خوداوەندا ژیانمان ئاوەدان کەی
لەشەڕ دوور و بەبێ هەوروهەڵاکەی
مناڵ و کاڵی ماڵمان ڕێک و پێک بێ
دڵ وجەستەی ئەوانمان بۆ تەڵاکەی
ئەوەی ئەخلاق و عەقڵ و بیر وهۆشە
لەگەڵ مێشک ودەرونیان هاونەواکەی
بڕوا بارکا و نەمێنی دەرد و ژانمان
ڕوح وجەستەن حەساوە وبێ بەڵاکەی
ئەوەی بوونمان دەکا وێران و تاڵان
لە ژیان و حاڵ و ماڵمانی کلا کەی
دەبا بمرێ ئەوەی دوژمن بە دینە
ژیانی ژان و داهاتووی فەنا کەی
گزیر و دەست و پێوەندی ستەمکار
شڕۆڵ و ڕووت و برسی و بێ نەواکەی
بڕوخێ کاخی زۆرداران بەتێگڕا
بەڵام ناوماڵ وکۆخی مەوەک قەڵاکەی
لەکار و باری دین ودنیامان بە جارێ
سەرن بەرز و دڵن پڕ لە سەفا کەی
بە تاو بڕژێنە ڕەحمەتت بەسەرمان
لە دەرد ومەینەت وغەممان ڕەهاکەی
لەتۆمان ویست ئەوەی ڕاز و نیازە
ئەوەی ویست و نیازمانە ڕەوا کەی
هەموو دێهات و شارانی وڵاتن
وەکو جاران پڕ لە فەقێ و مەلا کەی
گەلی کوردی ئەمەگ ناسی موسوڵمان
هەموو مافی ڕەوای خۆی بۆ ئەدا کەی
بەدەستی قودرەتی خۆت ئەی خودایە
نەیارانی گەلی کورد ڕووسیا کەی
یەکێتی و یەکدڵی و ئاشتی و تەبایی
بە مێشکی میللەتی ئێمە حەواکەی
ئەوە”بابۆڵی”یە و موحتاجی لووتفە
لە بەرقاپت دەپاڕێ ، کاری چاکەی
دەڵێ : چاکەی کەمە و دەردی گرانە
خودایە ئەو ئەنیسی موستەفا کەی
هۆنەر :بابۆڵی نەڵۆسی
ڕێکەوتی ۳۰ ی خەزەڵوەری ساڵێ ۹۷ هەتاوی م
موهاباد :ئاوایی کولیجە