
به نێوی خالقی یەزدانی دانا قەدیمی بێ شەریک حەیی تەوانا
خوداوەندی زەمین و ئاسمانان خودای گیاندار و جەمعی بێ گیانان
هەمو موحتاج و هەرتۆ بێ نیازی هەمو بێ کار و هەر تو کارسازی ئومێدی بێ ئومێد و بێ نه وایان پەناگای دەردەدار و بێ دەوایان کەسوکاری تەواوی بێ کەسانی لەبۆ هەر گیان لەبەر رۆزی رەسانی خودایێکی کەریم و پایە بەرزی بناغەی عالەمت دانا بە تەرزی کەسێکی خۆی بناسێ تۆ دەناسێ کەسی خواناس بە باشی خۆ دەناسێ هەمو زەرراتی عالەم گوێ بە ئەمرن ئەگەر پێیان بفەرمۆی بمرە دەمرن خوداوەندا یەقین و باوەرم هەس خودای عالەم تەنانەت هەر ئەتۆی بەس هەمو عالەم حەریمی خوای کەریمە لە کوفر و شیرک و تاغوت بێ بەریمە بە غەیری تۆم نیە پشت و پەنایەک لە غەیری تۆم نیە خەوف و ڕەجایەک *
بە دڵ تەسلیمی شەرعو دینی تۆمە موتیع و پەیڕەوی ئایینی تۆمە
شەفەق عەبدیکی تاوانباره یارەب لەتۆی زیاتر نیه هیچ چاره یارەب
عبدالرحمان سبحانی (شفق)