دل نوشتهکوردیمناسبت ها

“کوڵی دڵی داێکانە” ئای ڕۆڵەی شیرینم!

"کوڵی دڵی داێکانە" ئای ڕۆڵەی شیرینم!


جهانگیر بابایی

بەخوای ئەوسەروو پرچەم لەبەرتاوێ، سپی نەکردوە.
لەمێژە چاوم بەدونیا هەڵێناوە.بەخوڵای وەبیرم نایە کەی هاتوومە سەرزەوی.پێ بەپێی پیرە مێژوو، هەنگاوم ناوە، هێندەم کەندو کۆسپ دیون وەک گرێدارم لێهاتوە.
سۆمای چاوەکانم، بەزەردەی لوتکەی شاخان، پشکووتوون.گوێچکەم بەقاسپەی کەوو سۆزی شمشاڵ و سیڕەی هەڵۆی بەرزەشاخ، کراونەوە.
فڕچکم بەگۆی مەمکی کانیاوی زوڵاڵی کوێستان داوە.شنەی بلاوێنی کەژوکۆ، بسکی ڕەشی بۆ شانە کردووم و بەلایەلایەی ئەو، لەخەو ڕاچووم.
من سەردەشتم.کیژۆڵە جوانەکەی دایکی نیشتمان.باش بمناسە و بەبیرم بسپێرە. شۆڕەسوارە کیژۆڵەکەی ناودڵی مێژوو.
ڕەنگە وابزانی، کەتەنیا لە حەوتی پووشپەڕدا، دەرمانخوراوکرابم و شینم گێڕابێ.
ئەگەرچاوێک بە ژیاننامە بەخوێن خووساوەکەمدا بخشێنی دەبینی کە چۆن، سەرم هەڵداوە؟
زۆر ملهوڕو ناپیاو، چاوی تەماعیان تێکردووم و ویستوویانە، لەگەشەو نەشەم بخەن و بمکەنە مڵکی خۆیان. بەڵام وەک شێرە دایکێکی ئەووڵاتە، لێیان وەدەست هاتووم و کونەمشکم لێکردوونە قەیسەری.
نەت ناسیوم. دەکرێ ڕمبازێن و جوامێریم لەشاخ و هەڵدێرو ئەشکەوت و چۆڵەوانی بپرسی!
دەتوانی مەیدانداری و شیروەشاندن و گوڕو تینم، لە زەوی وزار پرسی! شاخ و کێو، شایەدی ڕاپەڕین و ئازایەتی من بوون.
هەرگیز خەونووچکە نەیبردوومەوە. قەت چاوم لە نەیارانی گەل، غافڵ نەکردوە، چوونکە متمانەم پێ نەبوون.دایم کاڵەلەپێ و کۆڵوانە لەکۆڵ و پانتۆڵ هەڵکێشراو و کەوان لەشان و گۆمپاڵ بەدەست بووم. ئاخرگوڵەکەم، ژیانم دایمە گەمارۆ درابوو و لەچوار لاوە، دەورەیان تەنیبووم.
ئەگەر سەدان گۆمەشین ڕۆڵەی خنکاندبم و هەزاران گوللەی وێڵ جەرگی بڕیبم و بەسمی ئەسپی زۆردار سینگی نەرم و نۆڵم، شێلدرابێ و خوێنم بووبێتە ئاودێری زەوی و زاری خاکی تینوو، بەڵام قەت سەرم لەحاند زۆردار دانەخستوە.
هێشتا، زرمەو گرمەی سپای ڕۆم و تورکی عوسمانی و ڕووسی هەژارکوژو پاشاگەردانی عەرەب، لەگوێم دەزرینگێنەوە. برینی کۆنم تەشەنەی کردوە و سەددام و داروو دەستەی زلهێزی جیهانی و ڕەگەزپەرستی، بەدرێشە و نەشتەری زۆرداری، سەرلەنوێ جەرگیان هەنجن هەنجن کردمەوە.
لەبیرچوونەوە لەئارادا نییە. دڵم بە تۆڵە و خەفەت و شینگێڕی، لاواز ناکەم. بەڵام خوێنی ڕۆڵەکانم قەت نافەوتێن.
ڕێژنەی کانیاوی خوێنی ڕۆڵەکانم، گشت جیهان ئاودێردەکا. گەرچی مرۆڤ دۆستم، بەڵام ماف، مافە.
من فێرم بە بێژگە ڕاژاندن و دڵدانەوە، بنوون ئازیزانم، شەوگاردرەنگە. ئێوە هەر لە سەرتاوە فێرن بە دەسرازە و بەستنەوە و قوفڵ و قەڕازە.
کوا دایکێک لەبەرچاوی خۆی، جگەرگۆشەکانی چاوبەست کرێن و پەتی سێدارەیان لەمل بکرێ و مارانگەز بن و لەناوسیاچاڵ و بەند، بڕزێن لەبیر دەکا؟
هەزاران جار، کارەساتی وەک حەوتی پووشپەڕو، دەرمانخوراو کراوم. پشتم چەماوەتەوە.ماڵ و هێلانەی ڕازاوەم، لێ خاپوور کراوە.تاوڵ و ڕەشماڵم بەهەناسەی ئاوری بێگانە، هەڵپڕووکاوە.کۆرپەو گەنجم لەخوێندا گەوزیوە و گوێم لەقاقای شێتانەی دوژمنانم بوە. و پیاوماقووڵ و ڕیش سپیم، ئەتک و سووک کراوە و کیژۆڵەی جوان چاکم، بەزۆر ڕفێنراوە.
بەڵام وەک شۆڕەژنێکی دەست پەروەردەی داوێنی هۆینەماڵ و بوڵفەت و هۆمل، قەت لەبەرچاوی ناحەزان، شینگێڕیم نەکردوە و سەرلەنوێ بەرگ و لیباسی جوان و پۆشتەم پۆشیوە. دەسماڵم شانەوشان کردوە و میخەک و گۆبەرۆکم هەڵاوەسیوە و دەستم داوەتە دەسرەی سپی سەرچۆپی.

گڵێنەی چاوەکانم!
گوێ نادەمە ڕابردوو و مەراقی لێناخۆم. دەزانم دونیای ئەودەم، وەک حەوشەی مەڕو ماڵات چەپەری لێ پێوەدرابوو.وڵاتان پێوەندیان پێکەوەنەبوو. هەموودەتگوت مشک و پشیلەو دڕندەی کێوین لێک دەمڕێنن.دیکتاتۆڕەکان بەتەواوی هێزەوە، ورگی هەژارو بێدەسەڵاتیان دەدڕی و کەس بۆی نەبوو بڵێ پشتی چاوتان برۆیە.تەنانت بۆ هەژار قڕانکردن، یارمەتی یەکتریشیان دەدا.
بەڵام سەرم لەو سەدەیە سووڕماوە. بە سەروەری مرۆڤ،نێودێرکراوە. ئاڵای پیاوەتی و جوامێری لە سەربانی، هەموو دەوڵەتان دەشەکێتەوە. سەدان ڕێخراوە و بنکەی یاسایی و ماف وەرگرتن دامەزراوە. بەقسە، مەرگی پاشاگەردانی و دیکتاتۆرەکان، قاودراوە. زلهێزەجیهانیەکان، خۆبە پێغەمبەری ئاشتی و تەبایی و پێکەوەژیان دەزانن. خۆ لەخواش بێ نیاز دەبینن.
سەرم لەبێدەنگی و خۆمات کردن و سیاسەتی گوڵاو و کڕیار و فرۆشی مرۆڤایەتی ئەوان، دەرناچێ!
ئازیزەکەم!
ئاخر چ لەو هەموو درۆیە و کلکەسووتەیە دەکەی! لەلایەک بەچەک و چۆڵ و بیرو فکر، یارمەتی جوجکە دیکتاتۆڕەکان دەدەن و دابەستەیان دەکەن، لەلایکیش دەهۆڵی هەژاردۆستی و ماف هەستاندن، لێدەدەن.
خەریکە، مێشکم دەتەقێ. چۆن دەزانن بەو جۆرە بژین. ئەو ئاکارە ناحەزەی ئەوان، بەقەت هەزاران جەرگ برین، ئێش و ژانی هەیە. دامەزراندنی ئەوهەموو دام و دەزگا و ڕێخراوە و قسەحۆقەیە لەچی و خۆکەڕکردن و داپۆشینی سێڵاوی تاوانەکان لەچی!

کۆرپەشیرینەکانم!
قەیدێ ناکا، لەناو لانکەی نیشتمان، ئارام بگرن و بنوون.برینە قۆڵەکانتان بەشنە بای بەیانان و دڵۆپەئاوی کوێستان، ساڕێژ دەبێتەوە. بە تکەی خوێنی گەشتان، دڵی سەدان گەنجی دیکە دەپشکوێ.
ئای دەسەڵات و پارە و زێڕو زەمبەر، چ لە مرۆڤی ماڵوێران دەکا! چۆن ئاوساری لەمل دەخاو هەڵی دەسووڕێنێ!
هەرچی گەیشتە سەرکورسی دەسەڵات، بەهەربیرو بۆچوونێک بێ، ئاوڕلە برسی ناداتەوە!کوا گەدەزل، بەرپێی خۆی دەبینێ!

هەی لایە لایە، ڕۆڵەم لای لایە، شەوگار درەنگە و بۆ خەوتان نایە!

جەهانگیربابایی، سەردەشتی جوانەمەرگ، حەوتی پووشپەڕی خوێناوی.

نمایش بیشتر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا