شخصیت هاگفتگو

وتووێـژی ماڵپەری سـۆزی میحـڕاب لە گەڵ مامۆستا عەبدولکەریمی ئیمامی – بانه

مامۆستا عبدالکریم امامی- بانه

{به ناوی خوای گه وره و دلۆڤان}

به مه به ستی زیندوڕاگرتنی ڕۆڵ و خە باتی زانایانو ناودارانی گه لی کوردمان و ڕابوردوی پڕله سه روه ری ئه وگه وره پیاوانه ی که چه ندین کارو خزمه تی گه وره یان پێشکه ش گه له که یان کردوه ، له دیدو ئه ندێشه ی خوێنه رانی به ڕێزدا ون نه بن،ماڵپه ڕی سۆزی میحڕاب به پێویستی ئه زانێ که گۆشه یه ک بۆ ژیان و به سه رهاتی ئه و پایه به رزانه ته رخان بکات…

یه کێک له و پایه به رزانه به ڕێز جە نابی مامۆستا سیدعبدالکریمی ئیمامیه…. مامۆستا و پێشنوێژ و مدڕیسی مزگه وتی محمدی شاره جوانه که ی بانه یه ،که هاوینی ئه م ساڵ چوینه خزمه تی و به پێویستمان زانی له ژیان وخه بات و ڕابوردوی پڕ به ره که تی به ئاگابین و ژیانیان بکه ینه سه رمه شق وبه هره مه ند بین لێیان. ان شاالله.         ✔ وتووێـژکار


سپاس بۆ خوا ئەو خوایەی کە بە هاوارەهاتوی هەژاران و مەزڵومانە

زۆر سڵاو و ڕێزم هەیە لە خزمەت جەنابت و لایە نگرانی ماڵپەری سۆزی مێحڕاب لە خوای بێ هاوتا خوازیاری سەربەرزیتانم.

سەبارەت بە سازدانی ئەم وتووێژە دەست خۆشیتان پێدەڵێم


✅ سـۆزی میحـڕاب : لە خزمەت بەرێزتان‌دا عەرزی سڵاومان هەیە، لە لایەن سۆزی میحرابەوە هاتووینە خزمەتت. مایەی سەربەرزیمانە گەر خۆت بناسێنی بە لایەنگرانی سایتەکەمان؟ ( پوختەی ژیان‌ـ زێدـ ئاستی توانای زانستی‌ـ هاوسەرگیری‌و مناڵەکانت و…)

وڵام: ناوم عەبدول کەریمی ئیمامی کوڕی سەید مەحمود کوڕی سەید عەبدوڵڵا کوڕی شێخ ئیمام لە گوندی بیڵو بەخشی نەمەشیری سەر بە ناوچەی بانە .

لە برواری { ۱۳۴۰ }  هەتاوی لە دایک بوم. لە فێرگەی گوندی ناو براو تا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی دەرسم خوێندوە… و دواتریش وانەکانی شەرعی و دینیم لە خزمەت مامۆستایانی ئاینیدا لە حوجرەکانی کوردستاندا تەواو کردووە.

و لە ساڵی ۱۳۶۶ هەتاوی ئیجازە نامەی رەسمیم وەرگرتووە و لە هەمان ساڵدا هاوسەرگیریم کردووە کە بەرهەمی ئەو هاوسەر گیریە بۆتە ـ چوار کچ و ـ یەک ـ کوڕ بە ناوی موحەممەده.


✅ سـۆزی میحـڕاب : هۆکاری چونە حوجرەت چێ بۆ ؟ لە شاری یان لە دیهاتی لە خزمەت کام لە زانا پسپۆرەکان وانەت خوێندوە، ئایا بۆ خوێندن چوویتە دەرەوەی سنووری کوردستان؟

وڵام:  لە ڕاستێدا لە گوندی ئێمە حوجرە و فەقێ نەبون بەڵام باوکم -بە ڕەحمەت بێ – لە مناڵیەوە منی بۆ خوێندنی وانەکانی شەرعی و دینی تەرخان کردبوو…

وڵامی بەشەی دووەمی پڕسیارەکەتان ، ساڵی ۱۳۶۶ کە ئیجازە نامەی رەسمیم وەرگرت، منێش وەک زۆربەی مامۆستایان سەرەتای مەلایەتیم لە دێهات بۆ و بۆ ماوەی {  ۱۱ } ساڵ لە گوندی دۆڵ هەرزنی سەر بە ناوچەی شاری بانە بوم .

ئێستاش ماوەی { ۲۰ } ساڵە لە شاری بانە لە مزگەوتی موحەممەدی خەرێکی خزمەت بە هاووڵاتیانی خۆشەویستی ئەو دڤەرەم.

لە خزمەت زۆرێک لە مامۆستایان و زانایانی کوردستان دەرس و وانەم  خوێندوە بەڵام ئەوانەی کە زۆر کەڵکم لێ وەرگرتون لە بواری ئیمانی و ئەخلاقی و زانست و عیلمەوە؛ 

یەکەم:  جەنابی حاجی مامۆستا مەلا موحەممەدی عەزیزی بەردەرەشی سەر بە ناوچەی شاری بانە کە هەر لە خزمەت ئەویشا ئیجازە و و دەمی مەلایەتیم وەرگرتووە، هەزاران ڕەحمەت و بەرەکاتی خوای دلۆڤان لە سەر روحی ئەو گەورە پیاوە بێ و بە فیردەوسی ئەعلا خوا پاداشتی وەدا .

دوهەم ـ جەنابی مامۆستا مەلا شێخ حوسێنی خانی عەلائی لە شاری سەققز مامۆستایەکی زۆر زاناو بلیمەت بوو، لەگەڵ ئەوەشدا  زۆر دڵسۆز و مێهرەبان بوو یاڕەببی خوا بە بەهە شتی بەرینی پاداشتی وەدا .

سێهەم ـ جەنابی مامۆستا مەلا عەبدول قادری فائز لە شاری سەققز کە پیاوێکی زۆر بە ویقار و زانا و موتەدەین بوو جگە لە فێر بونی زانستە شەرعیەکان لە خزمەت ئەو  کەڵە پیاوەدا ئینسان فێری ئەخلاق و ئەدەب و تەقوا دەبوو، هەزاران ڕەحمەت و بەرەکەت بڕژێ بە سەر روح و گۆریدا .

بۆ خوێندنی زانستی علومی دینی، نەخێر نەچومەتە دەرەوەی سنوری کوردستان.


✅ سـۆزی میحـڕاب :  سەردەمی فەقێیەتی ئەو ڕۆژگارە چۆن بوو؟ باسی عادەتی ئەوکاتی فەقێیانمان بۆ بفەرموو؟

 وڵام: لەم سەردەمەدا خوێنکاری ئایینی لە هەموو حوجرەکان زۆر بون، واتە فەقێ هەبوون بەڵام بەداخەوە ئیمکانات زۆر کەم بوو، تەنانەت زۆرێک لە گوندەکان کارەبایان نەبو ، وەسیلەی هاتوو چۆ زۆر بەکەمی هەبوو…

لە واقعیدا دەبێ بڵێین بواری ژیان سەخت و گران بوو،  لە روانگەی دەوڵەتیشەوە هیچ بایەخێک بە فەقێ و مامۆستایانی ئاینی نەدەدرا؛ لە گەڵ ئەو هەموو گرفت و مەشاکیلەدا حەمد بۆ خوا خوێنکاری ئاینی زۆر بون و بایەخیان بە خوێندن و دەرس و موتالەعە زۆر بوو…

بە نیسبەت هەندێ لە عادەتی ئەو سەردەمەی فەقێیان

دەبوو فەقێکان بڕۆنە ماڵان بۆ ” راتبه ره حمه تی خواتان لیبیت” و”جومعانە بچنە بەهە شتێ” کە خەڵکی ئاوایی زۆر پێیان خۆش بوو ئەوەی کە بۆ خۆیان دەیان خوارد بەشی فەقێی لێ دەدا …

 فەقێ لەو سەردەمەدا  { ۳ } بەش بوون ؛

یەکەم: پێیان دەگوترا ـ موستەعید ـ کە دەرسی ئەوان لای مامۆستای گەورە بوو

بەشی دووهەم پێیان دەگوترا ـ سوختە ـ کە ئەمانیش دەرسیان لای موستەعیدەکان بوو

و بەشی سێهەمیش کە پێیان دەگوترا  ـ قوتابی ـ کە ئەوانیش دەرسیان لای سوختەکان بوو.

