ماموستا وه فایی (شاعر نامی کورد زبان)
وەفایی (١٨۴۴ ز – ١٩٠٢ ز) یان میرزا عەبدوڕڕەحیم کوڕی مەلا غەفوور کوڕی مەلا نەسڕوڵڵا، یەکێکە لە شاعیرانی کورد زمان.
ژیانی وەفایی
لە شاری سابڵا‌غ (مەھاباد) لە ساڵی ١٨۴۴ زاینی لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و بەرنامەی حوجرەی مزگەوتی لە زانستییەکانی ئایینی ئیسلام و زمانی عەرەبی لە مەھاباد تەواو کردووە و ھەر لەوێش مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە، بەڵام لەناو خەڵکی بە مەلا نەناسراوە و تەنیا میرزایان پێ وتوە. ھیچ بەڵگەیێک بەدەستەوە نیە مەلایەتی کردبێ، بەڵام قوتابخانەی تایبەتی خۆی ھەبوە و وانەی بە منداڵان وتوە و پێی ژیاوە.
-وەفایی فیزی زل بووە، زەکات و سەرفترەی وەرنەگرتووە، موچەی فەقێیاتی نەویستوە.
شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری شیعری وەفایی بەدڵ بووە، لەو ڕێگەیەوە ناسیویەتی، خۆشی ویستوە لەبەر ئەوە لێی نزیک بۆتەوە. ماوەیێکی درێژ لای ژیاوە، شیعری بۆ خوێندۆتەوە، سکرتێرییەتی نووسینی بۆ کردووە و کاروباری خوێندەواری بۆ بەڕێوە بردووە.
وەک لە ژیانی شاعیر دەردەکەوێ چوونە حەج لە لای جۆرە ئارەزووێکی لادروست بووە لە وانەیە بەھۆی ھەڵوێستی بەرامبەر ئایین و حەزکردن بەگەشت ئەم ئارەزووەی لا دروست بووبێ.
لەدوا گەشتیدا بۆ سلێمانی لەساڵی ١٩٠٠ ز وا دەردەکەوێ ماوەیێک تێیدا ژیاوە و لەساڵی ١٩٠٢ ز حەجی سێیەمی کردووە. قسەی واش ھەیە لە ساڵی ١٨٩٨ ز لە گەڵ شێخ سەعید حەفید چووە بۆ ئەستەمووڵ و لەوێوە لەگەڵی ڕووی کردۆتە وڵاتی حیجاز.
ھەرچۆنێبێ وەفایی لەگەڵ کاروانی شێخ سەعیدی حەفید و سەید ئەحمەدی خانەقا و شێخ مستەفای شێخ عەبدولسەمەدی قازی و حاجی تۆفیقی پیرەمێرد چوە بۆ حەج، ئەگەر ھەمووشیان لەو کاروانە دا نەبووبن لەڕێگەی گەڕانەوە ئەو کەسانە پێکەوە گەڕاونەتەوە.
لە سه حرای عەرەبستان لە سەردەمی گەڕانەوەی ئەو حاجیانە وەفایی تووشی نەخۆشی زەحیری دەبێ، مەرگ ماوەی نادا و سه ره نجام لەو وڵاتە دوورەدا کۆچی دوایی دەکا و لە ناو لمی بادیەی عێراق یا بیابانی شام لە لایەن ھەواڵەکانییەوە لە ساڵی ١٩٠٢ ز دوور لە نیشتمان بەخاک دەسپێردرێ.
پیرەمێرد دەڵێ: “بەدەستی خۆم لە بیابان وەفاییم ناشتووە.”
وەفایی سەردەمی منداڵی و مێردمنداڵی لەمەڵبەندی خۆی مەھاباد بردۆتە سەر. لەم ماوەیەدا خەریکی وەرگرتنی زانستی و زانیاری بووە. لەدوای ئەوە لەجێگەیێک ئۆقرەی نەگرتووە لە ھەکاری وڵاتی شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری و شاری سلێمانی ژیاوە. چوونە حەجیشی لەو سەردەمانەدا کاتی زۆری ژیانی شاعیری بۆ خۆی بردووە.
شێعری وەفایی
وەفایی له شێعری دا شوێن که‌وتووی نالیه وه زۆرێک له وشه‌کان و جوانیه ئه‌ده‌بیه‌کانی شێعری نالی له شێعری وەفاییش دا ئه‌بینین. ئاره‌زووی له له‌ف و نه‌شر بوه وه ئه‌م خاڵه له زۆری شێعره‌کانی دا ئه‌بینین.
نمونەی شێعری فارسی
ای رخ و زلفت شب تاریک و روز روشن است
بی شب و روز تو روز و شب فغان کار من است
طرەی مشکین مزن بر همدگر مشکن دلم
زانکه مشکین طرەات مسکین دلم را مسکن است
آسمان ماهی ندارد، بوستان سروی چو تو
ماه من مشکین کمند و سرو من سیمین تن است
نمونەی شێعری کوردی
شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ
تایێکی ڕیشه‌یی دڵ، به نووکی غه‌مزه دادا
ده‌ستێکی بۆ سه‌ما برد ڕووبه‌ندی ماهی لادا
نافه‌ی گوڵی عه‌یان بوو، عه‌تری به ده‌م سه‌با دا
باریک و لووس و ناسک، دوو زولفی خاوی بادا
وه‌ک شاخی گوڵ به لا دا، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
به عیشوه زولفی لادا، له سه‌ر عیزار و زاری
دوگمه‌ی یه‌خه‌ی ترازا، بزووت هه‌وری به‌هاری
که شه‌و به‌یانی به‌ردا، گوڵ و وه‌نه‌وشه باری
سه‌ڵای له عاشقان دا، باخی گوڵ و هه‌ناری
دونیا به ئینتیزاری، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
که که‌وته چه‌رخ و گه‌ردیش ته‌شی به ده‌ستی ڕه‌نگین
هه‌ودای له لێو و ده‌م دا، خورشیدی سینه نه‌سرین
سه‌مای به “زوزه‌نه‌ب” دا “که‌فولخه‌زیب”ی شیرین
گرتی خه‌تی “مه‌دارات”، شه‌فه‌ق به “عه‌قدی په‌روین”
سێحرێکه بۆ دڵ و دین، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
له‌بانی ئاره‌قی ڕشت له پێکه‌نینی زاری
به خه‌نده، خونچه گوڵ بوو، گوڵاوی لێ ده‌باری
وتم: بفه‌رموو بۆ سه‌ر دوو چاوی من به یاری
به چاوی من ببینن، ته‌لێسم و سێحر کاری
ــ که سه‌روی جویباری، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
که زولفی که‌وته‌سه‌ر ڕوو، هه‌موو خه‌تای به چین دا
خه‌رامی تاووسانهی به سه‌روی نازنین دا
سپێده‌یی به‌یانی به باخی یاسه‌مین دا
فه‌نایی پڕ به‌قا بوو، ده‌می له پێکه‌نین دا
سه‌د ئافه‌تی له دین دا، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
نووکی ته‌شی به گه‌ردیش قوتبێکه چه‌رخی پێوه
“مه‌جه‌ڕڕه” بوو به داوی که چه‌رخی که‌وته نێوه
وه‌ک “زوهره” ده‌ستی کێشا که به‌ندی قه‌وسی زێوه
ئه‌ستێره ماهی داگرت سابت کرا به پێوه
ئاره‌ق به ڕوو به‌ڕێوه، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
یه‌خه‌ی کراسی لاچوو پشکووت به هه‌ر دوو لێوان
گوڵ و شه‌که‌ر ده‌باری له کووچه‌باخی سێوان
زولفی که لادا، کوڵمی وه‌ده‌رکه‌وت له نێوان
شهمس و قهمهر هه‌ڵاتن دوێنێ به نوێژی شێوان
عاشق ده‌که‌وتنه کێوان، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
که ده‌ستی برد و هێنا به دولبه‌ریی به تادا
وهچهرخی خست و گێڕای به ڕانی سافی دادا
عه‌یان بوو په‌نجه‌یی ڕۆژ به “خه‌تتی ئیستیوا”دا
به سوبحی سادق ئه‌نگووت”زه‌نه‌ب” له نێو سه‌مادا
حیڕه‌ت له “ماسیوا”دا، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
سمی غهزالهیی چین له نافهدا عه‌یانه
ده‌ڵێی له نیوه‌شه‌ودا سپێده‌یی به‌یانه
قه‌دی گوڵ و ده‌می گوڵ، دوو مه‌مکی قووتی گیانه
له باخی یاسهمیندا شکۆفه‌یی گوڵانه
به‌هاری بێ خه‌زانه، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
که که‌وته چه‌رخ و گه‌ردیش ته‌شی به ڕانی لووسی
ده‌که‌وته پایبووسی دوو زولفی ئابنووسی
“زه‌نه‌ب” له مانگه‌شه‌و دا ده‌هاته چاپلووسی
له بان به‌یازی گه‌ردن به خه‌تتی خۆش نووسی:
مه‌هتابه پایبووسی، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
دوو زولفی چین به چین کرد، که نافه‌یی خه‌تایه
دوو مه‌مکی خسته سه‌ر لق، هه‌ناری دڵگوشایه
به خه‌نده چه‌رخی پێدا که شه‌وق و نه‌شئه وایه
به نوکته پێی نێشان دام، سه‌ما له سه‌ر هه‌وایه
هه‌موو ئیشاڕه وایه، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
شکۆفه وا هه‌ڵستا له زێڕوزێو حوبابێ
له که‌وسه‌ری به‌هه‌شتێ، ده‌روونی پڕ کرابێ
خڕ و له‌تیف و ناسک، بلوری خودنوما بێ
به جورمی نووکی ده‌رزی، له نیوی درزی دابێ
دیاره سه‌روی وا بێ! شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
قوتووی لوئالییانه له زێوی داڕژاوه
به ته‌رزی درزی ده‌رزی له خۆوه درزی داوه
له به‌ر نه‌زاکه‌تی ڕۆژ، ڕه‌واقی دادڕاوه
لهبالهبه له حیکمه‌ت، له شه‌هدی هه‌ڵکراوه
به مه‌ی عه‌یان کراوه، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
به داوودڵ که سۆسن له خونچه‌گوڵ یه‌ره‌ق بوو
به هاتوچۆی سه‌ماوه، گوڵی وه‌ره‌ق وه‌ره‌ق بوو
شهقایقێکی شه‌ق بوو، شهقایقێ که شه‌ق بوو
به عاره‌قی عورووقی که سه‌رخۆشی عه‌ره‌ق بوو
به مه‌ی چ موسته‌حه‌ق بوو، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
شیفای جه‌راحه‌تی دڵ ته‌شی نه‌بوو که ڕستی
شهسپهڕی خاوی خۆی بوو، وا ده‌رپه‌ڕی له ده‌ستی
هه‌تیوی که‌لله‌شه‌ق زوو، به داوی حیله به‌ستی
له تاوی هاتوچۆدا، به لێوی خونچه گه‌ستی
به ڕۆح و دڵ، به قه‌ستی، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ
ده‌مێ له بیرهخهودا جه‌ماڵی ویم به دڵ دی
دوو چاوی مه‌ست و کاڵیم وه‌کوو غه‌زالی سڵ دی
ئه‌گه‌رچی نه‌وبه‌هاریم به ڕه‌نگی باخی گوڵ دی
هه‌ناری نهوڕهسیدهم شکاو و خاو و بڵ دی
گوڵم له خاک و گڵ دی، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
وتم: چبوو نه‌مامم! به خاڵ و خه‌ت نه‌ماوی؟
وه‌کوو به‌هار و سونبول بڵاو و تێکشکاوی
وتی: گڵاو و پیس بووه، شکۆفهگوڵ، گوڵاوی!
به گه‌ردیش و سه‌ماوه، ستارهیی سه‌ماوی
به‌سه‌رچوو چاووڕاوی، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
مه‌که‌ن مه‌نعی “وه‌فایی” که خاو و دڵ بڵاوه
به داوودڵ، دڵی خۆی به داوی زولفی داوه
سه‌رێکه مه‌ستی نازه، دڵێکه بۆی نه‌ماوه
دڵم حه‌قی به ده‌سته، فتوای سه‌رم دراوه
ئه به‌م غه‌زاله چاوه، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ!
