سەرم هەڵقەنن بە بیور و تەوراس
بۆ هەموو دونیا ببمە دەنگ و باس
لێم دەن، پێم دادەن بە تانە و پلار
دەرخواردم بدەن ژهری تاڵی مار
بە تانک و غەڵتەک زگم دەرهێنن
لە فەلاقەم دەن خوێنم بپژێنن
تێم بەردەن سەگی شڕ و دڕ و هار
هەتا نەگەمە سەرەتای بەهار
خۆ حەشار نادەم لەناو ماڵ و حاڵ
لە ترسی کڕۆنای بێ دەست و بێ باڵ
ناچمە ژێر دەستی بنهماڵە و ژن
خو ئەمن پیاوم ناخزێمە قوژبن
بازاڕ چوڵ ناکەم بۆ پیاسە لێ دان
بۆ قسەی زەلام و بۆ خۆهەڵکێشان
لەپێش قاوەچی دچمە بن دەرگا
خۆ لە ماڵ کاکە، کەس پێم ڕاناگا
دوکان و بازاڕ چۆن بێ من دهژین!
بۆ چاوگێڕان و جەرگ و گۆشت برژین
دەی خوشکم ئەتۆ بۆ ناچییەوە ماڵ؟
بۆ پێ ڕاناگەی بە ماڵ و منداڵ؟
خۆ کاکە ئەمن فەقیرم و هەژار!
بۆ کەوش و لیباس دەکەومە بازاڕ؟!
سوێندت بۆ دەخۆم بەهەزار قوڕعان
تیتۆڵم نییە منی بەستەزمان
نە کراسم هەیە نە کەوشێکی باش
باسیشی ناکەم، بێ بەزم و هەراش
ئارایشی چی، چم پێ نەماوە
بێ ئەوان بەخوا، ژیانم ڕووخاوە
بەخوای کاکی خۆم هەتا پێش بەهار
وەژوور ناکەوم بە لەنجە و بەلار
دەیان پشکنم دوکان و بازاڕ
هەموو سەرلێون لە شتوومهکی پار
بەهەدەر نادەم کۆڵان و پاساژ
لاقیشم بشکێ و تەواویش بێ شاڕژ
پڕن لە کەوش و لیباسی هەرزان
دەچمە تالار و گەڕان و میوان
هێشتا نەچوومە زێڕینگەری جوان
چۆن نەکڕم زێڕی هەرزان و تاڵان
بەخوای کاکی خۆم، کوا کڕۆنا هەیە؟
هەموو فڕ و فێڵ و درۆ و تەڵەکەیە
جا کوا ویرووسی ئاوا هاجوهار!
خەڵک دەکووژێ، ئاوا بەیەکجار!
بەڵام خوشک و برای ڕێزدار و ئاگا
یاخوا کڕۆنا، دەستی وێت نەگا
ئەودەم دەناڵی و دەپاڕێیەوە
زیاتر لە ئێستا دەکڕووزێیەوە
خۆت ڕێزدارتری لە کار و لە ژیان
لە لای خودا و پێغەمبەر گیان
بۆ تێپەڕینی چاخی نەخۆشی
لەژوور بمێنە، ئەگەر بەهۆشی
ئەگەر ئاوساوە مێشکی تۆ لەبیر
ڕاوکردن خۆشترە، نەک ببیە نێچیر
جەهانگیر بابایی ـ ڕەشەمە ـ سەردەشت