یەکێک لە عاداتی ئەو سەر دەمە  ئەوە بو کە لە هەفتەدا  {۲} ڕۆژ  پشودان هەبوو؛ ڕۆژی { ۳ } سێ شەممۆ و  هەینی کە لەو دوو ڕۆژەدا یا نەزافەتی ناو حوجرە و…یا سەردانی حوجرەکانی تریان دەکرد.

هەرچەند زۆرێک لە موستەعیدەکان زوڵمیان لە سوختەکان دەکرد ؛ئەمما لە قەزیەی خواردن و خۆراکا عەداڵەت و دادگەری تەواو لە حوجرەدا بەرێوە دەچوو و ئەگەر خۆراک و میوەیەک بوایە تەقسیمیان دەکرد و دەیان لێ دەکرد-قورعه که شیان ده کرد- ئالێرەدا سوختە و موستەعید بەرابەربوون.



✅ سـۆزی میحـڕاب :  ڕێنامەی وانەکانتان چەن ساڵی دەبرد؟ وانەکانی حوجرە چ جۆر بوون؟ تا چ ئاستێ بایەخ دەدرایە نوێژی بە کۆمەڵ ‌و ڕۆژووی سوننەت ‌و پەرستش لە ناو فەقێ ‌و مەلای ئەوسەردەمەیدا چۆن بوو؟  تا کوێ بایەخیان ئەدا بە قورئان‌و فەرموودە؟ 

 وڵام:  بۆ ماوەی ۱۰ ساڵ بۆ خوێندنی وانەکانی شەرعی و دینی لە حوجرەکانی کوردستاندا ماومەتەوە.

ئەو وانانەی کە باو بون لەو سەردەمەدا ؛ سەرەتا قورئانی پیرۆز بوو لۆغەت نامەی ئەحمەدی ، دو رشتە ، گوڵستانی شێخ سەعدی ئەمجار سەرف و نەحو لە ئەدەبیاتی عەرەبیدا ، مەنتیق، عەقیدە، معانی و بیان ، بدیع و اصول الفقه ، تهذیب الکلام و بەشێک لە تەفسیر.

 لە بەشی دووەمی پڕسیارەکەتاندا:

لە بواری عیبادەتەوە بە داخەوە دەبێ بڵێم نوێژی بە کۆمەڵ لەو سەر دەمەدا ئەسلەن بایەخی پێ نە دەدرا ؛ زۆر کەم وا هەبوو کە فەقێ پابەند بێ بە نوێژی جەماعەتەوە!، نوێژی سوننەت و ڕۆژوی سوننەتیش مەگەر بە دەگمەن بکرایە، هەروەها حیفزی قوڕئان و تەجوید هەر نەبوو ؛ خوێندنەوەی قوڕئان لە ڕەمەزاندا کەمێک هەبو…


✅ سـۆزی میحـڕاب :  بە کام لە زانایانی ئەوده م زۆر کاریگەر بووی؟ گەر دەگونجێ باسی ئەوه مان بۆ بفەرمووی، بژیوی ژیانی مامۆستایان لە سەر شانی خەڵکی یه ، ئەمه چۆن هەڵدەسەنگێنی؟

وڵام: لە ڕاستێدا زانایانی ئەو دەم کاریگەری مەعنەوی زۆریان لە سەر مرۆڤ هەبوو، بێگومان مامۆستایانی کوردستان کەڵە پیاوانێکی زۆر عالم و دانا و دڵسۆز و بلیمەتیان تیا بووە، بەڵام ئەوانەی کە من زۆر لێان فێری ئەخلاق و دینداری بوم ؛

 یەکەم  :

جەنابی حاجی مامۆستا مەلاموحەممەدی بەردەرەشی  

حاجی مامۆستا زانایەکی زۆر بە توانا و دڵسۆز بوو ،بە ڕاستی فەقێ لە خزمەت ئەودا هەم فێری عیلم و زانستی دینی دەبوو هەم فێری ئەخلاق و ئەدەب و ویقار . وەک پیشنیار بە زۆرێک بە فەقێیانم دەکۆت: زۆر لازم و زەرورە کە هەر فەقێیەک دەورەیەک و فه ترەیەک لە خزمەت حاجی مامۆستادا بخوێنێ 

دووهەم ـ {مامۆستا مەلا شێخ حوسێن ئەردەلانی} لە شاری سەققز لە مزگەوتی مەلابرایم .ماوەیەک لە خزمەتی دابوم زۆرم کەڵک لێ وەرگرت  .

سێ هەم ـ  { مامۆستا عبدالقادر فائز } هەر لە شاری سەققز لە مزگەوتی سەلمانی فارسی.

چوارەم ـ مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا خەلیفەزادە لە شاری بۆکان . 

پێنجەم ـ مامۆستا مەلا عەبدوڕەحمان ناسری لە گوندی جەمۆغەی بۆکان

لە خزمەت ئەم مامۆستایانەدا وانەی عیلم و ئەدەب و ئەخلاق و دینی مەردانەگی فێر بوم و لە خوای باڵادەست خوازیارم بەهەشتی بەرین و ئەجر و پاداشتیان وەدا.

بەنیسبەت پڕسیاری دووەم:

بەداخەوە داهاتی ژیانی مامۆستایان  لە سەر شانی خەڵکە … دەبێ ئەوە بڵێم کە : بە داخەوە ئەمە بۆتە هۆکاری  زۆرێک لە کیشە و گرفتاری بۆ مامۆستایان لە بەر ئەوەی کە نەوعیک بە بێ عیززەتی و چاو لە بەری تیایە، ئاخ و هەزاران ئاخ سەد بریا بژێوی مامۆستایان بەو شیوەیە نەدەبو ؛بەڵام چارە نییە یا دەبێ دەست لە مەلایەتی و پێشه وایی ئەوخەڵکە هەڵگرین یا دەبێ ئەو شێوە ژیانە قەبوڵ کەین،

هیوادارم { ان شااللە } رۆژێک بێ بژێوی مامۆستایان بە و شێوەیە نەمێنێ.


✅ سـۆزی میحـڕاب :  تا ئەلئان چەن فەقێ لە خزمەتتان دەرسیان خوێندوە، یاخود تەواویان کردوە، یان هەر شەهادەیان گرتوە؟

هەوەڵ‌و کۆتا کۆڕی ودم دانت بە ڕێکەوتی ڕۆژو و ساڵ ‌و ناوی ودم‌گر ئە گه ر بکرێ بفەرموون؟

وڵام: تا ئێستا زیاتر لە ۲۰۰ فەقێ دەرسم پی گوتون زۆریان تا نزیک بە تەواوبون یا کەمتر دەرسیان خوێندوە .

لە وانە { ۵ } نەفەر ئیجازەم پێ داون کە { ۲} دوانیان مەراسیم و جەلەسەی رەسمیان بۆ بەرێوە چووە  ـ بەڕێز کاک مەلا عامر سەلیمی کوڕی مامۆستا ئەحمەد سەلیمی ۲ـ بەڕێز کاک مەلا نوید.


✅ سـۆزی میحـڕاب :   وەک ئاگادارن فەقێ لەم سەردەمەیدا کەم بوون‌ و لە بڕێ جێگە هەر نەماون! هۆکارەکەی چییە؟

لەم تاوانە نە بەخشراوەدا کێ شەپنی سەرەکیە؟ (باوک‌ودایک، یا مامۆستایان، یا لایەنی سێهەمە؟)

وڵام: بە بروای من تاوان باری سەرەکی لەم قەزیەدا دایک و باوکن؛ ئەوان ئامادەنین کوڕی خۆیان بکەن بە فەقێ و تاوان باری دووهەم نەیارانی دین چ لە ژورەوە چ لە دەرەوە. ئەمجار تاوان باری سێ هەم مامۆستایانی ئاینین کە بەداخەوە لەم زەمینەدا زۆر کەم تەرخەم بون.


✅ سـۆزی میحـڕاب :   ئەمرۆکە باوە کە لە حوجرەکان‌و مزگەوتەکان کەسانی توندخوو یا شل‌خوو دەردەچن! یا بە ئاقیدەی خراو مەشرەف سۆفیلکە باردێ! ئەمە تا کوێ ڕاستە؟ ـ گەر لە شوێنێکی لە باردا فەقێیێک بە خزمەتت بگا وەک ئامۆژگاری چی پێ ئەفەرمووی؟

وڵام: شک و گومان لەوە دانییە کە دەرچوی حوجرەکان ئەمرۆکە لە هەر سێ لایەن هەن و چارەسەری ئەمەش زۆر مه حاڵە؛ بەڵام من  بە ئەرکی سەر شانی خۆمی دەزانم کە لەم بوارەدا نەسیحەت و ئامۆژگاری خۆم بە تەقوا و لە خوا ترسان ، دەعوەت بە ئارامی و میانە رەوی و خزمەت کردن بە دین و گەل و نیشتمان بکەم و بەهەمان شێوە فەقێیەکانی ئەو سەردەمەش.


✅ سـۆزی میحـڕاب :   مامۆستای بەرێز؛ پێشنوێژێکی سەردەمیانە چ تایبەتمەندیێکی هەیە؟ مامۆستای بانگخوازی بەڕۆژ کێیە؟

وڵام: تایبەتمەندیەکانی یەک مامۆستای ئاینی سەردەمیانە:

 ۱ ـ لە خوا ترس و دیندار بێت. 

۲ـ ئاگادار و زانا بە قوڕئان و سوننەتی رەسول اللە ـ صلی الله علیه و سلم ـ و شەریعەتی ئیسلام بێت.

۳ـ ئاگا بە زانستی مسائیلی ڕۆژ بێ  و هەوڵ بدات لە هەموو بەشەکان قسەی بۆ کووتن هەبێ. 

۴ـ هەموو کار و بار و عیبادەت و دعوەت و تێشکی لە بەر ڕەزای خوا بێ. 

۵ـ ئینسانێکی ئارام و لە سەر خۆ و دڵسۆز و ماندوو نەناس بێ،

یەکێک لە نەسیحەت و ئاموژگاریەکانی حاجی مامۆستای موحەممەدی بەردەرەش بۆ هەموو فەقێ و مەلا ئەوەبوو دەی فەرموو: مامۆستایەکی ئاینی دەبێ سێ  خەسڵەت و تایبەتمەندی هەبێت ؛

  ۱ـ ئینسانێکی زۆر عاقڵ بێ

۲ـ زۆر دیندار بێ

۳ـ زۆر عالم و دانا بێ.


✅ سـۆزی میحـڕاب :  ئایا یەکیەتی‌و هاودڵی زانایان ‌و بانگخوازان پەسند ئەکەی کە سارد بوەتەوە؟ هۆکارەکانی چین؟

وڵام : دیارە هاو دڵی و یەکیەتی و یەکگرتوویی لە ناو هەموو چین و توێژێک دا زۆر پێویست و جوانە ، بەڵام هاو دڵی و یەکگرتوویی و موتتەحید بون لە ناو مامۆستایانی ئاینی زۆر جوانتر و لازمترە.

خوای مێهرەبان لە قورئانی پیرۆزدا بانگەشەمان لێ دەکا بۆ هاو دڵی و یەکگرتوویی { واعتصموا بحبل اللە جمیعا و لاتفرقوا}

لە ڕاستیدا هۆکاری جیاوازی و ناکۆکی لە نێوان مامۆستایان ؛ بەشی زۆری دەگەڕێنەوە بۆ ئەو چەند خاڵە؛

۱ـ حاڵی نەبوون و جەهل بە قورئان و سوننەتی رسول اللە ـ صلی الله علیه و سلم ـ و مەفاهیمی دینی

۲ ـ بێ تەقوایی و لە خوا نەترسان و بێ بەڵگە و تۆمەت بارکردنی کەسی بەرانبەر و تەرەف

  ۳ ـ بەشێکی زۆریشی دەگەڕێتەوە بۆ غورور و خۆ بەزل زانی و حەسادەت و ئیرەیی بە یەکتر.

