کۆمه‌ڵێک یاسای قوڕئانی پیرۆز
نووسین: د. عمر بن عبدالله المقبل
یاسای ده‌هه‌م:
«آبَاؤُکُم وَ أَبنَاؤُکُم لَا تَدرُونَ أَیُّهُم أًقرَبُ لَکُم نَفعًا» (نێساء:١١) واته: «ئێوه نازانن که باوکتان و نه‌وه و کوڕه‌کانتان کامیان سوودی زیاتره بۆتان»
ئه‌و یاسا جوانه‌ی قوڕئان، مرۆڤ له به‌رامبه‌ر به‌شێک له گه‌وره‌یی خوا له به‌دیهێنراوه‌کانیدا و له حیکمه‌تی جوانی له شه‌ریعه‌تی پاکیدا ڕاده‌گریت و وه‌بیری دێنیته‌وه که مرۆڤ خاوه‌ن زانست و زانیارییه‌کی زۆر که‌مه.
ئه‌و یاسایه له‌گه‌ڵ ئایه‌ته‌کانی سه‌باره‌ت به (میرات) له سه‌ره‌تای سوڕه‌تی نیساءدا هاتووه و مه‌به‌ست له «آبَاؤُکُم وَ أَبنَاؤُکُم» باوکان و مناڵانێکن که میراتگری مرۆڤن. «لَا تَدرُونَ أَیُّهُم أًقرَبُ لَکُم نَفعًا» واته نازانی که کامیان به‌رژه‌وه‌ندی زۆرتری بۆ دین و دونیای تۆ هه‌یه. هێندێک که‌س واده‌زانن که باوکیان بۆیان باشتره، به‌ڵام ده‌بینن که منداڵه‌کانیان به‌رژه‌وه‌ندی زۆرتری هه‌یه بۆیان. که‌سانێکیش واده‌زانن که منداڵه‌کانیان بۆیان باشترن، به‌ڵام ڕه‌نگه باوکیان بۆیان زۆر باشتر بێت. خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت من باشتر ده‌زانم که کامیان سوودی زۆرتره بۆتان، هه‌ر بۆیه به شێوازێک کاروباری ئێوه‌م ڕێک خستووه که خێر و مه‌سڵه‌حه‌تی زۆرتری بۆتان تێدایه، که‌واته هه‌ر له من په‌یڕه‌وی بکه‌ن.
ئه‌گه‌ر دابه‌شکردنی میراتم به هزر و ئاقڵی ئێوه سپاردبایه، بێگومان به زه‌ره‌ری خۆتان ده‌بوو، چونکه عه‌قڵی مرۆڤ بێعهیب و که‌مایه‌سی نییه و ناتوانێت له هه‌موو ئه‌و شتانه تێبگات که له هه‌ر کات و سات و دۆخ و شوێنێکدا پێویستر و شیاوتره.
له سه‌رده‌می نه‌فامیدا له ڕووی کۆمه‌ڵه پێوه‌رێکی ناڕێک و نه‌شیاو میراتیان دابه‌ش ده‌کرد؛ هێندێک کات پێداویستی دایک و بابیان له‌سه‌رووی هه‌ر شتێک داده‌نا و هێندێک جار مناڵان و جاری وابوو هه‌ردووکیان ڕه‌چاو ده‌کردن. به‌ڵام شه‌ریعه‌تی ئیسلامی ته‌واوی ئه‌و یاسایانه‌ی سه‌رده‌می نه‌فامی پووچه‌ڵ کرده‌وه و خوای گه‌وره خۆی شێوازی دابه‌شکردنی میراتی وه‌ئه‌ستۆ گرت و پاشان له کۆتایی ئایه‌ته‌که ئاماژه به دوو خاڵ ده‌کات که مرۆڤ ناتوانێت به هزر و زانستی خۆی پێی بگات:
1- «آبَاؤُکُم وَ أَبنَاؤُکُم لَا تَدرُونَ أَیُّهُم أًقرَبُ لَکُم نَفعًا» واته ئه‌و یاسایه‌ی که مه‌به‌ستی ئێمه‌یه.
2- «فَرِیضَهٌ مِّنَ اللهِ إِنَّ اللهَ کَانَ عَلِیمًا حًکِیمًا» ئه‌و بابه‌تانه به‌شێکن له‌و واجبانه‌ی که پێویسته به ته‌واوه‌تی به‌ڕێوه بچن، بێئهوهیکه به هیچ شێوازێک لێی که‌م و کورت بێته‌وه، به هۆی ئه‌وه‌یکه: «إِنَّ اللهَ کَانَ عَلِیمًا حَکِیمًا». تاکوو مرۆڤی بڕودار دڵنیا بێت که ئه‌و شێوازی دابه‌شکردنه له زانستێکی ته‌واو و حیکمه‌تێکی واڵا سه‌رچاوه‌ی گرتووه و گومانی تێدا نییه که له هه‌ر چه‌شنه که‌مایه‌سی و که‌موکورتی به‌دووره.
چه‌ند نموونه‌یه‌کی کرداری ئه‌و یاسایه:
وه‌رن ئه‌و یاسایه له ژیانی خۆمان به‌راورد بکه‌ین و بۆ چاکسازی به‌شێک له بیر و ڕا ناڕه‌واکانی خۆمان که‌ڵکی لێ وه‌رگرین:
له‌وانه‌یه میراتگرانی باوکێک ته‌نیا کچه‌کانی بن و ئه‌وه ببێته هۆی خه‌م و په‌ژاره‌ی ئه‌و باوکه. به‌ڵام له ژێر تیشکی ئه‌و یاسایه‌دا دڵی ئاو ده‌خواته‌وه و ئاسووده ده‌بێت، چونکه ده‌زانێت که له‌وانه‌یه کچێک له ده‌یان کوڕ بۆ دایک و باوکی باشتر بێت که ئه‌وه ڕاستییه‌که به ڕاده‌یه‌کی زۆر ده‌بیندرێت. پیاوێکی خاوه‌ن مناڵی زۆر هه‌بوو که کاتێک به ته‌مه‌نی پیری گه‌یشت، کوڕه‌کانی به هۆی کار و پیشه‌یان لێی دوور که‌وتنه‌وه و ته‌نیا که‌سێکی که وه‌ک چاوی خۆی ئاگاداری له بابه پیر و داماوه‌کی ده‌کرد و مه‌رهه‌می زامی دڵی بوو، تاقانه کچه‌که‌ی بوو که زۆرتر له کوڕه‌کانی ئه‌رکی سه‌رشانی له ئاست بابی به‌جێ ده‌گه‌یاند و کاروباری بابی جێبه‌جێ ده‌کرد؛ خوای گه‌روه چه‌نده ڕاست و جوان فه‌رموویه‌تی که: «آبَاؤُکُم وَ أَبنَاؤُکُم لَا تَدرُونَ أَیُّهُم أًقرَبُ لَکُم نَفعًا»
ئه‌وه له دونیا دایه، به‌ڵام له دواڕۆژدا بابه‌ته‌که له‌وه‌ش قورستره؛ ئیبنی عه‌بباس ده‌فه‌رموێت: هه‌ر که‌س زۆرتر له‌سه‌ر دڵی دایک و باوکی بێت و به‌قسه‌یان بکات، له ڕۆژی دواییدا خاوه‌ن پله و پایه‌ی به‌رزتره. خوای گه‌وره ئیمانداران ده‌کاته تکاکار بۆ یه‌کتر، ئه‌گه‌ر پله‌ی دایک و باوک به‌رزتر بێت، ئه‌وه بۆ مناڵه‌کانیان شه‌فاعه‌ت ده‌که‌ن و ئه‌گه‌ر پله‌ی مناڵه‌کان به‌رزتر بێت، ئه‌وه تکا بۆ دایک و باوکیان ده‌که‌ن و ده‌بنه هۆی چاوڕوونی ئه‌وان. به‌داخه‌وه جاری وایه ده‌بیستین که پیاوێک چه‌ند کچی هه‌یه که گه‌لێک پێیانه‌وه خه‌مباره و هه‌ڕه‌شه له خێزانی ده‌کات که نه‌وه‌ک جارێکی دیکه مناڵی کچ به دونیا بێنیته‌وه، ده‌ڵێی ئه‌وه به‌ده‌ست ئه‌و ئافره‌ته داماوه‌یه که کچی بێت و یا کوڕ! ئای چه‌نده نه‌زانی و نه‌فامی!! چۆن مرۆڤێک به هۆی کارێکی که له ده‌ست ئه‌ودا نییه سه‌رکۆنه ده‌کرێت؟ خۆزگه ئه‌وانه‌ی که ئه‌و بڕوایه‌یان هه‌یه، بڕێک له‌و بابه‌تانه‌ی خواره‌وه تێڕامانیان کردبایه:
– یاسایه‌کی قوڕئانی: «آبَاؤُکُم وَ أَبنَاؤُکُم لَا تَدرُونَ أَیُّهُم أًقرَبُ لَکُم نَفعًا» واته: «ئێوه نازان که باوکه‌کانتان بۆتان سوودی زۆرتره و یا منداڵه‌کانتان.»
– ئایه‌تی: «لِلهِ مُلکُ السَّمَاوَاتِ وَ الأَرضِ یَخلَقَ مَا یَشَاءُ یَهَبُ لِمَن یَشَآءُ إِنَاثًا وَ یَهِبُ لِمَن یَشآءُ الذُّکُورَ * أَو یُزَوِّجُهُم ذُکرَانًا وَ إِنَاثًا وَ یَجعَلُ مَن یَشآءُ عَقِیمًا إِنَّهُ عَلیمٌ قَدِیرٌ» (شورا:۴٩-۵٠) واته: «هه‌ر بۆ خوایه خاوه‌ندارێتی ئاسمانه‌کان و زه‌وی، هه‌رچی بوێت دروستی ده‌کات، به‌هه‌ر که‌س که بیه‌وێت ته‌نها کچ ده‌به‌خشیت و به هه‌ر که‌س بیهه‌وێت کوڕ ده‌به‌خشیت ٭ یا خود له هه‌ردوو جۆر به هه‌ندێک خێزان ده‌به‌خشیت له کوڕ و کچ و هه‌شه ویستی خوا وابێت که هیچی نه‌داتێ و نه‌زۆک بێت، به‌ڕاستی ئه‌و زاته زانا و به‌ده‌سه‌ڵاته.»
ئیبنی قه‌ییێم سه‌باره‌ت به‌و ئایه‌ته ده‌ڵێت: هاوار بۆ که‌سێک که ناڕازییه به‌و مناڵه‌ی که پێی به‌خشراوه.
– که‌سێک که خاوه‌نی چه‌ند کچێکه، خۆزگه له‌و فه‌رمووده‌یه‌ی که سه‌باره‌ت به سه‌رپه‌رشتی کچان هاتووه، ورد ببایه‌وه که هه‌ر که‌س سێ کچ به‌خێو بکات چه‌نده ئه‌جر و پاداشی هه‌یه.
– به که‌سێکی که ناڕازییه به‌وه‌یکه کچی هه‌یه، بڵێن: با تۆش ناڕه‌حه‌ت و ناقایل بی، ئایا ئه‌و ناڕهحهتییهت مناڵی کوڕت پێ ده‌به‌خشیت؟ ڕاسته که زۆربه‌ی خه‌ڵک له ناخیاندا زۆرتر خوازیاری مناڵی کوڕن، به‌ڵام مرۆڤی بڕوادار جۆرێکی دی ده‌ڕوانیته ئه‌و تاقیکردنه‌وه‌یه و ئه‌ویش ئه‌وه‌یکه: مرۆڤ ده‌بێ خۆڕاگر بێت و ته‌نیا ئامانجی ڕه‌زامه‌ندی خوای گه‌روه بێت و دڵنیا بێت که خوا به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و باشتر ده‌زانیت و باشترینی پێ ده‌به‌خشیت. له‌وانه‌یه خوای گه‌وره به بێبه‌شکردنی له مناڵی کوڕ له ڕاستیدا له به‌ڵایه‌کی گه‌وره‌ی پاراستبێت. ئایا خوای گه‌وره فه‌رمانی به پیاوه ساڵحه‌که‌ی هاوسه‌فه‌ری مو‌سا نه‌کرد که مناڵه‌که بکوژیت تاکوو خوای گه‌وره مناڵێکی باشتر به دایک و بابی ببه‌خشیت:
– «وَ أَمَّا الغُلَامُ فَکَانَ أَبَوَاهُ مُؤمِنَینِ فَخَشِینَا أَن یُرهِقَهُمَا طُغیَانًا وَ کُفرًا * فَأَرَدنَا أَن یُبدِلَهُمَا رَبُّهُمَا خَیرًا مِّنهُ زَکَاهً وَ أَقرَبَ رُحمًا» (که‌هف:٨٠-٨١)
واته: «منداڵه‌که‌ش (کهکوشتم) دایک و باوکێکی ئیمانداری هه‌بوو، ترساین له‌وه‌ی که به‌سه‌رکه‌شی و بێدینی و خوانه‌ناسی هیلاک و ماندوویان بکات ٭ (به‌و کاره‌مان) ویستمان که په‌روه‌ردگاریان (له جیاتی ئه‌و) پاکتر و چاکتریان پێ ببه‌خشیت و به منداڵێکی خاوه‌ن به‌زه‌یی و میهره‌بانتر به‌هره‌وه‌ریان بکات.»
شێخ ته‌نتاوی که‌سێکه خاوه‌ن چه‌ند کچ که کوڕی نییه، وتارێکی نووسیوه که به دڵنیاییه‌وه هه‌ر که‌سه‌ی که خاوه‌ن کچه ئه‌گه‌ر بیخوێنیته‌وه، پڕ به دڵ ڕازی ده‌بێ به‌وه‌ی خوا پێی به‌خشیوه.
ئه‌و ئایه‌ته ڕوو له که‌سانێک ده‌کات که خاوه‌ن مناڵی که‌مئه‌ندام و کوێر و که‌ڕن و به‌م چه‌شنه تاقی کراونه‌ته‌وه و پێیان ده‌ڵێت: «وَ عَسَی أَن تَکرَهُوا شَیئًا وَ هُوَ خَیرٌ لَّکُم» واته: «ئومێد وایه که ئه‌و شته‌ی که ئێوه پێتان خۆش نییه، به قازانجی ئێوه بێت.»
ئه‌وانه پێیان ده‌گوترێ: سوێند به خوا ئێوه نازانن که کامێک له مناڵه‌کانتان قازانجی زۆرتری بۆتان هه‌یه. له‌وانه‌یه هه‌ر ئه‌و مناڵه که‌مئه‌ندامه هه‌م له دونیا و هه‌م له دواڕۆژ بۆتان باشتر بێت.
له دونیادا: کاتێک که به مناڵانی که‌مئه‌ندام تاقیان ده‌کاته‌وه، زۆر ده‌رگای ڕه‌حمه‌تی دیکه‌یان بۆ ده‌کاته‌وه؛ ئه‌و که‌سانه زۆرتر خۆیان له خوا نزیک ده‌که‌نه‌وه و له موناجات له‌گه‌ڵ خوا چێژی زۆرتر ده‌بینن و زۆرتر له هه‌ر که‌س ده‌ستی ئاتاج و یارمه‌تی به‌ره‌و خوای گه‌وره به‌رز ده‌که‌نه‌وه و لێی ده‌پاڕێنه‌وه. له ژێر سێبه‌ری بوونی ئه‌و مناڵانه‌یه که دایک و باوک واتای جوانی سه‌بر و خۆڕاگری به واتای ڕاسته‌قینه هه‌ست پێ ده‌که‌ن و ئه‌گه‌ر ئه‌و مناڵانه نه‌بوونایه به پله‌ی به‌رزی خۆڕاگران نه‌ده‌گه‌یشتن.
له دواڕۆژدا: هیوا وایه که بوونی ئه‌و مناڵانه ببێته هۆی به‌رز بوونه‌وه‌ی پله و پایه‌ی ئه‌و دایک و باوکه لای خوای گه‌وره؛ ئه‌و پله و پایه‌ی که ڕه‌نگه دایک و باوک به کرده‌وه‌کانی خۆیان پێی نه‌گه‌یشتبان.
له‌و ئایه‌ته‌دا زۆر به‌جوانی واتای تاقیکردنه‌وه به پێدانی مناڵی کچ و یا مناڵانی که‌مئه‌ندام دێته به‌رچاو. به‌ڵام له به‌راورد کردندا ده‌کرێ شتانی دیشی پێ به‌راورد بکرێ؛ بێگومان ئێمه نازانین که کامێک له کرده‌وه‌کانی که ئاماژه‌یان پێ ده‌که‌ین بۆ ئێمه به‌رژه‌وه‌ندی زۆرتره: کرده‌وه‌ی چاکه، نووسینی کتێب یا وتار، عیباده‌تکردن و به‌رز بوونه‌وه به‌ره‌و کامڵ‌بوون و ئاوه‌زمه‌ندی و…
سه‌رنج بده‌ن کاتێک پێغه‌مبه‌ر(د.خ) له بیلالی حه‌به‌شی پرسی: ئه‌ی بیلال هیوات به کام یه‌ک له کردهوکانت زۆرتره؟ من ده‌نگی جێ پێیه‌کانتم له به‌هه‌شت گوێ لێ بوو. بیلال فه‌رمووی: من له هه‌ر کاتێک له شه‌و و ڕۆژ که ده‌ستنوێژ هه‌ڵده‌گرم، دوو ڕه‌که‌عه‌ت نوێژ ده‌خوێنم.
بیلال باسی جیهادی خۆی نه‌کرد که له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ری خوا(د.خ) ده‌چوو بۆ غه‌زا، باسی له بانگ گوتنیش نه‌کرد و ته‌نیا ئاماژه‌ی به دوو ڕه‌که‌عه‌ت نوێژی دوای ده‌ستنوێژ کرد.
ته‌واوی ئه‌وانه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌یکه مرۆڤی موسوڵمان له ده‌رگای خێری زۆرتر بدات، مرۆڤ نازانیت کامه له کرده‌وه‌کانی ئه‌و ده‌بێته هۆی ڕه‌زامه‌ندی خوا و چوونه به‌هه‌شتی؟ زۆر کات کاری گه‌وره گه‌وره ده‌کرێ، به‌ڵام تێکه‌ڵ به ئاره‌زووی نه‌فسانییه و هیچ قازانجێکی بۆ خاوه‌نه‌که‌ی نییه و زۆر کاتیش کرده‌وه‌یه‌کی هه‌رچه‌ند چوکه به هۆی ئه‌وه‌یکه به دڵێکی پاک و بێگه‌رد بۆ خوا ئه‌نجام دراوه، پاداشێکی ئه‌وه‌نده گه‌وره به خاوه‌نه‌که‌ی ده‌به‌خشیت که هیچ کات به مێشکیشی نه‌گه‌یشتبێت. چیرۆکی ئه‌وکه‌سه‌ی که به که‌وشه‌که‌ی خۆی سهیهکهی له تینوایه‌تی ڕزگار کرد، لهمچهشنهیه.
سه‌رچاوه: ئیسلاح وێب
وه‌رگێڕانی: کولسووم حه‌سه‌ن زاده
ادامه دارد