تاریخدعوت اسلامی

بۆ ماوەی ١٣ چەرخ زانایان و حوجرەکانی کوردستان مەکۆی زانست و زانیاری بوون!

زانایان و حوجرەکانی کوردستان

ئەوندەی مەعلوومی بەرێزتانە زانایان گەورەترین ڕۆڵیان دیوە لە خزمەت بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام! لە دەیان کۆڕا وتوومە: 

ــ بۆ ماوەی سێزدە چەرخ حوجرە و مزگەوتەکانی کوردستان مەڵبەندی زانست و زانیاری بوون. ئەمانەی ئێستە کە پێیان ئەوترێ” دانشگا، پەیمانگا، کۆلێژ و جامعە، مەدرەسەی حکومی هەموویان مێژوویێکی تازەیان هەیە کە لە سەد ساڵ تێپەڕ ناکا! ئەی پێش ئەم ماوە؟ لەم ماوەی ١٣ سەدە کە خۆری زێڕینی ئیسلام هەڵاتووە چی توانیوەیتی جێگەداری ئەم زانستگە و زانکۆ و کۆلیژ حکوومیانە بێ؟ ئەوەی توانیویەتی جێگری ئەمانەبێ بریتی بوون لە مزگەوت و خانەقا و تەکیە! هەروەها بریتی بوون لە مامۆستایانی ئایینی. ئێمە گەر لە هەر ڕوویێکەوە سەیر کەین نموونەی زۆرمان پێش چاو ئەکەوێ! بو وێنە لە ڕووی زانست و زانیاری سەیر کەین ئەبینی لەم کوردستانەیا سەدان کەڵە زانای وا هەڵکەوتووە نەک هەر خزمەتی بە کورد کردووە خزمەتی بە هەموو نەتەوەکانی‌تر کردووە! توانیویەتی ببێتە جێی شانازی نەتەوەی کورد. 

1⃣ ئەگەر لە زانستی حەدیسا تەماشا بکەی لە سەردەمی خۆیا ئەو هەموو زانا گەورانەی کورد ئەبینی کە (مقدمة)ی ئیبنو سەلاحی شارەزووری لە فەرموودە ناسیا یەکێکە لەو کتێبانەی بۆ ماوەی (٧٠٠ بۆ ٨٠٠) ساڵە یەکێکە لە سەرچاوەکانی زانستی حەدیس! 

ــ پیاوێکی وەکوو (حافزی عێراقی) کە فەرموودەکانی کتێبی (احیاء علوم الدین)ی دەرکردووە کە ئەو دەستە باڵایەی هەبووە! کورد بووە. 

2⃣ لە ڕووی مێژووییەوە گەر بڕوانی ئەبینی دەیان کەڵە زانای وەک (ابن خلکان ـ ابن اثیر) هەڵکەوتوون هەتا ئێستاکەش ئەوننەی گەلانی‌تری جگە لە کورد سوود لە زانست و کتێبەکانیان وەرئەگرن ئێمە وەک کورد ئەوننە لە زانستەکانیان سوود وەرناگرین!. 

3⃣ ئەگەر لە زانستی کەلام و فەلسەفە تەماشا بکەی دەیان زانای وەک (باقلانی) و.. بووە کە لە زەمانی خۆیا چ فیلسووف و (متکلم)ێ بووە! کە توانیویەتی لە زانستی عیلم و فەلسەفە و کەلام و عەقاییدا جوانترین ڕۆڵی هەبێ. 

4⃣ ئەگەر لە زانستی تەفسیرا تەماشاکەی دەیان کەڵە زانای گەورەمان دەست ئەکەوێ! لە باکووری کوردستان زانایێ هەڵکەوتووە بە ناوی مەلامەحموودی هەمزاوایی دووسەد ساڵ لەمەو پێش ژیاوە. تەفسیرێکی نووسیوە بە ناوی (در الاسرار) دوو بەرگە، ١/٢٢٢ لاپەڕەیە، لە بێی (بسم الله) ڕاڤەی کرووە تا سینی (الناس) بە (حروف المهمله) یانی ئەو پیتانەی خاڵیان نیە! ئەمە هەرچی عولەمای عەرەب و غەیرە عەرەب هەیە کۆی کەرەوە بڵێ وەرە تەفسیرێکی ئاوا بنووسە هەتا هەتایە ناتوانێ. ئەو پیتانەی وەک ( اـ ح ـ د ـ ر ـ و ـ هـ ـ ل ـ ی ـ ک ) چاپیش کراوە. 

ــ یا لە ناوچەی ئالان و سەردەشتە دەیان کەڵا زانای وەک بێتووشی و ئیبنولحاجی ئالانی و یووسف (الاصم) هەڵکەوتووە!. من لە تێزی دکتۆراکەم شیکاری بەشی یەکەمی تەفسیری (منقول التفاسیر)ی یووسفولئەسەمم کرد کە ئا لەم دێی بریسوێیە ژیاوە! لە ساڵی ١٠١٢ فەوتی کردووە یانی ٤٣٨ ساڵ لەمەوبەر. ئەم مامۆستایە کە لە ناوچەی ئالان و دەورووبەری ژیاوە لە پێشەکی تەفسیرەکەیا خۆی ئەفەرموێ: خۆی لە وڵاتی کوردانا سێ تەفسیر باو بووە”

١ـ تەفسیری (الکشاف) هی زومەخشەری

٢ـ تەفسیری (بیضاوی) هی عەبدوڵڵا بەیزاوی

٣ـ تەفسیری (بغوی) هی حسەین کوری مەسعوودی بەغەوی. 

ئەم سیانەش دەست هەموو مەلایێکی کورد نەکەوتووە! حەزم کردووە بێم پووختەی ئەم سێ تەفسیرە جارێکی‌تر داڕێژمەوە ـ چوار بەرگە ـ بە زمانی عەرەبی بینووسمەوە! بۆ ئەوەی کە هەر مەلایێکی کورد ئەم تەفسیرەی منی دەستکەوت بێ نیازبێ لەو سیانە! بە عیبارەتێ دای ڕشتووە لە عیبارەتی بەیزاوی و کەششاف و بەغەوی بە هێزترە! ئنجا بێجگە لەوە بەشێ لە تەفسیرەکەی پێی ئەوترێ (محاکمات و ردود) زۆر جار قسەی بەیزاوی هێناوە ڕەدی داوەتۆ یا قسەی زومەخشەری و بەغەوی هێناوە ڕەدی داوتەوە! بێجگە لە تەفسیر لە مەسائلی فیقهیشا نووسراوەی بووە فەوتاوە بەداخۆ. هەروەها لە نەحوا لە مەنتیقا دانراوی بووە. مەلایێک لەو ناو خاک و خۆڵەیا هەڵکەوتبێ بەو زمانە هاتبێ نووسیبێتی یا ئەو تەفسیرە گەورەی دانابێ. دەیان کتێبی بووە فەوتاون. 

ــ لە توێژینەوەی ژیانی‌یا کە بۆچی پێی ئەوترێ (یوسف الاصم) دوو بۆچوونم دەستکەوت”

١ـ خەریکی نووسین و خوێندنەوە بووە کاروانێکی ٧٠ بۆ ٨٠ وڵاخی ـ پەرژین بێ ـ بەلایا تێپەڕیوە ئەوننە سەرقاڵی نووسین بووە ئاگای لە ڕۆشتنی کاروانەکە نەبووە! دوایی کە نووسینەکەی تەواو ئەبێ سەیرەکا جلەکانی تۆزاوین! ئەفەرموێ: ئەوە چی بووە؟ ئەڵێن: چۆن چی بووە!؟ قوربان ئاگات لەو کاروانە گەورە نەبوو بەلاتا ڕۆشت؟ ئەفەرموێ: نە.

٢ـ ڕووی دووهەم کە مامۆستا مەلا کەریمی بیارەش پەسنی ئەکا ئەڵێ: پیاوێکی ئەوندە پارێزکار بووە ئەوندە بە دین بووە. ڕۆژێک ئافرەتێکی قەڵەویچکە بۆ پرسیار ئەچێتە خزمەتی کە دائەنیشێ دەسنوێژی ئەشکێ! زۆر تێک ئەچێ و تەریق ئەبێتۆ. بانگی ئافرەتەکە ئەکا ئەڵێ: وەرە نزیکۆ خوشکێ من گوێم قورسە شت نابیستم! ئافرەتەکە ئەڵێ: ئۆخەی گوێی لێ نەبووە. ئەڵێن هەتا ئەم ئافرەتە مردووە (یوسف الاصم) هەر وتوویەتی کەڕم! با ڕۆژێ لە ڕۆژان تەریقۆ نەبێتۆ (سبحان الله).

ــ یا لە فیقها پیاوی وەک مامۆستا ئەبووبەکری موسەننفی چۆڕی هاتووە لە زەمەنی خۆیا کتێبی (الوضوح)ی نووسیوە! ئەڵێن وزووح هیچی لە توحفەی ئیبنوحەجەر کەمتر نیە! کۆمەڵێ بابەت هەیە لە توحفەشا نیە بەڵام لە وزووحا هەیە! ـ ئیستا لە ژێر چاپایە ـ

ــ مەلایێ هەبووە لە کوردستانی باشوور پێیان وتووە مەلا خەلیل ئوسعوردی. تەفسیرێکی هەیە بە زمانی عەرەبی ڕێک لە ئاستی بەیزاوی‌یایە! لە هەموو عیلمەکانا نووسیویەتی. کتێبێکی هەیە بە ناوی (معفوات).

ــ یان پیاوێکی وەکوو مامۆستا مەلا کەریم کە ئەتوانین بڵێین: بەرین بووە (موسوعه)! یانی دوو کەس لە دنیایا بەربڵاو بوون”

١ـ شێخی سیوتی؛ کە هیچ عیلمێ نیە لە علوومی شەرعی حەتمەن کتێبێکی تیا نووسیوە!.

٢ـ مامۆستا مەلا کەریم ئەویش هیچ عیلمێ نیە هەر لە نەحوۆ بگرە تا زانستی تەفسیر و حەدیس و فیقهو و ئوسول و.. حەتمەن کتێبێکی تیا نووسیوە! بە تایببەتی ئەو بەشە ئەدەبیەی کە لە ئەدەبیاتی کوردیا بوویەتی هیچ کەسێ ئەو دەستەی نەبووە. یانی ڕاستکردنەوەی شێعرەکانی مەحوی نالی مەولەوی بێسارانی و…تاد. بۆ وێنە شەرحی کتێبی (الوسیله)ی مەولەوی کە ئەڵێ: ( متی متی حتی اتی علیه ….. من این این ینتمی الیه) یەعنی چۆن توانیویەتی ئەم خزمەتە گەورە بکات؟! لە حوجرەیێکا ژیاوە تا توانیویەتی ئاوا سەدان زانا و دانای پێ گەیاندوە. چۆن توانیویانە لەم کوردستانە گەورەیا ئەم خزمەتانە بکەن!؟ تەنانەت گەر لە ڕووی وێژەییەوە سەیرەکەی ئەم هەموو شاعیرە گەورانەی وەکوو مەحوی و نالی و پیرەمێرد و هەژار و..هتد لە سەتا هەشتای لە حوجرەکانی کوردستانا پێ گەییون. باشە لە حوجرەیا چۆن فێری ئەم شێعرانە بوون؟ پیاوانێکی وەکوو مەولەوی و مەحوی و نالی و.. تاد ئەم هەموو شێعرە جوانە کە هەتاکوو ئێستەکانە تەماشا ئەکەی خەڵک سەرگەردانە لەوەی کە چۆن توانیویانە لە حوجرەیێکی لانەوازی فەقیرا ئەم ژیانە بەرنە سەر و ئەم خزمەتە گەورە بکەن؟! تەنانەت گەر لە ڕووی نەتەوایەتیەوە بڕوانی زۆربەی ئەوانەی شۆرشی کوردیان کردووە هەر لە شێخ سەعیدی پیران و شێخ مەحمووی حەفید و قازی محەممەد و بارزانی و.. بیگرە هەموویان پەروەردەی حوجرە بوون! بۆیە ئەتوانی بڵێی بۆ ١٣ چەرخ حوجرەکان”

ــ چ لە ڕووی ئەدەبی 

ــ چ لە ڕووی شێعر و کلاسیکی قەدیمەوە

ــ چ لە ڕووی زانست و زانیاری‌یەوە

ــ چ لە ڕووی خزمەت بە دینەوە

ــ چ لە ڕووی نەتەوایەتیەوە، نەک هەر خزمەت بە نەتەوەی کورد بگرە خزمەت بە هەموو ئۆمەتی ئیسلامی بکەن. ئەمە مەلا توانیویەتی ئەم ڕۆڵە جوانە ببینێت. 

٭ بێجگە لە هەموو ئەمانە بە زۆری مامۆستایانی کورد توانیویانە لە هەر شوێنێ ببن ئیش لەسەر دوو سێ شت بکەن”

ٲـ توانیویانە خزمەت بە زانست بکەن! ئێستاکە تۆ بچۆرە لای دکتۆرێ یا ئەندازیارێ پارێزەرێ و.. تاد هیچ ئیشێکت بە خۆڕایی بۆ ناکا! بەڵام مەلای کورد تا مردن خزمەتی کردووە! 

ـ لەم ماوەیا ژیانی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای چڕوستانیم خوێندۆ وتبووی: ٧٧ ساڵ وانەبێژی (تدریس) کردووە بێ بەرامبەر! 

ـ یا مامۆستا مەلا عوسمانی هەڵەبجە ١٨ ڕۆژ پێش وەفاتی فەرمووی: مەلا ئەحمەد من ٥٧ ساڵ دەرسم وتوەتەوە دڵم پێی خۆش نیە ئەترسم پاداشم لەسەری نەبێ چونکە بە ڕاستی نەفسم حەزی زۆر لێ کردووە! بێ بەرابەر. 

ـ لە ژیانی مامۆستا مەلا کەریمی مودەڕیسا خوێنمۆ ئەفەرموێ: یەکەمجار لە ناوچەی هەڵەبجە ئەبێتە مەلا هەم لادێکە ناخۆش ئەبێ هەم وەک پێویست لە دەرسی مامۆستا ڕازی نابن فەقێکان بە تایبەت ئەوەیان کە (مستعد)ـه ئەیهەوێ بڕوات مامۆستا هەست ئەکا و بانگی ئەکا و ئەفەرموێ: ئەزانم بۆچی ئەڕۆی بەڵام ئەگەر تۆ نەڕۆی دوو شتت بۆ ئەکەم! ئەڵێ: چیە قوربان؟ ئەفەرموێ: من دوو کەواو سەڵتەم هەیە یەکیان تازەیە و یەکیان کۆنە، تازەکەیان ئەیەم بە تۆ! دووهەمیش وەعدت ئەیەمێ ئەو دەرسەی پێت ئەڵێم جوان تەماشای بکەم و نەیان فەوتێنم، بە شەرتێ تۆ نەرۆی. یانی ئەمەی مەلای کورد کردوویەتی هیچ کەسێ نەیکردووە. بۆیە توانیویانە ئەو خزمەتە گەورە بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بکەن. 

ـ یا پیاوێکی گەورەی وەک مەلای گەورەی کۆیە جەلیزادە فیلسووف بووە لە ئاستی شێخ محەممەد عەبدوو یا شێخ ڕەشید ڕەزایە! کە توانیویەتی ئەو هەموو خزمەتە بکا یا ئەو تەفسیرە گەورە بنووسێ کە چاپ کراوە.

ب‌ـ ئیش لەسەر پێکەوە ژیان بکەن” توانیویانە یەک ڕیزی ئەم نەتەوەمانە بپارێزن لە هەموو ڕوویێکەوە. ئەو خۆشەویستی و تەبایی و برایی و یەکبوونە کە لە ناو خۆیانا دروستیان کردووە لە ناو هیچ چینێکا دروست نەبووە! تەنانەت ئەڵێن شێخ حەسەنی خەرقانی کە عالمێکی زۆر گەورە بووە جگە لەوەی مزگەوتی بووە خانەقاشی بووە. ئەڵێن بە سەر دەرگای خانەقاکەیەوە بە خەتێکی زۆر گەورە نووسیویەتی [ هەر کەسێ بەلای ئەم خانقای منەیا تێپەڕی نانی بدەنێ خزمەتی بکەن ئەگەر ئیشێکیشی بوو بۆی جێبەجێ بکەن قەت لە بیروباوەڕی مەپرسن] جا موسوڵمان بێ گاوربێ یا جوو بێ! ئەڵێن ئەم خانەقایە ببووە مەڵبەندی هەموو کەسێکی ڕێبوار و غەریب و بەو ڕێگەیا. دەیان جوو و فەلە کە بە ڕێبواری ڕێیان ئەکەوتە ئەوێ ئەمانەوە. زۆریان بە بێ ئەوەی پێیان بوترێ ئیمانیان ئەهێنا و موسوڵمان ئەبوون. ئەڵێ: بڕێ لە موریدەکانی ڕەخنەیان لێ گرت قوربان ئەوە موسوڵمانە قەیناکە خزمەتیان کەین بەڵام ئەوانە فەلە و جوون چۆن خزمەتیان بکەین؟! فەرمووی: من پرسیارێکتان لێ ئەکەم: ڕۆح بە نرخترە یا ئەمە کە شەووڕۆژێ لە خانەقاکەی منا وەمێنن و شۆرباوێ بخۆن؟ وتیان: ڕۆح! فەرمووی: خوای تەعالا ڕۆحی پێ بەخشیون گوێی نەداوە بەوەی ئەبێتە موسوڵمان یا ئەبێتە چی! بۆچی لەتە نانێ لە بەرابەر ڕۆحا کە هیچ نرخێکی نیە نەیدەمێ؟ مەلای کورد ئاوا خزمەتی کردووە. 

ج‌ـ فەرید وەجدی لە کتێبی ( دائرة المعارف قرن العشرین) ئەگێڕێتۆ ئەڵێ: لەم کوردستانە عالمی زۆر بەرزی تیابووە. دوو عالمی کورد ئەبن یەکیان سۆهرەوەردی کورد کە لە بەغا دانیشتووە پلەیێکی زۆر مەزنی هەبووە لە زۆربەی وڵاتانۆ هاتوون زانستیان وەرگرتووە لە خزمەتیا! زانایێکی‌تری کورد بووە لە دینەوەری کرماشان. دینەوەر دێیێکی بچکۆلەیە زۆر ناخۆش ئاوی کەمە داری کەمە، هەر تاو هەڵات تا دوای عەسر خۆرەتاوە! یەک دوو فەقێی ئیمامی سۆهرەوەردی کە خەڵکی ئێران ئەبن لە بەغاوە ئەگەڕێنۆ ئەگەنە دینەوەر ئەڵێن با وەک عادەت ئەم نیوەڕۆیە ببینە میوانی مامۆستای ئاوایی. لەبەر ئەوەی فەقێی ئیمامی سۆهرەوەردی ئەبن هیچ ڕێزێ بۆ ئەم مامۆستایە قایل نابن! هەر وەکو پیاوێکی عەشایر لە سەر دائەنیشن. مامۆستاش لە دەم دەرگاکەوە بە خێرهاتن و خزمەتیان ئەکا. دوایی کە ئەحەسێنۆ ڕوویان تێ ئەکا و ئەفەرموێ: ئێوە کێن و چین؟ لە کوێوە هاتوون؟ بۆ کوێ ئۆغرەکەن؟ چی ئەخوێنن؟ ئەوانیش ئەڵێن: ئێمە لە خزمەت ئیمامی سۆهرەوەردیا ئەخوێنین! مامۆستا لێزانانە و وردەوردە کۆمەڵێ بابەتی زانستی ئەهێنێتە گۆڕ! ئەوان تەقەی سەریان دێ! سەیرەکەن ئەم پیاوە زۆر زۆر عالمە! وردەوردە خۆیان کۆ ئەکەنۆ و ئەچنە خوارۆ لای دەرگاکە و ئەڵێن: (العلم لک و الشهرة للسهروردي) مامۆستاش لە وڵاما ئەفەرموێ: (ذاك رفعته بغداد و اني حطمتني دینورد). دەیان کوردی زانای ئاوا بووە کە لە لادێیکی چکۆلەیا ژیاوە ناونیشانی هەر نەماوە و فەوتاوە. 

د‌ـ سەرنج دەن لەم ئالان و سەردەشت و حاسڵەیا ئینسان سەرسام ئەبێ لەم بێتووشی‌یە! یا شێخ مەعرووفی نۆدێ هیچ عیلمێ نیە لە عیلمەکانی شەرعی کتێبی بە هۆنراوە تیا نەنووسیبێ! ئەمە مەلای کورد توانیویەتی ئەم خزمەتە زۆرە بۆ ماوەی سێزدە قەڕن.

5⃣ دوای هاتنی تەوژمی داگیرکاری (کولونیالیزم).

١ـ سەیرەکەی دوای ئەوەی وڵاتانی داگیرکەر (استعمار)ی دوژمن بۆی دەرکەوت مەلای کورد ئەتوانێ ڕۆڵێکی زۆر گەورەی هەبێ لە عالەمی ئیسلامیا ئەتوانێ ئیمان و بیروباوەڕ و یەکڕیزی بپارێزێ و.. بۆیە هەوڵیان‌دا بە هەموو شێوەیێ ئیش لەسەر ئەوە بکەن کە دەور و ڕۆڵی حوجرەکانی کوردستان نەهێڵن! بۆوەی تۆ پێیان نەزانی هەنگاوی پەنجا بۆ سەد ساڵەیان هەیە. وردە وردە ئەو خزمەتە کەم کەنەوە و ڕۆڵی مەلای کورد نەهێڵن. دەیان ساڵ ئیشیان لەسەر ئەوە کردوە کەسانێکی کە جێی ڕێزن کەسایەتیان بڕۆشێنن! بە زۆر ئیشیان لەسەر ئەمە کردووە. خۆتان ئەبینن لە حەفتاکانا لە کوردستانی باشوور حوجرە و فەقێ هەر نەمابوو! لە زەمانی سەدداما ئەگەر بەو شاری سلێمانی‌یەدا بڕۆشتیایێ کە ملوێنێ نفووسی تیایە دە فەقێت نەئەدی! ئەوندە کەم بووبوو. هاتن نیزامێکیان دەرکرد لە شەستەکانا هەرچی مەلا و فەقێیە کە تاقەتی هەیە ببێتە مامۆستا (معلم) با بێ ناونووسی بکات! دەورەیێکی شەش مانگیان دانا دەیان پیاوی گەورەی وەک شێخ عەزیز پاڕەزانی مامۆستا عومەر ڕێشاوی و دکتۆر مستەفا زەڵمی وەکوو ئەم پیاوە گەورانە چوون و وەرگیران و دەورەکەیان تێپەڕان، ڕاستە ئەمانە لەسەر ئەخلاق و دینەکەیان مانەوە بەڵام لەو ڕۆڵەی کە لە مزگەوت بوویان دووریان خستنەوە. بە ڕاستی زانا ئەتوانێ ڕۆڵێکی گەورە ببینێ بە درێژایی مێژوو. 

ــ لەبەر ئەوەی کزی کەن ئەتوانین بڵێین دوای ئەوەی کە ناحەزان حاڵی بوون کە مەلای کورد ڕۆڵێکی گەورەی هەیە بۆوەی ئەو ڕۆڵەیان کەم کەنەوە هاتن بە پلەی یەکەم ئیشیان لەسەر نەمانی حوجرە کرد بەجۆرێ با لە حوجرەشا بخوێنێ بەڵام سبەینێ هیچ داهاتوویێکی نەبێ. 

٢ـ ئیشیان لە سەر کەسایەتی مەلا کرد” کۆمەڵە کەسانێکیان کردنە مەلا کە نە لە ڕووی کەسایەتیەوە بۆ مەلایەتی ئەشیان نە لە ڕووی عیلمیشەوە! بۆیە یەکێ لەو شتانەی کردیان بریتی بوو لە”

👈 ( الیٲس من التغییر و الاصلاح) ئەم مەلایانە والێ کەن کە ورەیان نەمێنێ و کە وا تێبگەن کە باشە تۆ بە تەنیا چت بۆ ئەکرێ؟! بێ هیوا بوون لەوەی بتوانن گۆڕانکاری بکەن، بتوانن چاکسازی بکەن، ڕۆڵ ببینن، دەوریان ببێ. 

👈 (ضعف الشعور بالمسؤلية) لاوازی هەست بە بەرپرسیاریەتی. یانی ئەوەی کە ئەبێتە مەلا نابێ وەک پیشە سەیری مەلایەتی بکرێ! چۆن؟ کابرایێک ئەچێ بۆ فەرمانگە بەیانی، پەنجەمۆر ئەکا کاژمێر دووش پەنجەمۆر ئەکا، گرنگ ئەوەیە ئەو لەوێ ببێ، ئیش کراوە یانە، بە دەم خەڵکەوە چوون یا نە و..تاد زۆر گرنگ نیە بەڵکو گرنگ ئەوەیە ئامادە بوونە. یانی ئیشی ئێمەی مەلا ئەوە نیە پێنج فەرزە لە مزگەوت ئامادە بین و پێشنوێژی بکەین چون کوڕێکی گەنجیش ئەتوانێ ئەوە بکا. یانی هەست کردن بە بەرپرسیاریەتی تیانا لاواز کرد واتە ئەوە لە بیری ئەم بانگەوازەیا بێ تیایا نەیان هێشت. عومەری کوڕی عەبدولعەزیز پێش ئەوەی ببێتە گەورەی موسوڵمانان ئەو پۆشاکەی جاری یەکەم لەبەری ئەکرد جاری دووهەم نەی ئەپۆشیەوە! ئەو عەتر و میسکەی لە عێراق و شامەوە بۆیان ئەهێنا جاری دووهەم بەکاری نەئەهێنا! مەگین لە جۆرێ‌تر بوایێ! بەڵام کاتێ بووە خەلیفە هەستی بەو ئەرکە کرد ڕەنگ و لیباسی گۆڕا! هەموو شتێکی گۆڕا! لێیان پرسی: قوربان ئەوە بۆچی ئاوات لێهاتووە؟! فەرمووی: (هل يجد السرور سبيله في قلب المؤمن يعلم انه مسئول؟) لەبەر ئەوەی هەست بە بەرپرسیاریەتی ئەکا خۆشی جێگەی دەست ناکەوێ [سبحان الله] چۆن خزمەت بەم دینە بەم بانگەوازە بەم زانستە بە خەڵکی بکا؟.

👈 (النکوس) خۆی بچووک بگرێ و بڵێ خۆ من هیچ نیم و کوا من هیچم لە دەست دێ و..تاد. 

👈 ( قلق الشخصية و عدم اسقرارها) کەسایەتیێکی ڕاوەستاو و سەربەخۆ و ڕاستەڕێی نیە! بەڵام عولەمای پێشێ وا نەبوون ئەوان لە بەرابەر ئەو هەموو خەڵکەیا توانیویانە بوەستن، هیچ شتێ کاریگەری نەبووە لە سەریان. سەعیدی کوڕی موسەییب ئەو زانا گەورە کاتێ خەلیفەی موسوڵمانان بازێ کاری خراپ ئەکا ڕووبەڕووی ئەوەستێتەوە، ئەڵێن لەو کاتەیا خەلیفە دێ لەبەر پیری قاچی ڕاکێشاوە ـ هەرچەن زۆر خاکاوی بووە ـ خەلیفە کە ئاوا ئەیبینێ ئەییەوێ بە دنیا فریوی بات، بە وەزیرەکەی ئەڵێ هەزار لیرە بەرن بۆی، کاتێ بۆی ئەبەن ئەفەرموێ: ئەوە چیە؟! ئەڵێن: دیاری خەلیفەیە! ئەفەرموێ: بچۆ بە گەورەکەت بڵێ ئەو کەسەی پێی ڕاکێشاوە نیازی بەوە نیە دەستی ڕاکێشێ (قل لسیدك ٳن الذي مد رجليه لم يحتج ان يمد يديه!) سەیرکە ئەو کەسایەتیە گەورەی زانایان بوویانە!. 

ــ یان پیاوێکی وەک مامۆستا مەلا کەریمی مودەڕیس لە بەغا نیشتەجێ بوو ئەوەی بی ویستایێ ئەیان دایێ بە تایبەتی سەددام و خاوخێزانی! کە مناڵیان نەخۆش کەوتنایێ و دنیا چۆڵ ئەبوو ئەیان هێنا بۆ خزمەتی مامۆستا دوعای بە سەرا بخوێندایێ! بەڵام بە درێژایی ژیانی ڕۆژێ لە ڕۆژان پێی نەوتن: فڵان ئیشم بۆ بکەن! ئەو پیاوە ئەوننە گەورە بوو بوو.

٭ یەکێ لەو دۆستانە کە مەلابوو گێرایەوە وتی: لە شەڕی ئێران ئێراق زۆر حاڵم خراپ بوو نیگەران بووم. ئەم توانی ڕاکەم بۆ ئێران بەڵام مناڵەکانم جێ ئەمان و تیا ئەچوون. وتی ڕۆژێ چوومە خزمەتی مامۆستا دوای هەواڵ و لێ پرسین عەرزم کرد قوربان هەلومەرجم زۆر ناڕێکە بەشکم لووتفم لەگەلاکەی برووسکەیێکم بۆ بنووسی لە بەرەکانی شەڕۆ بمخەنە دوابەرەکانی. فەرمووی: کێ گەورەی ئەو سوپایەیە؟ وتم: فڵانی… نەیناسی دوای نووسیبووی [ئەمە قوتابی منە ئەوننەی ئەتوانی هاوکاری بکە] واژۆی بە ناوی ـ عبدالکریم مدرس ـ ئیتر ئەم نامە ئەخوا یا ناخوا خوا ئەیزانێ! وتی منیش جلی نیزامیم داناو جبەو عەمامەیێکم لەبەر کرد چون ئاوا نەبوایێ بە جلی سەربازیەوە قەت نەیان ئەهێشت بچمە لای سەرکردە. ئنجا چوومە بازگە وتم نامەیێکم هێناوە لە لایەن شێخ عەبدولکەریم مودەڕیسەوە، وتی خێرا ئاگاداریان کرد بە هۆی ئەوەی سپاکە دوور بوو دوای نیو کاژمێر جیبێکی سەرکردایەتی نارد بوو بە دواما. وتی کە چووم لە باڵەخانەیێکی سێ قاتیا بوو هاتبووە نهۆمی دووهەم و ڕاوێچکەی ئەکرد کە منی دی بە مێزەرێکەوە هاتە قاتی خوارۆ بە دەممۆ هاتوو بە خێرهاتنی کردم بردمی بۆ قاتەکەی خۆی نامەکەی لێ وەرگرتم بەبێ ئەوەی بیخوێنێتەوە کە چی تیا نووسراوە سێ جار ماچی کرد ناییە سەری! لە خۆشیا ئەیوت ئەوە منم لە لایەن شێخ عەبدولکەریمەوە نامەم بۆ هاتووە! پاشان هەڵی پچڕی وتی: من یەک شتم بە دەست نیە ئەویش ئەوەیە لە سپا دەرتکەم و ئازادتکەم حەزەکەی ئەت نێرمۆ بۆ لادێکەی خۆت. ئنجا وتی ئەم نامەیە کە بۆ منی نووسیوە ئەبێ بچم لە ماڵۆ لە چوارچێوەی بگرم. یانیها ئەم پیاوە چونکە دنیای نەویست خوا ئەم قەدرەی پێ بەخشیووە!. 

👈 (هبوط الوعي الاجتماعي) یانیها مامۆستای ئایینی هەر ئیشی ئەوەنە نیە بچێتە مزگەوت و چوار ڕکات نوێژ بخوێنێ و بێتەوە. مامۆستا لە هەر گەڕەک و دێیێ بێ وەک پێشەوای ئەو خەڵکە وایە لە ڕووی زانستی دەڕوونی و زانستی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسیەوە ئەبێ لەو خەڵکە تێبگا. وەک پێشەوا عەلی ئەفەرموێ: (کلم الناس علی قدر عقولهم) بە پێی ئەقڵی خۆی قسەی لەگەڵا بکەن. سەیرەکەن مامۆستایان ئا لەم ڕووە کۆمەڵایەتیەشەوە کەموکوڕیمان هەیە. ئەمانە هەمووی بوونە ڕێگرێک لە سەر ڕێمانا وەکوو پێویست نەتوانین ئەرکی خۆمان جێبەجێ بکەین کە مەلایەتیە. جا خاڵەکان زۆرن بەس پوختەی قسە ئەوەیە کە (ان يتحقق الاسلام بشخصه العالم بنفسه).

ــ من هەموو جارێ ئەم قسە بۆ هەموو مەلاکان لە هەموو چینوو توێژەکان ئەکەم و بۆیە لە ڕووم دێ ئەم قسەش بکەم چون خۆم خۆم وشیار (محاسبه) کردووە لە سەری. یانی قەت ڕێگەم نەیاوە خۆم ڕقم لە کەسێ‌تر بێ، ئەکرێ هەڵەی بێ ڕقم لە هەڵەکەی بێت نەک خودی خۆی. تەنانەت ئەگەر خۆمان بە شافعی مەزهەب لەقەڵەم بەین ئەبێ وانەبین! جارێک ئیمام شافعی لەگەڵ قوتابیەکەی بە ناوی یووسف دەمەقاڵەیان ئەبێ، یەکتر بەجێ ئەهێڵن و شەو دێ. ئەڵێ یەکێ دای لە دەرگا وتم: کێیە؟ وتی: محەممەد! ئەڵێ: هەرچی محەممەد ناوە هات بە خەیاڵما محەممەدی کوڕی ئیدریسی شافعی نەبێ! کە دەرگاکەم کردۆ ئەبینم ئەوە مامۆستاکەمە! فەرمووی: ئەی یووسف ناکرێ لەو شتانەیا کە هاوبەشین یەک دەنگ بین لە وانەشا کە ڕای جیاوازمان هەیە عوزر بۆ یەکتر بێنینەوە؟ ئیتر بڕێ ئامۆژگاری چاکی کردم خەریک بوو بڕوا عەرزم کرد: ئەی ئیمام شافعی بە ڕاستی تۆ نیوەی ئەقڵی هەموو خەڵکی دنیات بردووە!. 

ــ ناکرێ مروڤ لە دوورۆ بڕیار بە سەر خەڵکیا بات، یا خاوەنی ئیمان بێت و ڕقی لێی بێ!

٭ ئیبنوحەجەری عەسقەلای ئەگێڕێتەوە کە” زانایێکی شیعە بووە بە ناوی (ابن المطهر) ئیبنوتەیمیە لە کتێبێکیا زۆری ڕەخنە لێ گرتووە ناوی لێ ناوە (ابن المنجس). ئەم ئیبنو موتەهەرە ئەڵێ: ڕۆژێ تەوافم ئەکرد شەخسێک هات بۆ تەواف خەڵکی تێی هاڵا بوون! وتم: ئەوە کێیە؟ وتیان ئیبنو تەیمییەیە! یەکترمان نە ئەناسی. ئەڵێ چووین نەختێ وتوووێژی زانستیمان کرد، ئیبنوو تەیمیە زۆر پێ خۆشبوو. پاشان وتی: من خزمەت بەرێزتان نە گەیشتووم! جەنابت کێی؟ وتی: من ئەو کەسەم کە (سمیتنی بابن المنجس). جا لە دوورەوە بڕیار دان لە دوورەوە ئاوا خراپە. چون تو منت نەدیوە بۆچوونێکی منت دیوە ئەبێ ڕاڤەکەی لە خۆم پرسی. هەر ئا بەو دانیشتنە چکۆلەیە بۆچوونیان گۆراوە. ئەڵێم: هەر موسوڵمانێ ڕقی لە هەر موسوڵمانێ بێ ئەبێ ئەو کەسە پیاچوونەوە بە ئیمانی بکاتەوە. ئەو ئیمانە خەڵکی تیایە نابێ بە شێوەیێ ڕقمان لە یەک بێت. 

ــ ئیمامی شافعی ڕح ئەچێتە سەر گۆڕی ئیمام ئەبووحەنیفە ئەو شەوە لە ئەعزەمیەی بەغا میوان ئەبێ بەیانی ئەچێتە مزگەوت بۆ نوێژ کەچی قنووت ناخوێنێ! لێی ئەپرسن قوربان خۆ لای تۆ (سنة المؤكدة)یە کەسێ نەیخوێنێ ئەبێ سوجدەی سەهووی بۆ ببات بۆ نەتخوێند!؟ فەرمووی: (احتراماً لصاحب هذا القبر) ئەبووحەنیفە بەلایۆ سوننەت نیە منیش لە مزگەوتی ئەوام. بە ڕاستی ئەمە خاڵێکی یەجگار گرنگە.

ــ (يتمثل في معرفة ان اعمال الدعوة لیس في حقیقتها الا العبادة) ئێستە هەموو ئەم دنیایە هەستێ بڵێ ئەبێ نوێژی نیوەڕۆ نەکەی! هەر ئەیکەی! چون بەلامانۆ عیبادەتە. سەرمامان بێ گەرمامان بێ ناسازبین سازبین، ئاو بێ یا ئاو نەبێ، بە ئاماژەی چاو بێ هەر ئەیکەین کەوابوو ئێمە ئەبێ ئەم مەلایەتیە ئاوا بە عیبادەت بزانین. لە خەمی ئەوەیا بین لە کوێ مناڵێ پەیاکەین فێری قورئانی کەین، فێری زانینی شەرعی کەین.

٭ کۆتا خاڵ ئەوەیە” 

ئەرکی بەڕێوبردنی مەلایەتی وەک عیبادەت سەیر کەین. 

ئه حمه د شافعی

✍ دابەزاندنی دەق لە کاسێتەوە سەعدی مرادی “بڵـۆ”

نمایش بیشتر

سعدی مرادی

استان کردستان - بانه مترجم و نویسنده دعوتگر و فعال دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا