
واتای الله اکبر
ڕۆژانه ده‌یان جار له نوێژه‌کانمان و دوای نوێژه‌کانمان ده‌ڵێین «الله اکبر»، لانیکه‌م بیست و پێنج جار به ده‌نگی به‌رز له مناره‌کانه‌وه گوێمان لێ ده‌بێت. وشه‌یێک که به گوێی هه‌ر خاوه‌ن باوه‌ڕێک ئاشنایه؛ به‌ڵام چه‌نده بیرمان له واتاکه‌ی کردۆته‌وه؟
«الله اکبر» واته خوا گه‌وره‌تره؟ به‌ڵام چۆن گه‌وره‌تره و مه‌به‌ست چییه؟
پێش هه‌رشتێک بڵێین که سه‌ره‌کیترین واتای «خوا گه‌وره‌تره»، ئه‌وه‌یه که خوا له‌وه گه‌وره‌تره که له‌گه‌ڵ هه‌ر که‌س یا هه‌ر شتێکی تر به‌راورد بکرێت. له‌هه‌ر بواره‌وه بۆی بڕوانین، خوا تاکێکی ته‌واو و که‌ماڵه. به‌س ته‌نیا بۆ تێگه‌یشتنی زۆرتر له گه‌وره‌یی خوا، له چه‌ند ڕوویێکه‌وه که عه‌قڵ و ئاوه‌زی ئینسان ده‌رکی ده‌کات، باس له چه‌ند خاڵێک ده‌که‌یین.
بۆ نموونه کاتێک به که‌سێک یا شتێک ده‌ڵێن گه‌وره، زۆرتر به‌هۆی چه‌ند هۆکارێکه‌وه‌یه. یا له بواری جه‌سته‌یی و ڕواڵه‌تییه، یا سه‌روه‌ت و سامانی زۆری، یا هێز و ده‌سه‌ڵاتی یا عیلم و زانستی و…
جا بزانین بۆچی به خوای گه‌وره ده‌ڵێین ئه‌کبه‌ڕ؟ و خوا له چ ڕوویێکه‌وه گه‌وره‌یه؟
له‌ڕووی ڕواڵه‌ته‌وه ئێمه ناتوانین قسه له‌سه‌ر چۆنیه‌تی و چه‌ندییه‌تی خوا بکه‌یین؛ چونکه خوای گه‌وره مادده نییه و زه‌ینی مرۆڤیش بێهێزتر و داماوتر له‌وه‌یه که بۆی ده‌رک بکرێت و خوای گه‌وره‌ش له کتێبه پیرۆزه‌که‌یدا ئاماژه‌ی پێ نه‌کردووه، به‌س له فه‌رمووده‌یێکی پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستماندا هاتووه که ته‌نیا کورسی خوای گه‌وره به به‌راورد له‌گه‌ڵ حه‌وت ئاسمانه‌کان و زه‌وی، وێنه‌ی ئاڵقه‌یێکه که له بیابانێکی گه‌وره‌دا که‌وتبێت و گه‌وره‌یی عهڕشیش به به‌راورد له‌گه‌ڵ کورسی به‌هامه‌ن ڕێژه‌یه. (خوا هه‌ر بۆخۆی ده‌زانێت)
هه‌روه‌ها خوا گه‌وره‌یه؛ به هۆی ئه‌وه‌یکه ده‌وڵه‌مه‌نده. خوای گه‌وره خاوه‌نی حه‌رز و ئاسمانه‌کانه. خه‌زێنه‌ی حه‌رز و ئاسمانه‌کان ئی خوای مه‌زنه. ده‌وڵه‌مه‌ندترین که‌سی سه‌ر زه‌وی چه‌ند ملیارد دۆلاری هه‌یه؟! یا به واتایێکی تر خاوه‌نی له‌سه‌تا چه‌ندی زه‌وییه؟! له‌کاتێکدا نه‌ک هه‌موو زه‌وی و هه‌موو بوونه‌وه‌ران و هه‌موو ئاسمانه‌کان، به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت خاوه‌نی دونیا و دواڕۆژه و هه‌رچی هه‌یه هه‌ر ئی ئه‌وه و ئێمه‌ش هه‌ر ئی ئه‌وین!! «وَللهِ خَزَائِنُ السَّمَواتِ وَالأرضِ…» یا «لَهُ مَافِی السَّمَوَاتِ وَالأرضِ…» به‌واتایێکی تر، خوا نه‌ک هه‌ر ده‌وڵه‌مه‌نده، به‌ڵکوو ته‌نیا ده‌وڵه‌مه‌ند و بێ‌نیاز هه‌ر ئه‌وه و هه‌ر هه‌موومان به‌هه‌موو بوون و نه‌بوونه‌وه، موحتاج و ئاتاجی خوای گه‌وره‌یین: «یَاأَیُّهَا النَّاسُ أنتُمُ الفُقَراءُ إلَی الله وَاللهُ هُوَ الغَنِیُّ الحَمِیدُ» (فاتێر:١۵)
خوا گه‌وره‌یه؛ چونکه زانایه. زانا به ته‌واوی زانسته‌کان، به ئاشکرا و شاراوه‌کان، زانا به نهێنییه‌کانی نێو ده‌ڵه‌کان. هه‌رچی هه‌یه له‌ژێر عیلم و زانیاری ئه‌و دایه: «إِنَّهُ بِکُلِّ شَیءٍ عَلِیمٌ» زاناترین که‌سه‌کانی سه‌ر گۆی زه‌وی، ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌مووشیان کۆبنه‌وه، زانسته‌که‌یان به به‌راورد له‌گه‌ڵ خوا، به ڕێژه‌ی دڵۆپێک له ئاست هه‌موو زه‌ریاکان نابێ. واته هیچ له‌به‌رامبه‌ر بێ‌کۆتایی، واته نه‌ک زانا، به‌ڵکوو زاناترین و ته‌نیا زانایه.
خوا گه‌وره‌یه؛ چونکه ده‌سه‌ڵاتدار و فه‌رمانڕه‌وای حه‌رز و ئاسمانه. هه‌رچی هه‌یه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی خوای گه‌وره دایه: «فَسُبحَنَ الَّذِی بِیَدِهِ مَلَکُوتُ کَلِّ شَیءٍ وَ إِلَیهِ تَرجَعُونَ» (ی‌س:٨٣)
هه‌موو ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌ر گۆی زه‌وی، ڕۆژێک کۆتایی به ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان دێت و تاکه ده‌سه‌ڵاتدارێک ده‌مێنیته‌وه، ئه‌ویش خوای گه‌وره‌یه، واته نه‌ک ده‌سه‌ڵاتدار، به‌ڵکوو ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتداره: «یَومَ هُم بَارِزُونَ لَا یَخفَی عَلَی اللهِ مِنهُم شَیءٌ لِّمَنِ المُلکُ الیَومَ لِلهِ الواحِدِ القَهَّارِ» (غافێر:١۶) هه‌روه‌ها هه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارێکی سه‌ر زه‌وی، سنوورێک بۆ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی هه‌یه و ده‌سه‌ڵاته‌که‌شی سنووردار به ناوچه و وڵاتێک و کاتێکه. له کاتێکدا بۆ خوای گه‌وره نه سنوورێک بۆ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی هه‌یه و نه فه‌رمانڕه‌واییه‌که‌ی بۆ شوێن و کاتێکی دیاریکراوه. به‌ڵکوو بۆ ته‌واوی حه‌رز و ئاسمانه‌کان بۆ هه‌تاهه‌تایی، فه‌رمان به‌س فه‌رمانی خوای گه‌وره‌یه. که‌واته خوای گه‌وره تاکه فه‌رمانڕه‌وا و ده‌سه‌ڵاتداره و ئه‌وه‌ی داوای فه‌رمانڕه‌وایی بکات، بێجێی کردووه.
که‌واته کاتێک که ده‌ڵێین «الله اکبر»، هێز و ده‌سه‌ڵات و عیلم و فه‌رمانڕه‌وایی خوای گه‌وره له‌خۆی ده‌گرێت و چونکه «اکبر» به شێوه‌ی پله‌ی باڵا هاتووه، واته خوا له‌هه‌رچی غه‌یری خۆیه‌تی، گه‌وره‌تره. که‌واته لێره‌دا جۆرێک قۆرغکاری ده‌گێنیت. واته ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتدار، ته‌نیا زانا و ته‌نیا فه‌رمانڕه‌وا هه‌ر خوایه.
جا کاتێک که خوایێک ئه‌وه‌نده گه‌وره بێت که ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتدار و فه‌رمانڕه‌وا بێت، جۆرێک ترس له دڵی بڕواداردا دروست ده‌کات که له ئاست گه‌وره‌یی ئه‌و خوایه‌دا، سه‌ری ملکه‌چی دانوێنیت و له‌فه‌رمانی ده‌رنه‌چێت. ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌کات، دیاره وه‌ک پێویست خوای به گه‌وره نه‌ناسیوه یا بڕوای پێ نه‌کردووه، چونکه ناکرێ که‌سێک بڕوای به گه‌وره‌یی خوا بێت و له نافهرمانیکردنیشی نه‌ترسێت!!
فه‌رمانڕه‌وایی خوای گه‌وره به‌ڕاده‌یێک له‌سه‌رووی هه‌موو شتێکه، که ته‌نیا و ته‌نیا فه‌رمانی خوای گه‌وره له ئارا دایه. هیچ که‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه که ته‌نانه‌ت بیر له‌وه بکاته‌وه که فهرمانلێدهر بێت. هه‌روه‌ها فه‌رمانی خوای گه‌وره به‌ته‌واوی و کامڵی پێویسته جێبه‌جێ بکرێت. چونکه کاتێک باس له گه‌وره‌یی که‌سێک ده‌که‌یین، حه‌تمه‌ن ده‌بێ کاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌وڵوێستی که‌سه‌کان دا‌نێت و ترس و هیوای له‌دڵدا دروست بکات. چونکه ناکرێ که‌سێکمان پێ گه‌وره بێت و دان به هێز و ده‌سه‌ڵاتی دانێیین و له نافهرمانیکردنیشی نه‌ترسین!! و چونکه ده‌سه‌ڵات و گه‌وره‌یی خوا، هاوکات تێکه‌ڵی سۆز و ڕه‌حم و دادپه‌روه‌رییه، جۆرێک خۆشه‌ویستی و هیواش له‌دڵدا دروست ده‌کات. به واتایێکی تر ده‌توانین بڵێین، ئه‌کبه‌ڕبوونی خوا «خشیت» له دڵدا دروست ده‌کات. «خشیت» واته ترسێک به‌هۆی گه‌وره‌یی و شیاوی که‌سێک و تێکه‌ڵ به هه‌ستی خۆشه‌ویستی که ئه‌و هه‌سته‌ش ته‌نیا شیاوی خوای گه‌وره‌یه.
که‌واته کاتێک که ده‌ڵێین: «الله اکبر»: ترسێک له دڵ ده‌نیشێت که نه‌کا له فه‌رمانی خوای خۆشه‌ویستی ده‌رچێت و هیوایێکیش هانی ده‌دات که زۆرتر گوێڕایه‌ڵی بێت. جا ئه‌گه‌ر ئه‌کبه‌ڕبوونی خوا ئه‌و هه‌سته‌ی له‌دڵدا دروست کردین و هه‌رکات گوتمان: «الله اکبر»، هه‌ستمان به گه‌وره‌یی و هێز و ده‌سه‌ڵاتی خوا کرد و وای لێ کردین که هه‌ر ئه‌و کاته سه‌ری به‌ندایه‌تی بۆ دانوێنین و له فه‌رمانی ده‌رنه‌چین، ئه‌وه له واتای «الله اکبر» تێگه‌یشتوویین.
«الله اکبر» له ژیاندا:
به‌ڵام ئایا ته‌نیا به‌زمان گوتن و دوپاتکردنه‌وه‌ی له دوای هه‌موو نوێژان و هه‌موو به‌ره‌به‌یانیان و ده‌مه‌وئێواران، ته‌واوه و ده‌بێته هۆی سه‌رکه‌وتن و ڕزگاربوونمان!؟ یا ئایا ئه‌گه‌ر گوتمان و له واتاکه‌شی تێگه‌یشتین، به‌ڵام له کرده‌وه‌دا هیچ بایه‌خێکی پێ نه‌ده‌یین، به‌ڕاستی دانمان به ئه‌کبه‌ڕبوونی خوا داناوه!؟ بێگومان نه‌خێر. ئه‌جر و پاداشی زیکر و ته‌سبیحاتی خوا یه‌کجار زۆره، به‌ڵام ئه‌وه بۆ کاتێکه که هه‌م له واتاکه‌ی تێبگه‌یین و هه‌م هه‌ڵوێستیشمان به‌ره‌و چاکسازی بگۆڕێت و کاتێک که ده‌ڵێین: «الله اکبر»، خوا به‌ده‌سه‌ڵاترین، گه‌وره‌ترین، زاناترین و به‌هێزترین بزانین. به واتایێکی تر خوا به؛ ته‌نیا گه‌وره، ده‌سه‌ڵاتدار و به‌هیز بزانین و ته‌نیا فه‌رمانی ئه‌و به‌ڕه‌وا بزانین و به‌ته‌واو و که‌ماڵ، په‌یڕه‌وی لێ بکه‌یین.
ئه‌گه‌ر وانه‌بووین، پێویسته به‌خۆماندا بێینه‌وه. چونکه فه‌رمانی خوا له‌سه‌رووی هه‌مووشتێکه، له‌سه‌رووی داخوازی که‌سه‌کان و ئاره‌زووی نه‌فسه.
بۆیه؛ کاتێک ده‌ڵێین: «الله اکبر» و له‌و کاته‌دا خه‌ریکی ته‌ماشاکردنی فیلمێکی ناپه‌سه‌ند بووین، یا له‌سه‌ر موبایله‌که‌مان کاناڵێکی ناشه‌رعیمان کردبێته‌وه و چاومان له شتانێکی ناپه‌سه‌ند و حه‌رام بڕیبێت، ئه‌وه ده‌بێت «الله اکبر» گوتنهکهمان، چاومان داخات له ئاست حه‌رام و بمانگه‌ڕێنیته‌وه.
کاتێک ده‌ڵێین: «الله اکبر» و بۆ مه‌ڕاسیمێکی ناشه‌رعی بانگه‌شه ده‌کرێین و ده‌ڵێین ئاخر به‌خاتری خوشکم یا کاکم، هاوڕێم یا دۆستم ناچارم بچم، پێویسته بیر بکه‌ینه‌وه کێ ئهکبهڕه!؟ خوا یا خۆشه‌ویستانی دیکه‌مان!؟
ئه‌گه‌ر له مناره‌ی مزگه‌وته‌وه گوێمان له «الله اکبر» ده‌بێت که بانگمان ده‌کات به‌ره‌و «حی علی الصلاه» و ئێمه هه‌روا خه‌ریکی کار و کاسپی و ئیشی خۆمانین، له‌کاتێکدا نیوکاتژمێر کاردواخستن، زه‌ره‌رێکمان لێ نادات، ده‌بێ ئه‌و «الله اکبر»ه به‌ره‌و نوێژی جه‌ماعه‌ت له مزگه‌وت هانمان بدات و نوێژه‌که‌مان پێش کاره‌که‌مان بخات.
کاتێک ده‌ڵێین: «الله اکبر» و له‌کاتێکدا ئه‌ڵڵا فه‌رمانی پێ کردوویین به باڵاپۆشی و ئاره‌زووی نه‌فسمان، پێشمان پێ ده‌گریت، ئاگادار بین که هه‌وای نه‌فسمان نه‌بێته ئه‌کبه‌ڕ و نافه‌رمانی خوای گه‌وره نه‌که‌یین.
گه‌ر به زمان گوتمان: «الله اکبر» و له‌ولاوه دڵمان پڕ بوو له ڕق و بوغز و ئیره‌یی و دووڕوویی، ده‌بێ ئه‌و «الله اکبر» گوتنه‌مان، له زمانه‌وه به‌ره‌و دڵ بڕوات و دڵ له هه‌موو ئه‌و ناپاکییانه پاک کاته‌وه و تۆوی سۆز و ئه‌وین و متمانه‌ی لێ بچه‌قێنیت.
که‌واته «الله اکبر»، به‌س وته‌یێک نییه که ڕۆژانه له‌گه‌ڵ ته‌سبیحات بیڵێینه‌وه و هیچ کاریگه‌ریشی له‌سه‌ر ژیانمان نه‌بێت. به‌ڵکوو خۆی قوتابخانهیێکه و ده‌ریایێکه له‌وانه‌ی فه‌رمانبه‌رداری و سه‌ری به‌ندایه‌تی بۆ خوا دانواندن.
نووسینی: کلسووم حه‌سه‌نزاده