شعرکوردی

بەهەشت و دۆزەخ

بەهەشت و دۆزەخ

هۆنراوەی: یونس سولەیمان زادە

لەسەر ئەو عەرزە ئینسان خوڵقاوە
بە هێزی اللە دروستکراوە

بۆ مەبەستی ڕوون هاتۆتە ئێرە
یەکێک ڕووی لەشەڕ یەکێک پڕخێرە

خوڵقێندراوە بۆ تاقیکاری
بۆ عیبادەتی پەروەردگاری

لەدوای مردن و زیندوو بوونەوە
دەبنه دوو تاقم و جییا دەبنەوە

یان لەناو بەهەشت دەمێنن تاسەر
یان لە دۆزەخدا دەبن خاکبەسەر

بەهەشت مەکان و جێگای لەززەتە
بۆ ئەهل و یاری ماییەی عیززەتە

بەهرەمەند دەبێ باوەڕدار لەوێ
لەخۆشی دایە هەرکات بیهەوێ

غەرقە لە شادی و خۆشی چاکەکار
لەناو بەهەشتدا باقی و ماندگار

دەخوا و دەنۆشێ پڕ بەدڵی خۆی
هەرچێک بیهەوێ فەراهەمە بۆی

بەهەشت مەنزڵی چاکەکارانە
لەو شوێنە خۆشی و ڕەحمەت بارانە

خاک و خۆڵەکەی لەمرواریدە
ئەوەش لە ڕەسوڵ هاتووەو واریدە

باغاتی بەهەشت جوان و لەبارن
ژێردارەکانی کانی و ڕووبارن

ڕووبارێک لە شیر یەکێک لە هەنگوین
چەمێک لە شەڕاب یان ئاوی ڕەنگین

لەناو بەهەشتدا سەرخۆش و شادن
لە غەم بێ بەهرە و ڕەهاو ئازادن

دەخۆن هەنگوێن و مەشروباتی خۆش
ئاوی سازگار ، لەوێ دەکەن نۆش

شیریان دەدەنێ تامی نەگۆڕە
شەڕابیش لەوێ بێگەرد و مۆرە

بەرگ و پۆشاکیان ئاوریشمی تەنکە
دواقومی شەڕابیش بە بۆنی میسکە

پێیان دەبەخشرێ هاوسەرانی پاک
لەبۆ ساڵحان بۆ کەسانی چاک

چەندان نیعمەت و خۆشی تێدایە
بەچاو نابیندرێ و بە خەیاڵ نایە

نازانی چیە و چۆنە و چەندەیە
خەڵاتی خودای زۆر بەخشەندەیە

پاداشتی باشە بۆ عەبدەکانی
بۆ ئەو کەسانەی قەدریان دەزانی

یاساو قانوونیان بەڕێوە دەبرد
بە پێی بەرنامەی ژیانیان دەکرد

داییم ملکەچ بوون بۆ ئەمری خوا
دوورە پەرێز بوون لەشتی ناڕەوا

باوەڕیان هەبوو بە کەلامەکەی
بە وەحی و سروش بە بەرنامەکەی

بە پێغەمبەران ، بە ڕۆژی دوایی
بە یوم الحساب ، ڕۆژی جودایی

بە مەلائیکە و فریشتەکانی
بە دەست و نەخش و بەکاری جوانی

ئەوانە هەمووی پایەی باوەڕن
بۆ ژیان مایەی خوشبەختی و فەڕن

هۆکارن هەتا ببین ڕەستگار
پاداش وەرگرین لە پەروەردگار

بەهەشت بکاتە مەنزڵ و جێمان
پێمان ببەخشێ و ڕازی بێ لێمان

بەهرەمەند ببین لەخۆشی دابین
دوور بین لە دۆزەخ ئازاو ڕەهابین

دۆزەخ شوێنێکە پڕ لە ئێش و ژان
خوا سازی کردووە بۆ جەزرەبە دان

بۆ سوتاندنی تاغی و مل هوڕان
بۆ چەوساندنەوەی گشت بێ باوەڕان

بۆ زوڵم کەران لەبۆ موشریکان
هاوەڵگەرانی خوای زاتی سوبحان

لەبۆ مونافیق دوورووی بێ ئیمان
بەڕواڵەت چاکی ناخ نامسوڵمان

بۆ هەموو کەسێ لەدین لابدا
دین واتە یاساو قانوونی خودا

دۆزەخ چ شۆنێ جێگای مەینەتی
شوێنی پەژارەو پڕ نەدامەتی

جێگای ئاگروو بڵێسە باران
دور لەڕەحمەتی خودای میهرەبان

دەستە چینەکەی ئینسان و بەردە
تا بلێی بە تین ، پڕ ئێش و دەردە

لەوێ “سموم ” بایەک ئاگرین
پێست دەبرژێنێ بە ئێش و بەتین

هەرکات بسوتێ پێستان بەیەکجار
بەبەریان دەکرێ پێستێک دووەم جار

هەتا بە جوانی بچێژن عەزاب
پێست و ئێسقانیان ببێتە کەباب

” حمیم ” ئاوێکە جۆشین و کوڵاوو
دەکا دەروونیان پاک پڕش و بڵاوو

خۆراکیان لەوێ زەقووم و کێماو
نوێشی گیان دەکەن خوێناو زەرداو

بەڵکوو لە توونیان ڕزگاریان ببێ
مەخابن حاڵیان خراپتر دەبێ

بە گورزی ئاسن دەدەن لەسەریان
قوڕقوشم و ئاگر دەکەن بە بەریان

لە کۆت و زەنجیر دەخرێتە ملیان
هەروەک زیندانی پەت دەکرێ پەلیان

مسی کوڵاوتوو دەرخواردیان دەدرێ
گەدەو ڕوودەیان سەد پارچە دەکرێ

ڕوویان ڕەش دەبێ وەک تاریکە شەو
لێیان تاڵ دەبێ چی خواردنەو خەو

کافر لەوێدا واویلایەتی
بۆ ڕزگار بوونی خوا خودایەتی

ئاوات دەخوازێ مرۆڤ نەبووایە
لەدایک نەبواو مشتێ خۆڵ بووایە

چوونکە ئازاری دۆزەخ بە ژانە
شوێنی ناڵە ناڵ ، فرمیسک ڕژانە

ئەی خودای بەسۆز ئەی پەروەردگار
لەو شوێنە پیسە ببین ڕەستگار

پەنامان بدە لەئاوری جەحیم
خودای بەخشەندەی ڕەحمان و ڕەحیم

بمانگەیەنە بە بەهەشت لەولا
بەهەشتی بەرین فیردەۆسی ئەعلا

” ئامین “

هۆنراوەی : یونس سولەیمان زادە

نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا