
دایکی بڕواداران خاتوو عایشه‌ی سدیقه، کچی ئه‌بووبه‌کری ڕاستگۆ و هاوسه‌ری پێغه‌مبه‌ری خوا(سه‌لامی خوای لێ بێت)، دینناسترین ئافره‌تی مێژووی ئیسلام و یه‌کێک له زانایانی بواری حوکمه شه‌رعییه‌کانه. له مناڵیدا به هۆی به‌ختی به‌رزی له‌ژێر سێبه‌ری یاری ڕاستگۆ و باوه‌شی دڵسۆزیی دایکی دڵ‌پاکی «ام رمان کنانیه» چاوی به دونیا هه‌ڵێنا و له گوڵستانی ڕوحگەشێنی کانگای میهر و ئه‌ده‌ب و له سفره و خوانی په‌روه‌رده‌ی ئیمانی، ڕوح و گیانی له خۆراکی پارێزکاری و ڕه‌وشتبه‌رزی تێر ده‌کات و له دڵۆڤانیی و دڵسۆزیی باوکی، خووی خۆی وەڕازانده‌وه که مه‌لی به‌خته‌وه‌ری له‌سه‌ر شانی و ناخ و ڕووی شیرینی، له ناو دڵ و گیانی کارزانی کاروانی جوانپەسەندان هه‌ڵنیشێت و له به‌ختی به‌رزی، به‌ربژێری هه‌ڵبژێردراوێک بوو که وانه‌ی «فَاظفَر بِذَاتِ الدِّینِ تَرِبَت یَدَاکَ» (له بوخاری و موسلیم گێڕدراوه‌ته‌وه) فێری خوازبێنان ده‌کرد.
ئێستا که به یارییه‌کی ته‌کووزی ڕۆژگار و له‌ژێر تیشکی وردبینی (لطیفا) و ڕازدانی (خبیرا) ی به‌دیهێنه‌ر، لای مامۆستاکه‌ی دانیشتووه و به ڕاگه‌یاندنی قوڕئان و حیکمه‌ت ڕاسپێردراوه: «وَاذکُرنَ مَا یُتلَی فِی بُیُوتِکُنَّ مِن آیَاتِ اللهِ وَالحِکمَهِ إِنَّ اللهَ کَانَ لَطِیفًا خَبِیرًا» (ئه‌حزاب:٣۴) وێڕای گرینگی‌دان به ئه‌رکی ڕاسپارده‌ی و به‌هره‌مه‌ندبوون له هاونشینی کانگای میهر و سه‌فا، هۆش و هزری پاکی به ڕێنوێنی گوێی بیسه‌ری و هه‌ردووکیانی پێکه‌وه بۆ پێشوازی له زمانی شیرینبهیانی سه‌روه‌ری سه‌قه‌له‌ین (جین و ئینس) نارد و له که‌شێکی دڵخوازی فێرگه‌ی پیرۆزیاندا، وانه‌ی شه‌ریعه‌ت و دینناسی به ئاویته‌ی ئه‌وین، لەژێر ڕێنمایی دڵسۆزانه‌ی هاوسڕ و هاوسه‌ری فێر بوو و به به‌ره‌که‌تی به‌هره‌مه‌ندی له میهر و مۆری پێغه‌مبه‌ری گهوههرنیشان، بوو به سەرچڵی هاوقه‌تاران و پێشه‌وای دینخوازان و هه‌ڵوێست و فتواکانی بوو به مه‌شخه‌ڵ و ئهختهرمهی ڕێڕه‌وانی ڕێگای «ایاک نعبد و ایاک نـستعین» و به حه‌ق که له‌و بواردا زۆر جوان دره‌وشایه‌وه.
هه‌ر بۆیه ئیبنی قه‌ییم جوزیی زانا، له کۆی زیاتر له ١٣٠ هاوه‌ڵێکی که فتواکانیان له مێژوودا تۆمار کراوه، عایشه‌ی له ڕیزی حه‌وت هاوه‌ڵی خاوه‌ن زۆرینه‌ی فتوا هه‌ژمار کردووه (ئیعلامولمه‌وقعه‌ین ۱۸/۱) و له درێژه‌دا له ئیبی حه‌زمی ئهندهلێسی ده‌گێڕیته‌وه: زۆری فتواکانی ئه‌و حه‌وت که‌سه به‌ڕاده‌یه‌که که ده‌کرێ کتێبێکی ئه‌ستوور بۆ هه‌رکامیان ته‌رخان بکرێ. (ئیعلامولمه‌وقعه‌ین ۱۹/۱).
له مهسرووقی کوڕی ئه‌جده‌ع، شوێنکه‌وته‌ی به‌ناوبانگیان پرسی: ئایا عایشه له زانستی میراتیش شاره‌زایی هه‌بوو؟ له وه‌ڵامدا وتی: سوێند به خوا زانایانێک له هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر(دروودی خوای لێ بێ) سه‌باره‌ت به میرات له عایشه پرسیاریان ده‌کرد (ئیعلامولمهوقعهین۲۳/۱).
ئه‌بوو مووسا ده‌ڵیت: ئێمه‌ی هاوڵی پێغه‌مبه‌ر(دروودی خوای لێ بێت) هه‌ر کێشه‌یه‌کمان سه‌باره‌ت به فه‌رمووده له عایشه پرسیبا؛ ده‌ماندیت که سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته زانیاری زۆری هه‌یه (زهههبی۱۷۹/۲). عوڕوه‌ی کوڕی زوبه‌یر له وه‌سفی عایشه‌دا ده‌ڵێت: له زانستی قه‌زاوقه‌ده‌ر، ناسینی فه‌رهه‌نگی نه‌فامی، هۆنراوه، میرات و پزیشکی زاناتر له عایشه‌م نه‌دیتووه(ئیعلامولمهوقعهین۲۷/۱).
زۆهری زانا ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر زانست و زانیاری ته‌واوی ژنان و دایکی بڕواداران کۆ بکرێته‌وه، زانستی عایشه له‌وان زۆرتر بوو (زه‌هه‌بی۱۸۵/۲). عه‌تای کوڕی ئه‌بی ڕه‌باح له ستایشی عایشه‌دا ده‌ڵێت: عایشه دینناسترین که‌س بوو (زه‌هه‌بی۱۸۵/۲). له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ئیبنی قه‌ییم ده‌ڵێت: عایشه له زانستی شه‌ریعه‌ت و میرات سه‌رچڵ بوو و له‌و که‌سانه‌ی که لای ئه‌و فێری شه‌ریعه‌ت بوون و به‌ده‌گمه‌ن له فتواکانی لایان ده‌دا، ده‌کرێ ئاماژه به خوشکه‌زاکه‌ی، عوڕوه‌ی کوڕی زوبه‌یر و برازاکه‌ی، قاسمی کوڕی موحه‌ممه‌دی کوڕی ئه‌بووبه‌کر بکرێ (ئیعلامولمه‌وقعه‌ین ۲۷/۱) که له حه‌وت زانای فیقهی به‌نێوبانگی مه‌دینه (فه‌قێیانی سبعه) بوون. هه‌روه‌ها حافزی شه‌مسه‌دین زه‌هه‌بی له‌و خاتوونه زانا و هه‌ڵکه‌وته‌یه به «افقه نسا‌ء الامه علی الاطلاق» واته دینناسترینی نه‌ته‌وه‌ی ئیسلامی نێوی ده‌بات. (زهههبی۱۳۵/۲)
ئه‌و هه‌موو ستایش و پێههڵڵاگوتنه سه‌باره‌ت به‌و خاتوونه ڕێناسه و ئه‌ویش له زمان مامۆستایانی زانا، به‌ڕوونی ئاشکرای ده‌کات که ئه‌و زانایه‌کی هه‌ڵکه‌وته و خه‌مڵیو به زانایی له بواری دین و گه‌شه‌ی دینداریدا بووه. خۆشناوی له‌نێو بڕواداران، موژده‌ی سه‌رفرازی ئه‌و له ئاخیره‌ت و نیشانه‌ی خۆشناوی له لای خوای به‌دیهێنه‌ره. هه‌روه‌ک پێغه‌مبه‌ر(دروودی خوای لێ بێت) ده‌فه‌رموێت: «تُشِکُوا أن تَعرِفُوا أهلَ الجَنَّهِ مِن أَهلِ النَّارِ بَالثَّناءِ الحَسَنِ و الثَّناءِ السَّیِّئِ» واته: «خه‌ریکه به هۆی ستایش یا لۆمه‌ی خه‌ڵک سه‌باره‌ت به که‌سه‌کان، به‌هه‌شتیان له دۆزه‌خیان بناسرێنه‌وه.» (ئیبنی ماجه۴۲۲۱ و پێشه‌وا ئهحمهد۴۱۶/۳)
جیا له‌وه، به‌پێی به‌ڵگه‌ی ڕاستی قوڕئانی، عایشه به هۆی ڕێز و حوڕمه‌تی، دایکی بڕوادارن هه‌ژمار ده‌کرێ. (ئه‌حزاب:۶)
هه‌روه‌ها به شایه‌تی مێژوو، عایشه دوای کۆچی گه‌وره ژنی ئیسلام، واته خه‌دیجه‌ی دایکی بڕواداران(خوای لێی ڕازی بێت)، خۆشه‌ویستترین هاوسه‌ر له دڵی پێغه‌مبه‌ر(دروودی خوای لێ بێت) بووه. هه‌روه‌ک عه‌مری کوڕی عاس که له ساڵی هه‌شتی کۆچی ئیمانی هێنا بوو، له پێغه‌مبه‌ری پرسی: خۆشه‌ویستترین که‌س لای ئێوه کێیه؟ فه‌رمووی: «عایشه». هه‌روه‌ها کاتێک دایکی سه‌له‌مه به نوێنه‌رایه‌تی له خێزانه‌کانی تر بۆ گازنده له پێگه‌ی عایشه، بۆ لای پێغه‌مبه‌ر(دروودی خوای لێ بێت) چوو؛ فه‌رمووی: «لا تؤذینی فی عائشه» واته: سه‌باره‌ت به عایشه ئازارم مه‌ده‌ن. به‌ڵێ، پێغه‌مبه‌ر(دروودی خوای لێ بێت) به ڕاده‌یه‌ک عایشه‌ی خۆش ده‌ویست که ته‌نانه‌ت سکاڵای له‌و، به ئازاری خۆی ده‌زانی (زهههبی۱۴۲/۲).
جارێکی تر هه‌ر به‌و مه‌به‌سته فاتمه‌ی کچیان(خوا لێی ڕازی بێت) بۆ لای باوکی نارد. فاتمه پێی وت: خێزانه‌کانت سوێندت ده‌ده‌ن که سه‌باره‌ت به عایشه دادپه‌روه‌ر بی! پێغه‌مبه‌ر(دروودی خوای لێ بێت) فه‌رمووی: ئه‌ی کچی ئازیزم؛ ئایا خۆشه‌ویستی منت خۆش ناوێت؟ فاتمه وڵامی دایه‌وه: به‌ڵێ و بۆ لای دایکانی بڕواداران گه‌ڕایه‌وه و به‌سه‌رهاته‌که‌ی بۆ گێڕانه‌وه. (زهههبی۱۴۴/۲)
ئایا هه‌ر ئه‌وه‌یکە پێغه‌مبه‌ر(دروودی خوای لێ بێت) له کاتێکدا ئازاری نه‌خۆشی سه‌ره‌مه‌رگی فشاری بۆ هێنابوو، له خێزانه‌کانی ئیزنی وه‌رگرت که له ژووری عایشه‌دا بمێنیته‌وه و ئه‌وانیش ئیزنیان دا (ئیبنی هیشام۵۴۰/۴)، به‌ڵگه له‌سه‌ر ئه‌و خۆشه‌ویستییه نییه؟! ئایا نابێ فاتمهئاسا، خۆشه‌ویستی پێغه‌مبه‌رمان خۆش بوێت؟ چونکه له‌سه‌ر هه‌ر موسوڵمانێک پێویسته که ڕێز و حورمه‌تی خۆشه‌ویستانی پێغه‌مبه‌ر بگریت. هه‌ڵبه‌ت بڕوادارانیش ته‌ک پێغه‌مبه‌ری ئازیز په‌یمانیان به‌ستووه که تاکوو گیانان له‌به‌ردا مابێ، خۆشه‌ویستانی دڵی ئه‌ویان وه‌ک گیانی خۆیان خۆش بووێت.
هه‌ر بۆیه مهسڕووقی شوێنکه‌وته هه‌رکات فه‌رمووده‌یه‌کی له عایشه گێڕابایه‌وه، ده‌یگوت: ڕاستگۆی کچی ڕاستگۆ، خۆشه‌ویستی خۆشه‌ویستی خوا و خاتوونی فحێل له حه‌وت قاتی ئاسمان ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ی بۆ گێڕاومه‌ته‌وه و منیش به درۆی نازانم! و ده‌یگوت: ئه‌گه‌ر به هۆی هێندێک بابه‌ت نه‌بایه، بۆ خاتوو عایشه چهمهرگێڕیم ده‌کرد (زه‌هه‌بی ۱۸۱و۱۸۵/۲). عه‌بدوڵڵای کوڕی عوبه‌یدی کوڕی عومه‌یر ده‌ڵێت: «إنَّهُ لایحزن علیها الا من کانت امه» واته: که‌س بۆ عایشه به‌په‌رۆش نابێ مه‌گه‌ر ئه‌وه‌یکه عایشه دایکی بووبێت. (زه‌هه‌بی۱۸۵/۲)
سه‌رچاوه‌کان:
١- ئیبنی قه‌ییم جوزی، اعلام الموقعین عن رب العالمین، لێکۆڵینه‌وه‌ی به‌شیر موحه‌ممه‌د عه‌یون، ده‌مێشق: دارولبه‌یان، چاپی یه‌که‌م ۱۴۱۲ق.
٢- ئیبنی هیشام، سیره‌ی نه‌به‌وی، لێکۆڵینه‌وه‌ی ئیبڕاهیم ئه‌بیاری و دیتران، بیروت: دارولمهعریفه، چاپی دووههم۱۴۲۲ق.
٣- زه‌هه‌بی، حافیز شه‌مسه‌دین، سیر اعلام النبلا‌ء، لێکۆڵینه‌وه شوعه‌یب ئهرنووت، بیروت: ڕێکخراوه‌ی ئهررساله چاپی یازده‌هه‌م ۱۴۱۹ق
نووسه‌ر: جه‌لیل به‌هرامی نیا
وەرگێڕ: کولسووم حەسەنزادە