به نیوی به رز و بلیندی خوای گه وره ،
ئەوەڵ لازمه بۆ هەر ئینسانێ
خواناسی چابی و لە دین بزانێ *
ئەمرو فەرمانی قەت پێشێل نەکا
لە فەرمانی خوا قەت خۆ گێل نەکا *
ئەو مەخلوقاته به عام و خاسی
ئاوینەیەکە لە بۆ خواناسی *
نەزمو نیزامی ئەو بونەوەرە
ڕێ پێشاندەری نەسلی بەشەرە *
هەرکەسێ عەقڵ و ئیدڕاکی هەبێ
بیر و هەستێکی ڕوناکی هەبێ *
شاهیدی ئەدا بە وجودی خوا
بێ وەی بپرسێ چۆنە و چیە و کوا *
کەسێ پێ نەگا لە ئەم نیزامە
تێ نەگا لە ئەم حاڵ و مەقامە *
فکرو هۆشی نیە گێژو نەفامە
بێ مەعریفەتە زڕتو زەلامە *
ئەوەنده بەسە بۆ تۆ گیانی دڵ
ئیشاڕە بەسە بۆ پیاوی عاقڵ *
ئیمان و باوەڕ شەش ڕوکنی هەیە
لەبیرت نەچێ سرنجی دەیە *
ئەوەڵین مەرجی ژیانێکی خۆش
خوداناسیە لەسەر عەقڵ وهۆش *
پیاوی موسوڵمان دەبێ بزانێ
هەنگاوی ئەوەڵ بە چاکی دانێ *
هەنگاوی ئەوەڵ ئیمان بە خوایە
ژیانی بێ ئیمان هەڵە و خەتایە *
ئیمان بەوەی کە ئەو بونەوەرە
دەسکردی خودای لە ژوری سەرە *
زۆر ئاشکرایە و دەبێ هەروابێ
ئەو مەخلوقاتە بێ خودا نابێ *
نیشانەی خودا زۆر بێ شومارن
لە دەورو بەرت هەزار هەزارن *
لەچوار تەڕەف و لە دەورو بەرت
لە بەری پیت را تا تۆقی سەرت *
لە سەر زەوی ڕا هەتا مانگ وخۆر
لە ئاسمانەکان تا ئەستێرەی زۆر *
هەمو دەسکردی خوای کردگارن
نیشانەی ڕونی پەروەردگارن *
ئەم بونەوەرە وردو درشتی
یادی خوا ئەکەن تێگرا بە گشتی *
ئەو سەراپەردە بۆخۆی شاهیدە
ئەوەی دەزانێ پیاوی فامیدە *
هەڵ نەخەڵەتێی بە قسەی بێ ئەساس
بە تەبلیغاتی پیاوی گێژ و کاس *
ێەو شەو و ڕۆژ و ئەو مانگ و ساڵە
کردگارێکی بە سەردا زاڵە *
ئەو ئاڵ و گۆڕو ئەو ڕۆژ و شەوە
خۆی بەڵگەیەکی یەکجار پتەوە *
ئەگە هەر شەو بێ دونیا دەیبەستێ
بە کەلک نایە بۆ هیچ مەبەستێ *
ئەگە هەرڕۆژ بێ دونیا گڕ دەگرێ
هەر زیندەوەرێک لە گەرمان دەمرێ *
هەر بونەوەرێک دەسکردی ئەوە
بە فەرمانی خوا دەچی و دێتەوە *
هەمو بەرئەمری ئەو خودا پاکەن
بەقەت زەڕڕەیەک بێ ئەمری ناکەن *
بۆیە بەچاکی فەرمانبەردارن
بە تامەزرۆیی خەریکی کارن *
ئەو بەرئەمریە لە عیشقی قوڵە
ئەوەی دەزانێ ئەوی ماقوڵە *
ئەوەی عاشقی خوای مێهرەبانە
فەرمانبەرداری بە دڵ و گیانه *
ئینسانیش ئەگەر خواناسی چابێ
فەرمانبردنی دەبێ ئاوا بێ *
بۆ ئەو مەبەستە چاک گوێ ڕادێرە
دڵ و دەرونت بە خوا بسپێرە *
عالەمی هەستی زۆر بەربڵاوە
زۆر زیاتر لە وەی وا لەبەرچاوە *
سەدهەزار هێندەی لەبەر چاوانه
کەشف نەکراوە هەروا نیهانە *
ئەئەم ئاسمانه بێ سەرو بنە
هەزاران ئەرزی دەنێودا ونه *
بە سورعەتی نور ئەگەر بیپێوی
ئەوجار دەتوانی چاک بچێ نێوی *
ئەم کورە زەویە لە نێو جیهاندا
دڵۆپەیەکه لەنێو بەحراندا *
ئەو مانگ و ڕۆژ و ئەرز و ئاسمانه
تەسلیمی مەحزی ئەمری یەزدانه *
بە نەزمی دەقیق دە سوڕێتەوە
بە فەرمانی خوا دەچی و دێتەوە *
ئەو سەماوات و ئەو سەرزەمینه
ئەو بونەوەرە پان و بەرینە *
ئەو سەراپەردە جوانو ڕەنگینە
نەقش و نیگاری خوای عالەمینه *
بەڵگەی بەهێزی وجودی خوایە
ئاوێنەی زاتی خوای تعالایە *
ئەوەبو باسی خوداشناسی
کە باسی لێکرا زۆر بە ئەساسی *
بۆ پیاوی عاقڵ ئەوەندە بەسە
ئەو کورتەباسە بەسی گشت کەسە *
عبدالرحمان سبحانی