دعوت اسلامیشخصیت هاکوردی

ترووسكەی ڕەسەنی زمان لە قەڵەمی مامۆستا مــــەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیاندا

ترووسكەی ڕەسەنی زمان لە قەڵەمی مامۆستا مــــەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیاندا

ئەمین گەردیگلانی ـ بۆكان

زمانی كوردی لەگەڵ ئەوەی بە درێژایی مێژوو لە ژێر زەبروزەنگی بێگاناندا بووە و هیچ دەسەڵاتێك هەل و مەودای گەشانەوەی پێ نەداوە و تەنانەت هەتا ئەو جێیەی بۆیان كرابێ بۆ تاواندنەوە و سڕینەوەشی هەوڵیان داوە و دەیان پیلان و دەهۆیان بۆ داڕشتووە، بەڵام بەو حاڵەشەوە لە ڕەوت و گەشانەوە نەكەوتووە و هەر زمانێكی دیكە بوایە بە جێی ئەو، ئێستا ئاسەواری نەمابوو. ئەمڕۆش ئەگەرچی زمانی كوردی تا ڕادەیەك لە برەودایە و كتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەی پێ بڵاو دەكرێتەوە و چەن كەناڵی تەلەویزیۆنیشی هەیە، بەڵام زیاتر لە هەموو كاتێ كەوتۆتە مەترسییەوە و ئاوا بڕواتە پێشێ بە دەستی خۆمان تەور لە ڕیشەی دەدەین و لە نێوی دەبەین. بە داخەوە زۆربەی نووسەران و ئەدیبانی ئەمڕۆی كورد لەگەڵ زمانەكەی خۆیان نامۆن و بۆ دۆزینەوەی وشەیەكی پەتیی كوردی و داتاشینی وشە حەفتا كەل‌وكون دەپشكنن و هەر كەس بە كەیفی خۆی وشە و دەستەواژە دادەتاشێ، بەڵام ئەوەی بە لایانەوە گرینگ نییە و هەر بە خەیاڵیشیاندا نایە ڕێزمانە.
رێزمان سەرچاوەی زمانە و هەر زمانێك ڕێزمانی تایبەت بە خۆی نەبێ و پێڕەوی لەو ڕێزمانە نەكرێ تێدا دەچێ. ئەگەرچی خاوەنی ملوێنان وشەی پەتی و تایبەت بە خۆشی بێ. بۆ وێنە زمانی فارسی دەتوانین بڵێین هەشتا لە سەدی وشەكانی، عەرەبی و زمانەكانی دیكەیە، بەڵام چونكە خاوەنی ڕێزمانێكی تایبەت بە خۆیەتی ئێستا یەكێ لە زمانە دەوڵەمەند و زیندووەكانی جیهانە.
ئێمەش بێتوو لە سەر زمان و ڕێزمانێكی یەكگرتوو پێك نەیەین و پێڕەویی لێ نەكەین، باشتر وایە هەر لە ئێستاوە دەستی لێ هەڵگرین و لەوە زیاتر خۆمان ماندوو نەكەین و وازی لێ بێنین. بیر و ئەندێشەیەكیش كە هەمانە وا چاكترە بە زمانێك بینووسین كە ڕێزمانەكەی دروست و ڕەسەنە و تێی دەگەین با دوایی تووشی پەژیوانی نەبین و نەڵێین بە جارێ ماڵی وێرانم ئەویشم چوو ئەمیشم چوو.
ئێستا لە باشووری كوردستان ئەو هەموو گۆڤار و ڕۆژنامە و كتێبە بڵاو دەكرێتەوە بەڵام دەتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم دە لە سەدیان تەنیا كاغەز ڕەش كردنەوەیە و بۆنی زمانی كوردییان لێ نایە. زۆری و بۆریی نووسەر و شاعیری نادەرۆست و بڵاوكراوەی نابەرپرسانە بوونەتە درم و پەتای زمانەكەمان، شێوە زمانێكی ڕەق و تەق و هەللەق مەللەق و ناحەزیان دامەزراندووە و پێی دەنووسن كە لە ژێر كارتێكەری عەرەبی و فارسی و توركی دان و نە ڕێزمانە كوردییەكە دیارە، نە هیچ كام لەو سێ زمانە بە تەواوی پێڕەوی لە ڕێزمانەكەیان دەكرێ.

نووسەران و قەڵەم بەدەستانی ئەمڕۆ بە داخەوە خۆیان بە عەللامەی دەهر دەزانن و فیز بە مەدرەكی زانستگایی و پلە و پایەی فەرهەنگی و ئەدەبییەوە لێدەدەن و تەنانەت دەماریان ناهێنێ نووسراوەی شاعیران و نووسەرانی قەدیم بخوێننەوە و بە كۆنەپەرست و سەلەفییان لە قەڵەم دەدەن. بەڵام ئەگەر چاوێك لە ڕابردووی ئەدەبی كورد بكەین، بۆمان دەردەكەوێ كە نووسەران و شاعیرانی نەمر چ خزمەتێكیان بە زمانەكەمان كردووە و هەر كامیان كۆڵەكەیەكی قایم و پتەو بوون بۆ ئەو میچە بەرین و بەرزەی زمانی كوردی و لە مەترسیی بوومەلەرزە و تێك تەپین پاراستوویانە و بە جوانترین شێوە هەتا ئەمڕۆیان هێناوە و داویانەتە دەست ئێمە. تەواوی ماوەی تەمەنیان لەگەڵ ئەو هەموو كەم‌وكووڕی و نەبوونی و چەرمەسەرێ و كوێرەوەرییەی بوویانە پارێزگارییان لە زمان و ئەدەبەكەی خۆیان كردووە و خوێنی دڵیان خواردووە و سووكایەتییان پێكراوە و بەند و ئەشكەنجە و زیندانیان بە گیان كڕیوە و تامڵیان كردووە و زمانەكەیان بە ڕۆحی خۆیانەوە گرێ داوە و هەتا دوایین ساتی ژیانیان بۆ گەشانەوەی هەوڵیان داوە و خەمیان بۆ خواردووە و بەو ئاواتەوە سەریان ناوەتەوە.
زۆربەی ئەو شاعیر و نووسەرانەش لە حوجرەوە سەریان هەڵداوە و حوجرە دەورێكی گرینگ و بەرچاوی بووە لە بووژانەوە و پەرەپێدانی زمان و ئەدەبەكەماندا. هەر لە مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی و نالی و مەحوی و حاجی قادر و بێكەس و پیرەمێرد و سالم و كوردی و بێخود و حەمدی و وەفایی و حەریق و قانع و سەیفولقوزات و حەقیقی و ئاوات و خاڵەمین و قزڵجی و زەبیحی و هەژار و هێمنەوە تا دەگاتە ڕاوچی و نووری و ئەم مامۆستایەمان كە ئەمڕۆ یادی دەكرێتەوە، هەموو لە حوجرەوە هەڵقوڵیون و هەر كام ئەستێرەیەكن لە قوژبنی حوجرەی گڵین و دووكەڵاوی و كون تێبووەوە هەڵاتوون و ئێستا ئاسمانی زمان و ئەدەبەكەمانیان ڕووناك و گەشاوە و زریوەباران كردووە.

جێی خۆیەتی لێرەدا بۆرە گلەییەك لە مامۆستایانی ئایینی و حوجرە بكەین و لێیان بپرسین بۆ بێدەنگن و دەنگ هەڵنابڕن و سەر هەڵنادەن؟ بۆ ئاسۆی حوجرە تەم گرتوویەتی و ئەستێرەی لێوە هەڵنایە. خۆ مامۆستاكانی ئەمڕۆ لە هەموو بارێكەوە لە مەلا و فەقێكانی قەدیم تێر و تەسەلتر و پۆشتە و پەرداختر و بێ‌خەمترن و ئازادیی قەڵەم و بەیانیش ئەمڕۆ زیاتر هەیە.
با لەوە زیاتر خوێنی خۆم تاڵ نەكەم و قسەی هەق و ڕەق نەدركێنم و دڵانی ناسك و شێعراوی و هونەراوی لە خۆم شلوێ نەكەم و درێژدادڕی وەلا نێم.
ئەگەر بە چاوێكی هەقبینانە و سادقانەوە بڕوانینە بواری پەخشانی سەردەم لە ئەدەبیاتی كوردیدا لە دوای ماموستا هەژار، قەڵەمی مامۆستا مەلاعەبدوڵڵای ئەحمەدیان لەو بوارەدا لووتكەیە و پاراوی و ناسكی و ڕەوانی و ڕەسەنایەتی زمانی ئەو كەڵە نووسەرە مرۆڤ تووشی سەرسوڕمان دەكات، زمان و وشە و زاراوە و دەستەواژە و پەند و قسەی نەستەق لە دەستیدا وەكوو مێو وایە و لە دانان و ڕیز كردنی وشەدا هێندە میعمارێكی زانا و مامۆستایە و هێندێ جار شیرینی و ڕێك‌وپێكی و جوانی لە زمانی پەخشانەكانیدا دەگاتە ئاستێك خوێنەر مەست دەكا و وەك دەروێش لەوانەیە حاڵی لێ بێ و شاگەشكە بێ.

مامۆستا ئەحمەدیان لە بواری ئایینی و ئەدەبی و كۆمەڵایەتی و هونەری و سیاسیدا هەوڵی داوە و قەڵەمە بەبڕشت و بەتواناكەی وەك كانیاوی بەهاران وشەی ڕەسەن و پەتیی كوردی لێ هەڵقوڵیوە و خوێنەری وریا و كوردی‌زان و شارەزای زاراوەی ڕەسەنی موكریان دەزانن چ سیحرێك لە زمان و كەلامی ئەو زاتە پایە بەرزەدایە.
ڕۆمانی «گەلحۆ» گەنجینەیەكی دەوڵەمەند و بەنرخی ئەدەبییە كە كەلاوڕێژە لە وشەی ڕەسەن و پەتیی كوردی. لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆمانێكی ڕەخنەگرانە و تەوس‌ئامێزە و ئاماژە بە بیر و باوەڕ و خورافاتی كۆمەڵگای كوردەواری دەكا و دەیانداتە بەر پللاری تانە و سەركۆنە.
لە بواری ئایینیشدا دەیان كتێب و وتاری بەنرخی نووسیوە و بە شێوەیەكی ڕۆشنبیرانە و سەردەمییانە ئاوڕی لە مەسەلە ئایینییەكان و بارودۆخی دین و مرۆڤ داوەتەوە و هەروەها زۆربەی گەورە پیاوانی ئەدەب و ئایینی بەسەر كردۆتەوە و سەبارەت بە ژیان و ئاسەواریان نووسیویەتی و تیشكی سەرنجی خستۆتە سەریان و بە كۆمەڵگای كوردەواریی ناساندون. مامۆستا ئەحمەدیان ئەو گەورە پیاوانەی بە چیای بەرز شوبهاندووە و لە ڕاستیدا هەر واشە. چونكە گەورە پیاوانێكی وەك عەللامە قزڵجی و عەللامە مەلا ئەبووبەكری موسەنیف و مەلا یۆسفی ئەسەم، بوداغ سوڵتان و مەلاجامی و…
هەروەها چەند لێكۆڵینەوەی ئەدەبی نووسیوە لەوانە وەفایی و سابڵاغ، مەولەوی و ئاسەوارەكانی لە دەلاقەیەكی نوێوە، بیرەوەریی مامۆستا هەژار، شێعر و هێمن، یادێك لە مەلا كەریمی فیدایی، شوێن دانانی قورئان و حەدیس لە سەر ئەدەبیاتی كوردی، سووكە ئاوڕێك لە مێژووی زمان و وێژەی كوردی و زمانی تەنز و تەوس و…
هەروەها چەند وتاری ئایینی و نەتەوایەتی نوووسیوە: وەك: كورد و ئیسلام، ڕۆژ، زەوی، مانگ، ئاو، هەوا؛ بیرەوەریی كارەساتی جەرگبڕ و دڵتەزێنی هەڵەبجە، زستانی دڵڕەشی كەوڵ سپی تێی تەقاند، جێژنی نەورۆز و پەیام و بیرەوەرییەكانی و…

لە وتاری «شێعر چییە و شاعیر كێیە؟ شیعر كەڵكی چییە و زیانی چییە؟ شیعری كۆن و نوێ تەوفیریان چییە؟»دا ئاماژە بە زۆر شتی جوان و ناسك دەكات و دەفەرمێ: «شیعر گڕ و گرپەی دڵانێكە كە مەنجەڵی دڵی چەند ئینسانێكی دیكە لەسەر كوانوویەكی سێ كوچكە وەكوڵ دێنێ و ئەو كوچكانەش بریتین لە:
1ـ شعوورێكی تایبەتی و هەست و خوست و دیتن و بیستنێكی كە دەبێتە هۆی ئەوە شاعیر ڕەنگ و دیمەنی وا دەبینێ و بانگ و هاواری وا دەبیستێ كە هەتا ئەو هاواری نەكردووە و دەست نیشانی نەكردوون، خەڵكی ئاسایی هەواڵێكیان لەوان نەبووە، وەكوو ئەوەی كە هەر ئەو دووربینی بە سەر چاوییەوە بێ و هەر گوێی ئەو هەست و خوستی نهێنی ببیستێ!
كوچكی دووهەم دەزگایەكی یەكجار بەكاری بیرتاشین و چاوگۆڕین كە شاعیرێك بە هێزی ئەو دەزگایە دەتوانێ دوو كاران بكا، یەكەم: دووربینی دیتنی خەڵك بۆ دیتنی ڕاستەقینەكان ئەوەندە بەتین و گوڕم و قۆچاغ بكا، كە هەق و ناهەق و چاكە و خراپە بە ڕەنگێكی یەكجار زەق و زیندوو ببینن. دووهەم: دووربینی دیتنی خەڵكی وەها سەرەوبن كەن كە شتی زۆر كەم و بڕیان بە زۆر و زەوەند وەبەر چاوی بخەن!
كوچكی سێهەم: هێزی داڕشتنی بیر و لە قاڵبدانی خەیاڵ كە شاعیرێك بە جۆرێكی ئەوەندە هونەرمەندانە ئەو بیر و خەیاڵانە دادەڕێژێ و قاڵبەكانیان پێك دەگرێ و هاوتایان دەكا و جەمسەرەكانیان هاوڕەنگ و هاودەنگ دەكا و شایانی بیستنیان دەكا….»
كە بە بڕوای من جوانترین وەڵامی بۆ شیعر چییە بە دەستەوە داوە. بۆچوونی ئەو مامۆستا بەڕێز و زانایە وردبینانەترین وەڵامە بۆ ئەو پرسیارە.
لەو وتارەدا زۆر بێ لایەنانە شیعری نوێ و شیعری كێش و سەروادار هەڵدەسەنگێنێ و ئاماژە بەو خاڵە گرینگەش دەكا کە: شیعری نوێ ڕەنگە لای نەتەوەكانی دیكە نوێ بێ، بەڵام لە لای ئێمەی كورد سەدان ساڵە بە شێوەی بەیت و حەیران و بەندەكان كوتراوە و منیش بەش بە حاڵی خۆم ئەو ڕایەی دەسەلمێنم و لەوەتا دەستم قەڵەمی گرتووە و بیرم بڕی كردووە هەر لەسەر ئەو باوەڕە بووم و شیعری نوێم بە درێژە پێدەر و كامڵ بووی بەیت و حەیران و بەندەكان زانیوە. شیعریش ئەگەر شیعر بێ لە هەر قاڵب و فۆڕمێكدا بێ شیعرە و شیعری ڕاستەقینەش یانی ئاوێنەی زەمان، ئاوێنەیەك كە لە چوارچێوە گیرابێ یان بێ چوارچێوە بێ گرینگ نییە، گرینگ ئەوەیە جوانی و ناحەزی و هەقیقەتی ژیان و زمان و كۆمەڵگا نیشان بدا.
لە كۆتاییدا جارێكی دیكە تكا لە نووسەران و شاعیرانی لاو دەكەم ئاگایان لە زمانەكەمان بێ و هەوڵ بدەن زمانی كوردی بە شێوەی دروست و ڕێزمانی دروستەوە فێر بن و پێی بنووسن. ئەوەش تەنیا لە سایەی قەڵەم و ڕێبازی گەورە پیاوانی گەلەكەماندا وەدەست دەكەوێ و دەتوانین تینوایەتیمان لە كانیاوی بیر و زانست و زمانی ڕەسەنی گەورە پیاوانێكی وەك مامۆستا هەژار و مامۆستا هێمن و مامۆستا ڕاوچی و مامۆستا ئەحمەدیان بشكێنین و پاراو بین و درێژە پێدەری ڕێگا پاك و بێگەردەكەیان بین.

ئەمین گەردیگلانی ـ بۆكان

نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا

Notice: ob_end_flush(): failed to send buffer of zlib output compression (1) in /home/mihrab777dcv3e/domains/sozimihrab.org/public_html/wp-includes/functions.php on line 4757

Notice: ob_end_flush(): failed to send buffer of zlib output compression (1) in /home/mihrab777dcv3e/domains/sozimihrab.org/public_html/wp-includes/functions.php on line 4757