دعوت اسلامیعقاید

کۆڕۆنا و چەند پرسیارێک

بێگومان خودای گەورە ئینسانی لەسەر گۆی زەوی داناوە بۆ ئەوەی پەرەستشی بکا و تاقی بکرێتەوە، ئیڕادە و ئیختیاریشی پێ داوە، تا بە ئیشتیای خۆی عەبدێکی شاکر و خوداپەرەست بێ یان بەندەیەکی ناسپاس و بێباوەڕ دەرچێ.

ئەو ئینسانە جاری وایە دەبێتە ڕەحمەت بۆ دەورووبەر و هاوچه‌شنانی خۆی و جاری واشە گرفت و ناڕەحەتی و موسیبەت بۆ خۆی و دەورووبەر و کەسانی تر دەستەبەر دەکات.


خودای گەورە بە پێغەمبەر(د.خ) دەفەرموێت:

«وَمَآ أَرْسَلْنَکَ إِلَّا رَحْمَهً لِّلْعَـٰلَمِینَ» [انبیاء/۱۰۷]واته‌: «ئه‌ی موحه‌ممه‌د(د.خ) ئێمه تۆمان ڕه‌وانه نه‌کردووه ته‌نها بۆ ئه‌وه نه‌بێت که ببیته ڕه‌حمه‌ت و به‌ره‌که‌ت بۆ هه‌موو جیهانه‌کان (جیهانی ئاده‌میزاد و گیاندار و ڕووه‌ک و په‌ری و… هتد).»

بۆیە پێغەمبەر(د.خ) بوو بە مەزهەری ڕەحمەت و میهرەبانی و ئەوانەش کە خۆیان بە شوێنکەوتووی ئەو خۆشەویستە دەزانن، دەبێ هەر ڕەحمەتیان لێ بوەشێتەوە.

بەڵام لە لایەکی دیکەوە کەسانێکی تر هەن کە موسیبەتبار ده‌بن و بەدەستی خۆیان بەرەو هیلاکەت و نابوودی دەڕۆن و خەڵکانی دیش تووشی گرفتاری و ناڕەحەتی دەکەن، فەساد بڵاو دەکەنەوە لەسەر زەوی و زەرەر و پیلانیان دەشت و ویشکایی و بەحرەکان بەتێکڕایی دەگرێتەوە.

خودای گەورە دەفەرموێت:

«ظَهَرَ ٱلْفَسَادُ فِى ٱلْبَرِّ وَٱلْبَحْرِ بِمَا کَسَبَتْ أَیْدِى ٱلنَّاسِ لِیُذِیقَهُم بَعْضَ ٱلَّذِى عَمِلُوا۟ لَعَلَّهُمْ یَرْجِعُونَ» [الروم/۴۱]واته‌: تاوان و خراپه ده‌رکه‌وتووه‌ و هه‌موو سه‌ر زه‌وی و ده‌ریاکانیشی گرتۆته‌وه‌، به‌هۆی ئه‌و تاوان و گوناهانه‌وه که خه‌ڵکی ده‌ستیان داوه‌تێ، سه‌ره‌نجام ده‌بێت تاڵاوی هه‌ندێک له کرده‌وه‌کانیان بچێژن (که به‌رپابوونی جه‌نگ و کاره‌ساته سروشتییه‌کانه‌) بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ڕێبازی پاکی و خواناسی.


یان دەفەرموێت:

«وَمَآ أَصَبَکُم مِّن مُّصِیبَهٍ فَبِمَا کَسَبَتْ أَیْدِیکُمْ وَیَعْفُوا۟ عَن کَثِیرٍ» [الشوری/۳۰]واته‌: «هه‌ر به‌ڵا و نه‌هامه‌تییه‌کتان به‌سه‌ر هاتبێ، ئه‌وه ده‌ره‌نجامی ئه‌و کار و کرده‌وانه‌یه که به ئاره‌زووی خۆتان ده‌تانکرد، (به‌ڵام ئه‌وه‌نده خوایه‌کی میهره‌بانه‌) له زۆربه‌ی زۆری گوناه‍ و هه‌ڵه‌کانتان خۆش ده‌بێ.»

لێرەدا دەمهەوێ بەیارمەتی خودا ئیشاڕە بەو بەڵایە بکەم کە داوێنی هەموومانی گرتۆتەوە و وڵاتی داگرتووە و فەڕقی فەقیر و دەوڵەمەند و دەستەڵاتدار و بێدەسەڵات و ژن و پیاو و پیر و جەوان موسوڵمان و ناموسوڵمان ناخا، ئەویش پەتای “کۆڕۆنا”یە.

لە دەرکەوتنی ئەو بەڵایە – وەک زۆربەی بەڵاکانی دی – واپێدەچێ دەستی ئادەمیزاد لە ئاڕا دابێ و لە بڵاوبوونەوەی نەقشی سەرەکی هەبێ و بەهۆی دەرچوونی لە ڕێبازی خاوەنەکەی، خۆی و خەڵکانی دی تێوەگڵاندبێ.

ئەگەر وای دابنێین ئەو پەتایە بە هۆی خواردنی گۆشتی شەمشەمەکوێرە و گیانلەبەرانێکی قەدەغەکراوی وەکو ئەو باڵندە حەرامگۆشتە بڵاو بووبێتەوە، دەردەکەوێ ئەو بەشەرە چونکە ڕێز له‌ بەرنامەی خودای گەورە ناگرێ و گوێ بە حەڵاڵ و حەرامەکانی پەروەردگار نادا و هێڵەسوورەکانی شەریعەتی خودا دەبەزێنێ، تووشی ئەو بەڵایە هاتووە و بەدەستی خۆی، خۆی و هاوچه‌شنانی خستۆتە نێو ناڕەحەتی و گڕفتێکی زۆرەوە.

یان ده‌ڵێن: ئەو پەتایە بەهوێ بڵاوکردنەوەی بە ئانقەستی یەکێک لە وڵاتەزڵهێزەکانەوە بۆ بەربەرەکانێ و ڕووبەڕووبوونەوه‌ لەگەڵ بەرامبەرەکانی خۆی بەدی هاتووە تا بیسەلمێنن ئەوڕۆ تەنها بە چەک و ئەسلەحە نییە کە دەتواندرێ بەسەر وڵاتانی دیدا زاڵ بی، بەڵکوو بەهۆی سازکردنی کارەساتی ئاواش دەکرێ بەشەر زاڵ بێ بەسەر خەڵکانی دیدا.

یان دەڵێن: بەهۆی دەستێوەردان لە ویرووسەکانە، ئەو پەتایە بڵاو بۆتەوە.
هەرکام بێ، ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێ کە ئەوە بەشەرە که بۆخۆی موسیبەت و گرفت بار دەهێنی!

«وَمَآ أَصَبَکُم مِّن مُّصِیبَهٍ فَبِمَا کَسَبَتْ أَیْدِیکُمْ وَیَعْفُوا۟ عَن کَثِیرٍ» [الشوری/۳۰]بۆیە پێویستە ئەو حەقیقەتە بزانین کە ئادەمیزاد دەتوانێ ببێتە مایەی ڕەحمەت و ئاسودەیی و خۆشبەختی بۆ خۆی و دەورووبەری، یان دەکرێ بە لاملیکردن لە بەرنامەی خودای گەورە، ببێتە مایەی گرفت و ئەزیەت و ئازار و موسیبەت سازکردن بۆ خۆی و خەڵکانی تر و نابێ گلەییەکە ئاڕاستەی خودای گەورە بکرێ کە؛ بۆچی خودا ئینسان تووشی ئەو موسیبەتانە دەکا؟!

بێگومان خودای گەورە فەساد و خراپەکاری ناخۆش دەوێ و ڕازیش نییە عەبد و بەندەکانی تووشی کردەوەی خراپ و ناشایست بن.

پرسیار: ئەی مەگەر ناکوترێ هەموو هەڵسووکەوتێکی ئینسان بە قەزا و قەدەری خودای پەروەردگارە؟

دەڵێین: بەڵێ بێگومان هەر وایە، بەڵام خودای گەورە ویستی لەسەر ئەوە دامەزراوە کە ئادەمیزاد بە ئیختیار و ئیڕادەی خۆی کردەوەکانی خۆی ئەنجام بدا و نەخشە و پیلان بۆ ژیانی خۆی داڕێژێت.

زانایەک دەفەرموێت: قەزا و قەدەری خودا وەک ئاسمان دەوری ئینسانی داوە، ئینسان چاک بکات و خراپ ئەنجام بدا، هەر لەژێر چەتری ئاسمان
 
ئەنجامی دەدا و ناتوانی لێی دەرچێت. قەدەری خوداش هەر بەو چەشنەیە، ئینسان چاک بکا و خراپ بکا، هەر لەژێر ئیڕادە و قەدەری خودای باڵادەست دایە و لێی دەرناچێت، بەڵام چونکە بە ئیختیاری خۆی کردەوەکانی هەڵدەبژێرێ و دەیانکات، لەسەر چاکە پاداشتی دەدرێتەوە و لەسەر خراپەکانیشی سزا دەدرێت.

پرسیارێکی دی: ئیستا کە ئەو بەڵا و پەتایە بڵاو بۆتەوە ئێمە چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەین؟
ئایا بە بیانووی ئەوەی قەدەری خودایە، تەسلیمی بین یان بە شێوەی عیلمی و زانستی و شەرعییانە لەگەڵی بجوڵێینەوە؟

وڵامی ئەو پرسیارە ئەوەیە کە: ئینسانی موسوڵمانی ژیر و عاقڵ و تێگەیشتوو لە قوڕئان و سوننە، به هیچ شێوەیەک نابێ تەسلیمی ئەو بەڵایە بێ و بە بیانووی ئیمان بە قەدەری خودا کردەوە و عەمەل تەرک کا و کەڵک لە ئەسبابە ماددی و مەعنەوییه‌کان وەرنەگرێت.

دەبێ بزانێ کۆمەڵێک یاسا و قانوونی نەگۆڕ هەن کە خودای گەورە دایناون و بە هیچ شێوازێک گۆڕانکاریان بەسەردا نایە و بۆ هەموو ئینسانەکان یەکسانن، موسوڵمان بن یان ناموسوڵمان.

بۆ نمونە:

ئاور، پێست و گۆشتی ئینسان دەسوتێنێ. ئاو، که‌سی ناشارەزا بە مەله‌، دەیخنکێنێ. ویرووس و میکڕۆب، ئینسان نەخۆش دەخەن. جەهل و نەزانین، دەبنە هۆی وەدواکەوتنی مروڤ و…

جا ئینسانی ژیر نایە بە بیانووی ئەوەی کە، ئەگەر ویستی خودا وابێ هەر ئەوە دێتە دی و هەرچی خودا نەیکا نابێ، واز لە ئەسبابەکان بهێنێ، بەڵکوو دەبێ: بە ئەسلەحەی ئاو، ئاور خامۆش بکات و بە هێزی مەله‌، خۆ لەخنکاندن ڕزگار بکات و بە قودرەتی دەرمان و زانستی پزشکی لەگەڵ نەخۆشی و ویرووسەکان بجەنگێت. بە هێزی عیلم و زانست لەبەرامبەر جەهل و گێژیی ڕابوەستێ و خۆی وەپێش بخات.

هەر ئەو زانایە دەڵێت: قەزا و قەدەر ڕاست وەک ئاوێنە وایە، تۆ چۆن خۆت بخەیە بەری، بەهەمان شێوە وێنە و ڕوخسارت عەکس دەکاتەوە و نیشانت دەدا. ئەگەر بە ڕێکوپێکی ڕووبەڕووی ڕاوەستی، جوان و ڕێکوپێک نیشانت دەدا، بە پێچەوانەوە ئەگەر بە ناڕێکی لەڕوویدا ڕاوەستی، ئەوە بێ شک ناحەز و ناڕێک دیار دەکەوی.

بۆیە پێویستە بۆ بەرەنگاربوونەوە لە ئاست نەخۆشی و پەتای کۆڕۆنا دەست بە ئەسبابە ماددییەکانی وەکوو زانستی پزشکی و ڕێنموونییە تەندرووستییه‌کانەوە بگرین و بە موو لێیان لا نەدەیین، هەروەها بە ئەسبابە مەعنەوییه‌کانی وەکوو دوعا و پاڕانەوە و تەوه‌ککول (پشت بەستن بە خودا) و سەبر، خۆمان تۆکمە و پشت قاییم بکەیین.

خاڵێکی دی ئەوەیە دەبێ بزانین که پشت بەستن و ته‌وه‌ککولی ڕاستەقینە، دوای دەستگرتن بە ئەسبابەکانە.

مەشهورە پیاوێک دێتە خزمەت پێغەمبەر(د.خ) و عەرزی دەکا: بە تەوەککولی خودا وشترەکەم به‌ڕەڵڵا کردووە (پشت بە خودا ڕەهام کردووە). پێغەمبەریش(د.خ) هەڵەکەی بۆ پشت ڕاست دەکاتەوە و ده‌فەرموێت: بە ته‌وه‌ککولی خودا بیبەستەوە.

یانی یەکەم جار دەبێ ئەسبابەکان ڕەچاو بکه‌یین، لەپاشان پشتمان بە خودا ببەستین.

لە بابه‌تی کۆچکردنی پێغەمبەر(د.خ) و یارانی بۆ مەدینەش، ئەو یاسا نەگوڕانە بەجوانی دەبیندرێن. زۆر نموونەی دیشمان هەن لە ژیانی پێغەمبەر(د.خ) و یارانی خۆشەویست و زانایان و پیاوچاکانی ئەو ئوممەتە کە دەستیان بە ئەسبابەکانەوە گرتووە و هەروا بە هەڕەمە کاریان نەکردووە.

چەند پرسیارێک ئاڕاستەی ئەو کەسانە دەکەین کە دەیانهەوێ بە بیانووی ئیمان بە قەدەر، کردەوە تەعتیل بکەن!

ئایا کەس هەیە بڵێت: من کار و کاسبی وەلا دەنێم و خۆم ماندوو ناکەم، چونکە ئەگەر ویستی خودا لەسەر ئەوەبێ من دەوڵەمەند بم، ئەوە سامانم دەبێ و ئەگەر ویستیشی وابێ من فەقیر کەوم، خۆ کاریش بکەم هەر پێی ناگەم و هەژار و دەستەنگ دەمێنمەوە؟!

ئایا بابای کەشاوەرز بۆی هەیه بڵێت: کوڕە هەرچی خودا بەقسمەتی کا هەر ئەوە دەبێ و پێویست ناکا ئەمن زەوییه‌کەم بکێڵمەوە و دانی پێوەکەم، ئەگەر خودا بیدا ئەوە بێگومان دەبێ و ئەگەریش نەیدا بە خۆماندووکردنی من نییە؟! ئایا ئەو کەسەی برسییەتی، دەتوانێ بێ نانخواردن ئیددیعای تێربوون بکات؟! یان ئەو کەسەی تینوویەتی بڵێت: ئاو ناخۆم و تێراویش بێت؟

جا هەروەک چۆن هیچ کەس ناتوانێ ئاوەها بۆچوون و ئیددیعایەکی ببێ و ئەگەر واش بڵێت، ئەوە گومان لەسەر عەقڵی دروست دەبێ و بە کەسێکی ساغ و سەلیم لەقەڵمەم نادرێ، بە هەمان شێوە ئەو کەسەش کە دەڵێت: کوڕە کۆڕۆنای چی و شتی چی؟ ئەوانە هەمووی فشەن، هەرچی خودا نەیکا نابێ، خودا گەورەیە بۆ ئەوەندە دەترسن؟ و…

دەبێ وە شک و گومان کەوین لە ژیریی و وریایی ئەو کەسەش و یەقینمان هەبێ لەوەی کە بە سەقەتی لە بابه‌ته‌که‌ی (قەزا و قەدەر و بەرنامە و کاری خودا) تێگەیشتووە.


پرسیار: ئایا دروستە ئینسانی ئیماندار لە نەخۆشی بە عام و لە کۆڕۆناش بە تایبەتی بترسێ؟

جواب: بەڵێ دەبێ ترسی هەبێ لە نەخۆشینەکان، بەتایبەت پەتایەکی مه‌ترسیدار و موسری وەکوو کۆڕۆنا. ئەوەتا خۆشەویست(د.خ) دەفەرموێت: لە گولی و گەڕۆڵی ڕاکەن و هەڵێن، هەر وەک چۆن له شێری دڕندە ڕادەکەن.

چ شتێک دەبێتە هۆی ڕاکردنی ئینسان لە
 
شێر و ئاژەڵی دڕندە؟ ئایا ترس نییە؟ بێگومان ترس وادەکا ئینسان لەگەڵ ئاژەڵێکی دڕندەی وەکوو شێر ڕووبەڕوو نەبێتەوە.

ترس شتێکی سروشتییە کە خودای گەورە بە لوتفی خۆی لە ناخی ئادەمیزادی دانەوە و ئەگەر ئەو ترسە سروشتییە نەبێ، ئینسان خۆی تووشی نابوودی دەکا.

مەگەر ئێمه لە ئیمامی عومەری کوڕی خەتتاب(ر.خ)، بەغیرەتترین!؟ له‌کاتێکدا خۆی پاراست له‌ چوونه‌ ئەو شوێنەی کە تاعوونی تێدا بڵاو ببۆوە؟! کاتێک بیستی، فەرمووی: من دەگەڕێمەوە و ناچم. پێیان کوت: ئەی عومەر لە قەدەری خودا هەڵدێی؟ فەرمووی: لە قەدەری خودا ڕادەکەم بۆ قەدەری خودا.

یانی خۆپارێزی و ترس لە تووشبوون بە نەخۆشی و بەڵای ئاوا هەر لە ژێر قەدەری خودای گەورە دایە و عەینی ئیمانە بە قەزا و قەدەری خودای پەروەردگار.

پێغەمبەر(د.خ) لە ترسی زۆر شت پەنای گرتووە بە خودا:

لە فەقیری، لە عەزاب و جەزرەبەی ناو گوڕ، لە قەرزداری، لە شێتی، لە گولیی، ئەو نەخۆشیانەی کە چارەسەریان دژوار و سەختە و…

بۆیە بێگومان ترس ڕەوایە و نەترسان بە پێچەوانەی سرووشتی ئادەمیزادە.


پرسیار: ئایا ئەو کەسەی ڕیعایەتی بێهداشت و ڕێنموونییە تەندرووستییەکان دەکا و خۆی دەپارێزێ لە چوونە ناو خەڵک و جومعە و جەماعەت، ئیمانی لاوازە؟

لە جوابدا دەبێ بڵێین: نا، به‌ڵکوو ئەو ڕیعایەتکردنە، بۆ خۆی حاڵیبوونە لە دین و باوەڕی ڕاستەقینەیە بە ئایەت و فەرموودەکان. ئەو دەقانەی داکۆکی دەکەن لەوەی کە؛ نابێ بەدەستی خۆتان، خۆتان بە هیلاک بدەن و دین ئاسانی و ڕاحەتی موسوڵمانانی دوێ و نایهەوێ گرفت ساز بکا بۆ ئیماندار و لە کۆتاییدا هەموو بەرنامەی خودای کاربەجێ بۆ بەرژەوەندی و مەسڵەحەتی عەبدەکانی هاتۆتە خوارێ.


بێگومان ئەوە ناحاڵیبوونە لە ئیماندارێتی و دینداری کە بکوتری: ئەوەی خۆی بپارێزێ لە نەخۆشینەکان، ئیمانی لاوازە!!

مەگەر پێغەمبەری خودا(د.خ) خۆی ئەمری پێ نەکردوویین که خۆمان بپارێزین لەو جۆرە نەخۆشییانە و بۆ خۆشی ئەو کارەی نەکردووە؟ مەگەر پێغەمبەر(سڵاوی خودای لەسەر بێ) لە کاتی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دوژمنانی خۆی و لە مەیدانی جەنگ و خەباتدا، قەڵغان و زرە و شتانی دی بەکار نەبردووە؟

کۆی باسەکەمان ئەوەیە کە:

۱- ئەوەی بەسەر ئینسانەکان دێ، دەستی خۆیانی تێدایە و خۆشیان بەرپرسیارن لە بارەی کردەوە و عەمەلکردیان.

۲- لە تووشبوون بە موسیبەت و بەڵا، نابێ خودای گەورە خەتابار بکرێ و گلەیی و گازندەکان ئاڕاستەی ئەو زاتە پیرۆزە بکەیین.

۳- ئیمان بە قەزا و قەدەر حەققە، بەڵام نابێ سەقەت لەو بابەتە گرنگە حاڵی بین و بە بیانووی ئیمان بە قەدەری خودای گەورە کار و کردەوە و ئەسبابەکان پەک خرێن.

۴- ترسان لە نەخۆشینەکان شتێکی سروشتییە و نابێ کەسی لەسەر سەرکۆنە بکرێ.

۵- خوپارێزی لە تووشبوون بە نەخۆشییەکی خەتەرناکی وەکوو کۆڕۆنا، دژایەتی نییە لەگەڵ دینداری و ئیمانداربوون، بەڵکوو ئیمانداری ڕاستەقینە و ژیر دەبێ خۆپارێز بێ لەبەرامبەر شتە مه‌ترسیداره‌کاندا.


نوسینی: یوونس سولەیمان زادە – ئاوایی قەڵاجۆغە
شەوی جومعە ۱۳۹۸/۱۲/۲۲
سۆزی میحڕاب
 
 
 
 

برچسب ها

یونس سلیمان زادە

استان آذربایجان غربی- بوکان نویسنده و مترجم فعال و دعوتگر دینی

نوشته های مشابه

پاسخی بگذارید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

لطفا نظرات خود را با حروف کوردی یا فارسی تایپ کنید
نظرات حاوی مطلب توهین آمیز یا بی احترامی به اشخاص ، عقاید دیگران، و مغایر با قوانین کشور منتشر نمی شود
نظرات پس از تائید منتشر می شود
بستن