ئەلا ئەی ساقیی مەستان
ئەلا ئەی ساقیی مەستان بە حەققی پیری مەیخانە
بە گەردش بێنە جامی مەی بە یادی چاوی جانانە
ئەمان ئەی موتریبی مەجلیس بە حەققی تاری رووحانی
بڵا بێ نەغمەکەی سازت کە ئاوی ئاوری هیجرانە
ئەتۆ ئەی رووحەکەم ساقی، ئەتۆ ئەی عومرەکەم موتریب
پەیاپەی لێدە چەنگ و نەی، دەمادەم بێنە پەیمانە
بە تیری غەمزە بملاوێنەوە زولفم لە گەردەن کە
بە سەر هاتوومە مەیدانت، بە دڵ بۆت بووم بە نیشانە
ئەگەر شەوقی جەمالی تۆ نییە من مەست و حەیرانم
لەبەرچی بۆتە بولبول گوڵ، چرا بۆچ بۆتە پەروانە؟
لە شەوقی تۆیە سەرمەستە، بە زەوقی تۆیە پابەستە
ئەگەر عاریف لە کەعبەی‌دا، ئەگەر کافر لە بوتخانە
لە شیرینی جەمالی تۆیە رۆژی روونی لەیلایە
ئەگەر فەرهادی سەرگەردان، ئەگەر مەجنوونی دێوانە
دەمێکی مەست و بیمارم، دەمێک بێهۆش و هۆشیارم
چ کەس نازانێ دەردی من، مەگەر ئەو چاوە کاڵانە
دە هەر حەڵقێکیدا سەد دڵ، گرفتارە دەناڵێنێ
سەری زولفی پەرێشانت مەگەر زنجیری شاهانە؟
هەناسەی عاشقان با نەدگرێ، بێ مروەتی تا کەی؟
بترسێ ئەی گوڵی نازکبەدەن لەو بایی زریانە
ئەگەر زولفت وەکوو من عاشقی رووی تۆ نییە بۆچی
سەراپا تێکچوو، کەوتۆتە بەرپێت، دەست و دامانە؟
ترازا دوگمەکەی سینەی، بەیاری زولفی هات غەمزە
بەیان بەربوو لە لای چین، باخەبەر بن! تیرە بارانە
وەفایی بۆ گوڵێکی سەروباڵا شێت و شەیدایە
وەکوو قومری دەناڵێنێ وەکوو بولبول غەزەلخوانە
لەسەر ڕووت کازیبەی زوڵفت وەلا بە
لەسەر ڕووت کازیبەی زوڵفت وەلا بە کە سادیق بێ تولوعی ئافتابە
دڵ و دین هەرچی بوو قوربانی تۆ بوون هەتا کەی ئیدی ئەم ناز و عیتابە؟
بڵا بەو ڕۆژە نەیلۆفەر نەسووتێ بە مەرگی من سەری زوڵفت وەلا بە
لە عەکسی عاریزت فرمێسکی چاوم گوڵاوی ڕووتە هەم خوونابی نابە
وەرە بنوێنە خۆت، بمکوژە قوربان بە دینێک کوشتنی عاشق سەوابە
وەرە بنواڕە بەزمی عالەمی دڵ چ خۆش دەورێکە هۆشیاریی خەرابە
ئەگەرچی ناڵەیە هەر زەوق و شەوقە ئەگەرچی گریەیە عەینی سەوابە
بە ناڵینی دڵی سووتاوی عاشق هەموو هەر نەغمەیی چەنگ و ڕوبابە
بە چاو و گەردەن و ڕووخساری ساقی هەموو هەر شاهید و شەمع و شەرابە
گوتم: با قیمەتی وەسلت بە دڵ بێ بە ماچێکیش لە زاری خۆت ڕەزا بە
کەچی فەرمووی: دڵت نەشکێ ‘وەفایی’ ئەوە سەودایە، زەڕڕێکیش حیسابە
چاوەڕێی موژدەی نەسیمم، تا لە گوڵشەن دێتەوە
چاوەڕێی موژدەی نەسیمم، تا لە گوڵشەن دێتەوە
بەڵکە فەرمایش بکا گوڵ، بولبولم با بێتەوە
وا وەعیدی بەفری زستانە و فیراقم کەوتە دڵ
مەر بە بای وەعدەی ویساڵت کێوی دڵ ڕەش بێتەوە
میروەحەی زوڵفت لە دەوری ئاوری ڕووت بێ چلۆن
ئاگری عیشقت بە ئاوی چاوی من دەکوژێتەوە؟!
سووچی زوڵفت بوو کە پەروانەی دڵم ڕووی کردە ڕووت
ئاگری وەسڵی شـەم و پەروانە شـەو دەکرێـتەوە
خەتتی میهر و زولف و خاڵی حوججەتی موڵکی دڵە
نەقشی ئەو موهرە بە ئاوی (خوڕخوڕە) ناچێتەوە
دڵ لە ترسی چاوی بوو، ڕووی کردە میحرابی برۆی
ئێستە بیستوومە لە چینی زوڵفی جێــــی نابێتەوە
کێوی هیجرت خستە سەر شان و دڵم پێی خستووە
تا نەگا دەستی بە زوڵفت زەحمەتە هەستێتەوە
سەد کەڕەت خستمتە گێژی مەهلەکەی بەحری فیراق
ئاخری قولــلابی موژگانت دەرم دێـنـێـتــــــــەوە
مەزرەعەی میهر و مەحەببەت توخمی وەسڵی شین نەکرد
گوڵ بە شادی دادەچێنم، خاری غەم دەڕوێتەوە
خۆت دەزانی موددەتێکە سەر و پاماڵی جەفام
کەی وەکو نەقشی قەدەم سەر نێمە ژێری پێتەوە؟
دڵ ئەوا کەوتۆتە زینــدانی غـەم و قـوربانتم
تایێکی زوڵفت بنێرە بەڵکە بۆم دەربێتەوە
تۆ خودا تاکەی لە تاریکیی شەوی هیجرانی تۆ
دەستەوئەژنۆ دابنیشم، ڕەببی کەی ڕۆژ بێتەوە؟!
بێ ئیشارەی (حکمە العین)ی ‘شیفا’ت نایە شیفام
خۆت دەزانی زامی دووری سەختە خۆش نابێتەوە
فیکری من چونکە دەقیقی عاشقی قەددی ئەوە
موو لە موو گیراوە، چ بکەم لێک جوێ نابێتەوە؟.
تا بادی خەزان دایە گوڵ و بەرگی ڕەزانم
تا بادی خەزان دایە گوڵ و بەرگی ڕەزانم
سەد جێ وەکو بولبول لە جگەر داغی خەزانم
وەک بەرگی گوڵم دی کە بە با چوو بە ئەسیری
کڕ کەوتم و شێت بووم، حەپەسام، ڵاڵ بوو زوبانم
قومری وەرە هەتا دەمرین پێکەوە بگرین
تۆ سەروی ڕەوانت چووە، من ڕۆحی ڕەوانم
بولبول وه‌ره تا ڕۆحی من و تۆیه بناڵین
تۆ باغی گوڵانت چوو، ئه‌من داغی دڵانم
ئه‌ی مه‌عده‌نی شیر و شهکەر، ئه‌ی گوڵبه‌ر و دڵبه‌ر
ئه‌ی تازه گوڵی داره گوڵی باغی جینانم
که‌س سیڕڕی ده‌م و عیشقی میانی نه‌ده‌زانی
ئه‌شکم بووه غه‌ممازی هه‌موو ڕازی نیهانم
تۆ چونکه له له‌یلا گه‌لێ شیرینتری بۆیە
مه‌جنوونی ده‌ر و ده‌شتم و فه‌رهادی زه‌مانم
ئیشم هه‌موو ناڵینه له ئێشی دڵی ڕێشم
کارم هه‌موو گریانه له‌به‌ر ده‌ردی گرانم
بۆ گەردەنی تۆ بوومە ئەسیری سەری زوڵفت
من مورغی شەباوێزم و عاشق بە بەیانم
جان بەخشە دەڵێن ماچی دەمت وەختی تەبەسسوم
تا کەی بمرم موعجیزەی ئەم سیڕڕە نەزانم
جەزبه‌ی نیگه‌هت خۆشی نه‌هێشتم -به برۆی تۆ-
قیبله‌م چووه تا مه‌ستی مه‌یی پیری موغانم
فه‌رمووی: که له‌گه‌ڵ هاتم ئه‌تۆ ڕۆح بده، چاوم!
سا ساقی، ده‌جا جامێ که هه‌روا نیگه‌رانم
چاوت بە نیگەهـ کردن و زارت بە تەبەسسوم
هاتن بە تەمای غارەتی عەقڵ و دڵ و جانم
ئەو دەستە سوارێکە ئەمیش تازە بەهارێ
ئەو ڕاو و شکارێکە، منیش کاس و نەزانم
کێو هاتە سەدا و ناڵە بە هاواری ‘وەفایی’
جارێکی لە تۆ کاری نەکرد ئاهـ و فوغانم!.
نەخۆش و مەستی دوو چاوی کاڵم
نەخۆش و مەستی دوو چاوی کاڵم
حەقم بەدەستە ئەگەر بناڵم
بەغەمزەی چاوت بەخەندەی زارت
بردیان بەغارەت خەو و خەیاڵم
فەرمووت چلۆنی چ بڵێم عەزیزم
دوور لە زولفی تۆ، کافر بەحاڵم
سەبا دەخیلم ھە تاکو ماوم
بڵێ بەزاری بڕۆ بەخاڵم
دەمێکی بابێ دەوای دڵم کا
بەچاوەکانی گەلێ بێ حاڵم
(وەفایی) چی دیت لەسەر بگێڕێ
نەما لەسەر تۆ نە سەر نە ماڵم
گرآوری : سه وزه حیدری