 هیوادارم رۆژێک بێ کە ئەم ئافەت و دەرد و نەخۆشیانە لەناو مامۆستایانی ئاینی دا نەمێنێ…


✅ سـۆزی میحـڕاب :   بەبڕوای زۆرینەی کارناسان‌و خەڵکی بۆخوا سوڵحاو” قرخەمەرەزێ دەرکەوتوە لە نێوان زانایان لەکاتی؛ فەتواو ڕاگەیاندنی وەختی جێژنەکان‌و ساتی بانگەکان‌دا ئەبینرێ! ئەم گژۆڵەییە بۆچی؟!  بۆ چارەسەری ئەم دۆخە ناقۆڵایە دامەزراندنی مەڵبەندی یەکریزی‌و یەکگرتووی نیاز نییە؟

وڵام: تەبیعیە تەواوی ئەو بێ نەزمیە سەرچاوەکەی نەبونی مەرجەعییەت و مەرکەزییەتە؛ چونکە ئەگەر لوجنەیەکی پوخت و دڵسۆز هەبوایە تەواوی کاروباری فتواو ڕاگەیاندنی جێژنەکان و کات و ساتی بانگەکان و  وە  هتد… بە عوهدەی ئەوان دەبو وەزعەکەش ئەوا شه پڕێو و هەرەمە نەدەبو.

ئەمەش تاوانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوو شت

۱ـ تاوان باری ئەسلی خودی مامۆستایانن کە یەکگرتوییان نییە هەرکەسەی خۆی بە { من } دادەنێو حازر نییە گوێ لە باڵاتر لە خۆی بگرێ 

۲ـ لایەن های دەرکەیش بێ تەئیژ نەبون چونکە ئەوانیش ئەم وەزعەی مامۆستایانیان بەم بێ نەزمی و شه پڕێویە ی پێ خۆشە .

ڕێی چارە بۆ ئەم بارو دۆخە نەخوازراوە

من زۆر بە پێویستی دەزانم کە مامۆستایان بە عام بە خۆیان دا بێنەوە وە لایەن و جیهەتی فکری خۆیان وەلانین؛ یەک ریز بن و مەرجەعیەتێک بۆ خۆیان تەشکیل بدەن تا سیادەتوو پێشە وایی واقعی بەدەست بێننەوە.


✅ سـۆزی میحـڕاب :  لەم ڕۆژگارەدا گەنجەکان کەمتر بۆ پرسە شەرعیەکان دێنەوە لای زانایان! لێکدانەوەت بۆ ئەم مژارە چییە؟ بۆچی لە ڕابردودا دۆخەکە وانەبوە؟

وڵام:  گەنجو لاوەکانی وڵاتی ئێمە دەبنە چوار بەش

یەکەم بەشێک سکولار و لائیک و میللی گەران ؛ کە ئەسلەن باوەڕیان بە دین نییە تابچن پرسیار لە زانایانی دینی بکەن

دوهەم بەشێکیش توندڕەوو لە میزان دەرچون. ئەوانیش باوەر و ئێعتمادیان بە زانایان نییە به ڵکو وا هەیە بە موشریک و موبتەدیعیان دەزانن

سێهەم بەشێکی زۆریش بێ موبالات و بێ تەوەججوە  و مەشغوڵن به عەیش و نۆشی خۆیان و دونیایان بۆ موهیم نیە تا پرسیاری لێ بکەن..

چوارەم بەشێکی زۆر کەم دەمێننەوە کە پرسیار لە زانایانی دینی بکەن؛

ئەمە لە لایەک ؛ لەلایەکی ترەوە قەتعەن مامۆستایانی تاوانبار هەن چونکە یا هەڵوێستی نایار و نادروستیان بووە: یان جوابی بە پێی رۆژیان پێ نەبووە و تەرەف قانیع کەن

کە وابوو مامۆستایانن دەبێ خۆیان ئیسلاح کەن و خۆیان ئابدەیت کەنەوە بە پێی رۆژ تا بتوانن نوفوز کەنە ناو قیشری جەوان.


✅ سـۆزی میحـڕاب :  یەکێ لەو دیاردانەی وەختی مامۆستا بە زۆری بەفیرۆ ئەدا کۆری پرسەکانە! ئایا لەناخی دڵەوە بەم دانیشتەنە ڕازیت؟ ـ ئایا بیرۆکەیێکی شەرعی سانات هەیە بۆ ڕزگاری لەم کۆڕە ماتەمینانە؟

وڵام: بەداخەوە یەکێک لەو شتانەی کە کات و ساتی مامۆستایانی بە بێهودە تیا سەرف دەبێ قەزیەی سەرەخۆشی و دانیشتن لە تەعزیە دایە ..

ئەوەی من بزانم  مامۆستایان بە تێکرا بەم وەزعە زۆر نارازین وە قەتعەن دانیشتن لە کۆری ماتەمین دا بەم شێوەیه کە ئەمرۆ لە کوردستانی ئێمەدا باوە لە گه ل هیچ پێوەرێکی دییندا نایەتەوە؛

بەڵام ئەم مەسئه لەش هەر دەگەڕێتەوە بۆ نەبونی مەرجەعیەت و نەبونی ئیتتحاد و یەکگرتویی.


✅ سـۆزی میحـڕاب :   لەم ساڵانەی دواێیدا لە شارو دێهاتەکاندا حزووری سەوزی ئافرەتان‌ و مناڵان بۆ فێربوونی ئەحکاماتی شەرعی‌و قوڕئان بەرچاوە، بۆ چوونی بەرێزت لەم بوارەدا چییە و چ سفارشێکت هەیە بۆ فێرخوازان‌ و فێرکارەکانیان؟

وڵام: حزووری ئافرەتان و مناڵان لە مزگەوتەکاندا بۆ فێربونی قوڕئان و ئەحکامی شەرعی و دینی، من پێم وایە وەک واجبێکی شەرعی و دینی وایە سپاس بۆ خوا هەر لە سەرەتای مەلایەتیمەوە کە ماوەی ۳۱ ساڵە دەرسی قورئان و ئەحکامی فیقهی و تەفسیری قورئان و ئادابی ئەخلاق چ لە گوند و چ لە شار هەر بۆمانە بۆ مناڵان و و ئافرەتان وە قەتعەن بەشێک لە ئەرکو  وەزیفەی مامۆستای ئاینی ئەو دەرسانەیە.


✅ سـۆزی میحـڕاب :  گۆیا خوێندنەوە لە نێوان مامۆستایان‌و فەقێیان‌دا کەم بوتەوە!؟  یا هێندێ لە مامۆستایانی ناوداری ناوچەکان فەوت دەکەن بە نەناسراوی! بۆ خەڵکی نایانناسن؟

وڵام: بەڵی ئەوە شتێکی راست و حاشا هەڵ نەگرە کە خوێندنەوە و موتالەعە لەم عەسرو دەورەدا زۆر کەم بۆتەوە .

دیارە هۆکاری ئەمەش بەنەزەری من دەگەڕێتەوە بۆ ئەم چەند خاڵە

یەکەم: ئەنگیزەی خوێندن و زانست و زانیاری لە ناو فەقێ و مامۆستایاندا زۆر کەم بونەوە.

دوهەم : بە هۆی نادیاری داهاتوی باری ژیانەوە هیچ ئیهتمامێک و دڵ خۆشیەک بە خوێندەواری و زانستی دینی نەماوە.

سێهەم: بازرگانی و تیجارەتێک کە لە وەڵاتی ئێمە سەری هەڵ داوە ئه ویش بێ تە ئثیر نەبوە….


✅ سـۆزی میحـڕاب :  مامۆستای بەرێز  زۆر سپاس بۆ بەشداری بەرێزتان.

وڵام: برای بەڕێز و هێژا ؛مامۆستا عومه ر و لایەنگرانی سۆزی میحڕاب وێرای سڵاوێکی برایانە و دیندارانە سەرکەوتنتان لە خوای بێ هاوتا خوازیارم بە و هیوایەش کە{ ان شااللە } لە کەم و کۆری وەڵامی پرسیارەکان بە گەورەیی خۆتان چاوپۆشی بفەرمون.


والسلام علیکم ورحمەاللە و برکاتە

براتان عەبدولکە ریم ئیمامی -بانە- مسجد محمدی یا مزگەوتی محە ممەدی.


وتووێـژکار:عمر رشیدی- بانه

نمایش بیشتر

عمر رشیدی

@ نویسنده . مترجم @ فعال اجتماعی و دینی- @ استان کردستان - شهرستان بانه

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا