرسیارە، و دکتۆر عەدوللەتیف وەك ھەر وەڵامدەرەوەیەکی تری دینیی، ناتوانێ ئیددیعای نوێنەرایەتیکردنی دین بکات. بەڵکوو چەندین مامۆستا و مینبەری تر ھەن، وەڵامی جیاوازتر و میھرەبانتر بەو جۆرە پرسیارانە دەدەنەوە. وەڵامگەلێك خەڵك بەھۆی بوونی گوناھ و کەم و کورتییەوە لە داھاتووی خۆیان و لوتف و لێخۆشبوونی خودا نائومێد ناکەن و ھانیان دەدەن بۆ بەخۆداچوونەوە.
٧- گوتار و جۆری وەڵامەکە، ناکۆکە لەگەڵ پێویستییەکانی بانگەواز و ئیرشاد و ڕاستکردنەوەی خەڵكدا. کە پێویستە سەرجەم وەڵامەکان بە تایبەتیش لەم سەردەمە پڕ لە تەحەددایە بۆ ژیانی دیندارانەدا، ڕەچاوی بکەن و لە خزمەتی ئەودا بن، وەك فیقھێکی وشك و دابڕاو لە ئەخلاق و ھاندانی خەڵك بۆ زیاتر پابەندبوون بە ناوەڕۆکی ناسنامەی موسوڵمانێتیانەوە، پێشکەش نەکرێ.
خودا داوامان لێ دەکا بە حیکمەت و ئامۆژگاری باش بانگی ناموسوڵمانێ بکەین بۆ ئیسلام، ئەی دەبێ لەگەڵ موسوڵمانێك کە ئیماندارە و لەبەر تەمبەڵی یان ھەر ھۆکارێکی تری ناعەقیدی، کەمتەرخەمی لە ئەنجامدانی پەرستش یاخود ئەرکێکی ئیسلامیی و دینیدا دەکا، شانازی دەکا بە موسوڵمانیی خۆیەوە و خۆی لە چەندین حەرام و گوناھ دەگێڕێتەوە چۆن مامەڵە بکەین؟
مەگەر خودا قوڕئان بەڕەحمەت و پەیامبەر(د.خ) بەبەزەیی بۆ جیھانیان و خودی خۆی بەڕەحمان وەسف ناکات؟ ئەی نابێ ئەمە لە وەڵام و داوەری و شرۆڤە و فتواکانماندا ڕەنگ بداتەوە و گوتاری دینیی نەرم بکاتەوە؟ کە ئەم ڕەحمەت و میھرەبانی بوونەش، بەشێکی گرنگی لەوەدا بەرجەستە دەبێ.،،
لە عەقڵیەتی تەکفیر دوور بکەوینەوە، دین بەھۆی لێکدانەوەی بەرتەسك لەسەر خەڵك قورس نەکەین، ڕەچاوی دۆخ و حاڵ و واقیعی تاکەکان و کۆمەڵگە بکەین، پەنجەرەی ئومێدی خوایی بەڕووی خەڵک و لەوانەش گوناھکاراندا دانەخەین.
ستایشی خێرێك بکەین تیایاندا ھەیە و ھەوڵی گەورەکردنی بدەین؟
ھەر بۆیە داواکارم و ھیوادارم مامۆستا و نێوەندە سەلەفییەکان و ھەر بانگخواز و مامۆستایەکی تر کە بەو ھەناسە و ڕوحیەته‌ بیر دەکاتەوە و قسە دەکا و ھەڵوێست وەردەگرێ، چیتر درێژە بەم عەقڵیەت و بیرکردنەوە و ڕەچاونەکردنی واقیعی خەڵك و سەردەم لە گوتار و وەڵام و فتواکانیاندا نەدەن، واز لەو ئاراستە تەکفیرخوازییە ترسناکە بێنن، کە بیدعەیەکی یەکجار گەورەیە و بە ڕوحی مەزن و میھرەبانی ئیسلام نامۆیە، کارەساتیشی بۆ ئایندەی ئایینداری و کۆمەڵگە بەدواوەیە. چونکە کێشەکە ھەر ئەم وەڵامە نییە، بەڵکوو مەسەلەی تەکفیر خاڵی ھاوبەشی نێوان چەندین مامۆستا و ڕەوت و بانگخوازی سەلەفیە، ھەر لە ماوەی ڕابردوودا بوو، لە لایەن زیاد لە ڕەمز و بانگخوازێکی سەلەفییەوە، فتوای کافربوونی عەلمانییەکانی کوردستان دەرکرا! بێ گوێدانە ئەوەی کە ئەم خۆ بەقازیکردنە، لەسەر حسابی لۆژیك و پێویستییەکانی بانگەواز و خزمەتی ڕوحی و ئەخلاقیی خەڵکی موسوڵمانی کوردستانە، ھەروەھا دەکرێ لە ھەندێ سەرەپێچ و بارودۆخیشدا، بەرەنجامی کارەستباری ئەخلاقی و قانوونی و سیاسی و کۆمەڵایەتی لێ بکەوێتەوە.
چونکە کلتووری تەکفیر و نامیھرەبانی ئایینیی، دەبێتە سەرچاوەی ڕق و توندوتیژی و ڕەتکردنەوەی واقیع و بەرامبەر و جۆرەھا کێشە؟!
بۆیە ئەرکی ئەخلاقی و دینیی و شەرعیی ئەم بەڕێزانە داوایان لێ دەکا، بە ژمارەی لایك و ھەندێ دەور قەرەباڵغی ئێستایان تێنەکەون و لە ڕوانگەی ڕەنگدانەوە چاوەڕوانکراوەکانی گوتارەکە بۆسەر دۆخی دینداری و نیشتیمانی ئەم مەملەکەت و گەلە لە داھاتوودا، ھەڵسەنگاندنی بۆ بکەن و دەستکاری بکەن.
بەحوکمی ئەوەی کتێبیان بۆ ئاخر گرتۆتەوە و بەرەنجامەکان پێوەرن، لانیکەم لەڕووی پێوەری سەواب بوونەوە. دڵنیاشبن، ئیسلام ڕوحێکی میھرەبان و عەدالەتخوازانە و ئەخلاقی خۆی ھەیە و بە ئاسانی خۆی نادا بەدەست گوتارێکی لەم جۆرەوە، کوردەواریش تازە ئیسلامی پێ ناگا و خاوەنی شەقڵی دینداری و ڕوحیەتی تایبەت بە خۆیەتی، نە سەلەفییەت و نە ھیچ ئیسلامییەکی تریش نەھاتۆتە سەر بۆشی و لە سفرەوە دەست پێ ناکا، ئەم ڕوحەش بە ناخی مێژوو و ویژدانی کورددا

ڕۆچووە و لە چوارچێوەی ڕێزلێگرتنی خۆی بۆ کرانەوە و گەشانەوە و چاکسازیی قوڵ دەکاتەوە و حسابی مەحرەممان لەگەڵدا دەکا.
 

ماڵپەڕی: دیپلماتیک مه‌گه‌زین

نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا