گفتگو

علامه ابن آدم دانشمند نامی و ناشناخته کورد(2-2)

عەللامە ئیبنوئادەم، زانا و ڕۆشنبیر و بڵیمەتی تاقانەی کورد لە سەردەمی بداغ خانی موکری(2-2)

    4- بیر و باوەڕی مامۆستا مەسعوود محەممەد لە مەڕ ئیبنوئادەم

جا کەوابوو دەقی بەشێک له بیر و باوەڕ و بڕیارەکانی مامۆستا مەسعوود محەممەد لەمەڕ عەللامە ئیبنوئادەم وەک یەکێک لە « امّهات» سەرچاوەکانی لێکۆڵینەوە لەمەڕ ژیان و بەسەرهات و ئاسەوارو بیر و هزری ئەم زانا نێو بە دەرەوە باس دەکەین.

«…مەلای ئیبنوئادەم زانایێکی ئەوتۆیە لە هەر میللەتێکدا هەڵکەوێ شانازی پێوە دەکا. لە سەردەمی خۆیدا گەیشتووە بەو پەڕی شارەزایی و پسپۆڕی لەو زانستانە کە لە باو و ناو دابوون. لە باری فکری ئازادیشەوە بە کێش و تەرازووی هەڵسەنگاندنی واتای «ئازادی» لەو سەردەمەدا ماوەیەکی فراوان لە تێکڕای ڕۆژگاری خۆرهەڵات پێشکەوتووەتەوە. ئەگەر لیستەیێکی ناوی زانا گەورەکانی کورد بگیرێ ناوی ئەو لە دێڕی هەرە پێشەوە دێ لەگەڵ چەند ناوێکی دیکەی بایی دێڕێک بکەن، لەوانە هەر یەکێکیان لە دەورەی خۆی دا پێشەوای زانست بووە…»( مەسعوود محەممەد، حاجی قادری کۆیی، بەشی دووهەم، ل : 67 ).

«…کاشکی خێرەومەندێک چ مەلا چ ڕۆشنبیرێکی دیکە لەوانەی خولیای زیندوو کردنەوەی کەلەپوور و ڕابردووی مردوومان لە مێشکیاندایە ژیان و بیر و باوەڕ و بەرهەم و کرد و کۆش و چالاکی ئەم زانایە زلەی زیندوو کردبایەوە بۆمان،  بیخستبا ناو کتێبێکەوە تاکوو وەک « فرض الکفایە» کە تەرککردنی هەمووان گوناهبار دەکا و پێ هەڵستانی لە لایەن یەکێکەوە هەمووان لە گوناه ڕەها دەکا ئەویش خۆی و میللەتەکەی ڕەها کردبا لە کەمتەرخەمی و بێباکی بەرامبەر چرای هیندە پڕشەنگدارمان، قەرزی مەلای ئیبنوئادەمیشی دەداوە لە جیاتی خۆی و گەلی کورد…»( هەمان، ل: 68 ).

«… که واته ریی تی ده چی مه لای ئیبنو ئاده میش تاقه سواریک بووبی وه ک ئه حمه دی خانی، له ده وروبه ری خوی دا که س نه بووه هینده ژیر و هه لکه وتوو بووبی توانیبیتی خوی به تیشکی بیروباوه ری ئه و رووناک کاته وه، به وپییه هاتنی حاجی قادر [کویی] ش بومه لبه نده که ی ئیبنوئاده م[و خویندنی حاجی قادر کویی وه ک قوتابیک له لای مه لای ئیبنوئاده م] ده بیته ریکه وتنیکی خوش که نه یهیشت ده نگی ئیبنوئاده م بی سه دا برواوون بی…»(هه مان، ل:81).

«…ئەوەی ڕاستی بێ تۆژینەوەم گەیاندوومی بە دۆزینەوەی شوێنپێی ئیبنوئادەم لە سەر چەقی ڕێبازی کوردایەتیدا بەڵام لە سنووری حەقپەرەستی ڕووتەوە و بێ مەبەستێکی مادیی دونیایی چووەتە ناو کوردایەتییەوە. مەلای ئیبنوئادەم بە هۆی دڵی هۆشیار و فکری حەپەرەستییەوە گەیشتووەتە ئەم ڕاستییە کەوا لە دەڕبڕینی کوردبوون و نووسینی کوردی و هێنانی ناوی کوردستان هیچی ناجایەز پەیدا نابێ و چ « بدعە» ڕوو نادا. لەو مەیدانە دا گاڵتەشی بەو کەسانە کردووە، نەخێر تاوانباری کردوون، کە بە لایانەوە نووسینی کوردی کارێکی ناڕەوایە».

ئەم هەنگاوە زلەی ئیبنوئادەم بەرە و ڕاگرتنی کورد لە ڕێزی میللەتانی تر دا تاکە هۆی بڵیمەتی و حەقپەرەستی خۆی پێی هەڵێناوه ، لە هیچ فێرگەیەکی سیاسی سەردەمی خۆی و پێش خۆیەوە فێری هەڵێنانی نەبووه. وەنییە منیش بە لێکدانەوە و سرنج گرتن لە هێمای کردار و گوفتاری ئیبنوئادەم گەیشتبمە قەناعەت بە بوونی ئەو هەنگاوە لە ڕەوتی ئەودا، خۆی بە نووسین و سەراحەتی پاتە و پات ڕاستییەکەمان دەخاتە بەردسەت و چاوان.

…ئیبنوئادەم لە پەراوێزی شەرحە عەڕەبییەکەی «مشکاة المنقول» ڕستەیەک دەنووسێ من لێرەدا وەک خۆی بێ زیاد و کەم دەیهێنمە بەرچاوی خوێنەر تاکوو بی تەرجومان و بە جۆرێکی ڕاستەوخۆ گەرمایی و سۆزی نووسینەکە بێنە بەر هەست و زانینەو:

« و من العجب انی سمعتُ أنه شُنِّعَ علی بان الدیباحة کردیة فصدق علیهم المثل الکردی السائرُهم کبیضة خرجوا من قشرها… » واتاکەشی بە کوردی ئەمەیە :

«سەیر لەوەدایە کە لێیان بە عەیب گرتووم پێشەکییەکم، کوردییە، بەوەدا ئەم وتەیەی کوردیمان لێ بەڕاست گەڕا کە دەڵێ وەک هێلکە لە قەپێلکی خۆیان دەرچوون…»

سەیرکە چەند زیرەکانە و زانایانە و دڵسۆزانە لە زەمینەی دیفاع کردن لە نووسین بە زمانی کوردی، هەر بە پەندی کوردی، ئەو کەسانە ڕیسوا دەکا کە کوردن و شەرمیان دێتەوە لە زمانەکەیان. لزووم نابینم من خۆ هەڵقوتێنم لە هێما و ڕاگەیاندنی ئەم نووسینانە چ لە پێشەکەییەکە و چ لە پەراوێزەکەدا، هەر ئەوەندە دەڵێم بە دەست خۆم نییە تا تێوەیان ڕادەمێنم ئیبنوئادەمم بەلاوە زلتر دەبێ و خۆمانم بچووکتر دێتە بەر چاو کە هێندە نانکوێرین لەگەڵ مرۆڤی وا بێ هاوتاماندا. گیانی کوردایەتی و شۆڕشی کورد قەرزە بەسەر شانیانەوە پەیکەرێکی سامناک بۆ ئیبنوئادەم بەرپا بکەن لە شوێنێکی ئەوتۆی کوردستان کە وا پڕ بێ لە دەلالەت …»( هەمان، ل: 82 – 85).

«…دەبینی شوێن پێی ئیبنوئادەم لەسەر شەقام و ناو جغزی کوردایەتیدا هەموو چاوێک دەیخوێنێتەوە لەگەڵ ئەمەشدا دەبێ بسەلمێنین ئیبنوئادەم لە مەڵبەندی حەقپەرەستی و موسڵمانەتی و دڵ هوشیاریی خۆیەوە گوزەری کەوتووەتە هەرێمی کوردایەتی و لەم گوزەرە دا چ ڕەهەندێکی سیاسی پاڵی نەناوە… کەوابوو کوردایەتی ئیبنوئادەم لە حەقپەرەستی ڕووت و بێ فێڵەوە دێت و چ پەکی لەسەر ڕابەری سیاسی نەکەوتووە فێری بکات، بۆ هیچ مەبەستێکی سیاسیش ئەم قسانەی نەکردوون.

پیاوێکی خوا پەرەستی حەقناسی نەترساوە چی بە ڕاست دەزانێ ئەمە دەڵێ و دەکا بە بێ نیازێکی نهێنی سەر بە بەرژەوەندی دنیاوە کە ئەمە دەڵێم بەلای خۆمەوە لە نرخی ڕاستەقینەی بیر و باوەڕەکانی ئیبنوئادەم زیاد دەکەم، بەڵام نەک زیاد کردنی بە واتای خستە سەر و بۆ خواستنەوە بەڵکوو ئەو زیاد کردنە کە بە دەرخستنی  نرخەکە نەبێ نایەتە بەرچاوانەوە. ئەگەر مەلای ئیبنوئادەم وەک خەلقی تر لە ڕابەر و مامۆستایان فێری گوتنەوەی ڕاستی و مافی میللەتەکەی بووبا دەبوو قوتابێکی باش نەک پێشەوایێکی هەڵکەوتە لەو مەیدانەدا . لەم تێبینییەی دوایی ڕا بۆ تێبینێکی گرینگی تر دەڕۆم، ئەویش لە لای خۆیەوە نەختێک ڕۆشنایی داوێژێ لەبەر چاوی خوێنەر بە تایبەتی ئەو خوێنەرانەی دەیانەوێ مامۆستایێک بدۆزنەوە لە کوردستان بیری حاجی قادری [کۆیی] بۆ کوردایەتی بردبێ… مامۆستاکەی حاجی [قادر کۆیی] هێندە زانا و بڵیمەت بووە بە بیری تیژی خۆی ڕاستیی سیاسی و مافی میللەتی دۆزیوەتەوە لە سەردەمێکدا کە هێشتا ئەو تەرزە بیرکردنەوەیە لەو مەڵبەندە دا لە سکی مێژووی کورد دا نەڕسکابوو..

ئەو هێندە ئاکار و ئاساری زانایی و ئازایی و حەقپەرەستییەی کە من لە ئیبنوئادەم دا ڕەچاوم کرد و بە بەڵگە سەپاندم بایی ئەوەندە گوتە و کردە و بیر و باوەڕانە دەکەن کە ڕاستەو خۆ لە گیانی حەقپەرەستی و زانایی و ئازاییی ڕووتەوە هەنگاوی پێ هەڵێنابێ بۆ ناوە ڕاستە شەقامی گڕ و گاڵی کوردایەتی و بەڕەوا زانینی کوردبوون و کوردی نووسین».( هەمان، ل: 87 – 89 ).

بیر و بۆچوون و بار و دۆخی ئەو کاتەی کوردستان لە بەرژەوەندی شێخەکان و سوفییەکان دابوو. مامۆستا مەسعوود محەممەد گلەیی لەو بار و دۆخە دەکا و دەڵێ :

 « تەنانەت مەلا نەیدەوێرا بڵێ حەزرەتی شێخ خزمی خودا نییە، مەگەر یەکێکی وەک ئیبنوئادەم یان حاجی قادر یان باوکم…»( نامەکانی مەسعوود محەممەد، ڕامان،ژ97، ل: 60 ). سەبارەت بەو بابەتە لە شوێنێکی تر دا مامۆستا مەسعوود محەممەد دەڵێ: «…ئیبنوئادەم جگە لە مەلا باشییەکەی کە شۆرەتی لە باس کردن و هەڵدانەوە بێ نیازه، بەرهەڵست کردنی خورافات و دوژمنایەتی پیاوی ئایینی تەڵەکەباز و سەلماندنی بێ شەرعی ئاشکرا و چەوساندنەوەی خەڵک بۆ سوودی شەخسی بە ناوی دینەوە، کە ئەمانە لە سەردەمی ئەو دا بە نیسبەت مەلایەکی سەر بە ماڵەوە بە نرخ ترن لەوە من و تۆ ئیمڕۆ خۆ بکەینە سۆشیالیست… »( هەمان، ل: 69 ).

5- بیر و ڕای چەند زانایەکی تر لەمەڕ کەسایەتی ئیبنوئادەم

5-1-شێخ محەممەد خاڵ؛ «… ئیبنوئادەم زانایەکی گەورە بوو. لە جیهانی زانست و ئەدەب دا تاقانە و بێ وێنە بوو و لە سەردەمی خۆیدا لینگەی نەبووە. لە سەرجەم ئاسەوار و بەرهەمی نووسراوی ئیبنوئادەم ڕادەی بیر و هزر و هۆزانی و بڵیمەتی و پسپۆڕی ئیبنوئادەم و ئاوەزتەوەرەیی بابەتەکان و دەقەکانی زۆر بە ئاشکرا لێ وەدیار دەکەوێ و زەین و بیرگەی ئاوەزتەوەری نووسەریان وەدیار دەخا، بەڵام بە داخێکی گرانەوە و سەد مخابن ئاسەوار و بەرهەمی نووسراوی ئیبنو ئادەم لە قولینچک و قوژبنی فەرامۆشی دا حاشار دراوە و بڵاو نەکراوەتەوە و وەک دەست نووس ماوەتەوە… »( شێخ محەممەد خاڵ، ص: 130 ).

5-2- عەللامە ابراهیم فسیح حیدری؛  ئەم زانا نێو بەدەرەوە لە کتێبی «عنوان المجد» دا ئاوا باسی ئیبنوئادەم دەکا و دەڵێ: «…ئیبنوئادەم گەورەترین زانا و عالمێک بوو کە لە هەڕەتی مێر منداڵی و لاوی دا بە خزمەتی گەیشتبووم؛ ئەو عەللامەی سەراسەری جیهان و زاناترینی زانایان لە وڵاتی عێراق و دەرەوەی عێراق بوو. ئیبنوئادەم مامۆستای بێ وێنەی سەرجەم زانستەکان بوو و وەک ئیمام فەخرەددین ڕازی وابوو لە زەمانی خۆیدا و هەر وەک ئەو، ئیبوئادەمیش بێ هاوتا و بێ­وێنە و تاقانە بوو. بەڕاستی لە سەردەمی خۆیدا لینگەی نەبوو. پتر لە سەد کتێب و پەڕتووکی لە زانستە جۆرا و جۆرەکانی عەقڵی و نەقڵی داناوە؛ بۆ وێنە کتێبی «شرح اثبات واجب الوجود» کە زەینی ترین و ڕێک و پێک ترین وزانستی ترین کتێب لە ئەژمار دێ لە عیلمی کەلام و حیکمەت دا. ئیبوئادەم ئەو کتێبەی بە بێ یارمەتی وەرگرتن لە کتێب و سەرچاوەی تر نووسیوە و لە ڕاستی دا ئەم کتێبە هەڵقوڵیوی دەریای زەین و بیرگە و ئافراندنی خۆیەتی. ئیبنوئادەم لە سەردەمی خۆیدا بە موعجیزەی خوداوەندی لەسەر زەوی دەژمێردرا و بە بێ هەڵدانەوە و بە بێ زێدەڕۆیی و بە بێ ئیغڕاق ئەگەر تەواوی کتێبەکانی سەرجەم زانستەکان بە تەواوی لە ناو چووبان و فەوتابان ئیبوئادەم دەیتوانی ئەم کتێبانە سەر لە نوێ بنووسێتەوە و دایاننێتەوە. ئەو قسەیە و ئەم ئیدیعایە هێج زێدەڕۆیی و موبالەغەیەکی تێدا نییە و سەرجەم زانایانی عێراق و تەنانەت دەرەوەی عێراق وەباڵ بۆ ئەم ڕاستی­یە دەکێشن.»( هەمان، ص: 130 ).

5-3- مامۆستا عەبدوڕڕەقیب یۆسف؛ مامۆستا عەبدوڕڕەقیب یۆسف لە مەڕ بێ نێو و نێشان و شاراوە بوونی ئاسەوا ر و بەرهەمی ئیبنوئادەم و هەروەها بڵاونەبوونەوە و ناسیاو نەبوونی رێژەیی نێو و نێو بانگی ئیبنوئادەم دەڵێ:

«…هۆی ئەم بڵاو نەبوونەوە و ناسیاو نەبوونی ڕێژەیی نێو و نێوبانگی ئیبوئادەم و هەر وەها حاشار دران و شاراوەیی و بێ نێو نیشان بوونی ئاسەوار و بەرهەمی نووسراوی ئیبنوئادەم چین و تاقمی سۆفی و شێخەکان بوون. چین و تاقمی سۆفی و شێخەکان دژایەتی و بەرگریان دەکرد دەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئاسەوار و بەرهەمی نووسراوی ئیبوئادەم و تەنانەت بیر و باوەڕی پێشکەوتنخوازانەی ئەویش؛ بە هۆی ئەوەی کە «ئیبنوئادەم» و «سۆفی و شێخەکان» لە دوو جەمسەری دژ بە یەکی فکری و ئیدئۆلۆژیکی و سەقافی دابوون و دژایەتی و دووبەرەکی نێوان فیکری ئیبنوئادەم و فیکری سۆفی­یایەتی ئاشکرا و ڕوونە…»( هەمان، ص: 130 ).

5-4- مامۆستا کەریم شارەزا؛ مامۆستا کەریم شارەزا لە وتارێک دا بە ناوی « ئیبنوئادەم 1747-1836ز »، کە سەبارەت بە ژیانی ئەم زانا مەزنەی کورد نووسیویە، بەو جۆرە باسی هەستی نەتەوایەتی ئەو مەلا کوردە دەکا: «…لەگەڵ ئەوە ناکۆکی بووە لەگەڵ میر محەممەدەی سۆران، بەڵام دوای خۆ بە دەستەوە دانی و لە نێو بردنی میرمحەممەد بە دەستی تورکان لە ساڵی 1836 ز پارچە شێعرێکی هەست بزوێنی کوردانەی نووسیوە و گلەیی لە زەمانە دەکا، ئەو چەند بەیتە دەبنە هەوێنی رۆحی نیشتمان پەروەری و بناغەی ڕامیاری:

هەوران کردە گۆڵە گۆڵ          میکائیلا ئەتۆش دەی

توتن و ماشان بڕشێنە             دەبا نۆش بێتە سەر دەی

ڕۆمی ئەوا پەیا بوون             کتێبخانان دەکەن تەی

میری سۆران و بۆتان           لە ناوچوون بە دەسیسەی

کوردستانمان چی لێهات         کوردان بۆ ماتن تاکەی»( کەریم شارەزا، ل: 7-9 ).

5-5- عەللامەی نێو بە دەرەوە و بڵیمەت شێخ مەعرووفی نۆدیهی بەرزەنجی؛ عەللامە شێخ مەعرووفی نۆدیهی پارچە هەڵبەستێکی عەڕەبی بە یەکێک لە کتێبەکانی ئیبوئادەم بە نێوی «تحریرالبلاغە» دا هەڵگوتووە کە ئەمە خۆی لە خۆی دا ڕادەی مرخ و بایەخی ئەم ئاسەوارە بە پێزە بە تەواوی ڕوون دەکاتەوە؛ بەشێک لەم هەڵبەستە ئاوایە:

….کتابُ تحریر البلاغه الّذی              سَناهُ مُشرِقٌ و عرفُه شذی

  مؤلف العلّامه السُّمَیدعِ                  بحر العلوم اللو ذعّی الالمعی

نجم الهدی محمد بن ادما               فاضت علیه البرکات دائماً

و هو کتاب لم یکن یستغنی             عن مثله طالبُ هذا الفَنِّ

لو کاتِبٌ علی صفائح الوَرق              رَقَمَهُ بذَهَبِ له یحق…

واتە:

کتێبی «تحریر البلاغە» کە نووری زانستی­یەکەی درەوشاوەیە و بۆن و بەرامەی تۆمار بە تۆمار دەڕوا ؛

ئەم کتێبە داندراو و نووسراوی زانای فرەزان ودەریای زانستی و تاقانە و بڵیمەت و نابیغەی سەردەمە؛

ئەستێرە گەشەی ئاسمانی ڕێنوێنی و ڕابەری محەممەد کوڕی ئادەمە کە خێر و بێری خودای گەورەی بە بێ بڕانەوە بەسەر دا دەبارێ؛

ئەم کتێبە ئاوا کتێبێکە کە خوێندکاران و قوتابیان لە ڕادە بەدەر پێویستیان پێیەتی و لێی بێ نیاز نین؛

جێی خۆیەتی و هەڵدەگرێ نووسەرێک ئەم کتێبەی بە ئاوی زێڕ لەسەر کاغەز بنووسێ( شیخ محمد خال، صص: 129- 131 ).

6- دەرئەنجام

6-1- سەرجوملە و پوختەی وەرگرتنی واتا و دەلالەت لە هەڵوه ست و نووسینەکانی ئیبنوئادەم قەناعەت دەبەخشێ بەوە کە وا کوردایەتی ئیبوئادەم لە ڕێگایەکی تایبەتی بڵیمەتی و حەقپەرەستی و زانایی و دڵ هۆشیاریی خۆیەوە بووە و دەتوانین قسەی تێدا کورت کەینەوە و بڵێین ئەو مرۆڤە لە کولانەی ئایینەوە سەیری جیهانی کردووە، بەڵام با ئەو شتە باویشی نەبووبێ یا خود ناحەزی زۆر بووبێ، ئەو پەسەندی کردووە و لەبەر لۆمە خۆی لێ لانەداوە. بە نیسبەت حاجی قادری کۆیی­شەوە زۆر جێی باوەڕە لە هەڵوه ست و بیر و باوەڕ و قسەکانی ئیبنوئادەم سوودی وەرگرتبێ و بۆ دوارۆژ بۆی بووبن بەزادێکی گیانی و پەندی ئازایەتی و حەقپەرەستی و کوردایەتی . مەلای ئیبنوئادەم لە تاکە هۆی زانینی خۆیەوە و بێ تین و تاوی شۆڕشی فرەنسە وەپێش زۆربەی مەلا و خوێندەوارانی سەردەمی خۆی کەوتبووەوە نەک تەنها وەپێش تێکڕای میللەتەکەی. ئیبوئادەم کە لە ساڵی 1205 دا ناوی کورد و کوردستان دێنێ و باسی نووسینی کوردی دەکا هێشتا چ خەبەرێکی شۆڕشی فرەنسەی وەر نەگرتووە چونکە تازە بە تازە تەقیوەتەوە و جارێ کەس لە گڕ و گاڵ و پەیامی دروشمەکانی نەگەیشتووە.

6-2- ئیبنوئادەم لە ڕووی ئاسەوارەکانییەوە وا وەدەر دەکەوێ کە ریازی زانێکی زۆر بڵیمەت و پسپۆڕ و سەردەرچوو و بێ هاوتا و تاقانە بووە و لە زانستی حیساب و موسەلەسات ، حەواناسی و عیلمی «اُکَر» و هەندەسە و ئوستورلاب و هەیئەت و نجووم و عیلمی «مناظرو مرایا» و «ربع مجیّب» و «ربع مقنطر» و فەلەکیات دا لە ڕادەبەدەر زانا و توانا و سەردەرچوو بووە. لەم بوارە دا نە تەنیا پلەی زانیاری و ڕادەی سەردەرچوویی و زانستەکەی لە عەللامە مەلا عەبدوڵڵای پیرەباب کە لەو بوارە دا لە سەد و پەنجا ساڵی ڕابردوو دا لە کوردستانی کوێستان و گەرمێن لینگە و هاوتای نەبووە، سەرووتر بووە، بەڵکە تەنانەت لەو بوارە دا لە عەللامە مەلا محەممەدی ئیبنو رەسووڵی سابڵاغیش زاناتر و تواناتر و بەدەسەڵات تر بووە.

عەللامە ئیبنورەسووڵ هەر ئەو ریازی زانە نێو بەدەرەوە و بڵیمەتەیە کە موفتی زەهاوی زانای نێو بەدەرەوەی کورد لە جیهانی ئیسلامەتی دا و موفتی هەر دوک ڕێبازی شافیعی و حەنەفی لە عێراق کە قوتابی ئیبنورەسووڵ بووە ئاوا تاریفی دەکا و دەڵێ:

« ان العلوم الریاضیة کانت کرة بید استاذنا ابن الرسول یقلبها کیف یشاء».

واتە: « زانستەکانی ڕیازیات لە دەستی مامۆستای ئێمە ئیبنورەسووڵ وەک تۆپێکی وایە کە بۆ هەر جێگەیەک ئیشتیای لێ بێ هەڵیدەسووڕێنێ»

6-3- ئەو جۆرەی پێویستە و ئەوەندەی شیاوی کەسایەتی بەرزی ئیبوئادەمە، نەناسراوە و نەناسێندراوە؛ دیارە یەکێک لە هۆیەکانی دژایەتی ئەو مەزنە پیاوە بووە دەگەڵ بیری سۆفیایەتی کە لەو سەردەمە دا وەک دەسەڵاتێکی گەورە و هێژمونیک باڵی بەسەر پانتایی و ساحەی کەلتووری و تەنانەت ڕامیاری و بە تایبەت گوتاری چینی نەخوێندەوار واتە جومبورەی جەماوەری خەڵک دا کێشابوو.

6-4- وێدەچێ بەرەی داهاتوو و نەوەکانی دوای ئیمه زۆر چالاکتر و تامەزرۆتر بن بۆ ناسینی کەسایەتی جوداوازی ئیبنوئادەم و کەسایەتی­یەکانی سەر بەم ڕێباز و قوتابخانە فیکری­یەوە وەک عەللامە محەممەدی قزڵجی و مامۆستا مەلا کەریم شاریکەندی و …

6-5- ئیبوئادەم لەو کەسایەتی­یە دەگمەنانەی کوردە کە لە بواری نووسین و لێکۆڵینەوە دا زۆر بەرهەمی بەپێزی لە دوا بەجێ ماوە و بەرەی پێشڕەوی داهاتوو دەتوانێ بەهرەی شیاو لەو میراتە ڕۆشنبیری­یە وەرگرێ.

 

سەرچاوەکان:

  • ئەحمەدیان، ئەحمەد،( چاپ نەکراو )، مێژووی ناودارانی مەهاباد.
  • ئەحمەدیان، ئەحمەد( 1391 )، «عەللامە مەلا محەممەد ئیبوئادەم»، مەهاباد ژمارە 124
  • ئەحمەدیان، عەبدوڵڵا( 1387 )، خەزێنە، کۆمەڵە وتار، نەشری ئیحسان، تاران.
  • بلال اسماعیل، زبیر( 2001 )، محمد الخطی و نهایە الامارات السورانیە، بغداد.
  • حەمە کەریم، حەسەن مەحموود( 2006 )، فەتواکەی مەلا خەتێ، چاپخانەی چوارچرا، سلێمانی.
  • خال، شیخ محمد( 1378 )، شیخ معروف نودهی برزنجی، ترجمە: احمد حواری نسب، احسان، تهران.
  • مدرس، عبدالکریم( 1369 )، دانشمندان کرد در خدمت علم و دین، ترجمە:احمد حواری نسب، اطلاعات، تهران.
  • مدرس، عبدالکریم( 1403 )، علمائنا فی خدمة العلم و الدین، دارالحریە، بغداد.
  • مزوری، ممدوح( 2001 )، بنەماڵانی بەناوبانگی ڕەواندز، ڕۆشنبیری سلێمانی.

10- مەسعوود، محەممەد ( 2010 )، حاجی قادری کۆیی، بەشی دووهەم، ئاراس هەولێر

11- مەسعوود، محەممەد (2001 )، نامەکانی مەسعوود محەممەد، ئاراس، هەولێر

12- مەلا کەریم، محەممەد( 1989 )، حاجی قادر کۆیی شاعیری قۆناغێکی نوێیە لە ژیانی نەتەوەی کورد، چاپخانەی نەجاح، بەغدا.   

 

  ئەحمەد ئەحمەدیان

برای مشاهده بخش نخست مقاله

نمایش بیشتر

احمد احمدیان

@نویسنده و مترجم @ آذزبایجان غربی - مهاباد @ شغل : دبیر آموزش و پرورش

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا