تاریخشخصیت ها

یادەوەری و ژیاننامەی تەڵاڵ ئەبوو غەزالە

یادەوەری و ژیاننامەی تەڵاڵ ئەبوو غەزالە

بەڕاستی ژیان قوتابخانەیە، بۆیە پێویستە سوود لە ئەزموونی خۆمان و خەڵكی وەربگرین، ئەوانەی ژیاننامە و یادەوەرییەكانیان دەنووسنەوە، خزمەتێكی گەورە دەكەن. جارێك پڕۆفیسۆر موحسین عه‌بدولحه‌مید وتاری بۆ دایین. منیش وتم: خۆزگە ژیاننامەی خۆتت تۆمار بكردایە كە بەهێندەی ئەو كتێبانەی نووسیوتن سوودی دەبوو، جەنابیان وتی: بەڵێ‌ نووسیوومە، شەشسەد لاپەڕەیەك دەبێت، بەڵام ده‌بێ‌ لەڕۆژی خۆیدا بڵاوی بكەمەوە، جارێ‌ كاتی نەهاتووە.

قوڕئانی پیرۆز كە یەك لەسەر سێی چیرۆك و بەسەرهات و ژیاننامەی پێغەمبەرانە، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت، بۆیە ئێمەش پێویستە گرنگی بدەین بەو لایەنە، جا من ئاوا لێی حاڵی بووم، بۆیە زۆر ژیاننامە و یادەوەریم خوێندۆتەوە و ئەگەر كەسانێكیش لە چاوپێكەوتنێكدا باسێكی خۆیانیان كردبێت، وەمزانیوە هەنگونیم لەدارا دۆزیوەتەوە و زوو تۆمارم كردووە و بڵاوم كردۆتەوە.

یەكێ‌ لەوانەی كە سەرسام بووم بە بەسەرهاتەكەی، كەسایەتی ئوردونی بەرەچەڵەك فەلەستینی تەڵاڵ ئەبوو غەزالەیە. ئەم كەسایەتییە ساڵی ١٩٣٨ لە یافای فەلەستین لەدایك بووە و باوكی باخ و بێستان و زەرعاتی زۆری هه‌بووە. هەروەها سەیارەی زۆری هەبووە که لەنێوان یافا و قودسدا كاریان كردووە، نوێنەری كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوت بووە.

لە ساڵی ١٩۴۸ دا كە جوولەكە، فەلەستینی داگیر كرد و سەركردە خیانەتكارەكانی عەڕەب ڕێیان بۆ خۆش كردن. ڕۆژێك جاڕدرا لە بڵندگۆكانەوە تا سەلامەت بن شار بەجێ بهێڵن، تەقە دەكرا لەهەموو لایەكەوە. ئەوانیش دوودڵ بوون، ئەوە دەنگی عەڕەبەكانە یان جوولەكە. هەموو خەڵك ماڵ و حاڵ و سەروەت و سامان و زەرعاتیان جێهێشت و چوون بەرەو كەناری دەریا و سواری كەشتی بوون، ئەبوایە بەڕۆژێك بگەیشتنایەتە سەیدای لوبنان، كەچی دوو هەفتە لە كەشتیدا مانەوە، دانیشتوان لە ملیۆنێك و دووسەدهەزار و حەوت سەد و پەنجا هەزاریان، ئاوارەی ناو خێمە بوون لە لوبنان. خەڵكی بڕوایان نەدەكرد درێژە بكێشێت كە بەداخەوە لەوساوە تا ئێستا درێژەی كێشاوە، ئەو نەهامەتییەی ئەوان، مەگەر بەسەر كورددا هاتبێت لە ئەنفال و جینۆسایدی بەعسدا.

تەڵاڵ كە ئێستا ئەندامی مەجلیسی ئەعیانی ئەردەنییە و كۆمپانیای هەیە لەسەد وڵاتا، باسی نەهامەتی و بیرەوەرییە تاڵەكانی دەكات لە پەڕاوێكدا بەناوی (بەتانییەكە دەبێتە چاكەت). جا خوا حەز كات تۆزێكیتان لە زمانی خۆیەوە بۆ باس دەكەم، هیچ نەبێت ئێمەش گەلێكی خێرنەدیوین، باشتر هەست بە ئازاری بەرامبەر دەكەیین. لەگەڵمان بن تا ورد ورد بەو كەم تفاقییەی خۆمەوە بۆتان ئەهۆنمەوە. هەر شاد و دوورە بەڵا بن.

دكتۆر تەڵاڵ تۆفیق ئەبوو غەزالە لە یادەوەرییەكانیدا بەناوی (بەتانییەكە دەبێت بە چاكەت) دەڵێت: كە سواری كەشتییەكە بووین، لە یافاوە بەرەو سەیدا، من مناڵێكی دە ساڵان بووم، هەندێكم بینین تووشی سەرسووڕان و دڵتێكچوون بوون، یەكێكیش كۆچی دوایی كرد، زۆر مشتومڕیان كرد که چی لێ بكەن. سەرەنجام بڕیاریان دا بیخەنە ناو دەریاوە. لە سەیدا باوكم قایل نەبوو بچینە ناو خێمەوە، چووینە دێی غازیە كە حەوت كیلۆمەتر لە سەیداوە دوور بوو، شوققەیەكی دووژووریمان گرت بەكرێ‌ كە ئەندامانی خێزانەكەمان پانزە كەس بووین.

هاوەڵێكی باوكم بەناوی ڕەزا خەلیفە كە حاجیان پێدەگوت و لە ڕێی بازرگانییەوە بووبووە دۆستی باوكم و وەك موختاری دێ‌ و دەمڕاستیان بوو، هاوكاری كردین. باوكم كەزۆر دەوڵەمەند بوو و یەكەم كەس بوو كە كارگەی سەهۆڵی لە فەلەستینا دانا، هەژار كەوتوو ئەوەندەش نەفسی بەرز بوو که یارمەتی پیتاكی وەرنەدەگرت. زۆر خەفەتی ده‌خوارد، پیاوێكی خاوەن بەهای باڵا بوو، هەژاری و پیری بڕستی بڕیبوو، زۆر قسەی دەوت بە سەركردە عەڕەبەكان كە فەلەستینییان فرۆشت لە پیناو مانەوەیاندا لەسەر كورسی دەسەڵات. باوكم 107 ساڵ ژیا، بەڵام بەتەندروستییەكی باش كە تا ئەو تەمەنەش نەچوو بەلای مەی و جگەرە و حەرامدا و بەو بار و زرووفەشەوە گۆچانی نەگرت بەدەستییەوە. ئەوەندەی متمانە بەخۆی هەبوو، قەرزی دابوو بە كابرایەك و لە كاتی دانەوەیدا كابرا نكوڵی لێ كرد، چووە لای قازی شكاتی لێ كرد، قازی وتی: هەرچەند تۆ نووسراوه‌ت پێ نەنووسیوە، بەڵام سوێند بخۆ بەخوا، چونكە پیاوێكی بەڕێزی، هەموو حەقێكت بۆ وەردەگرم. باوكم وتی: هەرگیز سوێند ناخۆم بەخوا لەسەر ماڵێكی دونیا، ناكەسێكی وا بیخوات تا دەستم بكەوێتەوە، كەمن شتێكم وت سەنەدە. وتی: ئاخر خەڵك واناڵێن و ڕەنگە بڵێن: درۆ دەكات. باوكم وتی: ئەوەی من بناسێت دەزانێت ڕاست دەكەم، باوكم سوێندی نەخوارد و پارەكەی فەوتا و حەواڵە بە خوای كرد.

باوكم ئەوەی بەچەند ساڵی تەمەنی پەیدای كردبوو و بەتەمابوو وەك میرات بۆمان بەجێ بهێڵێت، لەشەو و ڕۆژێكدا هەمووی لەدەست دا، بەڵام چونكە خاوەنی بەهاكان بوو، ئێمەشی لەسەر ئەوە پەروەردە كردبوو و تەنیا خەمی ئه‌وه‌ بوو که خوێندن تەواو بكەین.

باوكم چونكە سەربازی كردبوو لەسوپای عوسمانیدا، كەسێكی ڕێككار(منضبط) بوو، هەموو بەیانییەك سەعات پێنج هەڵی دەستاندین لەخەو و ئەی وت: هەستن سەربازەكان، خوا بەیانییان ڕزق و رۆژی بەش دەكات.

قوتابخانەكەم دوو سەعات لە ماڵمانەوە دوور بوو، بەپێ‌ دەچووم، دەوامیشمان سەعات حەوت چارەكێ‌ كەم دەستی پێ دەكرد، ناچار شەوم بەكۆڵەوە دەگرت. خۆ ئەگەر بارهەڵگرێكی سەوزە بۆم بووەستایە، ئەوە خۆم بەپاشا دەزانی. ڕۆژێكیان باران بوو، نە چەترم پێ بوو نە پاڵتۆ، بۆیە كە گەیشتمە قوتابخانە، دەتووت ئێستا لەناو ئاو هاتوومەتە دەرەوە، قوتابییەكان پێم پێكەنین، وەیانزانی بەئارەزوو وام لەخۆم كردووە، دواتر مامۆستاكە پێی وتبوون كەمن دوو سەعات بەپێ‌ ڕێ دەكەم بۆخوێندن، بۆیە بۆبەیانی كەچوومە پۆلەوە، هەموو لەبەرم هەستان و چەپڵەیان بۆ لێدام وەك كەفارەتێك بۆ هەڵەكەی ڕۆژی پیشتریان.

دكتۆر تەڵاڵ تۆفیق ئەبووغەزالە، ئەندامی مەجلیسی ئەعیانی ئەردەنی لە یادەوەرییەكانیدا ده‌ڵێت: ڕاستە نەبوونی و هەژاریمان بەسەر هات، بەڵام نیعمەتێكی گەورەبوو كە منی دروست كرد، لەو هەموو دەوڵەمەندییەوە لە یافای فەلەستین، هەژار كەوتین و دەربەدەر بووین، بەجۆرێك كە دایكم بەتانییە شڕێكی پارچەپارچە كرد و چاكەتێكی دروست كرد بۆم. كەچوومە قوتابخانە، هەموو بەلایانەوە دیمەنێكی سەیر و عەنتیكە بوو و گاڵتەیان پێ كردم، منیش ئەوەندە متمانەم بەخۆم بوو گوتم: ئەوە ئێوە ئێرەیی بەمن ده‌بەن، ئێوە نازانن ئەوە ئیحرامە لەبەرمدا.

كەڕۆژانە دوو سەعات بەپێ‌ دەچووم بۆ قوتابخانە، بەدەم ڕێوە بە وانەكانمدا دەچوومەوە، ئینجا فرسەتێكی باش بوو كە خۆم لەگەڵ خۆمدا بم و بیر بكەمەوە كە ئایا وەك باوكم بێكار بم، یان كارێ‌ بكەم و داهاتوویەك بۆخۆم فەراهەم بهێنم.

ناچار بووم كە دەبێ‌ هەرچیم كردووە، یەكەم بم لەبەر ئەوەی مینحەی خوێندن وەرگرم. كەچوومە سانەوی ئەوەندە ئینگلیزیەكەم باش بوو، وانەم بە قوتابییە كچەكانی سانەوییەك دەوتەوە، ئینجا شتم وەردەگێڕا، ئینگلیزییەكەم زۆر باش بوو. هەروەها عەڕەبییەكەشم زۆر باش بوو، بەهۆی ئەوەی هەموو قوڕئانم بەتەرتیل و تەجویدەوە لەبەر بوو (كاتێك هەموو قوڕئانم لەبەر كرد، سەعاتێكیان بەدیاری دامێ‌ كە یەكەمجار بوو سەعات بكەمە دەستم).

ساڵانە لە عەڕەبی و ئینگلیزیدا عه‌فو دەبووم و تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵم تیایاندا نەدەدا. لەزانكۆی ئەمەریكی لە لوبنان مینحەی خوێندن و مانەوە و خواردنم وەرگرت كە هەفتانە دەڕۆیشتمەوە بۆ ماڵی باوكم، ئەو میوەهاتەی لەگەڵ خواردنەكاندا دەیانداینێ‌، كۆم دەكردەوە و دەمبردەوە لەگەڵ ئەوان دەمانخوارد.

كە دەگەڕامەوە بە شەمەندەفەر، پارەی بیتاقەم پێنەبوو، بۆیە كەدەمزانی موفەتیشی شەمەندەفەرەكە دەگەڕێت لەوێستگەیەك دادەبەزیم و دواتر سواری شەمەندەفەرێكی تر دەبووم تا پێم نەزانن.

لەزانكۆ پێشبڕكێیەك لەنێوان هەموو زانكۆكانی وڵاتە عەڕەبییەكان ڕاگەیاندرا بۆ كورتە چیرۆك و كورتە وتار. منیش كە تاڵاوی دەربەدەریم چەشتووە، كورتە چیرۆكێك و كورتە وتارێكم لەوبارەیەوە نارد، ڕۆژێك سەرۆكی زانكۆ بانگی كردم وتی: تۆ بۆ ئیدارە و ژمێریاری دەخوێنی، بۆنابیتە چیرۆكنووس و ڕۆژنامەوان، وتم: بۆ؟ وتی: هەردوو بابەتەكەت یەكەم بوون و ئەوەش پێنج سەد جونەیهت خەڵات بۆهاتۆتەوە، یەكەم جار بوو بڕە پارەی وا بەخۆمەوە ببینم.

تاقەتتان بێت لەگەڵما بەردەوام دەبم لەم باسەدا كە ئەم كەسە لەو وەزعە نالەبارەوە چۆن بووە بە كەسایەتییەكی ناودار. وێنەی ناوبراو كە شارەزای نێودەوڵەتییە لەبواری ئابووری فێركردندا.

دكتۆر تەڵاڵ ئەبو غەزالە لەدرێژەی یادەوەرییەكانیدا دەڵێت: باوكم زۆر هیوای پێم بوو، هەمیشە دەیووت: تۆ ببە باوكیان و باڵ بەسەر هەموویاندا بكێشە، ئەوە وای لەمن كرد كە لەمناڵیدا وەك باقی مناڵانی تر یاری نەكەم و كات بەفیڕۆ نەدەم، خەمی خۆپێگەیاندن و كاركردنم بێت، لەسانەویدا بەیانیان سەعات پێنج دەچوومە عەلوە و دوو سەعاتێك كاری ژمێریاریم دەكرد، ئینجا سەعات حەوت دەگەڕامەوە ماڵەوە و ئاوێكم دەكرد بەخۆمدا و دەچووم بۆ خوێندن. كە دەشهاتمەوە، دەچووم لەسانەوییەكی كچان ئینگلیزیم پێ دەوتن.

برایەكه‌م كە پانزەساڵ لەخۆم گەورەتر بوو، لای كەسێك ئیشی دەكرد، لەكارەكەی دەریان كرد بەهۆی ئەوەی بەیانیان دوادەكەوت. چوومە لای خاوەن كارەكە و تكا و ڕجام بۆكرد كە وەری بگرێتەوە و بۆ سێ‌ مانگ هیچی نەداتێ‌، ئەگەر پابەند بوو بەكارەكەیەوە بەتەواوی، دوای سێ‌ مانگەكە هەموو هەقەكەی بداتێ‌، خاوەنكار لای سەیربوو من كە مناڵتر بووم لە براكەم و ئاوا قسەم دەكرد، سەرەنجام قایلم كرد و پەیمانم لە براكەم وەرگرت كە بەیانیان زوو بچێتە سەركارەكەی.

باوكم فێری كردم هەموو شتێك كاتی خۆی هەیە، كات ئەو كاڵایەیە كە دەتوانی دروستی بكەیت، بەبێ‌ مەوادی سەرەتایی. پێمگوت: مەبەستت چییە لە دروستكردنی كات؟ وتی: وادانێ‌ هەشت سەعات نووستوویت، ئەوەی كە دەمێنێتەوە شانزە سەعاتە، دەتوانی بەرنامەی بۆ دابنێیت و بەرهەمدار بێت و بەپێچەوانەشەوە ده‌توانی بەفیڕۆی بدەیت كە ئەو بڕیارەش لای خۆتە.

ڕەنگە وابزانن من بێتاقەت دەبووم لەوەی دوو سەعات بەپێ‌ دەچووم بۆ قوتابخانە، لەكاتێكدا هاوپۆلەكانم بەگشتی وەزعیان باش بوو. نەخێر هەرگیز خۆم بەهەژار نەدەزانی و پێم ناخۆش نەبوو كە تەنها جووتێك پێڵاوم هەبوو، ئەگەر جووتێ‌ نەعلیشیان بۆ بكڕیمایە خۆم پێوە بادەدا.

لەو ڕێ‌ دوورودرێژەدا بیرم دەكردەوە كە لەداهاتوودا چەك هەڵبگرم و هەقی خۆم و میللەتەكەم لە جوولەكە وەحشییەكان بكەمەوە. ڕاستە من تازە پێدەگەیشتم، بەڵام ئەگەرەكانم تاوتوێ‌ دەكرد لەمێشكمدا، هەندێ‌ جار ده‌مگوت واچاكە كاری سیاسی بكەم یان ببمە ڕۆژنامەوان.

هەر لەمناڵییەوە فێری پارە پەیاكردن بووم، بۆ كه‌سێكی چلوورەم دەكردە شانم، ئەم كۆڵان و ئەو كۆڵان هاوارم دەكرد: چلورە… چلوورە، سابەڵكو یەكێك لێم بكڕێت.

پەڕاوی (التخطیط الإستراتیجی) (ترودیسكی)یم وەرگێڕا لە ئینگلیزییەوە، پاشان ماوەیەكیش لە دوكانێكی تەسجیلات كارم كرد و ئەوەش خۆشەویستی بۆ هونەر و مۆسیقا لا دروست كردم و تائێستاش ئەو حەزەم بەردەوامە.

خۆم بە بەرپرسیاری یەكەم زانیوە بەرامبەر خێزانەكەم كە ئەوەشم بە پاداشت دەزانی، چونكە سەروەرمان دروودی خوای لەسەر بێت دەفەرموێت: «خیركم خیركم لاهلە».

باوكم هەموو شەوێك تاهەموومان نەهاتینایەتەوە كە 13 نەفەربووین و قاچی هەموومانی نەژماردایە كە 26 قاچ بووین، ئۆقرەی نەدەگرت و نەدەخەوت، كە براكانم جاری واهەبوو درەنگ دەهاتنەوە. جا پاش تەمەنی زیاتر لەهەشتا ساڵ لێیان پرسی تاكەی ناسرەوی؟ دكتۆر تەڵاڵ وتی: دڵ كەهێمای ژیانە وەستان و پشوودانی واته‌ مردن، بۆیە بەردەوام منیش كار دەكەم و ناسرەوم.

بەڵێ‌ ئەوە بەشێكی كەم بوو لە بەسەرهاتی ئەو كەسایەتییە ماندوونەناسە كە بەو هەموو ناڕەحەتییەوە توانی ببێتە كەسێكی ناسراو و كاریگەر لەسەر ئاستی جیهان كە پلە و پۆست و كارەكانی لەبەشی داهاتوودا بۆ پەند وەرگرتن بڵاو دەكەمەوە بەئیزنی خوا.

تەڵاڵ ئەبوو غەزالە لەیادەوەرییەكانیدا (بەتانییەكە دەبێتە چاكەت) دەڵێت: بەهێزترین چەك بەلای منەوە خۆشەویستییە، تەنانەت ئەوەی كە ڕقی لێمە و شانەخڕێم لەگەڵ دەكات، خۆشم دەوێت. چونكە دەبێتە هۆی ئەوەیكە من خۆم گورج بكەمەوە و هۆشیار بم و منیش پێشبڕكێی لەگەڵ بكەم.

پاش ئەوەی لە زانكۆی ئەمەریكی بەپلەی یەكەم دەرچوو، ساڵی 1969 كەوتە كاركردن و كۆمپانیایێكی جیهانی دانا لەبواری ڕاوێژكاری ژمێریاری و بەڕێوەبردن و خاوەندارێتی فیكری كە لە ڕێی سەدوچل كۆمپانیاوە لە زیاتر لە سەد وڵاتا خزمەت پێشكەش دەكەن. ساڵی 1910 شا عەبدوڵڵا لە ئۆردۆن بە ئەندامی مەجلیسی ئەعیانی دانا، دواتر بەهۆی ئەوەی كە ئەم دوو ڕەگەزنامەی هەیە، دەستی لەكار كێشایەوە كە لە یاسادا نابێ‌ ئەوەی دوو ڕەگەزنامەی هەبێت، ئەندام بێت، كەچی جارێكی تر شا عه‌بدوڵڵا داینایەوە و لە ساڵی 2016 ویسامی سەربەخۆیی پێ بەخشی.

ساڵی 2009كرا بە سەرۆكی ئیئتیلافی جیهانی تەكنۆلۆجیای مەعلوومات و پەیوەندی و پەرەپێدانی سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكان. جا ناوبراو چەندەها پلە و پۆستی تری هەبووە و چەند ویسام خەڵاتی تری وەرگرتووە. جا ئەم كەسایەتییە ئەوەی من پێی سەرسام بووم، ئەوەیە كە لە كەوتن و هەژاری و دەربەدەری وڵاتانەوە توانی بەئیزنی خوا هەستێتەوە و ببێتە یەكپارچە لە كار و هەوڵ و تێكۆشان. سا بەڵكوو ئەمەش هاندەرێك بێت بۆ هاوڵاتیانی خێرنەدیوی وڵاتەكەم، هەرچەندە بەداخەوە هەر ئەوەندەم زانیاری لەسەر دەستكەوت و ئەگەر ژیاننامەكەیم لەداهاتوودا بەتەواوی دەست بكەوێت، هەوڵ ده‌دەم بیكەم بە كوردی كە دیارە ئەزموونی زۆری تیایە بۆ هەمووان…

شاد و دوورەبەڵا بن..

نووسه‌ر: مامۆستا ئه‌ندازیار عوسمان
پێداچوونه‌وه‌: سۆزی میحڕاب

نمایش بیشتر

ئه‌ندازیار عوسمان

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا