
چ ژینێکە بەرق داچوم لە رەوتی نابەسامانی
مرۆڤ دۆرا به پارە و پوڵ بە جلک و مڵک و سامانی
هەمو کارێ دەکەن ئێستێ کە بۆ دونیا بێ دەسکەوتی
نەوس خۆی بۆتە سەرکردە بەجێ دێ ئەمر و فەرمانی
دەڵێن مرد هەست و ناخ و سۆز رەواڵەت کفن و دفنی کرد
تەماح تەڵقینی داداوە و درۆ دەیکرد گڵووبانی
لە شار و دێی جیهانی نوێ مرۆڤی لێی بەدی ناکرێ
کە خۆنواندن بە چاک دەرچو شەرافەت بو بە قوربانی
بە پێشکەوتن مڕۆ دەخوڕێ کەچی هەردەم بەرەو پاشە
ژیانی جوان رازاوە و لە ناخا روو لە وێرانی
سەدەی بیستەم سەدەی جەنگ و هەرا و گێژاو و ئاژاوە
سەدان میلیون کەسی خستە هەژان و مەرگ و بێ نانی
گەشەی هەستاند بە دیل گرتن بە بۆنەی عیلم و زانیاری
بە بیرۆکەی مرۆڤی ژیر بە بیر و فام و لێزانی
مرۆی ئێستا نەەوس تینو لە سەر ئەو ویشکە چاڵاوە
بە یێک خەندەی هەموی دانا ئەوین و هەست و هەرمانی
دڵی خۆشە مرۆ ئێستا کە دونیای وا لە دەست دایە
ژیانی دا به تاریکی لە پێناو چار و دەرمانی
ئینسان ساویلکەیە بۆیە دڵی داوە بە دۆی کاتی
نەزانە بۆتە یاریچەی فریوی نەوس و شەیتانی
هەزاران خۆزگە زانیبای کە دونیا بێ بەقا و گردە
لەگەڵ هیچ کەس هەتاکوو سەر نەماوە شەرەت و پەیمانی
مهندس محمد فتحی نژاد ـ چیا