دعوت اسلامیعقاید

بای کۆڕۆنا

کاریگەری «بای کڕۆنا» لەسەر ژیانی ئینسان:

هەروەک ئاگادارین پەتای کۆڕۆنا وڵاتی داگرتووە و خەریکە هەموو جیهان پێوەی گیرۆدە دەبێت، نەخۆشییەکی وایە کە تا ئێستا دەرمانێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە و تەواوی پسپۆڕ و زانا و لێزانەکانی بواری پزشکی لە بەرامبەریدا دەستەوه‌ستانن.

نەخۆشییه‌کی وایە که زۆر بە خێرایی دەگۆازرێتەوە و خەڵکانی زۆر پێوەی گیرۆده‌ دەبن و ڕێژەیەکی بەرچاو نەخۆش دەکەون و لەو ڕێژەیەش کەسانێک پێی لەناو دەچن و دەمرن، یان خۆ ئەگەر پێیشی نەمرن، لەوانەیە بەهۆی کاریگەری ئەو نەخۆشییە لەسەر ئەندامەکانیان تا مردن هەر پێوەی ئەزیەت و ئازار بچێژن.

بەهەر حاڵ نەخۆشییەکە هاتووە و ئێستا لە نێومان دایە و ڕاستەوخۆ ئەو ئاسەوار و زەرەرانەشی پێوەیە، بەڵام ئەوەندەی ئەو نەخۆشینە ڕاستەوخۆ زەرەرمەندە و کاریگەری خراپی لەسەرمان داناوە و لە ژیانی ڕۆژانەماندا دەیبینین، بەو ئەندازەیە و بگرە زایاتریش ناڕاستەوخۆ ئینسانەکان تووشی زەرەر و زیان دەکا و لەوانەیە گیانیشیان بگرێ، یان ژیانیان لێ تێک بدا و تووشی مەترسییان بکا، کەمن کاریگەری ناڕاستەوخۆی ئەو پەتایەم بە “بای کۆڕۆنا” لە قەڵەم داوە و چەند نموونەیەکیش دێنمەوە بۆ ئەوەی دەریخەم “بای کۆڕۆنا” چەندە مه‌ترسیداره‌.

لەوانەیە خودای گەورە ڕەحممان پێ بکا و کۆڕۆنا نەگرین، بەڵام ئەگەری زۆرە “بای کڕۆنا” بمانگرێتەوە و تووشی گرفت و ئازار بین:

۱- “بای کۆڕۆنا” کاریگەری هەیە لەسەر باوەڕی ئینسان.

ئەگەر کۆڕۆنا جەستەی ئینسان تووشی نەخۆشی دەکا و واش هەیە گیانی بگرێ؛ بەڵام بای کڕۆنا، ئیمانی ئینسان دەخاتە مەترسییەوە و لەوانەیە باوەڕی بمرێنێ
بەهاتنی کۆڕۆنا کەسانێک تووشی کوفر و ناشکوری و گلەیی و گازندە و بێ ئینسافی دەرحەق بە خودای تاقانە دەبن و شتانێک بە زار و زمانیان دادێ کە نابێ بیڵێن و شتانێک دەکەن کە قەدەغەیە ئەنجامی بدەن.
کەسانێک تووشی خوڕافات دەبن، لە ڕێگایەکەوە دەیانهەوێ بەرەنگاری کۆڕۆنا ببنەوە کە دژایەتی هەیە لەگەڵ عەقیدە و باوەڕی ڕاستەقینەی ئیماندارێتی.
هێندێک لە خەڵکان ئیددیعا دەکەن کە موسوڵمانان تووشی ئەو جۆرە نەخۆشییانە نابن، یان خراپ لە قەزا و قەدەری خودا حاڵین و بە بەهانەی ئیمان بە قەدەر لەگەڵ بارودۆخەکە خراپ مامەڵە دەکەن.

تاقمێک ڕوو لە شتان و کەسانێکی جگە لە خودای باڵادەست دەکەن و بۆ چارەسەری و ڕزگاربوون لەو پەتایە، هیوای پێی دەبەستن و پشت لە خودای تاقانە دەکەن.

جا یەکیان هیوای بە تاڵە موویەکە و ئەوی دی میزی مانگا دەخوا و… و پێشیان وایە دەپارێزرێن!

۲- بای کۆڕۆنا کاریگەری هەیە لەسەر گیانی ئینسان.

ئەوڕۆ کۆڕۆنا که‌سانێک نەخۆش دەکا و دەمرن، یان لەشیان دەتوانێ لەبەرامبەریدا خۆڕاگری بکا و دوای ماوەیەک چاک دەبنەوە و سەر لەنوێ ژیانی خۆیان دەست پێدەکەنەوە و نەجاتیان دەبێ.

بەڵام دەبینین چۆن “بای کڕۆنا” ئەوڕۆ گیانی ئیسانەکانی خستۆتە مەترسی و لەناویان دەبا.

ڕۆژانە دەبیستین و دەبینین دەڵێن: ئەوندە کەسە لە ترسی تووشبوون بە کۆڕۆنا، ئەڵکۆڵیان خواردۆتەوە و مردوون یان وایتێکس، ماددەی خاوێنکەرەوەیان خراپ بەکار هێناوە و پێی لەناو چوون، یان فڵان و فیسار شته‌یان مەسرەف کردووە و ئەوەشیان بەسەر هاتووە!!

لێره‌دا دەبینین، ئەو کەسانە ڕاستەوخۆ، بە ویرووسی کۆڕۆنا نەمردوون یان تووشی زەرەر نەهاتوون، بەڵکوو “بای کۆڕۆنا” گرفتی بۆ سازکردوون.

۳- بای کۆڕۆنا کەسانێک تووشی زەرەر و زیان دەکا.

ئەگەر کۆڕۆنا بە نەخۆشخستنی ئینسان، پیاو تووشی خەرج و ناڕاحەتی و گرفتی ماددی دەکا، بەهەمان شێوە “بای کۆڕۆنا”ش زەرەری ماددی لێ دەوەشێتەوە.

ئەو بایە ڕەوان و دەروونی ئینسانەکان ئاڵۆز دەکا، ترس دەخاتە دڵی ئینسان، ترسێکی وا کە ژیانی ڕۆژانەی دەخاتە مەترسییه‌وە، بەعزێکی تووشی نەخۆشی دەروونی کردووە و لە ئەنجامی ئەوەشدا جەستەشی تووشی نەخۆشی ده‌بێ و مەجبوور دەبێ بۆ عیلاج و چارەسەری خۆی، وەختێکی زۆر دابنێ و خەرجێکی زۆریش دەخاتە سەرشانی خاوەنەکەی تا لە لای دەروونناس و زانای ئەو بوارە چارەسەرێک بۆ خۆی بدۆزێتەوە.

۴- ئەوڕۆ “بای کۆڕۆنا” ئینساف و ویژدانی ئینسانەکانی کردۆتە ئامانجی خۆی و نەخۆشی خستوون و مراندوونی.

ئەگەر کۆڕۆنا جەستەی ئینسانەکان نەخۆش ده‌خا یان لەناویان دەبا، “بای کڕۆنا” ئینساف و ویژدانی ئینسان تووشی نەخۆشی و مەرگ دەکا، چەندە زۆرن ئەو کەسانەی لەو چەند ڕۆژەدا ئینساف و ویژدانیان نەخۆش کەوت یان مەرگی بەسەردا هات!!

کەسانێک هەن کە دایانهەوێ بناغەی ژیانی چەند ڕۆژەی خۆیان، لەسەر ژیانی هاوچه‌شنانی خۆیان دابمەزرێنن. بۆ تەماعی دوو ڕۆژەی دنیا تووشی کۆکردنەوە (احتکار)ی کەلوپەلێک بوون کە ئەوڕۆ خەڵکان پێی نیازمەندن و نەبوونیان کاریگەری خراپی هەیە لەسەر ژیانیان، بەڵام ئەو کەسانە ویژدانیان بە هۆی “بای کۆڕۆنا” مردووە و ژیانی خەڵکانێکی زۆریش -بە هۆی مەرگی ویژدانی ئەو کەسانە- کەوتۆتە مەترسی و بگرە به‌ مه‌رگ تووش بوون! [وەک کۆکردنەوە و لەپاشان گرانکردنی ده‌مامک و کەلوپەلی پزشکی و…]

۵- “بای کڕۆنا” دڵی کەسانێکی زۆری شکاندووە و تووشی ترسی کردوون.

بەتایبەت بەساڵاچوان و منداڵان تووشی ناڕاحەتی و دڵەڕاوکێ بوون. من بۆ خۆم نموونەم لە لایە بە هۆی ئەوەی کە دەڵێن: ئەو پەتایە بە زۆری پیرەکان دەگرێتەوە و دەیانمرێنێ، هەر ئەو هەواڵە کابرای تووشی دڵشکاندن و ناڕەحەتی و دڵەڕاوکێ کردووە و زۆر بەو قسە و باسانە قەڵسە و تووڕەیە!!

یان منداڵانێکی زۆر بەهۆی ئەوەی خراپ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ و دایک و بابەکان ناتوانن باش لەو بارودۆخە تێیان بگەیەنن، تووشی ئەزیەت و ئازار و ناڕەحەتی دێن و ئەو ناڕەحەتییە کاریگەری خراپی دەبێ لەسەر دواڕۆژی ژیانیان!!

جا ئەگەر ئەو کەسانە ویروسی کۆڕۆناش نەیانگرێتەوە، بەدڵنیاییەوە “بای کڕۆنا” تووشی دڵشکاندن و ناڕەحەتی و ترس و قەلەقیان دەکا و ژیانیان لێ دەکا بە ژهری مار.

۶- “بای کۆڕۆنا” بنەماڵەکان تووشی شڵەژاندن و تێکگیران و مقۆمقۆ دەکا.

لەنێو بنەماڵەکاندا کەسانێک پەیدا دەبن کە لە بارەی ئەو پەتایە و ترسان لە تووشبوونی، زۆر زیادەڕەوی دەکەن و تەنگیان بە دەوڕووبەرەکەی خۆیان هەڵچنیوە و ناڕەحەتییان بۆ ساز دەکەن، بە پێچەوانەوە کەسانێکی دیش هەن بە سادەگرتن و بێخیاڵبوون لەبارەی ئەو نەخۆشی و پەتایەوە، دەورووبەری خۆیان تووشی ناڕەحەتی و دڵه‌ڕاوکێ دەکەن و گوێ بە ئامۆژگاری و ڕێنماییە تەندرووستییه‌کان نادەن و بەو شێوەیە خەڵکانی دەورووبەر و بنەماڵەکەی خۆیان ئازار دەدەن.

جا ئەو بابه‌ته‌ لەوانەیە بنەماڵکەکان و خەڵکانی دی تووشی تێکگیران و لێکترازان بکا و ترسی ئەوە دەڕوا کاریگەری خراپی “بای کۆڕۆنا” زیاتر بێ لە تووشبوون بە ویرووسی کۆڕۆناوە.

٧- لە وانەیە “بای کڕۆنا” کەسانێک تووشی بێکاری و فەقیری و هەژاری بکا.

کەسانێک بە هۆی مانەوەیان لەماڵێ و نەچوون بۆ سەر کار و کاسبییەکەیان تووشی زەرەر و زیانێکی زۆر دەبن کە لەوانەیە ئەو جۆرە کەسانە ئاواتەخۆازی گرتنی کۆڕۆنا بن، نەک ئەوەی بە “بای کڕۆنا” ژیان و شەخسییەت و ئابڕوویان بکەوێتە خەتەرەوە.

۷- “بای کۆڕۆنا” بێمتمانەیی خستۆتە ناو دڵی خەڵکەوە بە نیسبەت کاربەدەستان.

بە هۆی کەمکاری و کەمتەرخەمی هێندێک لە کاربەدەست و به‌رپرسان، ئەوڕۆ خەڵک زۆر بێباوەڕن بە نیسبەت کاربەدەستان و متمانەیان لەدەست داوە و بێگومان ئەوەش ئاسەوارێکی خراپ دادەنێ لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی ئەو خەڵکە و دەردێکی کوشەندەشە بۆ هەموو لایەک.

هه‌ڵبه‌ت زۆر زیاتر لەوە هەڵدەگرێ ئەو باسە – ئاسەواری ناڕاستەوخۆی کۆڕۆنا یان هەمان “بای کۆڕۆنا” لەسەر ژیانی ئینسانەکان – بەڵام بەو چەند نمونەیە قەناعەت دەکەین.

لەخودای گەورە داواکارم کە هەموو لایەکمان لە نەخۆشی کۆڕۆنا و “بای کۆڕۆنا” بپارێزێ.

«اللهم نعوذبک من البرص و الجنون و الجذام و من سیئ الاسقام»

ئامین

نووسینی: یوونس سولەیمانزادە
۱۳۹۸/۱۲/۲٦
سۆزی میحڕاب

نمایش بیشتر

یونس سلیمان زاده‌

استان آذربایجان غربی- بوکان نویسنده و مترجم فعال و دعوتگر دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا